ئایا رێیەك هەیە بۆ بووژاندنەوەی چەمكی پەیوەستبوون؟
February 5, 2015
وتار و بیروڕا
دكتۆر سوهێل ئیدریس پێیوایە ئەو سەروتارەی ئەو نووسیویەتی، ئەم چەمكە لە بارەی وێژەوە بەدەم خواستەكانی رەوشی ئەو سەردەمەوە دەچوو كە (دەبوو هەر نیشتمانپەروەرێك ئەركی خۆی لە بوارەكەی خۆیدا تەرخان بكات بۆ رزگاركردنی وڵات هەروەها بەرزكردنەوەی ئاستی سیاسی و كۆمەڵایەتی هزری وڵات).
گۆڤاری (ئەلئاداب) بۆ ئەوە دروست بوو كە (ببێتە گۆڕەپانی دەستێك لە ئەهلی قەڵەم كە هۆشیارن و لە نێو ئەزموونی سەردەمەكەی خۆیاندا دەژین، بە شایەتحاڵی سەردەمەكەش دادەنرێن.) لە روانگەی ئەم گۆڤارەوە رۆشنبیران كە پێداویستیی كۆمەڵگەی خۆیان دەنوێنن، هەروەها بەشێكن لە خەمی كۆمەڵ، كەواتە ئەوان ئەركی ئەوەیان لە ئەستۆیە رێ لەبەردەم كەسانی چاكساز خۆشبكەن.
ئەو ئەدەبیاتەی گۆڤارەكە دەیەوێت و مەبەستێتی بڵاوی بكاتەوە (وێژە لە پێناو وێژەدا نییە)، ئەو باوەڕی بە تیۆری (هونەر لە پێناوی هونەردا نییە)، بەڵكو وێژەیەكە زۆر پتەو بە كۆمەڵ و چڤاكەوە گرێدراوە. وێژە بەگوتەی ئەو سەروتارە:
( وێژەی پەیوەستبوونە) كە لە كۆمەڵەوە سەرچاوە دەگرێت و دەشگەڕێتەوەە نێو باوەشی ئەو.
گەلێ لەو بیرۆكانەی كە لە سەروتارەكەدا هاتووە دەكرێ لەنێو سەروتاری گۆڤارێكی دیكەدا بیبینن كە پێشتر لە پاریس دەرچووە، كە بە كەمتر لە دە ساڵ دەرچووبوو، ئەویش گۆڤاری (سەردەمی نوێ)بوو، كە تێیدا وەك دەزانین، سارتەر داوا دەكات (وێژەی پەیوەستبوون) پەیڕەو بكرێت. گومانی تێدا نییە كە دكتۆر سوهێل ئیدریس لەو كاتەی سەروتارەكەی دەنووسی زەینی بە ژمارەیەكی ئەو گۆڤارەوە پەیوەست بووە كە لە گەڕەكی لاتینی لە شاری پاریس بەرچاوی كەوتبوو، گومانیش لەودا نییە كە هەر لەو شارەدا و رەنگە لە یەكێك لە چایخانەكانی گەڕەكی لاتینی چاوی بە ژمارەكانی ئەو گۆڤارە كەوتبێ، وەك كە زۆربەی دامەزرێنەرانی (ئەلئاداب) دەیانكرد.
ئێمە دەزانین كە پەیوەستبوون بەلای خاوەنەكەیەوە بانگەوازێك نەبوو، هەروەها تیۆرییەكیش نەبوو، بەڵكو كرداربوو، وەك هەموو كرداریش پەیوەست بوو بەو ژینگەیەی كە تێدا خەمڵی بوو.
وا دیارە كە ئەو ژینگەیەی كە گۆڤاری (ئەلئاداب) هەوڵی دەدا ئەو چەمكەی بۆ بگوازێتەوە بۆ پیادەكردن، ساز و ئامادە نەبوو بۆ ئەوەی ئەو كاری تێدا بكات، بەلای كەمەوە بەو ئەندازەیە سازنەبوو كە ئەو كردارەی تێدا بەجێ بگەیەنێت.
لەبەر ئەوەی ئەو هەلومەرجەی كە گۆڤاری (سەردەمی نوێ)ی تێدا پەیدابوو رۆشنبیر ئامادەبوونی هەبوو، نەك وەك كەسێك كە خەمی كۆمەڵی لە ئەستۆبێت، بەڵكو وەك هێزێكی چڤاكی كە سیاسەتوانان هزار و یەك لێكدانەوەی بۆ دەكەن. هەمووشمان كاردانەوەی (ژەنڕاڵ دیگۆل)مان لە بیرە كاتێك لە یەكێك لە خۆپیشاندانەكاندا سارەتەر دەستگیر كرا، دیگۆڵ بە تووڕییەوە هاواری كرد: (ناكرێ ڤۆلتێر دەستگیر بكەین).
كەواتە جیاوازییەكی زۆر هەیە لە رێڕەوی پەیدابوونی چەمكەكە لە ژینگەی یەكەمیدا لەگەڵ ئانوساتی پەیدابوونی لە ژینگەی دووەمدا كە بە گواستنەوە بۆی هاتووە. ئەدی چی ئەگەر ئەوەش بهێنینە بەرچاو، سەرباری ئەو جیاوازییە ئەو رەهەندی نەتەوەییەی دامەزرێنەری (ئەلئاداب) دەیویست بەو چەمكەی بدات، هەروەها بە هەموو كارێكی رۆشنبیریشی بدات. لەو كاتەی كە دامەزرێنەری (سەردەمی نوێ) قسە لە بارەی وێژەی چڤاكەوە دەكات، خاوەنی سەروتاری گۆڤاری (ئەلئاداب) كاری رۆشنبیری بە رەهەندێكەوە گرێدەدات كە چڤاك بەرەو چەمكی (نەتەوە)ی دەبات. لەو سەروتارەدا هاتووە: (لەو كاتەی گۆڤار داوا دەكات روو لە وێژەی كارا بكەین، پەیامێكی بەرزی نەتەوەییشی هەیە. ئەو دەستە هۆشیارەی ئەدیبان كە وێژەی خۆیان لە كۆمەڵ هەڵدەهێنجن، لەگەڵ رۆژگاردا دەتوانن نەوەیەكی هۆشیار پێ بگەیەنن كە هەست بە رۆڵی خۆیان لە نێو كەمەڵدا دەكەن، دەبنە ناوكێك بۆ كەسانی چاك و نیشتمانپەروەر.بەم جۆرە گۆڤار لە رێی نووسەران و خوێنەرانیەوە بەشدار دەبێت لە كاری مەزنی نەتەوەییدا، كە ئەركی هەرە گەورەی هەموو نیشتمانپەروەرێكە).
راستە كە دامەزرێنەری گۆڤاری (ئەلئاداب) هیچ ناتەباییەك نابینێت لەنێوان مەیلی نەتەوەیی و جیهانیبووندا، بەڵكو پێیوایە رێی جیهانیبوون لە نیشتمانپەروەرییەوە سەرچاوە دەگرێت، بۆیە دەنووسێت: (چەمكی ئەم وێژە نەتەوەییە هێندە فراوان و سەراپاگیرە كە راستەوخۆ بە وێژەی گشتی مرۆڤایەتییەوە گرێدراوە، مادام كە كاردەكات بۆ گێڕاندنەوەی شكۆی مرۆیی بۆ هەر شتێكی نیشتمانی، داواش دەكات دادی كۆمەڵایەتی بەرقەراربێت، هەروەها رزگاربوون لە ماددەپەرستی و هزرپەرستی، ئەمەش ئەوپەڕی خواستی مرۆڤایەتییە.
بەم جۆرە گۆڤارەكە بەشدار دەبێت لە دروستكردنی وێژەیی مرۆڤایەتی كە باڵای خۆی دەكاتەوە و قسە لە بارەی پرسی گشتگیری شارستانییەت دەكات، ئەم وێژەی مرۆڤایەتییە دوایین قۆناغە كە وێژەگەلی جیهانی لە دوایین پەرەسندنی خۆیاندا مەبەستییانە)، بەڵام جیاوازییە جەوهەرییەكەی لە بۆ دوو چەمكی مرۆڤ / تاك، وێناكرد هەروەها ئەركی نووسەر و رۆڵی رۆشنبیر و چەمكی پەیوەستبوون.
سەروتارەكەی دكتۆر سوهێل ئیدریس هەر لە بنەڕەتدا ناچێتە سەر ئەوەی كە نووسەر رەگەزێكە لە نێو كۆمەڵێكدا كە دەكەوێتە بەر كاریگەریی بزووتنەوەگەری چڤاكی و هێزی زیندووەوە، بەڵكو وەك ئەوەی ئەندامێكە درك بە رەهەندی نەتەوەیی خۆی و وەك ئەوەی كە ئەندامی نەتەوەیەكە كە خاوەن بەها و شتانی چەسپاوی خۆیەتی. هەروەها ئەو سەروتارە قسەكانی خۆی ناداتە پاڵ نموونەی هزری، نە دەچێتە سەر ئەوەی بتگێڕێتەوە سەر ڤۆلتێر، یان دیدرۆ، یان هیدیكە.
خۆ رەنگە لەبەر ئەوەش بێ كە خاوەنەكەی پێیوایە داكشانی ئەو چەمكە لە رێڕەوی خۆی هێندە بەسەریەوە كاریگەری نەبێت، بەڵام ئێمە ناتوانین نكۆڵی لەوە بكەین كە لێی كەوتەوە، ئیدی بەسەر كرداری و بەسەر پیادەكردنی چەمكەكە لە نێو ژینگەی عەرەبیدا رەنگی دایەوە، هەروەها بەسەر ئەو زەحمەتییەدا كە بەرەوڕووی بۆوە بەوەی كە هەڵومەرجی كاركردن لەو ناوەندە نوێیەی كە چەمكەكەی بۆ گوازرایەوە.
رەنگە هەر ئەوەش بێت كە ئەو بێدەنگییەمان بۆ راڤە بكات كە پاشتر باڵای بەسەر ئەو چەمكەدا كێشا، بەرامبەر بەوەی كە لە ژینگەی رەسەنی خۆیدا زۆر هەستیار و گەرم و گوڕ بوو، كە نەوەی دوای نەوە مشتوماڵیان دەكرد، بەڵكو جۆرێك لە هەڵگەڕانەوەی ریشەیی بە خۆیەوە بینی هەروەها ئەوانەی لە پاش سارتەر هاتن ناوەڕۆكەكەشیان گۆڕی، رەنگە رۆلان بات لە هەموویان گرنگتر بێت.
كارێكی باشە ئەگەر لە ئاست ئەم گۆڕینە بنەڕەتییەدا هەڵوەستەیەك بكەین، بۆ ئەوەی لە هەستەوەری و گەرموگۆڕیی ئەو چەمكە لە ژینگە رەسەنەكەی خۆیدا نزیك ببینەوە. ئێمە دەزانین كە رۆلان بارت تا ئەندازەی رەتكردنەوەی ئەو چەمكە نەچوو، بەڵكو گۆڕانێكی ریشەیی لە ناوەڕۆكەكەیدا دەكات. ئەوەشمان لە بیر نەچێت كە سارتەر و بارت سەر بە دوو نەوەی جودا و دژ بە یەكەن، نەوەی یەكەم: بۆنی زمانبوون كە پێیانوابوو مرۆڤ واتە دروست دەكات، نەوەی دووەم: بوونیاتگەرابوون و پێیانوابوو واتا دروست دەبێت و خۆی دەكات بە نێو خودی مرۆڤدا.
وێڕای ئەوە كە ئێمە لەلای بارت، بە هەمان شێوەی سارتەر، هەمان ئارەزوو دەبینن بۆ پێكەوەگونجاندنی ئازادیی مێژوو، هەروەها هەمان جارسبوون لە بڕوای چەواشە و بەدگومانی كە لە نێو وێژەی بۆرژوادا هەیە كە بە سستیی كەلتووری راهاتووە، وێڕای ئەوەی بارت پێیوایە سیمۆلۆژیای وێژە دەتوانێت گەشە بە رەخنەی چڤاكی بدات ( لەگەڵ پڕۆژەی سارتەردا بە یەك دەگەن)، وێڕای ئەوەی بارت سەرسوڕمانی خۆی بە چەمكی پەیوەستبوون دەردەبڕێ، بەڵام هەرگیز بەرگەی زمانی تێكۆشانی نەدەگرت، تا رادیەكیش زمانی راستەوخۆ، كە سارتەر نەیتوانی لێیان لابدات، هەر بۆ نموونە دەتوانین باسی قسەكەی سارتەر لە بارەی فلۆبیلەوە بهێنینە یاد، كاتێك گوتی: (ئەو بەرپرسە لەو سەركوتكردنەی كە لە پاش كۆمۆنی پاریس بەرپابوو، چونكە بۆ رێگرتن لەو سەركوتنكردنە تەنیا یەك رستەشی نەنووسی).
بارت پێیوابوو كە وێژە لەوە زیاتر پێی ناكرێ كە چارەسەری زمان بكات، سەرەنجام پەیوەستبوون لەنێویشیدا هەر بە نووسین دەكرێت. ئەو جیاوازی لەنێوان دوو شت دەكات: زمان سیستەمێكە لە رێساو نەریت كە هەموو نووسەران لە سەردەمێكی دیاریكراودا پێیوەی پەیوەست دەبن، هەروەها شێواز كە ئەو فۆرمەیە كە قسەی نووسەر لە رووی رەهەندی كەسی و جەستەییەوە گەڵاڵە دەكات، پاشان هەر نووسینە كە لە نێو زمان و شێوازدا جێگیر دەبێت، لە رێی ئەویشەوە نووسەر پەیوەست دەبێت و بژاردەی لەبەردەمدا دەبێت.
نووسین بوارێكە بۆ ئازادی و پەیوەستبوون. (زمان و شێواز هێزێكی كوێرن، بەڵام نووسین كردارێكی دەگمەن و مێژووییە. زمان و شێواز دوو بابەتن. بەڵام نووسین ئەركە. ئەو پەیوەندییە لە نێوان كۆمەڵ و داهێنان، ئەو زمانی وێژەیە كە ئاراستەی جڤاكی جۆشی داوە، ئەو فۆرمە كە لە رەهەندی مرۆییدا دركی پێكراوە، هەروەها لە پەیوەستبوونی بە قەیرانگەریی گەورەی مێژووییەوە).
ئەوەی سارتەر لە بارەی وێژەوە دەیڵێ بارت لە بارەی نووسینەوە دەیڵێ. كەچی لە كاتێكدا سارتەر وێژە بە پەیوەستبوونی سیاسییانەی نووسەر و ناوەڕۆكی رێبازكارانەی بەرهەمەكەی گرێدەدات، كەچی بارت لە مامۆستاكەی جیادەبێتەوە و رایدەگەینێ: (تواناكانی نووسین كە بە كردەی نووسینەوە بەندە و تەنیا پەیوەست نییە بە لایەنداری سیاسییانەی نووسەرەوە، كە ئەو مرۆڤێكە لە نێو مرۆڤەكاندا، هەروەها ناوەستێتە سەر ناوەڕۆكی رێبازكارانەی بەرهەمەكەشی، بەڵكو بەندە بەو شلۆقییەی كە دەیخاتە ناو زمانەوە). ئەم شلۆقییە هەرگیز سارتەر ناگرێتەوە، مادەم كە پێیوایە پەخشاننووس (ئەو هەمیشە بە دوای پەیڤەكانی خۆیدا عەوداڵە و تێیاندەپەڕێنێ بۆ ئەوەی هەمیشە لە قسەكانیدا لە مەبەستی خۆی نزیك بێتەوە).
ناتوانین ئێمە نكۆڵی لەوە بكەین كە ئەم دەستێوەردانەی رۆلان بارت لەمبارەیەوە كردی، چ بایەخێكی گرنگی هەبوو لە رزگاركردنی نووسین لە پاشماوەی لە تیۆری رەنگدانەوەخوازی كە لە ماركسیزمەوە بۆ سارتەر مابووەوە، دواجار بۆ گەشەپێدانی هەمان چەمكی پەیوەستبوون. خۆ رەنگە نەكرانەوە بەرەو ئەمجۆرە گەشەكردنە ئەو (وەرینە) شرۆڤە بكات كە چەمكی پەیوەستبوون لەلای ئێمە تووشی هات، پاشان هەر ئەو زامنی ئەوەیە جۆرە هەستەوەرییەكی نوێی پێ بدات، ئەو هەستەوەرییەی لە چەمكەكە جودا نەبووە لەو رێڕەوەی كە تێیدا گەشەی كرد.
گەشەكردنی پیادەكردنی پەیوەستبوون بەندە بە كردنەوەی بەرەو ئەو ئاسۆ نوێیەی رۆڵان بارت بە رووی ئەودا كردیەوە بەوەی كەوا بە نووسینەوە گرێیدا، ئەمیش شلۆقبوونی زمانە، نەك بەوەی بە نووسەر و كەسایەتی ئەوەوە گرێی بدات وەك ئەوەی سارتەر پێیوابوو.
* بیرمەندی مەغریبی و ئوستادی فەلسەفە لە زانكۆی ڕیبات