توندوتیژیی دووسەرە

توندوتیژیی دووسەرە
ئاسانە لە نێو كەسانی هاوچەرخی ئێمەدا هی وا ببینین، كە لە رەفتاركردنی لەگەڵ «سیستەمی گوتار»دا بەم جۆرە رەفتار بكات، بەڵام بەهای رای غەزالی لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، كە لە بنەڕەتدا زادەی ژانێكە كە جڤاكی ئیسلام تێیدا ژیاوە. ئەمەش پاڵی بە بیرمەندانیەوە نا بە دوای بەهێزی گوتار و سنوورەكەیدا بگەڕێن، پێوەری لۆژیكیان خستە بن دەسەڵاتی پێوەرێكی دی، كە ئەو لە ئامێز دەگرێت، بە چەشنێك لە ئاستی گوتار و لۆگۆسدا ناوەستێت بۆ پوختەكردنی ئەو رێسایانەی كە دەبێ وابەستەیان بێت، بەڵكوو بە دوای مەرجەكانی ئەگەری گوتندا دەگەڕێت، هەروەها بە دوای ئەو بەركارانەی لە گوتارەوە سەرچاوە دەگرن.

عەبدولسەلام بنعەبدعالی*
لە رووبەڕووی باتنییەكاندا، ئەبوو حامیدی غەزالی هەست بە كورتهێنان و ناتوانایی گفتوگۆی لۆژیكی كرد، لەوەی قەناعەت بە نەیارانی بهێنێت. روون بووەوە كە لەم بوارەدا، تەنیا پەیوەستبوون بە شیاویی گوتاری لۆژیك، هێندە سوودی نابێت، بۆیە پەنای بردە بەر بەكارهێنانی گوتار لە روانگەی كاریگەریی ئەوەوە، یان وەك خۆی دەڵێ، ئەو دەرد و بەڵایەی لێی دروست دەبن. ئیدی بەم جۆرە، كاتێك ئەو لە كتێبی (ئەلمونقز)دا باس لە چەشنەكانی بانگخوازان دەكات و دەكەوێتە شرۆڤەكردنی هەمەجۆر ئەو رێكارانەی لە زانین (مەعریفە)دا گیراونەتەبەر، ئەوا ناچێتە سەر ئەو رێكارانە بەوەی میتۆدی زانین و مەعریفەن، بەڵكوو پرسیار لە گوتار دەكات، وەك ئەو دەڵێ، لە رووی «ئەو دەرد و بەڵایەی لێ دەكەوێتەوە». لەبەر ئەوەی، ئەم رێكارانە، لە روانگەی حوجەتولئیسلام (غەزالی)یەوە، تەنانەت ئەگەر خۆبەخۆ ببنە مایەی زانیاریی راست و دروستیش، ئەوا ئەو دەرد و بەڵایەی لێی دەكەوێتەوە، رەنگە دژ بن، ئیدی بەرەو گومڕایی دەچێت. هێندە بەس نییە كە گوتار لە رووی لۆژیكی خۆیەوە یەكدیگر بێت، ئیدی راستگۆیە، بەڵكوو دەكرێ گوتاری راستگۆ گومڕایی لێ بكەوێتەوە. ئەمەش هەر تەنیا دەرهەق بە فەلسەفە راست نییە، بەڵكوو تەنانەت لە بواری زانینی وەرزشیشدا راستە. رەنگە هەندێك بە لاڕیدا ببات، كە «نەریتی پەتی رەت بكەنەوە»، یان لۆژیك، كە رەنگە وای لێ بڕواندرێت «ئەوەی بە پەسندی دەزانێت و پێیوایە روونە، ئیدی مەزەندە دەكات، پێی وا دەبێت كە ئەو كفرانەی لە هاوڕێیان دەگوازرێنەوە، بەم جۆرە سەلماندنە پشتیوانی كراون. مەرج نییە گومڕایی هەر بیرۆكەی هەڵە بێت، هەروەها «سەهووش كە بڵاو بووەوە»، هەمان كاریگەریی راستەقینەی دەبێت.
كەواتە غەزالی دەستی خستووەتە سەر ئەوەی ئێمە ئەمڕۆ پێی دەڵێین: «ئابووریی سیاسیانەی زانین»، دركی بەوەش كرد كە گوتار تەنیا بە یەكگرتوویی لۆژیكیانە و دروستیی بنیادەكەی دیاری ناكرێت، بەڵكوو بەو بەركارانەی لەویش دەكەونەوە. تەنانەت ئێمە دەتوانین بڵێین، حوجەتولئیسلام ئەو پەیوەندییەی بەدی كردووە، كە لە نێوانی گوتار و كاریگەرییەكی دیاریكراوی دەسەڵاتدا هەیە، دركی بەوەش كرد كە زانین بە تەنیا ناتوانێ گومڕایان بهێنێتە سەر رێ، هیچ دەرەتانێكیش نییە لەوەی كە دەسەڵاتی زانین هاوشانە لەگەڵ دەسەڵاتێكی دنیایی. راستە ئەو تا ئەو رادەیە نەچوو، كە بڵێ: «گوتار دەسەڵاتی تێدایە، بەڵام ئەوەی سەلماند كە گوتار گوڕ و تین و كاریگەرییەكە لەو دەسەڵاتەوە بەدەست دەهێنێت، كە لە پشتی ئەوەوەیە»، سەرەنجام «گوتار دەسەڵاتی هەیە. ژیانی هەقیقەت و بڵاوبوونەوەی بیرۆكە و سەركەوتنی، پەیوەست نییە بە راستگۆیی لۆژیكییانەی، بەڵكوو پەیوەستە بەو دەسەڵاتەی هەڕمێنی بۆ پەیدا دەكات».
زانست، وەك ئەوەی (كتێبی زیندوو كردنەوەی زانستەكانی ئایین، لە دانانی غەزالی) دەیڵێ «زەمی نەفرەتلێكراو ناكات»، قسەش واتای خۆی لەو مینبەرەوە بەدەست دەهێنێت، كە لەوێدا گوتراوە:»، ئەگەر قسەكەت دایە پاڵ كەسێكەوە كە پێیان باشە، ئەگەر نادروستیش بێت، ئەرێی دەكەن و قبووڵی دەكەن، خۆ ئەگەر داتە پاڵ كەسێكەوە كە بە خراپی دەزانن، ئەگەر هەقیش بێت، هەر رەتی دەكەنەوە»، ئەوان هەمیشە هەق بە پیاو دەناسنەوە نەك پیاوان بە هەقەوە بناسن. ئەمەیە كە كتێبی (كەتنەكان) دووپاتی دەكاتەوە: «شت ئەگەر درایە پاڵ كەسێكەوە كە بە پیاوەتی ناسراوە، ئیدی بە زۆری خەڵك ئارەزوو دەكەن وەك ئەو بن، چەندین تایەفە لایان وایە، كفری رووتە ئەگەر لاسایی ئەفلاتوون و ئەرستۆ تالیس بكەیتەوە، گرووپی دانایانیش بە چاكە ناویان دەركردووە، سەرچاوەی ئەمەش لاساییكردنەوەیە و حەزكردن بەوەی وەك دانایان بن.»
زانین، تەنانەت ئەگەر خۆبەخۆ یەقینیش بێت، بەڵام لە بنەڕەتدا بەوەی كە لەبارەیەوە دەگوترێت، دیاری دەكرێت، تەنانەت دركەكان (پەیڤەكان) كاریگەرییەكیان هەیە كە سنووری درك و پەیڤ تێدەپەڕێنن. رەنگە هەر ئەوەش بێت كە سووربوونی حوجەتولئیسلام راڤە بكات، كە داوای كردووە زمانی لۆژیك وەربگێڕدرێ و بگوازرێتەوە سەر زمانی عەرەبی (راستەڕێ)، لەبەر ئیحای ئەو درك و پەیڤانە و كاریگەرییان بە سەر گوێ و عەقڵەوە، بەهای دركە (پەیڤ) نە لە خۆیدایە و نە لە واتاكەی، بەڵكوو بەهاكەی لە كاریگەرییەكەی و ئەوەی لێ دروست دەبێتدایە.
حوجەتی ئیسلام بە مشتومڕ رووبەڕووی فەیلەسووف و فێركاری بووەوە، بەرهەڵستیی ئەوانی كرد «وەك داواكارێك كە نكۆڵی دەكات، نەك وەك ببێژێك كە دەسەلمێنێ». ئەو دركی بەوە كرد، كە سەهوویەك ئەگەر بڵاو بووەوە، هەمان كاریگەریی هەقیقەتی هەیە، بە تەنیا راوەستان لە ئاستی نكۆڵیكردن بەس نییە، لە مێزگردی گفتوگۆدا بازاڕی قسە سوودی نییە. مەترسیی فەلسەفە و فێركردن لەو بیرۆكانەدا نییە كە هەڕمێنیان پێ دەدرێت، بەڵكوو لەو دەرد و بەڵایەدایە كە زادەی ئەون.
رێگرییەك لەوەدا نییە كە غەزالی هەندێك جار پەنا بباتە بەر بەهێز و ناڕۆشنیی شێوازەوە، هەروەها كارامەیی لە مشتومڕدا، ئەو «ناكەوێتە داكۆكیكردن لە رێبازێكی تایبەت»، بەڵكوو وا دەكات گرووپەكان ببنە «یەك دەنگ دژ بە دوژمنانی»، «رەنگە تێكڕای گرووپەكان لە وردەكاریدا لەگەڵمان ناكۆك بن، ئەمانە باسی بنەماكانی ئایین دەكەن، با لەگەڵیاندا كراوە بین، لە كاتی تەنگانەدا رق و كینە نامێنێ.»
ئاسانە لە نێو كەسانی هاوچەرخی ئێمەدا هی وا ببینین، كە لە رەفتاركردنی لەگەڵ «سیستەمی گوتار»دا بەم جۆرە رەفتار بكات، بەڵام بەهای رای غەزالی لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، كە لە بنەڕەتدا زادەی ژانێكە كە جڤاكی ئیسلام تێیدا ژیاوە. ئەمەش پاڵی بە بیرمەندانیەوە نا بە دوای بەهێزی گوتار و سنوورەكەیدا بگەڕێن، پێوەری لۆژیكیان خستە بن دەسەڵاتی پێوەرێكی دی، كە ئەو لە ئامێز دەگرێت، بە چەشنێك لە ئاستی گوتار و لۆگۆسدا ناوەستێت بۆ پوختەكردنی ئەو رێسایانەی كە دەبێ وابەستەیان بێت، بەڵكوو بە دوای مەرجەكانی ئەگەری گوتندا دەگەڕێت، هەروەها بە دوای ئەو بەركارانەی لە گوتارەوە سەرچاوە دەگرن.
وێڕای هەموو ئەمانە، هەروەها وێڕای ئەوەی حوجەتولئیسلام پێی گەیشت، ئەو ددان بە ناتوانایی خۆیدا دەنێت، نەك لە قەناعەت هێنان بە نەیار، بەڵكوو لە گۆڕینی رای ئەو. ئەو ددان بە ناكارایی گوتاردا دەنێت، ئیدی جۆرێك لە بێ ئومێدی دەسەلمێنێ، تەنانەت لە بێ هیوایی لە قەناعەت هێنان بەوەی لە هەق لای داوە، كە بیهێننەوە سەر راستەڕێ.
ئیدی بەم جۆرە، لە دەقێكدا كە لە دوو لە كتێبە سەرەكییەكانی خۆیدا نووسیویەتی، غەزالی هەوڵدەدات پاساو بۆ ئەم هەستكردن بە بێ هیواییە بهێنێتەوە، دیالۆگێك لەگەڵ بانگخوازێكی باتنی دەكات. بانگخوازەكە لێی دەپرسێت: «تۆ دەتوانی هەموو راستی و زانینێكی خوداوەندانە، هەموو گەردوون بزانی، ئەو جیاوازییەی نێوانیشیان نەهێڵی؟» غەزالی بەرسڤ دەداتەوە: «هاوار بە خۆم، ناتوانم، وەك ئەوەی ئیمامی مەعسوومی تۆ جیاوازیی نێوان بوونەوەرانی نەهێشتووە و گرفتی سەر دڵانیشی سڕیوەتەوە. جیاوازیی بوونەوەران حوكمێكی زەروور و ئەزەلییە، هەر بە جیاوازییش دەمێننەوە تەنیا لە رەحمەتی خودا نەبێت، هەر بۆیە خوداوەند دروستی كردوون و پەیامی خودا بەدی هات»، پاشان بانگخوازەكە لێی دەپرسێت «بوونەوەران چۆن لەم جیاوازییە رزگاریان دەبێت؟» غەزالی بەرسڤ دەداتەوە: «ئەگەر گوێم لێ بگرن من جیاوازیی نێوانیان ناهێڵم، بەڵام من ناتوانم ناچاریان بكەم گوێم لێ رابگرن، ئەوان بە تێكڕا گوێیان لە پێغەمبەران و لە ئیمامەكەی تۆش نەگرت، ئەوجا چۆن گوێ لە من دەگرن؟ ئەوان چۆن دەتوانن لە گوێ گرتندا یەك دەنگ بن، لە كاتێكدا لە ئەزەلەوە و تا ئێستاش هەر حوكمیان بە سەردا دراوە كە جیاواز بن، تەنیا لە رەحمەتی خودا نەبێت؟»
بە لامانەوە گرنگ نییە لێرەدا لە غەزالی بپرسین: «بۆچی هێشتا هەر جیاوازن تەنیا لە رەحمەتی خودا نەبێت؟» چونكە ئەم جارەیان هێندە سوودی لێ نابینین، چونكە ئێمە لەوە دەترسین كە جیاوازی بۆ زەروورەتێكی گەردوونی بگێڕێتەوە. ئەوەی بە لای ئێمەوە بە دروستی گرنگە، ئەوەیە كە ئەوانەی گوێ ناگرن، زەروورەتی جیاوازی و جیاواز بوون ناسەلمێنن، وەك غەزالی كردوویەتی. ئەوان هەموو فرەڕایی و جیاوازییەك لە هەڵوێستدا رەت دەكەنەوە، هەروەها هەموو دوودڵییەكی نێوان گومان و یەقین. ئەمەش وا دەكات كە هەموو شتێك بخەنە نێو بازنەی خۆیانەوە، ناچاریشی دەكەن ملكەچ بە لۆژیكی ئەوان بێت، ئەمەش میكانیزمی ناچاركردنی تێدایە. وەك (نیچە) پاشتر دەڵێ، ئێمە دەزانین كە هەموو میكانیزمێكی یەكخوازی و هەموو رەتكردنەوەیەكی جیاوازی، بەدی نایەت تەنیا بەوەی كە رێكخستن و ناچاركاری و سەپاندنە، تەنیا بەوەش نەبێت كە بەرهەڵستی كردنی پەشێویی زۆربوونە، هەروەها بڕیاردانی لۆژیكی هەژموون و ژێردەستی و ستەم. ئەو میكانیزمی یەكخوازییەی لە پشت متمانەخوازییەوەیە، كە دەبێتە رێگر لە بەردەم متمانەخواز كە فرەڕایی قبووڵ بكات، یان دروستتر كە جیاوازییان قبووڵ بكات، جۆرێك لە ستەم و توندوتیژیی تێدایە. ئەم توندوتیژییە هەر ئاراستە بە ئەوی دی نییە، بەڵكوو دەڕژێتە سەر خودیش. متمانەخواز بەر لەوەی جیاوازی لەگەڵ ئەوی دی رەت بكاتەوە، لە بەراییدا بە رەتكردنەوەی جیاوازبوون لەگەڵ خۆی، دەستپێدەكات، بەر لەوەی لەگەڵ ئەوانی دی توندوتیژی بنوێنێ، ئەو بۆ خۆی دەكەوێتە بن باری گوشاری بەدیهی و توندوتیژییەكەیەوە. متمانەخواز هزری خۆی ناخاتە بەر حوكمی لۆژیكەوە، بەڵكوو ئەو هەموو شتێك دەخاتە بەر حوكمی لۆژیكی خۆیەوە. ئیدی لێرەوەیە كە خۆی بەوە با دەدات، كە ئاگاداری هەموو رازێكی ئاشكرا و پەنهانە، چونكە هەر سڵەمینەوە و دوودڵییەك لە پێگەی ئەو دەدات و دەسەڵات و سامی ئەو لاواز دەكات. ئیدی مۆركی هەمەكیانە و تۆتالیتاریانەی متمانەخوازی سەرچاوە دەگرێت.
پەیوەندییەكی بەتین لە نێوانی هەموو (Total) و هەمەكایەتی (Totalitaire)دا هەیە، لە نێوانی ئارەزووی ئەوەی پەی بە هەموو شتێك ببەیت، ئەوەی تاكە را و تۆتالیتاریخواز بیت، پەیوەندییەكە ئاستی زارەكی تێپەڕ دەكات، چونكە هزری تۆتالیتار پەیوەستە بە لۆژیكی سنووربەندی و روانینی هەمەكییانە، كە دەشڵێ هیچ شتێك نییە لە زانین و پەی پێ بردنی ئەو بەدەر بێت. جا لێرەوەیە كە بە تەواوی لە هەموو سڵەمینەوە و دوودڵییەك دوور دەكەوێتەوە، زوو بە زووش هەموو شتێك یەكلایی دەكاتەوە كە كەماسی و ناتوانایی ئاشكرا بكات، لەبەر ئەوەی ئەم شتە، نەك هەر لاوازییەكی تیۆری دەخاتەڕوو، بەڵكوو كەماسی بە خاوەن را دەدات و لە سام و دەسەڵاتیشی دەدات. ئەو هەر تەنیا نەزانی نییە بە كاروبار، بەڵكوو نیشانەیەكە بۆ كەماسی و ناتوانایی و سستی. بۆیە خەسڵەتی متمانەخوازی ئەوەیە كە توانایەكی لە رادە بەدەری هەیە لە رووی فەتوادان لە بواری هەموو كارەساتێك، كە خەسڵەت و پلەی ئاڵۆزییەكەی هەر چەند بێت. هەر گومان و راڕاییەك نیشانەیەكی ناتواناییە، هەر هەڵەیەكیش هەر بە هەڵە دادەندرێت.
سەبارەت بە پەیوەندیی پەیڤی (هەمەك) بە (تۆتالیتاریزم)ـەوە بە ئاراستەكەی دی، ئەوا پێشتر ئاماژەمان پێی كرد، كاتێك گوتمان كە هزری هەمەكی، بەو میكانیزمی یەكخوازییەی كە هەیەتی (لە ئامێزگرتنی هەموو یەكتاپەرستێك)، ئەوا ناچار دەبێت میكانیزمێكی سەركوتكەرانەی ناچارانە بگرێتە بەر.
بە گوێرەی ئەوە، هزری متمانەخوازی دۆگما، كە لە نێو بەدیهی و یەقیندا مەلە دەكات، ئەو، وەك باوە كە دەگوترێت، توند نابێت بەو بەركارانەی لێی دروست دەبن، یان ئەو ئەنجامانەی لێی دەكەونەوە، بەڵكوو ئەو چاو دەبڕێت، یان دروستتر، دەبەسترێتەوە بەوەی ئەو پێیوایە ئاسایی و بەدیهی و سەلماوە، وەك ئەوەی توندوتیژی، توندوتیژییەكی بنیادگەر بێت. پێشتریش (رۆلان بارت) روونی كردەوە، كە بەدیهی توندوتیژییە، هەروەها «توندوتیژیی راستەقینە ئەوەیە بڵێی: ئاساییە ئەم باوەڕەمان هەبێت، ئەمە كارێكی بەدیهییە.»
متمانەخوازی توندوتیژی و سەركوتكردنە بەوەی كە كۆمەڵێك بەدیهییە، دەرگای گومان و رێی رەخنە دادەخات، جا متمانەخواز لە نێو «هەموویەكی یەكگرتوو»دا بەند دەكات، رێی ئەوەشی لێ دەگرێت هەوای ئازادی هەڵمژێت. بۆیە ئەو بە كەڕی و «گوێ نەگرتن لە ئەوی دی»یەوە گرێ دراوە، هاوشانە لەگەڵ توندڕۆیی و تاكەڕایی و ئەو سەركوتكردانەی رای جیاواز كە لێی دەكەوێتەوە، هەروەها ددان نەنان بە رای ئەوی دی، ئەمەش وا دەكات نەك هەر بە توندوتیژیی رەمزییەوە بەسی لێ بكات، هێندە نابات ئەو توندوتیژییە درێژ دەبێتەوە، لە توندوتیژییەكی ماددیدا بەرجەستە دەبێت، ئیدی دەبێتە «توندوتیژییەكی دوولایی و دووسەرە.
* بیرمەندی مەغریبی و ئوستادی فەلسەفە لە زانكۆی ڕیبات
Top