شەنگال رزگار كرا
January 1, 2015
وتار و بیروڕا
دوای تیرۆریستان بكەوێت «لە هەر كوێیەك بن»
پرۆفیسۆر مایكل گەنتەر
لە مانگی ئابی 2014دا داعش بە شێوەیەكی كتوپڕ و غافڵگیرانە هێرشی كردە سەر كوردستان، بە هەزارەها كوردی ئێزیدییان لە ناوچەی شنگال (سنجار) كوشت و تەنانەت پێشڕەوییان كرد و تا نزیكەی 30 كیلۆمەتری لە هەولێر نزیك بوونەوە، كە پایتەختی هەرێمی كوردستانە. لە كاتێكدا توركیا كە ـ بڕیار بوو هاوپەیمانی نوێی كورد بێت- بە روونی رایگەیاند كە خۆی لەم شەڕە بە دوور دەگرێت. خۆشبەختانە، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا داعشی بە هەڕەشەیەكی وجودی داناو هەر زوو هات بە هانای هەرێمی كوردستانەوە و لە رێی هەڵمەتێكی بۆردومانكردن و دەستەبەركردنی چەكی نوێیەوە بۆ پێشمەرگە هاریكاری كردن، بۆ ئەوەی لە دژی ئەو چەكە پێشكەوتووانەی داعش بەكاری بهێنن، كە لە موسڵدا دەستیان بەسەردا گرت بوو، ئێستاش لە دژی كورد بەكاری دەهێنن. هاوپەیمانەكانی دیكەی ناتۆ وەك بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا لە رێی هاوكاری كردنەوە كاردانەوەیان نواند، لە كاتێكدا پەكەكەش شەڕوانە قاڵبووەكانی جەنگی نارد بۆ بە هاناوەچوونی پێشمەرگە و هاوكار بوون لە كردنەوەی راڕەوێك بۆ رزگاركردنی ئەو ئێزیدییانەی كە گیریان خواردبوو.
دواتر لە ئەیلوول و تشرینی یەكەمی ساڵی 2014دا داعش هەوڵیدا دەست بەسەر كۆبانێدا بگرێت، كە یەكێكە لە شارە سەرەكیەكانی سێ كانتۆنە خۆبەڕێوبەرییە كوردییەكەی سووریا. جارێكی دیكە كورد لە شوێنەكانی دیكەوە، بە شێوەیەكی سەرەكی پێشمەرگە-نەك ئەوانەی رووبەڕووی هێرشی راستەوخۆ بوونەوە- دەستیان خستە نێو دەستی یەكتری بۆ ئەوەی لە دواجاردا ئەم هێرشە دژوارانە لە دژی كۆبانێ تێكبشكێنن.جارێكی دیكە هەڵمەتی بۆردومانكردن لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانەوە ئەنجام دراو ئەمەش بە هەماهەنگی بوو لەگەڵ كوردی سووریا بۆ بەرگریكردن لە كۆبانێ كە رۆڵی یارمەتیدەری هەبوو لە پاشەكشە پێكردنی داعش. جارێكی دیكە توركیا رێگەیدا ترس و رقی دێرینی خۆی لە ئاست كورد زاڵ بێت بەسەر مەترسیی داعشداو هیچ كاردانەوەیەكی نەنواند و كوردی بۆ چارەنووسی خۆیان جێهێشت. بە دڵنیاییەوە توركیا لەم سستی نواندنەی پەشیمانی بۆ دەمێنێتەوە.
هەرچەندە ویلایەتە یەكگرتووەكان بۆ ماوەیەكی دوور و درێژ پەكەكەی لە لیستی رێكخراوە تیرۆریستیەكاندا داناوە، بەڵام ئەم بەرگە ناكات بە بەر پەیەدەدا كە لە كۆبانێ هاوكارییان بۆ دەنێرێت، ئەم كارەش بۆتە جێی رەخنەیەكی زۆری توركیا. لەبەر ئەوەی پەیەدەو پەكەكە پێوەندییەكی نزیك پێكەوە گرێیان دەدات، ئەوا دەكرێت پشتیوانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ پەیەدە بەو شێوەیە بخوێندرێتەوە كە رەنگە ئەمریكا دان بەوەدا بنێت كە چیتر پەكەكە رێكخراوێكی تیرۆریستی نییە. ئەم كارەی ئەمریكا مایەی كارەسات دەبێت بۆ توركیا و تەنانەت رەنگە ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئەندامێتییەكەی لە ناتۆدا، ئەمە لە كاتێكدا كە توركیا رێگەی نەدا ئەمریكا بنكەی ئاسمانی ستراتیژی ئەنچەرلیك بەكار بهێنێت بۆ پشتیوانیكردنی شەڕی كورد لە كۆبانێ كە شەڕی مان و نەمانە. لەبەر ئەوەی توركیا بڕیاریدا پشتیوانی هاوپەیمانەكانی لە ناتۆ نەكات لە پرسێكی گەورەی لەم چەشنە، ئەوا زۆر كەس پرسیار دەكەن: بۆچی توركیا وەك ئەندامێتی ناتۆ بمێنێتەوە؟
ئێستا كە لە كۆتایی ساڵی 2014داین، هەرێمی كوردستان چیای شنگالی گرتۆتەوە و، داعشی ناچار كرد بە خێرایی بەرەو سووریا پاشەكشە بكەن. سەرۆكی هەرێمی كوردستان مسعود بارزانی رایگەیاند: « ئەمە خەونێكە هاتۆتەدی كە لە بەردەم ئێوەدا قسە بكەم و، لێرەدا پیرۆزبایی خۆم بە خەڵكی كوردستان، بە ئێزیدییە ئازیزەكانمان، بگەیەنم.» پێشمەرگە 2700 كیلۆمەتری خاكی كوردی لە داعش بەدەستهێنایەوە.
مسرور بارزانی، راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: «لە سەرەتای شەڕەكەوە ئەمە گەورەترین سەركەوتنە بەسەر دەوڵەتی ئیسلامیدا. ئێمە توانیمان راڕەوێك بكەینەوە بۆ ئەو خەڵكانەی لەسەر شاخەكە گیریان خواردووە كە دەتوانن بە سەلامەتی بێنە خوارەوە.» بارزانی زیاتر شەرحی كرد و گوتی: 8000 پێشمەرگە بەشدارییان كردووە. ئەگەرچی هێشتا هەندێ ئێزیدی لەسەر شاخی شنگال ماون، بەڵام پێشمەرگە توانیویەتی خواردن و ئاویان پێ بگەیەنێت و بەم زووانەش دەهێندرێنە خوارەوە.
جارێكی دیكە بە گورزی ئاسمانی پشتیوانی لە پێشمەرگە كرا، ئەو گورزە ئاسمانییانەی لەلایەن ئەو هاوپەیمانێتیەوە ئەنجام دەدرێت كە بارەگاكەی لە كوەیتە و لە لایەن ئەمریكا رێبەرایەتی دەكرێت و ژەنەراڵ جەیمس ئێل تێری سەركردایەتی دەكات، فەرماندەیی ئەم هاوپەیمانێتیە رایگەیاند كە زیاتر لە 50 گورزی ئاسمانی ئەنجام دراوە و بەهۆیەوە جبەخانە و بولدۆزەر و بورجەكانی پاسەوانی و ئۆتۆمبێلەكان و پردەكانی بە دەست داعشەكان تێكشكێندراون. لەوەش زیاتر، گوزرە ئاسمانییەكان بەلای كەمەوە سێ سەركردەی باڵای داعشیان كوشت، بەو پێیە زیانیان بە توانای فەرماندەیی داعش گەیاندووە. هەرچۆنێك بێت، لە شوێنەكانی دیكەی عێراق، هێزەكانی دژ بە داعش ئەدایەكی باشیان نەبوو. سەرەڕای بوونی 1700 سەربازی ئەمریكی كە هەوڵ دەدەن مەشق بە هێزەكانی بەغدا بكەن، بەڵام لە پارێزگای ئەنبار خاكی زیاتریان لە دەستدا. هەروەها جارێكی دیكە بێجی، كە گەورەترین پاڵاوگەی نەوتە لە عێراقدا، لەلایەن داعشەوە داگیر كرایەوە، دوای ئەوەی رزگار كرابوو.
ئایا چ دەرسێك لەم سەركەوتنانەی كوردەوە بەدەست دەهێندرێت؟ دەبێت هەرێمی كوردستان وریا بێت، داعش شەڕێكی دۆڕاندووە، نەك جەنگەكە. رەنگە ئەوەی پێی دەگوترێت « تۆڵەی بەعسییەكان» – لەبەر ئەوەی زۆربەی بەرپرسە باڵاكانی نێو داعش لە عێراقدا كۆنەبەعسیەكانن- بەردەوام بێت. داعش وەك ركابەرێكی پێداگیر و سەرسەخت دەمێنێتەوە لە بەرامبەر كورددا. ئەو شكست و كێشانەی لەسەرەتادا داعش دووچاری كوردی كرد، وەك هۆشدارییەك وابوون بۆ كورد و بیری خستنەوە كە هێشتا ئەوان لە ناوچەیەكی مەترسیداردا دەژین. دەبێت هەرێمی كوردستان چاو كراوە بێت لە دژی دەستدرێژی نوێی داعش و هەروەها دەبێت پشتیوانی بەردەوامی ئەمریكا دەستەبەر بكات، ئەگەرچی سەربەخۆیی كوردستان وەك دوا ئامانج دەمێنێتەوە، بەڵام دەبێت كورد بزانن كە ئەوان لە رەوشێكدان كە تواناكانیان سنووردارە و دەبێت بەردەوام بن لە ئەنجامدانی گەمەی ژیرانەی چاوڕێكردنی كات.