مەترسیی رادیكاڵیزەكردن لە توركیا

مەترسیی رادیكاڵیزەكردن لە توركیا
هەواڵەكان باس لە ژمارەی جیاوازی جیهادییە توركەكان دەكەن كە لە سووریا و عێراقدا شەڕ دەكەن، بە چەشنی ئەوەی لە گۆڕەپانەكانی پێشووتری شەڕدا لە ئەفغانستان و چیچان و بۆسنیا و كشمیر شەڕیان دەكرد. ئێستا ژمارەیەك لە توركەكان لە نێو ریزەكانیاندا هەن كە چوونەتە نێویانەوە و پێكهاتوون لەو كەسە كۆچبەرانەی نیشتەجێی ئەوروپان.
بانگەشەیەكی دیكە پەیوەستە بە بوونی خانە نوستووەكان لە توركیادا كە تاوەكو ئێستا كارئاسانییان كردووە بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوە و هێنانەڕیزی ئەندامی نوێ و گواستنەوە بۆ ئەو جیهادییانەی لە سەرتاسەری جیهانەوە بەرەو توركیاوە دێن. پێشبینییە مەترسیدارەكە ئەوەیە درەنگ، یان زوو ئەم خانانە چالاك بن، ئەگەر هاتو خواست و چاوەڕوانییەكانیان نەهاتنەدی. تەنانەت هەندێ كەس لەوەش زیاتر دەڕۆن و پێیانوایە دوودڵیی توركیا لەوەی بە شێوەیەكی راستەوخۆ تەحەددای داعش بكات، هۆكارەكەی بۆ ئەم نیگەرانییە دەگەڕێتەوە: تۆڕە بەدناوەكە زۆر نزیك و زۆر مەترسیدارە.
ئاژانسی میترۆپۆلی توێژینەوە بە دەم داواكارییەكەی منەوە هات كە پەیوەست بوو بە زانیاری لە بارەی ئەوەی كە چۆن لە جیهادییەكان لە توركیادا دەڕواندرێت. ئەو زانیارییانەی من بەكاری دەهێنم لەو راپرسیەوە وەرمگرتووە كە لەلایەن «Metropolls September 2014 Turkeys Pulse» بۆ زانینی ئاڕاستەی رای گشتی ئەنجام دراوە.
كاتێك پرسیاری ئەوەیان لێ دەكرێت كە ئایا «لە سایەی هەندێ هەل و مەرجی دیاریكراودا چاوپۆشی لە بەكارهێنانی توندوتیژی بەناوی ئیسلامەوە دەكەیت؟ لە 12،6% بە ئیجابی وەڵامیان داوەتەوە. لە كاتێكدا لە 82،8%یان بە سلبی وەڵامیان دایەوە و لە 4،7%یان دڵنیا نەبوون.
ئەوەی پەیوەندی بە ئەندامێتی لە حزبەكاندا هەبێت، ئەوا ئەوانەی چاوپۆشی لە بەكارهێنانی توندوتیژی دەكەن بە ناوی ئیسلامەوە، 18،9%یان شوێنكەوتووی پارتی دادوگەشەپێدانن، لە 4،7%یان شوێنكەوتووی جەهەپەن و لە 9%یان شوێنكەوتووی مەهەپەن و 13،3%یان شوێنكەوتووی بەدەپە و 22%یان شوێنكەوتووی پارتی فەزیڵەتن. ئەم ژمارانەش ئەو راستییە دەردەخەن كە هەست و سۆزێكی بەرچاو هەیە بۆ چاوپۆشیكردن لە توندوتیژی بە ناوی ئایینەوە لە نێو بەشێكی دیاریكراوی شوێنكەوتووانی پارتەكاندا، كە كەمترینیان لە جەهەپەدایە.
ئەو رێكخراوە جیهادییەی كە بەم دواییە رای گشتی توركیای سەرقاڵ كردووە، بریتییە لە داعش. ئەوانەی پشتیوانی لە كەیسی داعش دەكەن لە عێراق و سووریا بریتین لە 4% كە 6%یان لە شوێنكەوتووانی پارتی دادوگەشەپێدانن و 2%یان لە شوێنكەوتووانی جەهەپە و بەدەپە و لە 5،4%یان لە شوێنكەوتووانی پارتی سەعادەت ـن، كە پشتیوانی لە كەیسی داعش دەكەن.
ئەم ژمارانە ئەوە راستییە ئاشكرا دەكەن كە تەنانەت ئەو كەسانەشی كە چاوپۆشی لە بەكارهێنانی توندوتیژی دەكەن بۆ بەرگریكردن لە ئایین هاوسۆزییەكی بەرچاویان نییە بۆ داعش. پێدەچێت بژاردەی ئەوان بۆ گرتنەبەر و بەكارهێنانی توندوتیژی پتر بژاردەیەكی بەرگریكارانە بێت.
دەكرێت بوترێت توندڕەوی داعش ناتوانێت زەمینەیەكی بە پیت بدۆزێتەوە لە توركیا، بەڵام لە 4%ی وڵاتێك كە پێكهاتبێت لە 75 ملیۆن كەس ژمارەیەكی زۆرە. تەنانەت بەشێكی ئەو ژمارەیەش بۆی هەیە باری وڵاتەكە بەرەو ناسەقامگیری ببات، بەتایبەتی ئەگەر لە سەر ئاستی نێودەوڵەتییەوە پشتیوانی بۆ دەستەبەر بكرێت.
كاتێك پرسیاری ئەوەیان لێ دەكرێت: ئایا داعش لە رەفتارەكانیدا هەستیارییە ئایینییەكانی لەبەرچاو گرتووە؟ تەنها 5%ی خەڵكی توركیا وەڵامەكەیان «بەڵێ» بووە كە باوەڕیان وایە. لە 84%ی ئەو كەسانەی وەڵامیان داوەتەوە، باوەڕیان وایە هۆكارەكانی پشت كردەوەكانی داعش پاڵنەری دیكەن، سەرەڕای ئەو راستییەی كە داعش پاساوی ئایینی بەكار دەهێنێت.
بۆ ئەوەی ئەوە یەكلایی بكرێتەوە كە ئایا داعش چەند قووڵ رۆچۆتە شیرازەی كۆمەڵایەتییەوە، پرسیاری ئەوە كرا: ئایا ئەو كەسانە كەسێكی نزیكیان هەیە كە چووبێتە رێزەكانی ئەو رێكخراوەوە؟ لە سەدا دووی ئەو كەسانە وتوویانە كە خەڵكانێكی نزیك لە دەوروبەری خۆیان دەناسن كە چووبێتنە ریزەكانی داعشەوە.
كاتێك پرسیاری ئەوەیان لێكرا: ئایا داعش مایەی هەڕەشەیە بۆ توركیا؟ 59%ی ئەو كەسانەی پرسیاریان لێكرا وەڵامەكەیان « بەڵێ» بووە. ئەوانەی داعشیان بە هەڕەشە نەزانیوە رێژەیان لە 29%بووە. لە نێو ئەو كەسانەی پاڵپشتی حزبەكان دەكەن، نیوەی ئەندامانی پارتی داد و گەشەپێدان داعش بە سەرچاوەی هەڕەشە نازانن بۆ سەر توركیا. لە كاتێكدا 74%ی ئەندامانی جەهەپە و 61%ی ئەندامانی مەهەپە و 56%ی ئەندامانی بەدەپە داعش بە مایەی هەڕەشە دەزانن.
دوای پێكهێنانی هاوپەیمانێتیەكی نێودەوڵەتی لە دژی داعش و لە ژێر سەركردایەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا، ئەوا خەڵكەكە هەمان دوودڵیی ئاشكرای حكومەتی توركیایان نییە. 61%ی خەڵكی توركیا باوەڕیان وایە پێویستە وڵاتەكەیان ببێتە بەشێك لە هاوپەیمانێتی دژ بە داعش، لە كاتێكدا 23%یان دەڵێن: پێویست بە هاوكارییەكی لەم چەشنە ناكات. 55%ی پشتیوانانی پارتی داد و گەشەپێدان و لە 69%ی پشتیوانانی جەهەپە و 60%ی پشتیوانانی مەهەپە و 76%ی پشتیوانانی بەدەپە جەخت لەسەر پێویستیی هاوكاریی نێودەوڵەتی دەكەنەوە لە دژی داعش. هۆكاری ئەوەش روونە كە بۆچی رێژەكە لە نێو پشتیوانانی بەدەپەدا بەرزە، كورد هەم لە عێراق و هەم لە سووریا لە ژێر هەڕەشەیەكی راستەوخۆی داعشدان.
لە پەیوەندیدا بە كارایی ئەو رێ و شوێنانەی لەلایەن حكومەتی توركیاوە گیراونەتەبەر لە دژی چالاكییەكانی داعش لە توركیا، لە 33%ی خەڵكەكە پێیانوایە رێ و شوێنەكان وەك پێویست كاران. لە 44،8%یان باوەڕیانوایە رێكارەكان وەك پێویست كارا نین، 21،8%یشیان دڵنیا نین.
لە نێو پشتیوانانی پارتەكاندا، 50%ی شوێنكەوتووانی پارتی داد و گەشەپێدان و لە 41،6%ی شوێنكەوتووانی بەدەپە باوەڕیانوایە رێكارەكان وەك پێویست كاران. تەنها لە 17،4%ی ئەندامانی جەهەپە و لە 15%ی شوێنكەوتووانی مەهەپە هەمان بۆچوونیان هەیە. كەواتە هەستكردن بە مەترسیی داعش لە نێو خەڵكی توركیادا بەدی دەكرێت.
ئەم رێژانەش ئەوە دەخەنەڕوو كە داعش كەشێكی لەباری نییە لە توركیادا، بەڵام تەنانەت رێژەی 4%كە گوزارشتیان لە هاوسۆزی خۆیان كردووە بۆ كەیسی رێكخراوەكە و لە 12،6% كە چاوپۆشییان لە بەكارهێنانی توندوتیژی كردووە بە ناوی ئایینەوە، مایەی هەڕەشەیەكی جددین ئەگەر بێتو ئەم هەست و هاوسۆزییە ببنە زەمینەیەك بۆ رادیكاڵیزم لە توركیادا.
ئەوە هەم بەرپرسیارێتی حكومەتە و هەستی هاوبەشی خەڵكە كە وا دەكەن جیاكردنەوەی ئینیتیمای ئایینی و دەمارگیریی ئایین پێویست بێت. لەبەر ئەوەی رادیكاڵیزم نیشانەی گەندەڵییە بۆ رێزدارترین ئەو بەها مرۆییانەی پێكمانەوە گرێدەدەن.
* ئوستادی زانستی سیاسەتە لە زانكۆی فاتح لە توركیا و پسپۆر و تایبەتمەندە لەسەر دۆزی كورد و یەكێكە لەنووسەرە دیارەكانی توركیا
Top