سڵاو بۆ پێشمەرگە قارەمانەكان

سڵاو بۆ پێشمەرگە قارەمانەكان
«پڕۆفیسۆر جۆزیف ئۆلمەرت ئوستادی دیراساتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە زانكۆی ئەمریكا و پسپۆڕ و تایبەتمەندە لەسەر پرسەكانی تیرۆر و ئاشتی، بۆ قسەكردن سەبارەت بە راگرتنی هاوسەنگیی نێوان ئاسایش و ئازادیی تاك و مەترسیی تیرۆر و رۆڵی راگەیاندن لە شەڕی تیرۆریستانی داعشدا، چەند پرسیارێكمان ئاڕاستەی پڕۆفیسۆر ئۆلمەرت كرد، وەك دەربڕینی هەستی خۆی بۆ پێشمەرگە، بە ناونیشانی (سڵاو بۆ پێشمەرگە قارەمانەكان) بەم وتارە وەڵامی داوینەوە و بە سوپاسەوە بڵاوی دەكەینەوە».



جۆزیف ئۆلمەرت*

پاراستنی هاوسەنگی لە نێوان سەروەری یاسا و نۆرمە مەدەنییەكان هەڵسوكەوتكردن لە بەرامبەر تیرۆریزمی بەربەریدا، بابەتێكی زۆر هەستیارە. وڵاتە مەدەنی و دیموكراتییەكان ناتوانن بە چەشنی بەربەرییەكان ڕەفتار بكەن، ئەمە بەهایەكە كە دەبێت لە خراپترین ڕۆژگارەكانیشدا بپارێزرێت، تەنانەت كاتێك خوێنی ئێمە دێتە كەف و كوڵ لەو كاتانەی كردەوە دڕندانەكانی بەربەرییەكان دەبینین. لەگەڵ ئەوەشدا، نابێت ئەمە سست و خامۆشمان بكات. پێویستە لەوەی هەیە، دەسەڵاتی زیاتر بدرێت بە ئاژانسەكانی پۆلیس و هەواڵگری لە وڵاتە ڕۆژئاواییەكاندا بۆ ئەوەی بتوانن ڕەوتی سەفەركردنی خۆبەخشەكان بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕابرگرن، كە بە ئامانجی یارمەتیدانی گرووپەكانی چەشنی داعش ئەو سەفەرە دەكەن. پێویستە بە شێوەیەكی كاتی، دەسەڵاتی زیاتر بدرێت بە ئاژانسەكانی جێبەجێكردنی یاسا بۆ لەناوبردنی پێشوەختەی چالاكییە تیرۆریستیەكان و سزادانی سەختتر لەوەی ئێستا هەیە دابنرێ بۆ هەر تێوەگلانێك لە تیرۆر و چالاكییە تیرۆریستیەكان. پێویستە حكومەتەكانیش بازنەی هاوكاری نێوانیان لەگەڵ زانا و سەركردە موسڵمانە میانڕەوەكاندا بەرفراوانتر بكەن، بۆ ئەوەی ئەوانیش بەشدار بن لەم تێكۆشانەدا. پێویستە زیاتر هانی ڕاگەیاندن بدرێت بۆ ئەوەی پتر لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا بێت و پتر پابەند بێت و كامڵتر بێت لە كاتی ڕووماڵكردنی چالاكیە تیرۆریستیەكاندا، ئەویش بۆ ئەوەی پڕوپاگەندەیەكی خۆڕایی بۆ تیرۆریستە تاوانكارەكان نەكرێت. هەروەها پێویستە ڕاگەیاندن ڕۆڵێك ببینێت. كە زەحمەتیشە بتوانێت چاودێری و كۆنتڕۆڵی هەموو چالاكییەكی سەر تۆڕی ئەنتەرنێت بكەیت، پێویستە سەرچاوەی زۆر زیاتر تەرخان بكرێت بۆ ئەنجامدانی شەڕێكی ئەلەكترۆنی سەركەوتوو لە دژی تیرۆریستان. دەكرێت ئەمە ئەنجام بدرێت!! هەمان شت بەسەر تۆڕە كۆمەڵایەتیەكاندا جێبەجێ دەبێت. بەڵام سەبارەت بەوەی هەندێك جار دەزگاكانی راگەیاندن هەست بە بەرپرسیاریەتی ناكەن، پێویستە حكومەت هەڵبستێت بە دەستنیشانكردنی ئەو دەزگا ڕاگەیاندنانەی كە ئەم جۆرە پشتیوانییە بۆ تیرۆریستان دەستەبەر دەكەن و پێویستە بە خەڵك بناسێندرێن، بۆ ئەوەی خەڵك ئاگادار بكرێتەوە لەبارەیانەوە. شتێكی حەتمیە كە ئەندازەیەك لە پێشێلكاری یاسای پاراستنی تایبەتمەندێتی ڕووبدات، بەڵام ئەمە دەبێت وەك كارێكی زۆر بە پەلە و پێویست و لە كاتی زۆر بە پەلە و پێویستدا لێكبدرێتەوە. هەروەك پێشتر ئاماژەم پێكرد، پێویستە میدیاش بخرێتەگەڕ و بخرێتە خزمەتی ئەم شەڕەوە. ئەوە تەحەددییەكە بۆ ڕاگەیاندن كە بەشدار بێت لە چاكەی گشتی، نەك لە وروژاندنێكی ئاست نزم. دەبێت داوا لە دەزگاكانی ڕاگەیاندن و چاودێرەكان بكرێت كە چاودێری ئەو دەزگا ڕاگەیاندنانە بكەن كە بەشداری لە هەڵمەتی دژ بە تیرۆریزمدا ناكەن، بۆ ئەوەی خەڵكی بتوانن بڕیار بدەن بۆ ئەوەی بایكۆتی ئەم جۆە دەزگا ڕاگەیاندنانە بكەن و ڕەتیان بكەنەوە. لەئێستادا رۆژئاوا هەستیاریەكی زۆر لە ئاست رەفتاری ڕێكخراوە موسڵمانەكان پیشان دەدات، هەروەها شەپۆلێكی ئیسلامۆفۆبیا لە ڕۆژئاوادا دروستبووە. ئەمە هەڵمەتێكە دژ بە تیرۆریزم، ئەگەر تیرۆریستان موسڵمان بن، ئەوا دەبێت ڕای گشتی ئەمە بزانێت. یەكێك لە ڕێگەكانی خاوكردنەوەی ئەم هەستە- كە هەڵمەتی دژ بە موسڵمانە، ئەوەیە بوارێكی زیاتری دەركەوتن بەو موسڵمانانە بدرێت، كە زۆرێك لەوانە تیرۆریزم ڕەتدەكەنەوە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی وترا، ئەوا دەبێت خۆمان ئامادە بكەین بۆ خەباتێكی دوور و درێژ!!!
سڵاو بۆ پێشمەرگە قارەمانەكان كە بوونەتە جێی سەرسامی هەموو كەسێكی ئازادیخواز لە جیهاندا. سەركەوتن بۆ پێشمەرگە. سەركەوتن بۆ گەلی كوردی قارەمان.


* ئوستادی دیراساتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانكۆی ئەمریكا لە واشنتۆن
Top