خوێندنەوەیەك بۆ دیدی سیاسی فازڵ میرانی
February 26, 2015
وتار و بیروڕا
هەڵبەتە ئەزموونی پتر لە نیو سەدە لە بواری سیاسەت جێی ئەوەیە كە شیكردنەوە و خوێندنەوەی تایبەتی خۆی هەبێت بۆ زۆر لە مەسەلەكان لە ڕوانگەی قوتابخانەی نەتەوایەتی و نیشتمانپەروەریی (پارتی و بارزانی)دا، بەتایبەتی ئەگەر بزانین نزیكی بەڕێزیان لە گرنگترین هەنگاو و بڕیارە چارەنوسسازەكانی پەیوەست بەگەلی كورد و كوردستان و عێراق و تەنانەت بوارەكانی هەرێمی و نێودەوڵەتی. ئەوەی لەم كتێبەدا بەدیدەكرێت هەندێكیان دیداری بەڕێزیانە لەگەڵ كەناڵە ئاسمانییەكان و هەندێكی تر بیروبۆچوونی نووسەرەكانە كە ناسراون لە نێوەندە جیهانی و نیشتمانی و عێراقی و كوردی و عەرەبی و تەنانەت بیانیش، كە خۆی لە (40) بابەتی هەمەجۆر دەبینێتەوە، كە نیشانەی دۆستایەتی و دڵسۆزی بەڕێزیان بە دیار دەكەوێت. هەروەها ڕێزێكی تایبەتی ئەم نووسەرانە بۆ دۆستایەتی ئەم بەڕێزە بەدیار دەكەوێت.
بەڕێز (خەلیل بەرواری) نووسەرێكی كوردی خاوەن ئەزموونە هەڵساوە بەم ئەركە و زۆر ماندوو بووە لە هەوڵ و كۆششەكان دەربارەی كۆكردنەوەی ئەم بابەتانە و دەستنیشانكردنی ناونیشانەكانی ئەم كتێبە جگە لە نووسینەكان بریتییە لە ئەرشیفێكی بەرچاوی ئەم بەڕێزە لە مەیدانی خەباتی سیاسی شۆڕشگێڕی و مەدەنیدا.
گرنگی ئەم كتێبە لەوەدا بەدیار دەكەوێت كەوا لە میانەی پەیوەندییە مێژووییەكانی كوردی- عەرەبی شیكردنەوە بۆ بابەتەكان دەكرێت لەلایەن ئەم بەڕێزە لە دیدارەكانیدا.
نووسەری عێراقی (تەیسیر ئالوسی) لە دەروازەیەك بۆ ئەم كتێبە ئاماژە بە ئەزموونی ئەم بەڕێزە دەكات.
بەڕێز (د.منذر الفضل) وەك پێشمەرگە و بیرمەند بابەتەكە شی دەكاتەوە.
نووسەر (حەسەن عەلەوی) وەك مرۆڤی دەوڵەت سەیری ئەم بەڕێزە دەكات.
لەدیدارەكەی لەگەڵ كەناڵی (سكای نیوز)ی عەرەبی مەسەلەكانی دیموكراسییەت و هەڵبژاردنەكان لە عێراق و هەرێمی كوردستان شی دەكاتەوە، هەروەها لە دیدارەكەی لەگەڵ ڕۆژنامەی (المستقبل) بە ڕوونی دەڵێت كەوا كورد هەڵوێستی دەبێت ئەگەر دەستووری عێراق مافە نەتەوەییەكان جێبەجێ نەكات. وێبسایتی (دەنگی كوردستان) ئاماژە بەوە دەكات كەوا بەشداریكردنی ئەم بەڕێزە لە گفتوگۆكانی لەگەڵ بەغدا تایبەتمەندی خۆی هەیە وەك سیاسییەك. لە دیدارەكەی لەگەڵ ڕۆژنامەی (الشرق الاوسط) ئاماژە بەوە دەكات كەوا جارێ بارودۆخی تایبەتی و گشتی بە تەواوی بەردەست نییە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی. پارێزەری عێراقی (حوسێن بدێوی) كە لە (لەندەن) نیشتەجێیە ئاماژە بە دیدی داهاتووی كورد دەكات لە ڕوانگەی ئەم بەڕێزە بە دیدێكی نیشتمانی عیراقی. لە دیداری لەگەڵ ڕۆژنامەنووس (حەبیب نومی) لە ئۆسلۆ ئاماژە بەوە دەكات كەوا سەرۆك بارزانی پارێزەری هەرێمی كوردستانە، لە دیداری لەگەڵ گۆڤاری (الاسبوعية) دەڵێت: دەوڵەتی كوردی خەونێكی دواخراوە، لە دیداری لەگەڵ گۆڤاری (گوڵان) باسی لە پێكهاتەی حكومەتی هەرێم دەكات، و لە دیدارەكەی لەگەڵ كەناڵی كوردستان ئاماژە بەوە دەكات كەوا كێشەكان لەگەڵ بەغدا شەخسی و كەسی نین.
نووسەری كورد (د.بەدرخان سندی) لە ڕۆژنامەی (التأخی) لەدیدارێكدا دەڵێت: ئەم دیدارە بە شەفافییەت و دڵسۆزی بۆ پرەنسیپەكانی نیشتمانی و نەتەوەیی بووە.
(لوئەی فرنسیس) رۆژنامەنووس لە ڕۆژنامەی (الحقيقة) دەڵێت: لە دیدی میرانی پانتاییەكی باش هەیە لە دیموكراسییەت لە هەرێمی كوردستان.
(د.تەیسیر ئالوسی) لە شیكردنەوەكەیدا ئاماژە بەوە دەكات كەوا كەسایەتی كوردی لەنێوان پێشهات و داخوازیدایە. لە دیداری كەناڵی (الحرة) بەڕێزیان ئاماژە بەوە دەكات كەوا شۆڕشی ئەیلول كاردانەوەی ئەو ستەمە بوو كە لەو كاتەدا هەبوو لەسەر كورد.
(د.نەجدەت ئاكرەیی) لە ڕۆژنامەی (التأخی) خوێندنەوەیەكی شیكەرەوانە دەكات بۆ دیدارەكانی بەڕێز فازڵ میرانی لەگەڵ كەناڵە تەلەفزیۆنە عێراقییەكان وەك (البغدادية، السومرية، العراقية، الحرة).
نووسەری كلدانی (د.حەبیب نومی) لە دیدارەكەیدا لەگەڵ ئەم بەڕێزە تیشكدەخاتە سەر بۆچوونەكانی میرانی بۆ مافەكانی گەلی كلدانی لە هەرێمی كوردستان.
(د.حەسن بدێوی) لە ڕۆژنامەی (التأخی) ئاماژە بە ڕێگەی ئەم بەڕێزە دەكات لە كاروانی ئاشتیدا.
نووسەر (عبدالواحد طعمه) لە رۆژنامەی (الحیاە)ی لەندەنی ئاماژە بەوە دەكات كەوا لە دیدی میرانی درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆك بارزانی بۆ هەرێمی كوردستان بۆ قەیرانەكان چارەسەر بوو.
هەروەها لەدیدارەكەیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی (الشرق الاوسط) بەڕێز میرانی ئاماژە بەوە دەكات كەوا بەڕێز تاڵەبانی ڕۆڵیكی بەرچاوی هەبووە و دووركەوتنەوەی لە گۆڕەپانی سیاسیدا بۆشاییەكی پەیدا كرد، لە هەمان كاتدا ئاماژە بە ڕۆڵی بنەماڵەی بارزانی دەكات لە بزاڤی ڕزگاریخوازی كوردیدا.
لەدیدارەكەیدا لەگەڵ كەناڵی (ڕووداو) میرانی دەڵێت: پارتی یەكەم قوتابخانەی كوردایەتی بووە.
نووسەری عەرەبی (حسن معوض) لە كەناڵی (العربية) لەبەرنامەی (نقطة نظام) باس لە ڕێككەوتنی ستراتیژیی نێوان پارتی و یەكێتی ئێستا و داهاتوو دەكات .
لە دیداری بەڕێزیان لەگەڵ ڕۆژنامەی (الزمان) میرانی ئاماژە بەوە دەكات كەوا پارتی زامنی فرەلایەنییە لە كوردستان، هەروەها لەگەڵ ڕۆژنامەی (الشرق الاوسط) جارێكی دی بەڕێز میرانی باس لە گرنگی سەرۆكایەتی كورد دەكات بۆ سەرۆك كۆماری عێراق.
هەروەها لەدیداری لەگەڵ كەناڵی (العربية) بەرنامەی (نقطة نظام) میرانی بە ڕاشكاوی دەڵێت: جگە لە بارزانی هیچ بەدیلێك بۆ سەركردایەتی هەرێمی كوردستان نییە.
بەڕێز (د.لقاء مكی) لە كەناڵی (الجزیرە نێت) باس لە ڕۆڵی كورد دەكات لە كێشەكانی سوننە لە عێراق بەتایبەتی لەشاری (ئەنبار).
بەڕێز میرانی لەگەڵ ڕۆژنامەی (الصباح)ی عیراقیدا كە بڵاوكرابۆوە لە ئەنجامی دیدارەكەی دا لەگەڵ كەناڵی (الشرقية نيوز) نووسەری عێراقی (شامل حمدلله) باسی دەكات وەك جەمسەرێكی سیاسی لە بزاڤی نیشتمانی دیموكراسی عێراقی.
نووسەر (لوئەی فرنسیس نمرود) باس لە دیدارێكی میرانی دەكات لەگەڵ كەناڵی (الشرقية) دەڵێت دیدارەكە وەك دایەلۆگ تایبەتمەندی خۆی هەبوو جیاواز لە گشت دیالۆگەكان .
جارێكی دیكە نووسەری عێراقی (د.لقاء مكی) لە دیدارەكەیدا لەگەڵ بەڕێز میرانی لە وێبسایتی (الجزیرە نێت) وەهای شی دەكاتەوە كەوا ئەم بەڕێزە بەشێوەیەكی میانڕەوی تێگەیشتووانە و هەندێ جاریش بێلایەنانە بابەتەكان شیدەكاتەوە دوور لە گرێی رەگەزپەرستی و تایفەگەری، ئەمەش لە ئەنجامی ئەزموونی سیاسی درێژخایەنی خۆی بە وردی ڕای خۆی دەردەبڕێ دوور لە گرژی.
دیسان لە دیدارەكەی بەرنامەی (المشهد السیاسی) لە كەناڵی (الجزیرە) باس لەوە دەكات كەوا لە عێراقدا هەركەسێك فەرامۆش بكرێت ئەوا لە بەرژەوەندی عێراق دا نییە.
گۆڤاری لوبنانی (عالم التواصل) دیدارێكی لەگەڵ ئەم بەڕێزە سازكردووە كە تیایدا ئاماژە بەوە دەكات كەوا دەبێت هەل بقۆزینەوە بۆ ئەوەی قەرەبووی ڕابردوو بكەینەوە.
لەدیدارێكی دیكەدا لەگەڵ ڕۆژنامەنووس (شامل حمدالله) بەڕاشكاوی میرانی دەڵێت: نابێت سوننە لە عێراقدا فەرامۆش بكرێن.
شایەنی باسە بەڕێز میرانی كتێبێكی تری دەركردووە بە ناونیشانی (خوێندنەوەیەك لە بیری پارتی دیموكراتی كوردستان - جیاوازی و بنیاتنانەوە)، هەروەها نووسەر و ڕۆژنامەنوس (خالدة خليل) كتێبێكی لەسەر ئەم بەڕێزە بە ناوی (دیالۆگ وەك چارەسەر) بڵاوكردۆتەوە.
لە كۆتاییدا دەڵێین ئەم جۆرە بڵاوكردنەوانەی نوخبەی سیاسی كوردی گرنگ و پێویستن لەم قۆناغە مێژووییەی گەلەكەمان بەتایبەتی بە نیسبەت ئەوانەی خاوەن ئەزموونێكی دوور و درێژن لە خەباتی سیاسی و مەدەنی، ئەم كتێبە كتێبخانەی سیاسی كوردی دەوڵەمەند دەكات.