سەرۆك مسعود بارزانی و خەمی نەتەوەیی
March 25, 2015
وتار و بیروڕا
لە دیرۆكی نوێی گەلی كوردستان لە دوای (بارزانی نەمر)، سەرۆك مسعود بارزانی رێبەرایەتی شۆڕشی كوردستانی كردووە، تا ئێستاش بە هەمان گیانی شۆڕشگێڕی و پێشمەرگایەتی رێبەرایەتی شۆڕش و بەرخودانی گەلی كوردستان دەكات، لای ئەو كوردستان هەمووی یەكە، لە خەمی پاراستن و پێشخستنی باشووری كوردستاندایە و بەردەوام وەكو پێشمەرگەیەك لە سەنگەردایە و سەرپەرشتی بەرەكانی شەڕ دەكات و، پشتیوانی سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی باكووری كوردستانە و لە هەوڵی لە یەكدی نزیككردنەوەی لایەنەكانی رۆژهەڵاتی كوردساندایە و بەهانای رۆژئاوای كوردستانەوە دەچێت بۆ ئەوەی (كۆبانێ) نەكەوێت، ئەو هەڵوێستانەی سەرۆك مسعود بارزانی زۆر لە هەڵوێستەكانی (بارزانی نەمر) دەچێت كاتێك بە هانای شۆڕشی شێخ مەحموودەوە دەچێت، هەروەها بەشداری لە دامەزراندن و پاراستنی (كۆماری دیموكراتی كوردستان) لە مەهابادی رۆژهەڵاتی كوردستان دەكات و، هاوكاری خوشك و برایانی رۆژئاوا و باكووری كوردستان دەكات بۆ دامەزراندنی (پارتی دیموكراتی كوردستان) لە باكوور و رۆژئاوای وڵات، لە باشووردا كە رێبەرایەتی شۆڕشی ئەیلوولی كردووە، بەردەوام سەرپەرشتی و بەشداری شەڕەكانی كردووە و لەگەڵ پێشمەرگەدا لە بەرەكانی شەڕدا ماوەتەوە، ئەو كارە نەتەوەییانەی (بارزانی نەمر) رەنگدانەوەیان لەسەر كار و خەبات و تێكۆشانی ئێستای سەرۆك مسعود بارزانی هەیە، بۆیە ئەگەر سەیری كار و هەڵوێستەكانی سەرۆك مسعود بارزانی بكەین، دەبینین خەمی ئەو خەمی نەتەوەیە و بەردەوام لە خەمی خاك و خەڵكدایە، خەمی نەتەوە واتە خەمی خاك و خەڵك، خەمی خاك لای ئەو واتە گەیشتن بەدوا سنووری كوردستان و پاراستنی ئەو سنوورانە، خەمی خەڵك لای ئەو واتە خەمی پاراستنی كەلتوور و دیرۆك و شارستانییەت و بەها مرۆییەكانی خەڵكی كوردستان، خەمی خەڵك لای ئەو واتە گەیاندنی خەڵكی كوردستان بە كەنارێكی ئارام، ئەمەش واتە دیاریكردنی سنووری كوردستان و راگەیاندنی سەربەخۆیی كوردستان لە چوارچێوەی ئەو سنوورەدا،
بەردەوام جەختكردنەوە لەسەر پرسی سەربەخۆیی كوردستان لای سەرۆك بارزانی لەو روانگەوە دێت كەوا پرسی بڕیاردان و دیاریكردنی مافی چارەنووس مافی رەوای هەر گەل و نەتەوەیەكە، لە رابردووشدا زۆربەی بزاڤە رزگاریخوازەكانی جیهان لەڕێی بەكارهێنانی ئەو مافە گەیشتوونەتە خەونی نەتەوەیی خۆیان، نەتەوەی كوردیش وەك دێرینترین نەتەوەی ناوچەكە و وەك هەر نەتەوەیەكی دیكە مافی رەوای خۆیەتی كە خۆی بڕیاری چارەنووسی خۆی بدات بە تایبەت لەم سەردەمەدا كە سەردەمی سەرخۆبوونی نەتەوە ژێردەستەكانە.
سەرۆك بارزانی بەردەوام لە دیدگایەكی نەتەوەیی و نیشتمانی بەدوای چارەسەری پرسی رەوای گەلی كوردستانەوەیەو هەوڵی بۆ دەدات، ئەو هەوڵانەی سەرۆك بارزانی بوونەتە پەیامێك بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كە تاكە چارەسەری بنەڕەتی پرسی كورد دیاریكردنی مافی چارەنووسە لەلایەن گەلی كوردستانەوە، هەر كاتێكیش كورد ئازادانە بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات بڕیار لەسەر سەربەخۆیی كوردستان دەدات، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش باش لەو پەیامەی سەرۆك بارزانی گەیشتووە و، هەستی بەمە كردووە كەوا خواستی گەلی كوردستان سەربەخۆیی كوردستانە، لەمەش گەیشتوون بێ چارەسەری بنەڕەتی پرسی كورد زۆر زەحمەتە رۆژهەڵاتی ناڤین ئەو هێمنی و ئارامییە بەخۆیەوە ببینێت كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی خوازیاریەتی، بۆیە ماوەیەكە چارەسەری ریشەیی پرسی كوردو دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان لەلایەن زۆر كەسایەتی گرنگ و ناوەندی نێودەوڵەتی بۆتە بابەتێكی گرنگ و بە بایەخەوە باسی لێوەدەكرێت و بە شێوەیەكی ئاساییش وەردەگیرێت، بێگومان بڕیاری دیاریكردنی مافی چارەنووس لەلایەن گەلی كوردستانەوە واتە راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان، سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستانیش واتە سەقامگیربوونی هێمنی و ئارامی و ئاسایش لە رۆژهەڵاتی ناڤیندا، هەموو لایەك ئەوە دەزانن كەوا گەلی كوردستان زوڵمێكی مێژوویی لێكراوە و خاكەكەی دابەش و داگیركراوە و خەڵكەكەی رووبەڕووی ستەم چەوسانەوە بۆتەوە و، پێویستە كەوا كورد وەك هەر نەتەوەیەكی دیكە مافی رەوای وەربگرێتەوەو سەربەخۆ بێت و دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی هەبیت، ئەمەش وایكردووە زۆر ناوەندو كەسایەتی جیهان بەبایەخەوە لەسەر ئەم پرسە هەڵوەستە بكەن و پشتیوانی خۆیان بۆ هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی رابگەیەنن، ئەوەش مایەی خۆشحاڵییە و هێڤی و رۆشناییەكیان بە داهاتوومان بەخشیوە.
ئەم تێكۆشان و هەوڵانەی سەرۆك بارزانی پێویستی بە پشتیوانییەكی كوردستانی هەیە و پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەكان و سازییە مەدەنییەكان و جەماوەری كوردستان پشتیوانی جەنابیان بن، لەبەرئەوەی تێكۆشانی جەنابیان لەم پێناوەدا بۆ گەلی كوردستانە و بۆ نەهێشتنی ستەم و داگیركارییە، هەوڵەكان لەپێناو سەربەخۆیی كوردستان پێگەی كوردستانیان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەهێزتر كردووە، ئەم پێشكەوتنانە وایكردووە كەوا دوژمن و ناحەزان پێیان هەرس نەكرێ، بۆیە لە هەوڵی ئەوەدان پێگەی كوردستان لاواز بكەن و بەردەوام گرفتی جۆراوجۆری بۆ دروست دەكەن، واتە بەردەوام مەترسیمان لەسەرە و لە رەوشێكی ناسكو هەستیارداین، لەلایەك هێرش و شەڕی تیرۆریستانی داعش و لەلایەكی دیكەوە هەڕەشەكانی ئێستای حكومەتی عێراق و هەڵوێستی نەیارانەی هەندێ ناوەندی شۆڤێنی عەرەبی ئەمانە هەموویان لەو چوارچێوەیەدان، تیرۆریستانی داعش و حكومەتی عێراق و ئەو ناوەندە عەرەبییانە لە روانگەی (هزری شۆڤێنی عەرەبی و پەڕگیری ئایینی)یەوە سەیری پرسی كورد دەكەن و شەڕی گەلی كوردستان و سەرۆك مسعود بارزانی دەكەن، تیرۆریستانی داعش بە هێرش و ترس و تۆقاندن و عێراق بە سیاسەتی برسیكردنی خەڵك و هەندێ ناوەندی عەرەبی بە نووسین و شرۆڤەی ژەهراوی، هەموویان لە هەوڵی لاوازكردنی پێگەی كوردستاندان، بۆیە لەسەر هەموو لایەكمان پێویستە یەكڕیزو یەكدەنگ بین و پشتیوانی سەرۆك مسعود بارزانی بین بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشانە، حكومەتەكانی پێشووی عێراق بە سیاسەتی قڕكردن و بەعەرەبكردن دژایەتی گەلی كوردستانییان دەكرد، حكومەتی ئێستای عێراقیش سیاسەتی برسیكردن دژ بە گەلی كوردستان پێڕەو دەكات، بێگومان سیاسەتی برسیكردن ئەویش لە كانی لیخنی قڕكردن و بەعەرەبكردنەوە سەرچاوەی گرتووە، درێژەپێدانی هەمان سیاسەتی دۆژمنكارانەی رژێمەكانی پێشووە، بەڵام بە رەنگێكی دیكە، بۆیە لەسەر هەموو لایەكمان پێویستە بە وریایی و یەكگرتووییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم رەوشە ناسكەدا بكەین و، هەموومان لە یەك سەنگەردا كۆببینەوە و، بە كارنامەیەكی نەتەوەیی و نیشتمانی ئەو هەوڵە نەزۆكانە پووچەڵ بكەینەوە و لەباریان ببەین.
دیپلۆماسییەت و سیاسەت و هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بۆ لە گۆڕنانی خەونی دوژمن و ناحەزان و، خستنەڕووی مەترسییەكانی سەر گەلی كوردستان، كەشێكی نوێی بۆ تێگەیشتنی زیاتر لە پرسی كورد خوڵقاندووە و، وایكردووە كەوا كۆمەڵگەی نیودەوڵەتی وەكو ئەركێكی مرۆیی و ئەخلاقی بەهانای كوردەوە بێن و لە هەڕەشەكان بیپارێزن، ئەمەش وایكردووە دۆست و پشتیوانی زیاتر بۆ كورد پەیدابن، ئەو پشتیوانییە نێودەوڵەتییە لە ئێمە دەخوازێ كەوا لە ناوخۆدا یەكبین، لەبەرئەوەی یەكبوونمان هێزێكی زیاترمان پێدەبەخشێت و بەرەو سەركەوتنمان دەبات، بۆ ئەمەش پێویستە بە زووترین كات ناوەندی سیاسی كوردستان رێك و یەكبخرێتەوەو مامەڵەیەكی تەندروست لەگەڵ تەواوی هێزو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بكرێت و پەراوێز نەخرێن، هەروەها پێویستە بیروڕاو بۆچوونی وڵاتپارێزان و دڵسۆزانیش بەهەند وەربگیرێت، لەهەمان كاتدا پێویستە ناكۆكییەكانمان وەلانێین و بیر لە داهاتوومان بكەینەوە و، سوود لەو دەرفەتە زێڕینە وەربگرین و داهاتووی نەتەوەییمانی لەسەر بنیات بنێین.
* سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK