دراوی نەتەوەیی داهاتووی کوردستان

دراوی نەتەوەیی داهاتووی کوردستان
پێشەکی
هاتنەگۆڕێی باسکردنی دراوی سەربەخۆیی کوردستان پرسێکی نوێ نييە. سیاسەتمەداران و زۆر خەڵکی ڕۆشنبیری کوردی بە شێوەیەکی گشتی شانابەشانی بیر لە سەربەخۆیی کوردستان باسیان لە دراوێکی تایبەت (نەتەوەیی) بە کوردستان کردۆتەوە. بەڵام ئەم پرسە دوو جار لە مێژووی بیست و سێ ساڵەی پێشوودا بەتایبەت هاتووەتە بەر ڕای گشتی. یەکەم، لە دوای کشانەوەی ڕژێمی بەعس و هەبوونی دراوی بەناو دیناری سویسری وەک دراوی تایبەت بە کوردستان و دووەم جار دوای سەرهەڵدانی قەیرانی پارە و بودجە لەگەڵ حکومەتی ناوەندا لە سەرەتای ساڵی 2014 دا. ئەڵبەتە لە یەکەم جاردا بە کردار دراوێکی تایبەت بە کوردستان هەبوو، بەڵام شیکردنەوە و لێکۆڵینەوە لە تایبەتمەندییەکانی ئەو دراوەو کێشەکانی و دوا جار لابردنی لە بازاڕدا بابەتی ئەم وتارە نييە، بەڵام هاتنەکایەی پرسی دراوێکی سەربەخۆ بە کورستان بۆ دووەم جار شایەنی هەڵوێستە و شیکردنەوەی خۆی هەیە.
پێویستە ئەوە بگوترێت کە هەبوونی دراوی تایبەت بەم ناوچەیە دیاردەیەکی نوێ و سەردەم نييە. هەر زۆر لە مێژەوە ئەم ناوچەیە شارستانييەتی تێدا هەبووەو بەپیی پێویستی بازاڕ دراو هەبووە و سەودای پێوە کراوە. هەر لە پێش داهاتنی دینار و فلسی عێراقی لە سەردەمی سەرهەڵدانی دەوڵەتی عێراقدا لە سایەی داگیرکەرانی ئینگلیزدا، لیرەی تورکی و تمەنی ئێرانی بەکارهێنراوە و عانە و درهەم و ڕوپێ هێشتا لە بیرەوەری زۆر کەسدا هەر ماون. پێش ئەوانەش زۆربەی زۆری فەرمانڕەوایانی ئەم ناوچەیە بەپێی پێویستی جێگیربوونی دەسەڵاتی سیاسیی خۆیان سکەی خۆیانیان لێداوە و لە هەڵسورانی ئابووری و بازرگانیدا مامەڵە و سەودای پێوەکراوە. هەر بۆیە ئێستاش لە کاتی هاتنە کایەی پرسی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان ئەم بابەتە دەبێتە جێگەی مشت و مڕ و لێدوان. لایەنێکی ئەرێنی خستنەڕووی ئەم بابەتەش سەرەڕای زەمینەسازی بۆ داهینانی، ئامادەکردن و هوشیارکردنەوەی خەڵکە لە بابەتێک کە زۆر جار تێکەڵ دەکرێت بە هەستی نەتەوایەتی، بەڵام لایەنە تەکنیکی و ئەکادیمیاکەی فەرامۆش دەکرێت. ئەم گوتارە دەستپێشخەرییەکە بۆ زیاتر لێدوان و ڕێخۆشکرن بۆ هاتنەکایەی دراوێکی سەربەخۆ بۆ کوردستان.
بۆ دراوی سەربەخۆ؟
دراوی نەتەوەیی و دروستبوون، یا هەبوونی وڵاتێکی سیاسی سەربەخۆ بە تەواوکەری یەکدی هەژمار دەکرێن. واتە وڵاتی سەربەخۆ پێویستی بە دراوی نەتەوەیی هەیە، بەڵام ئەمە مەرج نييە لە هەموو بارێکدا ڕاست بێت. زۆر وڵاتان هەن کە سەربەخۆن و دراوی نەتەوەیی خۆیان نييە. بۆ نموونە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا کە وازیان لە دراوە نەتەوەییەکەی خۆیان هێنا و یۆرۆیان کرد بە دراوی خۆیان. لە هەمان کاتدا، هەندی وڵات هەن کە دراوی نەتەوەییان نييە و دۆلاری ئەمریکییان بۆ خۆیان هەڵبژاردووە. لەوانەش وڵاتی پەنەما کە دۆلاری ئەمریکی کرد(1904-1990) بە دراوی نەتەوەیی خۆی.
بەهەمان شێوە زۆر وڵات هەن کە بەهای دراوە نەتەوەییەکەیان دەبەستن بە بەهای دراوی وڵاتێکی بێگانەوە کە بە شێوەی لەنگەر بەدەوریدا دەچەرخێ، بە ڕادەیەک کە بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەی دراوەکەیان تیشکدانەوەی گۆڕانی بەهای دراوی لەنگەرە. بە واتایەکی دیکە، وڵات دراوی هەیە، بەڵام بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەی بەهاکەی لە دەست خۆیدا نييە. بۆ نموونە لە هەشتاکان و نەوەدەکانی سەدەی پێشوودا بەهای دراوەکانی زۆربەی زۆری وڵاتانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و ئەمریکای لاتینی بەسترابوون بە بەهای دۆلاری ئەمریکییەوە. یەکێک لە هەرە هۆیە گرنگەکانی ئەم سیاسەتەش دەگەڕێتەوە بۆ خۆپاراستن لە ناجێگیری باری ئابووری و بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵئاوسان. لەژێر سایەی سیاسەتێکی لەو چەشنەدا، سیاسەتمەداران و بڕیاردەرانی دارایی وڵات دەستەوسان دەبن و ناتوانن بە ئارەزووی خۆیان سیاسەتی بێپرسیارانە و دەستبڵاوانە بگرنەبەر بۆ مەرامی سیاسی خۆیان. بۆ نموونە، زۆر جار پێشبینی دەکرێت کە کاتێک سیاسەتمەداران پێویستیان بە ڕاکێشانی دەنگی خەڵکی بێت، سیاسەتی هەڵکشانی گشتگیری و دارایی بگرنە بەر(Expansionary fiscal and monetary policy). یەکێک لە دەرئەنجامە نەخوازراوەکانی ئەو سیاسەتانەش هەڵئاوسانی نرخە. بۆیە ئەو وڵاتانەی بەهای دراوەکانیان بە دراوێک، یان چەند دراوێکی بیانييەوە دەبەستن بە هیوای ئەوەن ڕێگە بگرن لە وەبەرگرتنی سیاسەتی لەو جۆرە. بۆیە وا چاوەڕوان دەکرێت کە ڕێژەی هەڵئاوسان لەو وڵاتانەی دراوەکانیان بەستراوە بە دۆلاری ئەمریکییەوە نزمتر بێت لە وڵاتانی دیکە. بەڵام ئەم پێشبینييە مەرج نييە هەموو کاتێک بە ڕاست دەرچێت. بۆ نموونە قەیرانی بانکی ئەرجەنتینی ساڵی 2000 لە کاتێکدا ڕوویدا کە دراوی وڵات بە توندی بەستراوبوو بە دۆلاری ئەمریکییەوە.
ئەوەی لێرەدا شایانی باسە ئەوەیە کە هەبوون و نەبوونی دراوی نەتەوەیی شتێکەو و شێوازی دیاریکردن و بەڕێوەبردنی دراوەکە بابەتێکی تەواو جیاوازە. بۆیە پێش ئەوەی بێینە سەر ئەو پرسیارەی کە ئایا چ دراوێکمان دەوێ، دەبێت باسی ئەوە بکەین کە ئایا دراوێکی نەتەوەیی پێویستە بۆ کوردستانێکی سەربەخۆ؟
لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەكانی دراوی سەربەخۆ
ڕاگرتنی بەهای دراوی سەربەخۆ لە هەموو وڵاتێکدا تێچووی خۆی هەیە. گرنگترینیان ئەوەیە کە دەسەڵاتی دارایی پێویستی بۆ بەرگریکردن و سەقامگیریی بەهای دراوەکەی بە یەدەکی دراوی بیانی هەیە. ئەم ئاڕاستەیەش لەوەوە دێتەکایەوە کە ناسەقامگیریی بەهای دراو کاری نەرێنی دەکاتە سەر گەشەکردنی ئابووری و ڕادەی وەبەرهێنان و لە دواییشدا کارتێکەری نەخوازراوی دەبێت لە سەر باری گوزەرانی زۆربەی خەڵکی وڵات. لێرەدا ئەو پرسیارە دیتەگۆڕێ کە وڵات چەند یەدەکی دراوی بیانی پێویستە بۆ ئەوەی بەرگری لە دراوی نەتەوەیی بکات، بەتایبەت لە کاتی قەیران و هەڕەشەی مەزەندەیی (speculative attack) نەخوازراو؟ وەڵامی ئەم پرسیارە زۆر گرانە، بەڵام لێرەدا دەتوانین ئەوەندە بڵێین کە ئەم کێشەیە بەستراوە بە قەوارەی ئابووریی وڵات و ڕادەی کراوەیی و داخراوی ئابوورییەكەی بە ڕووی ئابووریی جیهاندا. بۆ نموونە، گەر ئابووری وڵاتێک زۆر کراوە بێت (پێوەری کرانەوەی جیاواز هەیە) ئەگەری دروستبوونی قەیرانی دارایی زیاتر هەیە و وڵات زیاتر لە ژێر ئەگەری هاتنە ناوەوەی قەیرانی دەرەکی هەیە، بۆیە وڵات پێویستی بە یەدەکی دراوی بەهێز زیاترە. لە هەمان کاتدا، گەر ئابووریی وڵات لە ڕووی قەوارەوە گەورە بێت، پێویستی بە تێچووی دراوی زیاتر هەیە بۆ وەڕێخستنی کاروباری بازرگانی و گۆڕینەوە، بۆیە پێویستی بە یەدەکی دراوی بیانی زیاترە. بێگومان تێچووی هەڵگرتنی یەدەکی دراوی بیانیش لە دەستدانی ڕێژەی سوودەکەیەتی. پارە بە موڵکێک هەژمار دەکرێت کە خۆی لە خۆیدا سوود نابەخشێت گەر گلبدرێتەوە. (Money is considered as a non-interest bearing asset). بۆیە هەتا یەدەکی دراوی بیانی زیاتر بێت، ئەوەندە تێچووەکانیشی بەرزتر دەبێت.
تێچوویەکی دیکەی هەبوونی دراوی نەتەوەیی تێچووی گۆڕینەوەیەتی بە دراوە بیانييەکان. ئەم تێچووەش هەتا ئابووری وڵات کراوەتر و قەبارەی گەورە بێت بەڕووی ئابووری جیهاندا هێندە زیاتر دەبێت. ئەم تێچووە لە ڕووی بەکاربەرەوە ڕەنگە زۆر بەرچاو نەبێت، بەڵام بۆ بازرگان و وەبەرهێنەران لەدەستدانی ڕێژەیەکی بەرچاوی قازانجەکانیانە.
بێگومان هەبوونی دراوی نەتەویی و بەستنەوەی بەهاکەی بە دراوی بیانييەوە تێچووی دیکەی خۆی هەیە کە نابێت پشتگوێ بخرێت. یەکێک لەو تێچووانە لاوازکردن و لە کارخستنی سیاسەتی دراوی وڵاتە (Weak monetary policy). لە هەموو بارێکدا، ئەم سیاسەتە، بەتایبەت لە قۆناغی سەرەتاکانی گەشەکردنی ئابووریدا، سیاسەتمەداران بێبەش دەکات لە چەکێکی ئابووری کاریگەر کە ڕەنگە لە کاتی خۆیدا زۆر پێویست بێت. لایەنێکی گرنگی ئەم لاوازییەش بە یەکجاری لەناوبردن، یا لەکارخستنی سیاسەتی قەرزدەری دواپەناگەیە (The lender of the last resort). پێناسەکردنی ئەم سیاسەتەش ئەوەیە کە ئەگەر بانکە ناوخۆییەکان بێ پارە بوون، دەتوانن وەک دواپەناگە لە بانکی ناوەند (Central Bank) پارە بە قەرز وەرگرن. ڕێگری سەرەکی ئەم توانایەی بانکی ناوەندیش ئەوەیە کە ئەگەر وڵات دراوی نەتەوەیی خۆی نەبێت، ناتوانێت یارمەتی بانکە ناوخۆییەکانی خۆی بدات لە کاتی تەنگانەدا، یا ئەگەر دراوی وڵات بە توندی بەسترابێت بە دراوێکی بیانييەوە، قەرزدان بە بانکە ناوخۆییەکان پێویستی بەوەیە کە بانکی ناوەند یەدەکی دراوی بیانی بەرزبکاتەوەو ئەگەر توانای نەبێت، ئەوا بانکە ناوخۆییەکان بێ پشتیوان دەمێننەوە. بەشێوەیەکی گشتی، بەستنەوەی دراوی نەتەوەیی بە دراوی بیانييەوە سیاسەتی دراوی وڵات لاواز دەکات. پێویستە لێرەشدا ئاماژە بەوە بکەین کە قوتابخانەی ئابووری لیبراڵی نوێ (Neo-liberalism) وای بۆ دەچێت کە سیاسەتی هەڵکشانی دارایی (Expansionary monetary policy) خۆی لە خۆیدا زیانبەخشە، چونکە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵئاوسان، بۆیە نەبوونی لە بوونی باشترە، چونکە نەبوونی دەستی سیاسەتمەداری نابەرپرسیار دەبەستێتەوە.
تێچوویەکی دیکەی بەستنەوەی دراوی نەتەویی بە دراوی بیانييەوە ئەوەیە بەرز بوونەوەی ئاستی شلەی بازاڕ و ئەگەری هەڵئاوسانی ئابووری ئەگەر بەشی حیسابی سەرمایە (Capital account)ی هاوکێشەی پێدان (Balance of payment) کراوە بێت. ئەمەش دەبێتە هۆی ڕوودانی دیاردەی بڵقی نرخی موڵک (Asset bubble). واتە هاتنە ناوەوەی پارەیەکی بێشوماری بیانی نرخی خانووبەرەو پشکی کۆمپانیاکان و جۆرەکانی دی موڵکی دارایی لە رادەی خۆی زیاتر بەرز دەکاتەوە (Price Bubble). قەیرانی دراوی 1997ی وڵاتانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیاش نموونەیەکی ئەو دیاردەیەیە.
جۆرێکی دیکەی دراوی نەتەوەیی ئەو دراوانەن کە نرخەکانیان بە ئازادی لە بازاڕی کڕین و فرۆشتندا دیاری دەکرێن. ئەو دراوانە لەو ئابوورییانەدا باون کە زۆر بەهێزن و زۆر پێویست ناکات بانکە ناوەندییەکانیان یەدەکی پارەی بیانی ڕابگرێت بۆ بەرگری لێیان. لەو وڵاتانەدا ئابووریەکی کراوە ڕەچاو دەکرێت و لە ڕووی بازرگانييەوە بەربەست نييە بۆ کڕین و فرۆشتنی سەنەد و پشکەکانی دەوڵەت و کۆمپانیاکان. هەر بۆیە سەقامگیری بەهای دراوەکان زیاتر پشت دەبەستێت بە بەهێزی ئابووری ئەو وڵاتانەوە نەک بە هەبوونی پشتیوانی یەدەکی پارەی بیانی.
لەگەڵ هەبوونی ئەو لایەنە نەرێنییانەی نەبوون، یان بەستنی دراوی نەتەوەیی بە دراوی بیانييەوە، هەبوونی دراوی نەتەوەیی لە قۆناغی سەرەتایی گەشەکردنی ئابووریدا لایەنی ئەرێنی خۆی هەیە. گرنگترینیان: یەکەم، سەربەخۆیی سیاسەتی هەڵکشانی گشتگیری و داراییە (Expansionary fiscal and monetary policy). قوتابخانەی کێنزیەنیزم لەو باوەڕەدایە کە کاتێک بازاڕی ئازاد توانای کەمکردنەوەی بێکاری و برەوپێدانی وەبەرهێنانی کەم بێت، دەوڵەت دەبێت خەرجی خۆی، واتە خەرجی کەرتی گشتی، بەرزبکاتەوە بۆ ئەوەی ئەو کەلێنە پڕبکاتەوە. بۆ ئەمەش پێویست بە هەڵکشانی پارەی ناوخۆ هەیە.واتە خستنەڕووی پارە دەبێت بەرزبکرێتەوە. لێرەدا پێویستە بگوترێت کە ئەگەر وڵات دراوی خۆی نەبێت و سەربەخۆیی سیاسەتی دارایی خۆی لەدەست دابێت، دەوڵەت ناتوانێت بەم ئەرکە ئابوورییەی خۆی هەڵبسێت. بۆیە دەوڵەت نابێت ئەم چەکەی خۆی بە ئاسانی لەدەست بدات، بەتایبەت لە قۆناغە سەرەتاییەکانی گەشەکردنی ئابووریدا.
دووەم کەڵکی هەبوونی دراوی نەتەوەیی ئەوەیە کە بانکی ناوەندی لە کاتی پێویستدا دەتوانیت بە ئەرکی قەرزدەری دواپەناگە هەڵبسێت. ئەم توانایەش زۆر گرنگە بۆ سەقامگیری و متمانە بەخشین بە کەرتی بانکی وڵات.
سێیەم کەڵکی هەبوونی دراوی نەتەوەیی قازانجی بەجێهێنانی خستنەڕووی پارەیە کە پێی دەگوترێت: (Seigniorage). واتە ئەو قازانجەی کە دەوڵەت بەدەستی دێنێت لە چاپکردن و خستنە بازاڕی پارەوە. بۆ نموونە حکومەت سەنەدەکانی (Government bills and bonds) دەکڕێتەوە لە بازاڕ بە پارەیەکی نوێ کە تازە چاپکراوە. ئەمەش وەک ئەوە وایە کە حکومەت قەرز بکات و مافی هەبێت نەیداتەوە.
چوارەم کەڵکی دراوی نەتەوەتی دروستکردنی هەستی نەتەوەیی و بڕوا بە خۆکردنە. ئەم کەڵکەش زۆر دەروونييە و تا ئێستا بە تەواوی ئاشکرا نييە کاریگەری ئەم هۆکارە دەروونييە لە سەر گەشەکردنی ئابووری و باری گوزەرانی خەڵکی وڵات چەندە.
سروشتی پارە
پارە بە شێوەیەکی گشتی یارمەتی سێ کردار دەدات:
ئامرازی گۆڕینەوە: پارە یارمەتی کڕین و فرۆشتن دەدات. لە وڵاتێکی وەک کوردستاندا کە کڕێن و فرۆشتن بە کارد و نێوەنگیری بانکی زۆر سنووردارە، بازاڕ بە شێوەیەکی گشتی بە پارەی نەقدی (Cash) کار دەکات. بۆیە پارە کردارێکی زۆر گرنگی هەیە. کەمبوونی پارە لە بازاڕدا، بە واتایەکی دیکە، کەمبوونەوەی شلەی بازاڕ دەبێتە هۆی ڕیگری لە ڕێی چەرخانی پێچکەی بازاڕدا، لە کاتێکدا زۆربوونی پارە دەبێتە هۆی هەڵئاوسانی نرخی شتومەک. وڵاتێک کە خاوەنی دراوی خۆی نەبێت هەموو کات مەترسی ڕوودانی ئەو دوو کاردانەوە خراپانەی هەيە.
یەکەی ژمێریاری: پارە لە ڕاگرتنی ژمێریاری کۆمەڵگەدا کە قەرزیش دەگرێتەوە کارێکی زۆر گرنگ دەکات. زۆربەی حیسابەکانی جێگەی کار و کۆمپانیاکان و فەرمانگەکانی دەوڵەت پێویستییان بە نووسینەوە هەیە. بۆیە پارە پێویستە بۆ ئەوی بەهای گۆڕینەوەکانی پێ بپێورێت و تۆماربکرێن. لە کۆمەڵگەی ئێمەدا تەنانەت لە کاتی ساسانێکانیشدا ژمێریاری بە پارە ڕاگیرکراوە.
گەنجینەی بەها: دراو نەخشی گرنگی گەنجینەی هەیە بۆ پاشەکەوتکردن. زۆربەی خەڵک پاشەکەوتەکانیان بە شێوەی پارە کۆدەکەنەوە و ڕایدەگرن بۆ خەرجکردنی پاشەڕۆژ. گەر دراوی وڵات بەم کارە بە باشی هەڵنەسێت، بۆ نموونە لە ترسی نزمبوونەوە و بەرزبوونەوەی بەهاکەی، زۆر خەڵک پەنا دەبەنە بەر پاشەکەوتکردن لە شتومەکی ڕاستەقینەی وەک خانووبەرە و زێڕ و زیو و.. هتد، هەر بۆیە هەتا بەهای دراوی نەتەوەیی جێگیرتر بێت، هێندە متمانەی پاشەکەوتکردن لە شێوەی دراو بەرزتر دەبێت.
کێشەکانی نەبوونی دراوی نەتەوەیی لە کوردستاندا لە هەر سێ کرداری سەرەوەدا دەردەکەوێت. لە کرداری یەکەمدا، لە ماوەی ساڵی پێشوودا، کەمیی دیناری عێراقی بەتایبەت دوای گرتنی موسڵ لە لەلایەن داعشەوە، شلەی بازاڕی لە کوردستاندا کەم کردەوە و تا ڕادەیەک ڕێگری لە ڕێی بازرگانیدا دروست کردووە. لە کاری گەنجینەی بەهادا، زۆربەی خەڵک پەنا دەبەنە بەر کاڵاکان بۆ پاشەکەوتکردن لە بری پارەی عێراقی کە متمانەی پێناکرێت. نموونەیەکی تاڵ لەمەڕ ئەم کێشەیەدا ئەزموونی نەوەدەکانی سەدەی پێشووە کە خەڵکێکی زۆری کوردستان پاشەکەوتکردنەکانیان لە 25 دیناریدا کۆکردبووەوە. كاتێک حکومەتی عێراقی ئەو پارەیەی بە بڕیارێک نەهێڵا، زیانێکی زۆر بەر ئابووری کوردستان کەوت. لەمەڕ یەکەی ژمێریارییەوە کوردستان لە بەکارهێنانی دیناری عێراقییەوە کێشەی ژمێریاری زۆر نەخوازراوی بۆ دروست بووە، لە کاتێکدا کە دیناری کۆنی بە ناو دیناری سویسری بەکار دەهێنا، ڕێژەی بەهای پارەکە لە چاو بەهای دیناری عێراقی زۆر جێگیر بوو، پێویستی بەو هەموو سفرە نەدەکرد، ئێستا ژمێریاری لە کوردستاندا بووەتە کارێکی زەحمەت و لە بری یەک و دە و سەدان، هەزار و ملیۆن و ملیار بەکار دێت.
دیاریکردنی ڕێژەی گۆڕینەوەی دراوی داهاتوو
هەرچەندە سیستەمی دارایی جیهان بەرەو دوو جەمسەرگیری لە ڕێژەی گۆڕینەوەی دراودا ڕێچکەی گرتووە کە لە سیستەمی چەسپاوی ڕێژەی گۆڕینەوە (Fixed exchange rate) و سیستەمی بازاڕی ئازاددا (Floating Exchange rate) خۆی دەبینێتەوە، لە نێوان ئەم دوو جەمسەرەدا کۆمەڵێک سیستەمی مامناوەندی هەن کە هەندێ خەسڵەتەکانی هەردوو ڕژێمیان تێدا هەیە. بۆ نموونە، دراوێک کە بەهاکەی تاڕادەیەک چەسپاو بێت، بەڵام هێندە نەرمی تێدا هەبێت کە بتوانێ بەرگەی ڕادەیەکی هەڵبەز و دابەزی بازاڕ بگرێت. ئەم بۆچوونەش لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە لە سیستەمی چەسپاندراودا چاوەڕوان دەکرێت ڕێژەی هەڵئاوسان کەم بێت و متمانە ببەخشرێت بە کڕیار و وەبەرهێنەر. لە هەمان کاتدا کارایی سیاسەتی هەڵکشانی گشتی (Effective expansionary fiscal policy) بەرزتر دەبێت. ئەم سیستەمە وا دەردەکەوێت کە زۆر لە بار بێت بۆ ئەو وڵاتانەی لە قۆناغی سەرەتاکانی گەشەکردندان. لە هەمان کاتدا زۆربەی وڵاتان تا ڕادەیەکی زۆر دەیانەوێت کراوە بن بە ڕووی بازاڕی جیهاندا لە ڕووی تەکنەلۆجیا و وەبەرهێنان و بازرگانیدا. هەر بۆیە دراوەکانیان دەبێت هەندێ نەرمی هەبێت کە بتوانێت بەرگەی هەڵبەز و دابەزە نەخوازراوەکان بگرێت. بۆ نموونە دەکرێت ڕێگە بدرێت بەهای دراوێک بە ڕێژەی (±10%) بەرز و نزم ببێتەوە. لە دەرەوی ئەو ڕێژە گۆڕانە، دەبێت بانکی ناوەندی ئامادەبێت بەرگری لە دراوە نەتەوەییەکە بکات. هەر بۆیە دراوێکی لەو چەشنە هەندێ متمانە دەبەخشێت بە وەبەرهێنەر و بازرگانەکان لە هەمان کاتدا هێندە نەرمی هەیە کارتێکەری هۆکارە نێودەوڵەتییە نەخوازراوەکان لەسەر ئابووری وڵات کەمبکاتەوە.
کوردستان لە قۆناغی ئابووری گەشەکردندایە لە کاتێکدا زۆر کراوەیە بە ڕووی بازاڕی جیهاندا. بۆیە بەهای دراوەکەی نابێت بە تەواوی جێگیر بکرێت. لە بەر هەمان هۆ سیستەمی مامناوەندی کە پێی دەگوترێت سیستەمی بەستراوی ڕێژەی گۆڕینەوە (Pegged Exchange rate) لەبارە بۆ هەلومەرجی ئێستای کوردستان. پرسیاری گرنگ ئەوەیە کە چۆن بەهای دراوەکە دیاری بکرێت و تا چەند بواری بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەی بدرێت.
بەڕای من نابێت بەهای دراوی داهاتووی کوردستان تەنها ببەسترێت بە بەهای دۆلاری ئەمریکییەوە، چونکە پاراستن و بەرگری لێکردنی زۆر گران دەبێت. بۆیە باشترین چارەسەر ئەوەیە کە کوردستان پەیوەندیە بازرگانييەکانی لە گەڵ وڵاتانی دراوسێدا ڕەچاو بکات. بۆ نموونە لە دیاریکردنی بەهاکەدا بەهای دیناری عێراقی و تمەنی ئێرانی و لیرەی تورکیش لەبەر چاو بگرێت. لێرەدا پێویست بە فۆرموڵەیەک دەکات کە لەبەر کێش و قەوارەی بازرگانی لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ و داهاتی نەوت کە نرخەکەی بە دۆلارە نرخی دراوی داهاتووی کوردستان دیاری بکرێت. قورسایی ئەو دراوانەش دەبێت لەمەڕ گۆڕانەکانی بازاڕ و بەهای ئەو دراوانەدا لە بازاڕی ئاڵوگۆڕکردندا ناو بە ناو گۆڕانی بە سەردا بکرێت. ئەمەش خۆی لە خۆیدا کارێکی تەکنیکییە و کوردستان پێوسیتی بە پسپۆڕی تایبەت هەیە بۆ دۆزینەوەو کارپێکردنی ئەو فۆرمولە.
جێگیربوون و مانەوە
جێگیربوون و بەرگریکردن لە بەهای دراو لە ژینگەی ئاڵۆزی ئابووریی جیهاندا کارێکی ئاسان نييە. خراپتر لەوە، وڵاتێکی وەک کوردستان کە لە ژینگەیەکی ناوچەیی نادۆستدا دەژی، ئەم ئەرکەی سەختتر و دژوارتر دەبێت لە وڵاتێکی دیکە. گەورەترین مەترسی لە سەر بەهای داهاتی کوردستان گەلەکۆمەکێی وڵاتانی دراوسێیە ئەگەر بیانەوێت شکست بە دراوەکە بهێنن. بۆیە هەر لە سەرەتاوە پێویستە ڕیگەو شوێن بگیرێتە بەر بۆ پاراستنی بەهای دراوەکە. بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە ئەم هەنگاوانە بگیرێتە بەر:
یەکەم، کۆنترۆڵکردنی بەشی حیسابی سەرمایەی (Capital account)ی هاوکێشەی پێدان (Balance of payment). واتە هەناردە و هێنانی پارە کۆنتڕۆڵ بکرێت بە شێوەیەک ڕێگە نەدرێت بە هەڵبەز و دابەزی بەهای دراو.
دووەم، لە هەمان کاتدا پێویستە هەماهەنگی بکرێت لەگەڵ بانکی ناوەندی وڵاتانی دراوسێدا. ئەمەش بە ڕێکكەوتنی سیاسی پێشوەخت ئەنجام دەدرێت.
سێیەم: پێویستە بانکی ناوەندی کوردستان هەندێک یەدەک بە دراوی وڵاتانی دراوسێ ڕابگرێت. لێرەدا سەرپەرشتی چاودێری بازاڕی دراوی دەبێت هەمیشە پێشبینی کردارەکانی بانکە ناوەندییەکانی وڵاتانی دراوسێ لە مەڕ دەستێوەردانیان لە نرخی دراودا ڕەچاو بکات.
چوارەم، پێویستە دەسەڵاتی سیاسی بەرپرسیارانە مامەڵە لە گەڵ سیاسەتی هەڵکشانی دارایی و گشتیدا بکات. بۆ ئەمەش پێویستە بزانرێت کە ئابووری وڵات ساڵانە پێویستی بە چەند دراو هەیە و دەبێت ڕێژەی خستنەڕووەکەی بەپێی ئەو پێوەرە دیاری بکرێت.
پێنجەم، لە هەموو بارێکدا، سەرپەرشتیکردن و بەڕێوەبردنی دراوی نیشتمانی پێویستی بە کۆمیتەیەکی سەربەخۆی پسپۆڕ هەیە. ئەو کۆمیتەیەش نابێت لە سەر بناغەی سیاسی یا ڕێککەوتنی حیزبیانە دروست بکرێت و دەبێت سەربەخۆییەکی سیاسیی ڕۆشنی هەبێت.
کۆتایی
حکومەت و سیاسەتمەدارانی کوردستان نابێت چاوەڕوانی ڕۆژی سەربەخۆیی کوردستان بکەن، ئەوجا بڕیاری دراوی نیشتمانی بدەن. پێویستە هەر لە ئێستاکەوە ئامادەکاری و زەمینەسازی بۆ بەدیهێنانی ئەو دراوە نیشتمانييە بکرێت. ئەو ئامادەکارییەش پێویستی بە توانای دارایی و شارەزایی پسپۆڕی هەیە. لە هەمان کاتدا نابێت بیانووی ئەوە بهێندرێتەوە کە هێشتا کاتی ئەوە نەهاتووە. گەر سەربەخۆیی سیاسیی کوردستان دە ساڵی داهاتووش بێتەدی، پێویستە ئێستا کوردستان ڕێخۆشکەری و ئامادەکاری بۆ دروستکردنی ژێرخانی ئابووری و داراییەکەی بکات. دراوی نەتەوەیی کوردستانیش بەردی بناغەی ئەو سەربەخۆییەیە و دەبێتە هێمای سەربەخۆیی گەلی کورد و نیشتمانەکەی.
Top