ئیسلام پێویستی بە زانای ئایینی هەیە نەك پیاوی ئایین

ئیسلام پێویستی بە زانای ئایینی هەیە نەك پیاوی ئایین
ئەو رۆژەی خەڵك بە ئایینی ئیسلام ئاشنا بوو، رۆژێكی یەكجار مێژوویی و بێوێنە بوو، چونكە ئیسلام كۆتایی هێنا بە مۆنۆپۆڵكردنی حەقیقەت لای تەنها كەسێك، یان لایەنێك، یان توێژێك، كە هەزار ساڵی ماوەی حوكمڕانی پیاوانی ئایینی لە ئەوروپای سەدەكانی ناوەڕاست، جۆرێك لەم بۆچوون و فەرمانڕەواییەی هێنابووە بوون.
بەڵام ئەوەی جێگەی داخە ئەوەیە كە دواتر ئەم جۆرە شێوازی بیركردنەوەیە پەڕییەوە جیهانی موسڵمانان و هەندێك لە بیرمەندانی ئیسلامیی عەرەبیش ئەم بیرۆكە ترسناكەیان تێكەڵ بە فەرهەنگی ئیسلامی كرد، كە تا ئێستاش زیانەكانی بەرچاو دەكەون لە كار و هزری ئەو كەس و گرووپانەی كە بڕوایان بە قەتیسكردنی تێگەیشتن لە ئایینە لەدەستی تەنها كەسێك، یان لایەنێك.
بۆیە جێگەی خۆیەتی ئاماژە بەهەندێك لەو نیشانەو رەفتارانە بدەین كە پیاوی ئایینییان پێ جیادەكرێتەوە لە زانای ئایینی، لەوانە:
1- ئامانجی پیاوی ئایینی سەپاندنی تاكڕەویی ئایینی و دیكتاتۆریی ئایینییە، بەڵام ئامانجی زانای ئایینی پابەندبوونە بەسەلماندنی راستییەكان و رێزگرتن لە ڕای جیاواز و سنگفراوانیی ئایینی و قبووڵكردنی ئەوانی دی.
2- پیاوی ئایینی پێیوایە شەرعییەت و باڵادەستیی خۆی لە خواوە وەرگرتووە و نابێت كەس چاودێری بكات و رەخنەی لێبگرێت، بەڵام زانای ئایینی خۆی بە مرۆڤ دەزانێت، قسەكانیشی قابیلی هەڵەن و رەخنەش قبووڵ دەكات.
3- پیاوی ئایینی خۆی بە حاكم دەزانێت بەسەر خەڵكەوە، بەڵام زانای ئایینی خۆی بە حەكەم دەزانێت لە نێو خەڵكدا.
4- پیاوی ئایینی بڕوای وایە كە تێگەیشتن و قسەكردن لەبارەی ئایینەوە تەنها لە دەستی ئەوان و پیاواندایە، بەڵام زانای ئایینی لای وایە كە قسەكردن و تێگەیشتنی هەر كەسێكی دیكەی زانا و شارەزا (چ پیاو چ ئافرەت) جێگەی بایەخپێدان و قبووڵكردنە.
5- پیاوی ئایینی خۆی بە نوێنەری خودا دەزانێت لە سەر زەویدا، بەڵام زانای ئایینی خۆی بە هەڵسووڕێنەری بەشێك لە كاری پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم) دەزانێت .
6- پیاوی ئایینی بڕوای بە سەپاندنی یەك ئایین هەیەو، لەنێو ئەو ئایینەشدا تەنها یەك رێباز، بەڵام زانای ئایینی بڕوای بە ئازادیی بیروڕا و ئازادیی ئایین و هەڵبژاردنی رێبازی ئایینی هەیە.
7- پیاوی ئایینی دێت دەقەكان لەبەر رۆشنایی راڤە كۆنەكاندا راڤە دەكاتەوە و، گوێی لە بەرژەوەندیی مرۆڤەكان و جیاوازی شوێن و كات نییە، بەڵام لای زانای ئایینی زیاد لەتەفسیرێك هەیە بۆ هەر ئایەتێك و زیاد لە راڤەیەكیش هەیە بۆ هەر فەرموودەیەك، لەبەر رۆشنایی جیاوازیی سەردەم و شوێنەكاندا.
8- پیاوی ئایینی بڕوای وایە كە هەر خۆی خاوەنی لێكدەرەوەی دەقەكانەو، هەر خۆیشی هەڵدەسێت بە جێبەجێكردنیان، واتە لەیەك كاتدا هەر خۆی بڕیاردەرە و جێبەجێكاریشە، بەڵام زانای ئایینی لای وایە ئەو یەكێكە لە راڤەكاران و ئەركیشی ئاگاداركردنەوەو هۆشیاركردنەوەیە و، ئەركی جێبەجێكردنیش بە دامودەزگاكانی دەوڵەت دەسپێرێت.
9- پیاوی ئایینی لای وایە دەبێت ئەوان خاوەن دەستەیەكی دینی ئەوتۆبن لەسەرووی كۆمەڵگەوە، بەڵام زانای ئایینی بڕوای وایە كە ئەوان خاوەن رێكخراو و كۆمەڵەیەكن لە نێوان دەسەڵات و خەڵكدا بۆ رێنماییكردنی هەردوولایان.
10- پیاوی ئایینی دەست دەخاتە وردەكاریی ژیانی تاك و بڕیارەكانی دەسەڵاتەوەو یەك بژاردە فەرز دەكات، بەڵام زانای ئایینی هێڵە گشتییەكانی ئایین و زیاد لە رێگە چارەیەك بۆ هەر كێشەیەك دەخاتەڕوو، تاك و دەسەڵاتیش لەهەڵبژاردنی باشترینیان سەرپشك دەكات.
11- پیاوی ئایینی دوو قسەی هەیە، یەكێكیان نهێنی و بۆ بازنە تەسكەكانی دەوروبەرێتی، یەكێكیشیان ئاشكرایەو بۆ دەرەوەیەتی، بەڵام زانای ئایینی یەك قسەی راست و رەوانی هەیەو، ئەوەی لە دڵێتی لەسەر زارێتی و، بۆ دوور و نزیك یەك قسەی هەیەو گوێی لە لۆمەی خەڵك و ترسی لە دەسەڵات نییە.
12- پیاوی ئایینی بەردەوام دوور لە ئەقڵ، خەریكی نەقڵكردنی نموونە وەهمی و خەیاڵاوییەكانە كە لە واقیعدا بوونیان نییە و نابێت، بەڵام زانای ئایینی باس لەواقیع دەكات و بەئەقڵ نموونەكانی رابردوومان بۆ نەقڵ دەكات.
جالەبەر ئەمانەو زۆرێكی دی لەم هۆیانە، ئایینی ئیسلام لەگشت سەردەمێكدا پێویستە زانای ئایینی هەبێت، نەك پیاوی ئایین.
Top