ئیسلام لە گۆشەنیگای فەلسەفەی ئایینەوە بەشی دەیەم و کۆتایی

ئیسلام لە گۆشەنیگای فەلسەفەی ئایینەوە بەشی دەیەم و کۆتایی
کتێبێکی پیرۆز
کتێبی پیرۆز دەبێتە بنەمای سێیەمی دەرکەوتەی ئایین لە ناو مێژووی مرۆڤایەتیدا. ئێمە لێرەدا وا تێدەگەین کە ئەگەر کتێبێکی پیرۆز لە ئارادا نەبێت، مانای وایە ئایین دەرناکەوێ. ئەگەر مێژووی سەدان هەزار ساڵەی بوونی ئایین لەگەڵ دەرکەوتنی مرۆڤ بخوێنینەوە، ئەم بۆچوونە بە هەڵە دەردەچێت، چونکە دەرکەوتنی کتێب دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پاش مێژوو، واتە ئەو سەردەمەی کە نووسین تیایدا دەردەکەوێ، لەو ساتەوە ئیتر کتێبی پیرۆزیش دەبێتە بنەمایەکی دیكەی دەرکەوتنی ئایین. ئێمە وتمان لە سەرەتاوە کە مرۆڤ چەمکێکی بۆ بوونی خودا داڕشت، زۆرێک لە سیفاتەکانی خۆی بەسەردا ڕشت، ئەگەر پاشایەک لە سەرووی گشت مرۆڤاکانیەوە بووبێت و نوێنەری بۆ خۆی دیاریکردبێت، دەبێت خودایەک کە شای شاکانە چۆن نوێنەری تایبەتی خۆی نەبێت؟ جا ئەگەر مرۆڤ بە هۆی داهاتنی نووسینەوە بووبێتە خاوەن کتێب، ئەی ئەو خوایە کە لە گشت مرۆڤەکان مەزنترە، چۆن دەبێت ئەویش کتێبی خۆی نەبێت؟! کەواتە ڕەنگدانەوەی بوونی خودا، بە پێکهاتەی بوونی مرۆڤ و کەلتووری مرۆڤ و جیهانبینی مرۆڤەوە بەندە. ئەگەر کتێب نووسینەوەی گوتەی مرۆڤ بێت، واتە ئەوەی مرۆڤ بیری لێدەکاتەوە و بیری پێدەکاتەوە و بە خەیاڵیدا دێت، ئەوە بێت مرۆڤ دەینووسێت و دەیکاتە کتێب، ئەدی خودا چۆن دەبێت گوتەی خۆی نەبێت؟ ئەگەر کەلام سیفەتێکی زیندووی مرۆڤ بێت، ئەی چۆن دەبێت خودایەک کە خۆی زیندوویەتی دەبەخشێت، ئەو سیفەتی کەلامەی هەڵنەگرتبێت؟ واتە ئەگەر خودا کەلامی خۆی هەبێت و بیکاتە تێکست، ئەوا دەبێتە کتێبێکی پیرۆز، واتە کەلامی خودا، مانای کتێبی پیرۆز دەبەخشێت. ئەو خودایەی کە مەبەست و کەلامی خۆی لەم بوونەوەرەدا هەیە، نوێنەری خۆی وەک پەیامبەران دەنێرێت، دەبێت کەلامێکیشی هەبێت لە دووتوێی کتێبێکی پیرۆزدا خۆی ئاشکرا بکات. ئەم خەیاڵە مۆنۆلۆگ ئامێزەی مرۆڤە لە سەرزەمینی واقیعدا، ئایینێک لەسەر ئەو سێ پایەیە (خودا، پەیامبەر و کتێب) لە ناو مێژوودا، دەردەخات. ئەگەر بە جۆرێکیتر ئەم بۆچوونە داڕێژینەوە، ئەوا دەڵێین؛ بەڵگەی زانستی و بەڵگەی فەلسەفی سەختە بتوانێ، کە ئایینێک بەم چەشنە دەرکەوێ، بیسەلمێنێت. بەڵگەی بوونی ئەم ئایینانە تەنها بەڵگەی سایکۆلۆژییە، واتە خواستی مرۆڤە وا بێت، نەک خواستی خودا وا بووبێت. ئیسلامیش وەک گشت ئایینێک لەم ڕەوتە بەدەر نییە. هەنووکە زۆرینەی جیهانی ئیسلامی باوەڕی وایە کە قورئان موعجیزەیەکی تایبەتە و خودا بەتایبەتی لە ڕێگەی (محەمەد)ـەوە بە زمانی عەرەبی بۆ مرۆڤایەتی ناردووە. نەک هەر ئەمە، بەڵکو لەم پەیامەدا ئیتر خودا کۆتایی بە پەیامی خۆی هێناوە و لە زمانی عەرەبی و نەتەوەی عەرەبدا کەلامی خۆی خەتم کردووە. ئەم باوەڕە کە زیاتر لە هەزار و چوارسەد ساڵ لەمەوبەر بە هۆکاری ماریفی سایکۆلۆژییانە و بە هۆکار سیاسی و کۆمەڵایەتی و مێژوویی توانی خۆی لەو سەردەمەدا بسەلمێنێت، ئیتر مرۆڤ لە پاش ئەوان و بە تێپەڕبوونی کات بەسەر ئەوانیتردا، ئەمەی لا بووە بە هەقیقەتێکی سەلماوی بە موعجیزەکراوی بێ چەند و چۆن.
خوازیارم لێرەدا ئەوەش راگەیەنم، ئەم پرۆسەیە هەر بۆ ئایین ڕوو نادات، مرۆڤ هەندێجار کاری مرۆڤانەی پێش خۆشی لێدەبێتە کاری خودا. لە مێژوودا ئەوە ڕوویداوە کە چۆن بۆچوونی فەیلەسوفێک، یان بۆچوونێکی فەلسەفی لای خەڵکی دەبێتەوە بە سروشی خودا. بۆ نموونە بیرۆکەی جیۆسەنتریسم (زەوی ناوەندی گەردوونە)، لە پێش دەرکەوتنی ئایینی مەسیحی، بووە باوەڕێکی چەسپاوی ئەوتۆ، لادان لەو باوەڕە بە کوفر و دژ بە خودا دەبیندرا. ئەمە هەر بۆ ئایینی مەسیحی ڕاست نییە، بەڵکو بۆ ئایینی ئیسلامیش هەروا بووە، چونکە قورئان سیستەمی گەردوونی خۆی لەسەر گریمانەی جیۆسەنتریسم دامەزراندووە. ئەوەی کە ئەم بۆچوونە دووپات دەکاتەوە، ئەو فەتوایەی موفتی سەعودییە بەناوی شێخ بن باز وتوویەتی: ئەوەی باوەڕی بەوە بێت کە زەوی دەسووڕێتەوە، ئەوە کوفری کردووە، چونکە زەوی لە سیستەمی گەردوونی ناو قورئاندا، وەستاوە و ناجووڵێتەوە.
پسپۆڕانی بواری ئایینناسی لەو بڕوایەدان کە هەروەک فەلسەفە دەرەنجامی کارلێکردنی بیرکردنەوەی مرۆڤە لە تەک گەردووندا، ئایینیش دەرەنجامی کارلێکردنی ڕۆحی مرۆڤە لەم گەردوونەدا. پاشخانی هزر و کەلتوور و ڕۆشنبیری و ئاستی هوشیاریی کۆمەڵگە، لەم دوو دەرکەوتنەدا ڕۆڵی خۆی دەگێڕێت. ئێمە تا ئێستا لەوە تێگەیشتین کە مرۆڤ بۆ کتێبێکی پیرۆز بەناوی خوداوە دەهێنێتە ئاراوە، قورئانیش لەو جۆرە کتێبە پیرۆزە بەدەر نییە. وەک وتمان کەلام سیفەتێکی زیندووی خودایە، وا دەکات کە کتێبی پیرۆزیش بۆ خۆی بەرهەمبهێنێت. بەڵام لە مێژوو هزری ئیسلامدا، ناسینی خودا بەم چەشنە، گرفتێکی زۆری خوڵقاند. ئەو کۆششەی کرا بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتە فکرییە، زانستی کەلامی هێنایە ئاراوە.
ناسینی خودا، یان پێناسەیەکی پڕاوپڕ بۆ خودا بە ناوی (ألله) لە مێژووی ئیسلامدا، گرووپ و مەزهەبی فکری جۆراوجۆری جیاکردەوە. ئەوەی کە ئێمە لێرەدا بتوانین پوختی بکەینەوە و بە کەلامی خوداوە بیبەستینەوە، هەروەها قورئان بکاتە کتێبیکی پیرۆز، بەگشتی ئەوەیە کە ئەشعەرییەکان سیفاتەکانی خودا دەکەنە دوو بەشەوە: زاتەکی و کردەکی. سیفاتی زاتی وەک ژیان، توانست، زانست، ویست، بیستن، بینین، گوتن، سیفاتی کردەیی لە کردارەکانی خوداوە پەیدا بوون وەک خالق، رازق و دادگەر. موعتەزیلەکانیش سیفاتەکانی خودا دەکەنە دوو بەشەوە وەک ئەشعەرییەکان، بەڵام لە سیفاتی کەلامدا، لەوان جیادەبنەوە. واتە کەلام سیفاتی کردەکی خودایە و زاتی نییە. هەرچەندە هەردووکیان باوەڕیان بەوە هەیە کە قورئان کەلامی خودایە، بەڵام موعتەزیلە قورئان دەکاتە کەلامێکی مەخلوق و ئەشعەریش دەیکاتە سیفاتی خالق و نایەوێت بڵێ قورئان مەخلوقە، بەڵکو سیفاتێکی بنەڕەتی و هەمیشەیی خودا بووە، بۆیە قورئان لای ئەوان وەبەر ئەوە ناکەوێت کە مەخلوق بێت. بە ناچاری ئەشعەری کەلامی خودا دەکاتە کەلامێکی نەفسی، واتە ئەو کەلامە وەک سیفاتێکی هەمیشەیی خودا لە دەروونی یاخود لە ناخی خودایا هەر بووە، بەڵام لە سەردەمێکی تایبەتدا و بە گوێرەی پێویست لە شێوەی قورئاندا دەرکەوتووە. واتە قورئان وەک زمان و ڕستە و وشە و پیت، وەک دەرکەوتەیەک لای ئەشعەرییەکان مەخلوقە، وەلێ قورئان وەک کەلامی خودای ئەزەلی و وەک سیفەتێکی دەروونی خودا، نابێتە مەخلوق. موعتەزیلە باوەڕی بە کەلامی دەروونی نەبووە، چونکە کەلام لای ئەوان هەر ئەو پیت و وشە و ڕستانە بووە کە بەدەرەوەن نەک لە ژوورەوەن. لە هەمانکات موعتەزیلە ئەم بۆچوونەی بە مەترسی زانیوە لە سەر بیروباوەڕی ئیسلام. چونکە بە بۆچوونی ئەوان ئەگەر قورئان سیفەتی زاتی و ئەزەلی خودا بێت، واتە خودا چۆن لە عیسادا خۆی نیشانداوە وەک مەسیحییەکان باوەڕیان وایە، ئاوا خوداش لە قورئاندا خۆی نیشان دەداتەوە، ئەمەش بۆ خوی کوفرە و پێچەوانەی عەقیدەی ئیسلام دەبێتەوە. واتە ئەگەر خودی عیسا بە جەستە و ڕۆحەوە کەلامی خودا بووبێت، کە دواجار ئەوەی لێکەتەوە خودا لە پێست و گۆشتی عیسادا هاتۆتە سەرزەوی، کەواتە ئەگەر قورئانیش سیفاتی زاتی خودا بێت وەک ئەشعەرییەکان باوەڕیان پێیەتی، دیارە قورئانیش دەبێت خودا خۆی بێت و لەو کتێبەدا ڕەنگی داوەتەوە. ئەم ترسەی موعتەزیلە وایکردووە کە قورئان بە سیفەتی خودا نەزانێت و وەک مەخلوقێکی خودا باوەڕی پێبکرێ. لەوە ترساوە کە ئەگەر قورئان قەدیم و ئەزەلی بێت، ئەوە دەبێتەوە بە شەریکی خودا، ئەم خاوێن ڕاگرتنەی خودا لە گشت هاوبەشێك، ئەو خەمەی بۆ درووستکردوون کە قورئان وەک کەلامێکی مەخلوقی خودا ببینن.1
ئیدی کێشەکە ئەوەندە سەخت کەوتەوە، جیهانی ئیسلامی شپرزە کردبوو. هەر لەسەرەتای دەرکەوتنی زانستی کەلام، کۆمەڵێك لە حەدیس خوازان، بەرەوڕووی ئەم زانستە بوونەوە. تا وایان لێهات ئەم دروشمەیان دژ بەوان هەڵگرت: هەروەک چۆن لە دەستی شێرێك هەڵدێی، ئاوهاش لە دەستی زانستی کەلام دەبێ هەڵبێی. مالیکی کوڕی ئەنەس ١٧٩ك لە هەندێ بابەت پرسیارکردنی حەرام کردبوو و بە بیدعەی دەزانی. شافعی ٢٠٤ك دەڵێ: گەر خەڵکی بزانن کە کەلام چ هەوا و هەوەسێکێ تێدایە، هەروەک چۆن لە شێر هەڵدێن، ئاواش لە زانستی کەلام هەڵدەهاتن. هەروەها دەیوت دەبێ ئەمانە بە چڵی دارخورما دارکاری بکرێن و بەناو خێڵ و هۆزەکاندا ببرێن، ئەوجا بوترێت ئەمە سزای ئەو کەسانەیە کە سوننەتیان وازلێهێناوە و بە دووی کەلام کەوتوون. ئەحمەدی کوڕی حەنبەل ٢٤١ك، زۆر بەتوندی دژیان وەستاوەتەوە و هەموویانی کافر کردووە، تا وای لێهات کە ئازار و ئەشکەنجەی زۆری بەدەستیانەوە چەشت. دەیوت ئەهلی کەلام هەرگیز سەرکەوتوو نابن، هەرکەسێک بە کەلامەوە خۆی خەریک بکات، ئەوە دڵی نەخۆشە، زانایانی کەلام هەموویان زەندیقن.2
ئەم دژایەتیکردنەی کەلام لەلایەن ئەهلی حەدیس و فیقهەوە، وای لە گشتەی خەڵکی کرد کە بە گومانەوە لە کەلام بڕوانن، نەک هەر کەلام بەڵکو وایلێهات کە هەموو زانستێکی ئەقڵانی بە خراپ و بە گومانەوە دەبینران و خەڵکی دژیان هاندەدران. بۆ نموونە کتێبی وەک (ذم الكلام و أهله)، (إلجام العوام عن علم الكلام)، (تحریم النظر فی كتب أهل الكلام)، وایکرد جیهانی ئیسلام دژی فەلسەفە و زانستی کەلام بوەستنەوە. هەروەک زانستی کەلام لایەنگیر و دۆستی هەبوون، دوورگیر و ناحەزیشی هەبوون، ئەوانەش هەبوون کە چاکی و خراپیی زانستی کەلامیان دەبینی و بە چەکی دووسەرە دەیانخوێندەوە. ئێرە جێگەی ئەوە نییە کە درێژە بەو باسە بدەین، چونکە بابەتی ئێمە لیرە تەنها شرۆڤەکردنی پایەی سێیەمی ئایینی ئیسلامە کە خۆی لە قورئاندا دەبینێتەوە.
ڕەنگە ئەو کێشەیە لەو سەردەمەدا چارەسەر ببوایە ئەگەر ئەوان لە بری ئەوەی کتێبێک کە بە زمانی مرۆڤ نووسراوەتەوە، کێشەی مرۆڤی ئەو سەردەمە و سەردەمانی تریشی لە خۆ گرتووە، ئەو کتێبەیان هەر بە کەلامی مرۆڤ بناسیبایە، واتە قورئان کەلامی مرۆڤ بێت، بەڵام دەرەنجامی کارلێکردنی رۆحی مرۆڤ و بوونی خودا، ئەو کتێبە دەرکەوتبێ. لە بری ئەوەی قورئان بکەنە کەلامی خودا، بوونەوەریان بکردایەتە تاقە کەلامی خودا، هەروەک موسڵمان باوەڕی بەوە هەیە کە گەردوون کەلامی بینراوی خودایە و قورئانیش کەلامی نووسراو، یان خوێندراوی خودایە، ئیتر ئەو هەموو کێشە و گرفتەی لەو سەردەمە و پاشتریش کە ڕوویدا، ڕووینەدایە. بە مانایەکیتر قورئان دەبووە بەرهەمی کەلامی بینراوی خودا، واتە قورئان وەک بەرهەمی تێکەڵبوونی ڕۆحی محەمەد بە کەلامی بینراوی خودا و پەیوەندی ئەو بە خوداوە، دەرکەوتووە.
کاتێ بە وردی بیر دەکەیەنەوە، دەبینین، قورئان تاقە شتە ئێمە بە خودایەکەوە ببەستێتەوە، کە ئیسلام ئاماژەی بۆ دەکات، ئەویش لە ڕێگەی مرۆڤێکەوە کە ناوی محەمەدە. واتە ئەگەر محەمەد ئەو کتێبەی نەخستایەتە بەردەستمان، نەماندەزانی چ جۆرە پەیوەندییەک لە نێوان خودا و محەمەددا ڕوویداوە. ئەو پەیوەندییە ئەگەر بەپێی باوەڕی ئیسلام بێت، یان ڕۆحیگەری بێت، یاخود بەپێی باوەڕی زانستیش بێت، ئەو کتێبە بە ناچاری هەر دەبێت وەک بەرهەمی مرۆڤێک بخوێنینەوە. چونکە قورئان لە چوارچێوەی ڕێزمانی زمانێکی مرۆڤانەدا دەرکەوتووە، خودا بە زمانی عەرەبی بە محەمەدی نەوتۆتەوە، بەڵکو بە شێوازێک بووە کە ئێمە نازانین چی بووە، هەروەک خۆی جۆرەکانی وەحی باسکردووە، وەلێ هیچیان وا نەبووە کە بە زمانی عەرەبی ڕەوان بە محەمەد گەیشتبێت، بەڵام ئەوەی کە محەمەد خۆی هەستی پێکردووە و بەو شێوەیەی تێگەیشتووە، ئەو، ئەو هەستەی بۆ زمانی عەرەبی گۆڕیوە. بێگومان کاتێ ئەو بە زمانی خۆی و لە دەمی خۆیەوە ئەو تێکستانە دەکەوێتەوە، بە مێشکی محەمەدا بە کۆمەڵێک پاڵفتەی جیاوازدا تێپەڕیوە، تا دەبێتەوە بە تێکستێک کە لە زاری محەمەد خۆیەوە دەیبیستینەوە. واتە سرووش بە ناو ناخی محەمەدا تێپەڕیوە، ئەوجا گەیشتۆتە لای ئێمە، کە دەبێتەوە بە خودەئەزموونێک، لە دەرەوەی محەمەدەوە نەهاتووە تا وەک بابەتێک وەک خۆی بیبینین. ئەگەر کەلامی خودا کە کەلامێکی بێ سنووری ئەزەلی و ئەبەدی بێت، ئەو کەلامە بشگاتە ناخی محەمەد، چۆن دەکرێ لە چوارچێوەی ڕێزمانێکی دیاریکراودا جێگەی بێتەوە؟!.
سەرەڕای ئەمانەی لە سەرەوە ئاماژەمان دایە، لە ڕۆحی موسڵماندا دۆخێکی سایکۆلۆژی ئەوتۆ خوڵقاوە، لەچاوی ئەواندا واتە لە باوەڕی موسڵماندا، قورئانی کردووە بەو تاکە موعجیزەیەی کە لە وێنەی دووبارە نابێتەوە، قورئان ئەو ڕشتە زمانەوانییەیە کە لەو جۆرە جارێکیتر نابێتەوە، قورئان ئەو موعجیزە زانستییەیە کە هەرچی نوێیەک دەردەکەوێت، لە قورئاندا دوور یا نزیک ئاماژەیەکی داوەتێ و پێشبینی کردووە و دەبێتەوە، قورئان ئەو زمانە شیرینەیە، ئەوەی یەکجار گوێی لێبێت، ئیدی شەیدای دەبێت، قورئان ئەو حیکمەتەیە، ئەوەی گوێی بۆ ڕادێرێت، هەرگیز سەرگەردان نابێت، قورئان ئەو کتێبەیە، کە هەرچی فکر و فەلسەفەیە لە ئاستیدا مل کەچ بووە، قورئان ئەو پەرتووکە پیرۆزەیە، کە دەرمانی گشت دەردێکە، قورئان ئەو بەرنامەیەیە، هەر گەل و نەتەوەیەك پەیڕەوی بکات، پێش دەکەوێت و گەشە دەکات، جا قورئان چی نییە؟ قورئان هەموو شتێکە.
لەم بۆچوونەدا ئیتر قورئان وەک کتێب لەوە دەردەچێت کە بابەتێکی دەرەکی و بەرجەستە بێت، قورئان لەوە دەردەچێت وەک کتێبێکی دەرەکی ڕەخنەی لێبگیرێت، چونکە ئەو قورئانە کە لە سەرەتادا بابەتێکی دەرەکی بوو، کە تازە خۆی دەردەخست و عەرەبی ئەوکات ڕەخنەیان لێدەگرت، کەچی قورئان وەڵامێکی هەبوو بۆیان، پاش ساڵان و زەمانە، ئەو کتێبە بووە خودەئەزموونی موسڵمانان و ڕەخنە نایگرێتەوە. واتە هەر ڕەخنەیەکت لە قورئان هەبێت و بتەوێ کاریگەر بێت، دەبێ خوت بکەی بە ناخی موسڵماندا و لەوێوە دەبێ بەرەو ڕووی قورئان بیتەوە. واتە کتێبی پیرۆز ئەو کتێبە نییە کە لەبەردەستماندایە، بەڵکو ئەو کتێبەیە وا لە ناخی موسڵماندایە.
ئێمە لە پێشەوە وتمان بە هۆی قورئانەوە توانیومانە پەیوەندی خودا و محەمەد بدۆزینەوە، چونکە تەنها قورئان وەک بابەتێکی دەرەکی و شایەتحاڵ لەبەردەستایە، بەڵام ئێستا وا قورئان چۆتە جیهانی ناخی مرۆڤی موسڵمان. لە هەمانکات پەیامی خودا هەر لە ڕێگەی ناخی محەمەدەوە بە ئێمە گەیشتووە. ئەمە وامان لێدەکات کە بە ناخی پەیامبەر محەمەد تا بتوانین شۆڕ بینەوە تا هەر لەوێشدا خودایەک بە ناوی (ألله) بناسینەوە. نە دەتوانین خودا لە ئۆبژەکتێکدا بدۆزینەوە و نە قورئانیش وەک ئۆبژەکتێک بخوێنینەوە، تەنها مرۆڤێکمان لە بەردەستایە کە لە مێژوودا بتوانین شی بکەینەوە.
بەهەرحاڵ ئێستا قورئان لە ناخی موسڵماندا لەسەر ئەم بنەمایانەی خوارەوە، وەک موعجیزەیەک دەبیندرێت:
1. لە ڕووی زمانەوانییەوە قورئان خاوەنی بەلاغەیەكی بانسرووشتی و موعجیزە ئامێزە. هەرچەندە قورئان بە زمانی عەرەبی نووسراوە، بەڵام بە چەشنێك داڕێژراوە كە لە توانای مرۆڤدا نییە بەو چەشنە نووسینێك دابڕێژێتەوە. هەڵبژاردنی وشەكان، ڕێكخستنی ڕستەكان، ڕیزبەندیی ئایەت و سوورەتەكان، گێڕانەوەی بەسەرهاتەكان و وێناكردنی چیرۆكەكانی ناو قورئان، لەم دیدەوە گشتیان موعجیزەن و بانسرووشتین و لە توانای مرۆڤدا نییە بەم چەشنە دەریببڕێت.
2. جۆری گوتاری قورئان سەبارەت بە محەمەد كاراكتەرێكی خودایانە ئاشكرا دەكات. قورئان بەجۆرێك فەرمان بۆ محەمەد دەردەكات و بە جۆرێك محەمەد ئاڕاستە دەكات، ئەوەی لێدەخوێندرێتەوە كە كەسێكیتر لە دەرەوەی ویستی خۆی، بۆ مەبەستێكی تایبەت بەكاری بهێنێت. بۆ نموونە چۆن سەرزەنشتی محەمەد دەكرێت، كاتێ عەبدوڵڵای كوڕی مەكتوم بۆ خاتری سەرانی قورەیش پشتگوێ دەخات. ئەوەی كە محەمەد سەرزەنشت دەكات، گەر خودا نەبێت، ئەی كێیە؟!
3. لە قورئاندا زانیاری سەبارەت بە ڕابردوو و ئایندەی تێدایە كە جگە لە خودا كەسیتر ناتوانێت بیانزانێت، چونكە محەمەد كەسێكی نەخوێندەوار بووە و لەتوانایدا نەبووە ئەو شتانە بزانێت.
4. قورئان زەروورەتێكی مێژووییە، دەبوایە هەربهاتایە، چونكە مرۆڤ پێویستی بە ڕێگەیەكە كە خودا بۆی دابنێت ئەگینا سەری لێدەشێوێت. خودا مەبەستی هەیە لە دروستكردنی بوونەوەر و دانانی مرۆڤ بە جێگری خۆی، بۆیە دەبێت بەرنامەشی بۆ بنێرێت تا لەسەر ئەو بەرنامەیە كاری خۆی جێبەجێبكات، ئەو بەرنامەیەش تەنها لە قورئاندایە.
5. لە تەورات و ئینجیلدا ناوی محەمەد هاتووە كە خودا وەك پەیامبەرێك دەینێرێت. ئەمەشیان بەڵگەیەكە كە خودا پەیمانی بە مرۆڤایەتی داوە كە پاش عیسا پەیامبەرێكیتر دەنێرێت و خوداش پەیمانەكەی خۆی لە كەسێكی وەك محەمەد و كتێبێكی وەك قورئان هێناوەتە دی.
6. لە قورئاندا زانیاری زۆری تێدایە كە ڕۆژبەڕۆژ زانست ئاشكرای دەكات. ئەم بەڵگەیە ناوی لێنراوە ئیعجازی زانستی. واتە زۆر لەو زانیارییانەی زانستی نوێ دەیدۆزێتەوە، قورئان ئاماژەی پێداون.
7. قورئان تەحەددای مرۆڤی كردووە كە ئەگەر قورئان بە كەلامی خودا نابینن، با كتێبێكی وەك قورئان بنووسنەوە، تائیستا كەس نەیتوانیوە ئەو تەحەددایە بشكێنێت. هەرچەندە قورئان بە زمانی عەرەبی نووسراوە و لەسەر ڕێساو نەریتی زمانی عەرەبی داڕێژراوەتەوە، كەچی تا ئێستا كەس نەبووە بتوانێت وەك قورئان نووسراوێكیتر دابڕێژێتەوە.
8. جیا لە هەموو كتێبێكیتر، مرۆڤ هەرگیز هەست بە بێزاری ناكات لە خوێندنەوەی قورئاندا، بەڵكو بەپێچەوانەوە، بەردەوام قورئان خۆی نوێدەكاتەوە و مرۆڤیش چێژی لێدەبینێت. ئەمە مانای وایە كە قورئان كەلامی ئەبەدی خودایە كە هەرگیز پیرنابێت و پەكی ناكەوێت و لاوێتی و گەشاوەیی خۆی دەپارێزێت، چونكە كەلامی خودا سیفاتی خودایە و وەك خۆی گۆڕانی بەسەردا نایێت، وەك ئەوەی بەسەر شتەكانیتردا دێت.
لەسەر ئەم بنەمایانەی سەرەوە، موسڵمانەكان باوەڕیان وایە كە یەكپارچە قورئان بە پیت و وشە و ڕستەكانیەوە، بە كورتییەكەی دەقی قورئان بەگشتی لە خوداوە بە زمانی عەرەبی بۆ محەمەد هاتووە تا مرۆڤایەتی لە لادان و تێكدان قوتار بكات.
كاتێ لەم بنەمایانە ورد دەبیتەوە و توێژینەوەی زانستی بۆ دەكەی، تێدەگەی كە بنەماكان گشتیان بنەمایەكی سایكۆلۆژین و لە ناخی موسڵماندا خۆی گرتووە، واتە بۆتە خودەئەزموونێك كە ناتوانی بە لێكۆڵینەوەی ئۆبژێكتی لەسەر قورئان ئەو سەبژێكتە بپێكیت. ئەمە ئاماژەیەكی ترمان پێدەبەخشێت كە پرۆسەی مێژوویی و بە كۆمەڵایەتیكردن، بە تێپەڕبوونی كات زۆرێك لە ئۆبژێكتەكان دەكاتە سەبژێكت، بۆیە گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی و ئایینی كارێكی سەختە و ئاسان نییە و زەمەنێكی زۆر دەخوازێت تا ڕووبدات. لە كتێبی (خودا.. قورئان كامیان سەرچاوەی هەقیقەتە) شیكارییەكمان بۆ ئەو بنەمایانە كردووە و وەڵاممان داوەتەوە. لێرەدا تەنها مەبەستمان بوو بزاندرێ كە قورئان وەك پایەی سێیەمی دیاردەی ئایینی ئیسلام، لە چ شێوازێكدا لای موسڵمان دەردەكەوێ، كە تەنها ئیعجازی بەلاغی لە زەمەنی محەمەد خۆیدا هەبووە، ئەو بنەمایانەی تر نەبوون. ئەو تەحەددایەش كە قورئان كردوویەتی هەر تەنها متمانە بووە لەسەر بەلاغەتی قورئان كە زمانێكی خوداوەندانەیە، بنەماكانیتر رۆژگار و پرۆسەی كۆمەڵایەتی و ململانێ لەم سەردەمەدا هێناونیەتە ئاراوە.
كۆتایی
ئەم زنجیرەوتارە بە پوختەیەك لە ناوەڕۆكەكەی كۆتایی پێدەهێنن. ئەم باباتە بە پاشخانێكی فەلسەفەی ئایین، دەركەوتەی ئایینی ئیسلام دەخوێنێتەوە. سەرەتا بە ناساندنی چەمكی فەلسەفەی ئایین و بیروبۆچوونی توێژەرانی ئەم بوارە دەستمان بە نووسین كرد. پاشان ویستمان دیاردەی ئیسلام كە لەسەر سێ پایە خۆی ڕاگرتووە بخوێنینەوە. ئەو سێ پایە بریتیبوون لە چەمكی خودا، پێناسەكانی كە بۆ ئەو چەمكە كراوە و درێژەمان دا بە چەمكی مۆنۆتەییسم كە باوەڕی ئیسلام خۆی لەسەر ڕاگرتووە. پایەی دووەم كە باسی پەیامبەرێتی و پەیامبەر محەمەد بوو، درێژەمان دایە و لەسەر بنەمای فینۆمینۆلۆژیا و سایكۆلۆژیا، شیكاریمان بۆ ناسینی پەیامبەر محەمەد كرد تا وەك مرۆڤ، وەك گشت مرۆڤێ، بۆ ئێمە دەركەوێ. ئەم بەشە بە پایەی سێێەم كۆتایی هات كە تیشكێك بوو خرایە سەر كتێب، واتە كتێبی پیرۆز، هەروەها ڕوونكردنەوەیەك لە مەڕ قورئان وەك كەلامێكی خودا، یان وەك كەلامێكی مرۆڤ باشترە بخوێندرێتەوە. كۆتایی ئەوەیە كە گشت ئایینێك لەم سەردەمەدا لە نێوان خودا و مرۆڤێكدا ڕوو دەدات كە كتێبێكی پیرۆز دەبێتە شایەتی نێوانیان. ئەم بابەتە بە درێژتر لە دوو توێی كتێبێك چاپدەكرێت. لەوێدا بە شیوەیەكی درێژیتر تیشك خراوەتە سەر پەیامبەر محەمەد و پتر بە ناخی ئەودا شۆڕبووینەتەوە.


1. علی عبدالفتاح المغربي، الفرق الکلامیة الاسلامیة، القاهرة ١٩٩٥، پ ٢٩١-٢٩٦ .
علی عبدالفتاح المغربی، الفرق الکلامیة الأسلامیة، القاهرة ١٩٩٥، پ ١٠٢-١٠٩.
Top