ئیسلام لە گۆشەنیگای فەلسەفەی ئایینەوە ڕۆحیگەری ناخ دەورووژێنێت و فۆرمێكی تایبەت بۆ ژیان دادەمەزرێنێ

ئیسلام لە گۆشەنیگای فەلسەفەی ئایینەوە ڕۆحیگەری ناخ دەورووژێنێت و فۆرمێكی تایبەت بۆ ژیان دادەمەزرێنێ
بەشی چوارەم

بەشەكانی پێشوو، بۆ كورتە شرۆڤەیەك سەبارەت بە دیاردە و چەمكی ئایین لە دیدی زانا و فەیلەسوفانی ئەم سەردەمە تەرخانكرابوو. ئەمەش بۆ ئەوە بوو تا بزانین كە فەلسەفەی ئایین لە چ بوارێكی ئایین دەكۆڵێتەوە و خۆی بە چییەوە لە كایەی ئاییندا سەرقاڵ كردووە. لەمەودوا چەند بەشێكیش بۆ خودی دیاردەی ئیسلام وەك ئایین و ئەو پایانەی كە خۆی لەسەر ڕاگرتووە تەرخان دەكەین و شییان دەكەینەوە و شرۆڤەیان دەكەین. پایەی یەكەم كە ئیسلامی وەك ئایین ڕاگرتووە، بریتییە لە چەمكی خودا، پایەی دووەم چەمكی پەیامبەرێتییە و پایەی سێیەمیش كەلامی خودایە. واتە ئێمە خودا وەك چەمكێكی بەكارهاتوو هەم لەلایەن مرۆڤ و هەمیش لەلایەن ئیسلامەوە دەخەینەڕوو، لە باسی چەمكی پەیامبەرێتیدا ڕوودەكەینە پەیامبەر محەمەد (د.خ) و دەیناسێنین، هەروەها لە بابەتی كەلامی خودایا ئاوڕێ لە كتێبێكی پیرۆزی وەك قورئان دەدەینەوە و بۆچوونی خۆمانی لەسەر دەدەین.
ئیسلام و چەمكی خودا
هەر چەمكێ كە دەبینرێ و دەبیسترێ، رەنگە لەسەرەتادا وشەیەكی ئاسایی بووبێت، بەڵام لەوەدا گومانێك نییە كە ئەو چەمكە مێژوویەكی تایبەت بە خۆی بووە و تیایدا درووستبووە و ئەگەری ئەوەش هەیە كە ئەو چەمكە هەر بەردەوام بێت لە دەركەوتندا و گۆڕانكاریشی لە مێژووی خۆیدا بەسەردا بێت. ئەو وشەیە لە سەرهەڵدانییەوە وەك وشەیەكی ئاسایی و تا دەگاتە ئەوەی ببێتە چەمك و دەگاتە لای ئێمەش فۆرمی جیاواز وەردەگرێ و گۆڕانی بەسەردا دێ و بەردەوامیش مانا و واتای تری لێوەردەگیرێ، ڕەنگیشە كاتێ كە دەگەڕێیتەوە سەر ڕیشەی چەمكەكە جگە لە سەرابێك، چیتر نەبووبێت. ئەگەر ئەمە وابێت، ئاخۆ دەشێ وشەی خودا وەك چەمكێ بخوێندرێتەوە؟ واتە چەمكی خودا بە پڕۆسەی سەرهەڵدان، گۆڕان، گەشەكردن و دەستكاریكردن بە گوێرەی پێویستی كۆمەڵایەتی و هزری مرۆڤایەتیدا، هەروەك گشت وشەیەك پێیدا تێپەڕ دەبێت، ناوی خوداش گوزەری كردبێت؟.
مادام مرۆڤ ئەو پێكهاتەیە بێت كە هەمیشە لە دووی هەقیقەتێكدا وێڵ بێت، ئەوە خواستی بێت كە بوونەوەر لە شێوازێكدا بۆ ئەو مانایەكی هەبێت، بە ڕۆحی خۆی و لە ڕۆحی خۆیدا بەردەوام لە (میعراج)دا بێت، واتە؛ مادام مرۆڤ مەخلوقێكی ئاوها ڕۆحیگەر بێت، ئەم بۆچوونە ئەوە دەردەخات، كە مرۆڤ بەردەوام ئەزموونی ئایینی سەرنجی ڕاكێشابێت. لە دیوێكی مرۆڤدا ڕۆحیگەری ناخی دەورووژێنێت و فۆرمێكی تایبەت بۆ ژیان دادەمەزرێنێ، كەچی بە دیوێكیتریدا ئەم مرۆڤە ئەقڵگەری وەك توانستێكی تری مرۆڤ گەرەكیەتی ئەو فۆرمە باوە هەڵوەشێنێتەوە، ئیدی لە هەلومەرجێكی نوێدا، لە دەركەوتنی ماریفەیەكی سەردەمیدا و لە كەلتوورێكەوە بۆ كەلتورێكی تردا، ئەم توانستە ئەقڵییە كاری خۆی كردووە و هێشتا هەر دەیكات.
هەر لەسەر ڕێڕەوی ئەو بۆچوونەی پێشەوە، لەم سەردەمەدا گفتوگۆی چڕوپڕ سەبارەت بە چەمكی خودا، بەتایبەتی یەكخودایی (مۆنۆتەیسم) ئەنجامدراوە. ئەم لێكدانەوە و بەدواداچوونەی ئەوانە و دیبەیتەكانیان، پرسیاری زۆر و چڕوپڕی ورووژاندووە، وەك: پەیوەندیی مۆنۆتەیسم و ئەقڵگەری لە مێژوودا دەبێت چۆن بووبێت؟ خوداناسین پرۆسەیەكی سۆزگەری، یان ئەقڵگەرییە؟ باوەڕ بە تاقە خودایەك تا چ ڕاددەیەك لە ژێر كاریگەری كات و كەلتووردا بووە و دەبێت؟ بیرۆكەی تاقە خودا لە كوێوە هەڵقوڵاوە؟ ئاخۆ لە نێوان بیرۆكەی (تاقە خودا)ی ئایینی و بیرۆكەی (یەكبوون)ی فەلسەفیدا چ چەشنە پەیوەندییەك هەبووبێت؟ ئایا وێناكردنی خودا لە ئاڕاستەكردنی كۆمەڵگەدا ڕۆڵی تایبەتی دەگێڕێت؟ ئەم پرسیارانە و زۆریتریش، بوونەتە جێگە باسی فەلسەفەی ئایین.
بەهەرحاڵ چەمكی مۆنۆتەیسمی بۆ خودا ئیمڕۆكە كەوتۆتە ژێر پرسیارەوە. چونكە هزری مرۆڤی پۆستمۆدیرن، هزرێكی زیاتر تاكگەر و هەستەوەر و ڕۆحیگەرە و دژ بە گشتگیر و چیرۆكە مەزنەكانی مۆدێرنەیە. واتە باوەڕیان بە جیاوازی هەیە و نایانەوێ بیرۆكەی یەكانەیی واتە یەك ئایدیۆلۆژی ئایینی، یان فەلسەفی سەبارەت بە چەمكی خودا باڵ بە سەریاندا بكێشێت. بەڵام جیهانی ئیسلام هێشتا لە ژێر كاریگەری چیرۆكە مەزنەكاندا دەژی. واتە ئایینی ئیسلام لە ئەندێشەی موسڵمانەكاندا تا ئێستاش یەكێكە لەو چیرۆكە مەزنەی بگرە ئەو تاكە چیرۆكەی كە جیهانی ئیسلامی داگیركردووە.
ئیسلام وەك گشت ئایینێكی مۆنۆتەیسمی كە بۆخۆی چیرۆكێكی مەزنە، بەناوی خودایەكەوە خۆی وەك ئایینێك ڕادەگەیەنێت، لە سەر ئەو بنەمایەی كە تاكە ڕێگەیە خودا وەریگرێت و دوائایینیشە كە خودا ناردبێتی. ئەو خودایەی كە ئیسلام بە ناویەوە دەدوێ، ناوی (الله)یە و تاقانەیە و لەوێنەی نییە، پێناسەكردنی خودایەكە كە لە مێژووی هزری مرۆڤایەتیدا وەك لە پێشەوە وتمان، بە مۆنۆتەیسمی ناسراوە. خودایەكی مۆنۆتەیسمی باشتر دەناسین، ئەگەر ئەو پێناسانەی تریش بە كورتی بناسێنین كە لە میژووی ئایین و فەلسەفەدا بۆ خودا بەكارهێنراون. پاشان رای خۆشمان سەبارەت بە پێناسەیەك ئاشكرا دەكەین كە ڕەنگە لەم سەردەمەدا بۆ چەمكی خودا گونجاوتر بێت، بەتایبەتی بۆ سەردەمێك و بۆ جێبەندێك كە نەك ڕەهاگەری، بەڵكو ڕێژەگەری دەخوازێ. واتە ئایین لە ئایدیۆلۆژیایەكی ڕەها و سەرتاسەری و یونێڤیرساڵییەوە بۆ ئایینێكی ڕێژەیی و لۆكاڵی و كەلتووری بگوێزرێتەوە. بەمانایەكی تر تێگەیشتنێكی تایبەت بۆ خودا بەسەر تێگەیشتنێكیتر بۆ خودا زاڵ نەكرێت.
چەمكی خودا لە نێوەندی پێناسەكاندا
خودا وشەیەكە، زۆرترین كات بەسەر دەمدا دێت و لە ژیانی ڕۆژانەشدا بۆ زۆر شتیتریش بەكار دەهێنرێت. ڕەنگە مرۆڤ لەو كاتانەی بەكاریدەهێنێت، هەرگیز بیر لەوە نەكاتەوە ئەم وشەیە چییە و لە كوێوە هاتووە، لەبەر ئەوە چۆن بەدەمیدا بێت، ئاوا دەریدەبڕێت. بەڵام لە لایەكیترەوە، مرۆڤ هەندێكجار لە كاتی تەنگانەدا زۆر بە توندی هانا بۆ ئەو خودایە دەبات، نەك وەك وشەیەكی بۆش و بێمانا، بەڵكو وەك فریادڕەسێك كە توانای ڕەهای هەبێت، واتە ئەو خودایە دەتوانێ بە هانای ئەو كەسەوە بێت، هەر لەبەر ئەوەیە كە ئەو كەسە بەوپەڕی متمانەوە چاوەڕوانی دەستی خودا دەبێت. لەوەشیان قووڵتر و قورستر ئەوەیە، كە ئایینەكان وەك خوڵقێنەری ئەم بوونەوەرە ناوی خودا وا دەهێنن كە گشت ورد و درشتی شتەكان و دیاردەكان ئەوەتا لە ژێر دەسەڵاتی ئەو دایە و ئەم دنیایەشی بۆ مەبەستێك خوڵقاندووە كە مرۆڤ بە ناچاری دەبێت گوێڕایەڵی ئەو خودایە بێت. بۆیە هەر ئەو خودایە بە پێی باوەڕی ئەو ئایینانە، پەیامبەری خۆی دەنێرێ تا مرۆڤ لە مەرام و مەبەستی خۆی ئاگادار بكاتەوە. ئەمە جگە لەوەی كە مرۆڤ بە ئەقڵ و فكری خۆی بۆ هۆكاری یەكەم و بنەمای بنەڕەتی ئەم بوونەوەرە دەگەڕێ، چونكی ئەقڵی مرۆڤ وا ڕاهاتووە كە دەبێت هەموو شتێك هۆكارێكی دەرەكی بۆ دەركەوتنی هەبێ، ئەگینا مرۆڤ گەر ئەو بنەما و سەرەتایەی دەستگیر نەبێت، ناحەوێتەوە. ئەوانەی لەم بوارەدا پتر كار دەكەن، فەیلەسوفەكانن، واتە فەلسەفەش وەك ئایین، ڕێبازی تایبەت و میتۆدی پەیوەند بەخۆی هەیە، تا لەو هۆكارە شاراوەیەی سەرەتا و بنەڕەتی ئەم بوونەوەرە، بكۆڵێتەوە. ئیدی وشەی خودا لە چەن پیتێكی ئاساییەوە بۆ چەمك و زاراوەی تایبەت بە خۆی دەگوێزرێتەوە، كە واتا و مانای تایبەت بەخۆی وەردەگرێت. واتە مرۆڤ بە ناچاری چەند پارادایمێكی داهێناوە تا لە بوون و واتاو مەبەستی ئەو خودایە تێبگات و مامەڵەی لە تەكدا بكات.
ئەوەی كە لێرەدا دەمانەوێ بیخەینەڕوو، مێژووی دەركەوتن و سەرهەڵدان و هۆكارەكانی ئەو پارادایمانە نین، بەڵكو ناساندنێكی كورتی پارادایمەكانە، تا بتوانین ئەو بۆچوونەی كە پاش چەندین ساڵ لە ئەزموونی تایبەتی خۆمەوە هەڵقوڵاوە و تێگەشتنی خودی خۆم بۆ خودا، كە لە لای خۆم گەڵاڵە بووە، ئاشكرا بكەم. ئەو پارادایمانە پەیوەندییەكی مێژوویی و كەلتووری تایبەت پێكەوەیان دەبەستێتەوە، ئاماژەدان بەو بۆچوونانەی تر، بۆچوونەكەی ئێمەش، چاتر ڕوون دەكاتەوە. ئەگەر كۆی گشتی بۆچوونی مرۆڤ سەبارەت بە بوون و نەبوونی خودا لێرەدا بخەینە ڕوو، ئەوا لە دوو ئاڕاستەی سەرەكیدا خۆیان دەبیننەوە، ئەوانیش: (تەییسمی و ئەتەییسمی)ـن. تەییسمیش لە هەمانكات، لە دوو دۆخی جیاوازدا خۆی دەردەخات، ئەوانیش: (دوالیزمی و مۆنیسمی)ـن.
تەییسمی و ئەتەییسمی:
تەییسمی تێگەیشتنێكە كە وەك ڕەشماڵێك كۆمەڵێك چەمكیتر لە ژێر خۆیدا كۆدەكاتەوە؛ وەك پانتەییسم، پانەنتەییسم، پۆلیتەییسم، مۆنۆتەییسم و دەییسم. هەندێك دەڵێن تەنانەت ئەتەییسمیش لە ژێر ڕەشماڵی تەییسمیدا دەتوانێ جێگە بۆ خۆی بكاتەوە، وەك (دۆرۆتێی سۆللی) دەڵێت: ئەتەییسمیەكانیش هەرچۆنێك بوو بێت، دەبێ جۆرە باوەڕێكیان بە خودایەك هەبێت . لە ڕاستیدا تەییسم و ئەتەییسم دوو تێرمن، مانای پێچەوانەی یەكتر دەبەخشن. تەییسم واتە (خودابوون) و ئەتەییسم واتە (خودانەبوون). هەرچەندە مێژووی سەرهەڵدانی ئەم دوو تێرمە ڕێك ئەم دوو مانا جیاوازە دژ بەیەكە نابەخشێت، بەڵام ئیمڕۆكە وایلێهاتووە، بۆیە ئێمەش هەروا لێرەدا بەكاریان دەهێنینەوە. چونكە لە سەرەتادا ئەتەییسمی بە مانای نەبوونی خودا نەهاتووە، بەڵكو بەوانە وتراوە كە لە ئایینی باوی سەردەمی خۆیان لایانداوە، كە ڕەنگە بەجۆرێكیتر خودایان ناسیبێت، نەك باوەڕیان بە خودایەك نەبووبێت. بەكورتی ئەو تێرمانەی لە ناو تەییسمیدا جێیان بۆتەوە، پێناسە دەكەین و پاشان بۆچوونی خۆمان سەبارەت چۆنیەتی ناسینی خودا لە مۆدێلێكی تردا ئاشكرا دەكەین. بێگومان ئەو مۆدێلانە هیچیان هەقیقەتی خودا وەك خۆی بۆ ئێمە نادەن بەدەستەوە، بەڵكو ئەوانە گشتیان جۆرێكن لە میتافۆر تا یارمەتیمان بدات لە بوونی هەقیقی خودا تێبگەین، یان لانیكەم وێنای بكەین، تا گەلێك لەو پرسیارانەی بە مێشكماندا دێن، وەڵام بدرێنەوە. گومانیش لەوەدا نییە كە ئەو میتافۆرانەی بۆ خودا دادەنرێن كە وەك پارادایمێك بۆ ناسینی خودا بەكار دەبرێن، پەیوەندییەكی پتەویان بە كەلتوور و سەردەم و ئاستی بیركردنەوەی مرۆڤیشەوە دەبێت. لە بەشی داهاتوودا چەمكەكانیتر دەناسێنین و بە هەر دوو چەمكی دوالیسمی و مۆنیسمی دەستپێدەكەین.
Top