پێشنیارێك بۆ نوێكردنەوەی یادی لەدایكبوونی پێغەمبەر(د.خ)

پێشنیارێك بۆ نوێكردنەوەی یادی لەدایكبوونی پێغەمبەر(د.خ)
دیارە یادكردنەوەی رۆژی لەدایكبوونی پێغەمبەر (درودی خودای لەسەر بێت)، زۆربەی زۆری - ئەگەر نەڵێم هەموو- مێژوونوسانی كۆن و نوێ، دان بەوەدا دەنێن كە ئەوەی بۆ یەكەمین جار ئەم یادەی داهێنابێت و ئەم یادەی كردبێتەوە بە شێوازێكی شایان بە خاوەنی یادەكە، بریتی بوون لە كورد و هەولێر و (سوڵتان موزەفەر) .
ئێستا بۆمان هەیە بپرسین: بۆچی سوڵتان موزەفەر بیری لە داهێنانی ئەم یادكردنەوەیە كردۆتەوە؟
دیارە كە هەموو مەسەلەیەك هۆكارێكی هەیە لە زەمانی خۆیدا، دیارە پێش زەمانی سوڵتان موزەفەر، خەڵكی بەچەند سەدەیەك نزیك بوون لە سەردەمی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت)، بۆیە پێویستی بەوە نەكردووە پێغەمبەر (د. خ) بە بیری خەڵك بهێندرێتەوە، بەڵام لەسەردەمی سوڵتان موزەفەر كە سەردەمی هێرشی خاچ هەڵگرەكان بووە و، دەوڵەتی ئەییووبی بە بەردەوامی بەشێكی زۆری تەمەنی لەم شەڕەدا بووە، سەرئەنجام بۆ ئەوەی لەم سەردەمەدا و بە تێپەربوونی كات خەڵك یادی پێغەمبەر(د. خ) و سیفەتەكانی لەبیر نەچێتەوە و یادەكە بەبیرخۆی بهێنێتەوە، پێویستی بەوە كردووە كە ئەم یادە لەو سەردەمەدا دابهێنێت.
بۆ ئەم سەردەمەی ئێمەش وەك بەشێك لە زانایان دەڵێن، ئەگەر لەو سەردەمەدا ئەم یادە پێویست بووبێت، ئەوا لەسەردەمی عەولەمە و گڵوباڵیزەیشن و تێكەڵبوونی هەموو ناسنامەكاندا زۆر پێویسترە، ئێستا ئێمە ئەم یادە بیری خۆمان بێنینەوە و ناسنامەی ئەو پێغەمبەرە مەزنە (د. خ) زیاتر بە خەڵك ئاشنا بكەین.
ئەم یادە لە ئەمڕۆی كوردستاندا شێوازێكی كلاسیكی و چەندبارەبووەی لەخۆ گرتووە، كە پێویستییەكی زۆری بەنوێكردنەوە و هاوچەرخكردنی هەیە، بە مەبەستی پیشاندانی رووی زانستی و هاوچەرخانەی ئەم یادە لە كوردستان بەگشتی و لە هەولێری لانكەی یەكەم جاری یادەكەشدا بەتایبەتی، بۆ ئەمەش لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئایینیی لەپەرلەمانی كوردستان، بە هەماهەنگیی لەگەڵ یەكێتی زانایانی ئایینیی و وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی دەتوانن چەند هەنگاوێك بنێن لە رێگەی:
یەكەم : دامەزراندنی دەستەیەكی باڵا بە ناوی (دەستەی باڵای یادی مەولوود)، كەپێكبێت لە:
وەزارەتی ئەوقاف – سەرۆك
نوێنەری وەزارەتی تەندروستی – ئەندام
نوێنەری وەزارەتی شارەوانی - ئەندام
نوێنەری دەستەی ژینگە - ئەندام
دووەم : وەزارەتی ئەوقاف بەرپرسە لە :
1. سازكردنی ئاهەنگێكی ساڵانەی نێودەوڵەتیی بۆ یادی مەولوود لە هەولێر، وەك بەردەوامیی پێدانێك بەكارەكانی سوڵتان موزەفەری فەرمانڕەوای داهێنەری یادی مەولوود.
2. بانگهێشتكردنی زانایانی شارەزاو تیپە جیهانییەكانی مەدائیح و ستایشكردنی پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر) بۆ هەرێمی كوردستان و سازكردنی هەفتەیەكی رۆشنبیریی بە هاوكاریی یەكێتی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی كوردستان.
3. پێداچوونەوە بە تیپەكانی خوێندنەوەی مەولوود، لە رێگەی تۆماركردن و مۆڵەتپێدانیان، بەم مەرجانەی لای خوارەوە:
1. هەر تیپێكی مەولوودخوێن لە(3) كەس كەمتر نەبێت و، لە(5)كەسیش زیاتر نەبێت.
2. هەر تیپێك ناوێكی گونجاوی تایبەت بەخۆی هەبێت.
3. ئەندامانی تیپ پابەند بن بە بنەما ئایینییەكانەوەو، لەنێو كۆمەڵگەدا خاوەنی كەسایەتی و پێگەی كۆمەڵایەتی شیاو بن.
4. دیاركردنی ماوەی خوێندنەوەی مەولوود و بڕی پارەی وەرگیراو.
5. هەڵسەنگاندنی شەرعیی ئەو هۆنراوانەی دەكرێنە سروودی ئایینیی لە رووی وشە و ماناوە.
6. لادانی ئەو ئاوازانەی كەپێشتر تایبەت بوون بە هونەرمەندانی بواری گۆرانی و ئەو ئاوازانەی كە پێشتر لە بواری دیكەدا بەكارهێنراون.
7. پەسەندكردن و خەڵاتكردنی دانەرانی هۆنراوە و ئاوازی نوێ و شایان بەپێگەی یادەكە.
8. هاندان و پشتگیریكردنی ئەو تیپە ئایینییانە بۆ خۆڕێكخستن و كۆبوونەوە لە ژێر چەتری كۆمەڵەیەكدا بە نێوی (كۆمەڵەی مەولوودخوێنانی كوردستان)، بە مەبەستی پاراستنی پێگەی كارەكەیان و دوورخستنەوەی كەسانی هەلپەرست و پارە پەیداكار بە نێوی مەولوودەوە.
سێیەم : وەزارەتی شارەوانیی و تەندروستی و ژینگە بەرپرسن لە:
1. چاودێریكردنی جۆری ئەو خواردەمەنییانەی كە دەخرێنە بازاڕ بۆ یادی مەولوود.
2. رێگرتن لە بەكارهێنانی فلیكس و نایلۆن وەك لافیتە و، پابەندكردنی هاووڵاتیان بە نووسین لەسەر لافیتەی كارتۆنیی، یان پەڕۆ بەمەبەستی پاراستنی ژینگە.
3. تەرخانكردنی شوێنی شیاو بۆ هەڵواسینی پۆستەر و لافیتەكان.
4. پابەندبوون بە كۆكردنەوەو هەڵگرتنەوەی لافیتە و پۆستەرەكان لەلایەن دانەرانیەوە بەمەبەستی رێزگرتن لە نووسینەكان و پاراستنیان لەتێكچوون.
چوارەم : لەسەر ئاستی هەر پارێزگایەكی هەرێمیشدا، لیژنەیەكی راپەڕاندن لە دەزگا پەیوەندیدارەكان بۆ هەمان مەبەست پێكبهێندرێت.
لێرەوە دەڵێم كە وەزارەتی ئەوقاف كاتێك كە ئەم دەستەیەی دروستكرد یەكێك لە كارەكانی بریتی دەبێت لەوەی كە پێداچوونەوە بكات بە هەموو تیپەكانی ئێستای مەولوودخوێندنەوەدا و ژمارەی ئەندامانی تیپەكەو ناوی تیپ دیاریكراو بێت و جیابكرێتەوە لە تیپێكی دیكە، وەكو چۆن وەزارەتی رۆشنبیری مۆڵەت دەدات بە تیپە هونەرییەكانی خۆی و ناونووسیان دەكات، با ئەمانیش تۆمارێكیان هەبێت لە وەزارەتی ئەوقاف بە مەبەستی رێكخستنی كارو چالاكییەكانیان.
لە رووی ئاوازیشەوە، ئاوازدانەران لەبەردەم بەرپرسیارێتییەكی دنیا و قیامەتیدان كاتێك ئاوازی نوێیان نەبێت بۆ شیعرە بەرزەكانی مەولوودنامە.
لە رووی كەسێتی مەولوودخوێنانیشەوە، پێویستە ئەندامانی ئەم تیپانە كەسانێك بن پابەند بن بە بنەما ئایینییەكان لە نێو كۆمەڵگەدا و، خاوەنی كەسایەتی بن و، پێگەی كۆمەڵایەتی شیاویشیان لەو بوارەدا هەبێت. هەروەها ماوەی خوێندنەوەی مەولوود دەبێت بە سەعات دیاركراو بێت، چونكە نابێت خەڵك بێزار بكرێت بەدەنگی بەرز و بە بڵندگۆ و هەروەها دەبێت بڕگەكانی دیار بێت، بڕی پارەی وەرگیراویش دیار بێت، هەروەها پێویستە هەڵسەنگاندنی شەرعییانە هەبێت بۆ ئەو هۆنراوانەی كە دەكرێن بە سروودی ئایینی و لەمەولووددا دەگوترێن، با شیعرەكانی مەولەوی و بێسارانی و بێخود و خانی و مەلای جزیری و ئەوانی دی بخوێندرێنەوە، كەم كەس بەقەدەر كورد شیعری لەسەر پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر) هۆنیوەتەوە، بۆ نموونە كتێبێك هەیە بە ناوی (پێغەمبەر لە دڵی شاعیرانی كورددا) ئەوەندەیان شیعری جوان گوتووە، بەشی چەندین جار دەكات.
وەزارەتی ئەوقاف دەتوانێت خەڵات تەرخان بكات بۆ دانەری هۆنراوە و ئاوازی نوێ، هەروەها پێویستە (كۆمەڵەی مەولوودخوێنانی كوردستان) پێكبهێندرێت، هەروەك (كۆمەڵەی قورئانخوێنانی كوردستان)مان هەیە بە مەبەستی پاراستی پێگەیان و، بەمەبستی پاراستنی سومعەت و ناوبانگیانیان و، دوورخستنەوەی كەسانی هەلپەرست و پارە پەیداكار.
بێمەوە سەر پڕۆژەی نوێكردنەوەی مەولوود، زۆر گرنگە نوێنەری تەندروستی لەو دەستەیەدا هەبێت، بۆ چاودێریكردنی جۆری ئەو خواردەمەنییانەی لەو رۆژە دەخرێنە بازاڕ، ئاخر بەناوی مەولوودەوە هەندێك جار خواردنی ئێكسپایەر دەخرێتە بازاڕەوە!!
ئایا رەوایە لە یادی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر)دا خواردنی ئێكسپایەر بكرێتە خێر؟ ئاخر تۆ دەڵێی پێغەمبەر (سید المرسلین) و (فەخری كائینات)ـە، كەواتە دەبێت تۆ باشترین جۆری خواردن بخەیتە بازاڕەوە، لەبەر ئەوەشە دەبێت تەندروستی ئاگای لەو خواردنانە بێت بۆ ئەوەی خەڵك تووشی نەخۆشی نەكات، بۆیە تەندروستی زۆر رۆڵی هەیە لەو خواردەمەنی و ئەو شتانەی كە ئەو رۆژە دەخرێنە بازاڕەوە.
هەبوونی نوێنەری ژینگەش لە دەستەكەدا زۆر گرنگە، چونكە پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر) فێرمان دەكات كە كاتێك لەخۆشەویستی ئەودا یادەكە دەكەینەوە، نابێت ژینگە پیس بكەین، چونكە ئەو خۆی داوای لێكردووین كە جیاوازی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر) لەگەڵ پێغەمبەرانی دیكەدا چەند شتێكە یەكێكیان بریتییە لەوەی كە دەفەرموێت (وجعلت لي الارض مسجدا وطهورا) ئەم زەوییە خۆی مزگەوتە و خاكەكەیشی تەیەمومی پێ دەكەین و، ناكرێت لەو یادەدا هەركەس چوكلێتێكی خوارد كاغەزەكەی فڕێبداتە سەر زەوی. ناشكرێت ئەم هەموو لافیتانە بنووسرێن لەسەر فلیكس و نایلۆن كە پاشی سەدان ساڵیش شی نابنەوە، دوای ئەو یادەش بەكارناهێندرێن و فڕێ دەدرێن و دەكەونە سەر ئەرز، لێرەدا ژینگە دەتوانێ بڵێت دەبێت نووسینی لافیتەكان لەسەر كارتۆن، یان لەسەر كاغەز، یان لەسەر پەڕۆ بێت وەكو جاران، بۆ ئەوەی ژینگە بپارێزرێت. هەروەها شوێنی تایبەت بەم پۆستەرانەش دیار بكرێت، چونكە ناكرێت دیوارەكانی شار بشێوێنین، ئەی دوای ئەوەی مەولوود تەواو دەبێت، كێ ئەم لافیتانە كۆ دەكاتەوە؟ چۆن كۆدەكرێتەوە؟ بە چ شێوازێك كۆدەكرێتەوە؟ چۆن هەڵدەگیرێن و مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت؟ ئەمە مەسەلەیەكە وردەكاریی زیاتری دەوێت، كە لەسەر ئاستی هەر پارێزگایەكیش دەتواندرێت دەستەیەكی راپەڕاندن هەبێت كە ئەم كارە ئەنجام بدات، واتە ئەمە بیرۆكەیەكە بۆ ئەوەی یادكردنەوەكە نوێ بكەینەوە و مەولوود بە چ شێوازێك بكرێ و بڕگەكانی چی بن؟
پڕۆژەی پێكهێنانی (دەستەی باڵای یادی مەولوود) وا دەكات كە (یەكێتی زانایان) رۆڵی چاودێری لە رەهەندە ئایینییەكانی یادەكەدا ببێت و (وەزارەتی ئەوقاف)یش لایەنی جێبەجێكار دەبێت لە رەهەندە كردەییەكاندا و (لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئایینیی پەرلەمان)یش رۆڵی چاودێری لە پڕۆسەی یادكردنەوەكەدا دەبێت.
هەموو ئەمانەش بۆ ئەوەی كە یادی مەولوود رەهەندێكی نێودەوڵەتی وەربگرێت و، ساڵانە لە ژێر چاودێری حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا بكرێت و، تیپە بەناوبانگەكانی مەولوود لە سەرتاسەری جیهانەوە بانگهێشت بكرێن و، هەفتەیەكی رۆشنبیریی ئایینیی جیهانیی تێدا ساز بكرێت، بە ئامادەبوونی هزرمەندانی جیهان و كۆڕبەندێكی ئەدەبیی بۆ شیعر و پەخشان لەخۆ بگرێت، بۆ بەرزڕاگرتنی پێگەی خاوەنی یادەكە (محەمەد دروودی خوای لەسەر).
Top