ئێمە هەمیشە چاوەڕوانی سەركەوتن بووین
January 15, 2015
وتار و بیروڕا
دیارە چیرۆكی دروستبوونی رێكخراوی تیرۆریستی داعش، پێویستی بە بەدواداچوون و شیكردنەوەی زیاتر هەیە، بەربڵاوبوونی وا خێرا لەسەر ئاستی جیهاندا لە رووی فكر و پڕوپاگەندە و رێكخستن و لۆجستی، ئەوەی سەیرتر، لەبەرچاوی ئەو هەموو دەزگا هەواڵگریە زەبەلاحەكانی دنیادا و لە رووی مەیدانی و لەشكری و چالاكی و جووڵانەوە لەسەر ئاستی سووریا و عێراقدا، چیرۆكێكی لە رادەبەدەر سەرسوڕهێنەر و پڕ لە نهێنییە، رەنگە ئەو نهێنییانە وا زوو، یان وا بەئاسانی ئاشكرا نەبن. ئایا ئەم چیرۆكە چەند پەیوەستە بە نەخشەی قۆناخی دوای سایكس بیكۆ؟ ئایا ئەم چیرۆكە چەند پەیوەستە بە ململانێی خوێناوی لە سووریا؟ دیارە ئەو دیوەی ئاشكرایە لەم چیرۆكەدا ئەوەیە، كە ئەم رێكخراوە لە رووی مەیدانی مەبەستی نەبووە نە پایتەختی سووریا بگرێت، نە پایتەختی عێراق و هەوڵی جددیشی بۆ نەداوە، بەڵام ئەوەی جێگەی گومان و سەرسوڕمانی زۆرە، ئەوەیە كە زۆر بە چڕی ئەم رێكخراوە هەوڵی داوە، بۆ ئەوەی پایتەختی هەرێمی كوردستان داگیربكات، رەنگە لێرەدا ئەم هەوڵانەی داعش بۆ داگیركردنی هەولێر تەنیا یەك مەبەستی بۆ دانرابێت، ئەویش ئەوەیە ئەو نەخشەیەی بۆ قۆناغی دوای سایكس بیكۆ دانراوە، بە ئاڕاستەیەكی تایبەت ببات، دوور لە بەرژەوەندییە باڵاكانی خەڵكی كوردستان، كە بە ئاشكرا لە دوای قووڵبوونی قەیرانی متمانە كە لەم دواییەدا لە نێوان بەغدا و هەولێر دروست بوو، باس لە ریفراندۆم و دروستكردنی دەوڵەتێكی سەربەخۆ دەكرا، دیارە لە نەخشەی كۆنی سایكس بیكۆ سێ خاڵی لاواز هەبوون، كە بەردەوام ئاماژەیان پێ دەكرێت و دەبێت چارەسەر بكرێن، عێراقێك كە نەبووە و لەسەر بناغەیەكی زۆر لاواز دروستكراوە، كە ئەمە هەشتا ساڵە ناتوانێت سەقامگیری بە خۆیەوە ببینێت، سووریای ئێستاش لە نەخشەكەدا نەبوو كە دواتر بە پەلە و بە سەقەتی دروستكرا، دەوڵەتێكی كوردی لە نەخشەكەدا هەبووە، بەڵام لە جێبەجێكردندا پەراوێزیان خستووە، هەر لەم بارەیەوە خاڵێكی تری زۆر سەرنجڕاكێش ئەوەیە كە داعش لە رووی هزری و لە رووی پراكتیك دەوڵەتی نەتەوەیی رەتدەكاتەوە، كە لەم قۆناغەدا تەنیا كورد داوای دەكات، تا لێرە و لەوێ باس كراوە، ئەوەی باس نەكراوە، جا لەبەر هەر هۆیەك بێت، بەرچاوڕوونی سەركردایەتی كورد بووە، بەتایبەتی سەرۆك مسعود بارزانی كە توانی لە كاتێكی سنوورداردا سیاسەتێك و دیپلۆماسیەتێكی وا پەیڕەو بكات كە لەسەر ئاستی عێراق و ناوچە و جیهاندا بە پەسەند و رەوا بزاندرێت، لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نەتەوەیی و كوردستانی و مەیدانیش ببێتە خاڵێكی پڕشنگدار لە مێژووی هاوچەرخی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی خەڵكی كوردستان، بۆیە ئەگەر هەر دوو فاكتەری ناوخۆیی و جیهانی لەسەر یەك بنەمای ستراتیژی هاوبەش یەكبگرن كە پەیوەستە بە ئاسایشی ناوچەكە و جیهانەوە، دیارە لێرەدا نەك تەنیا هەرێمی كوردستان لەم جەنگەدا براوە دەبێت، بەڵكو نەخشەی سایكس بیكۆش لە بەرژەوەندیی كورد و كوردستاندا دووبارە دادەڕێژرێتەوە.