حكومەتەكەی داودئۆغڵۆ شێوازێكی نوێی مامەڵە لەگەڵ كێشەی كورد
November 2, 2014
وتار و بیروڕا
ئەوان وتیان ناڕۆشنی و سستی لە پرۆسەی ئاشتەوایی لەگەڵ كوردەكان سەردەكێشێت بۆ مەزەندەی نادروست و بێ متمانەیی لە ئاست حكومەتدا، هەروەك لە خۆپیشاندانە توندوتیژەكانی شەقامدا بەدی كرا لە رۆژانی 7 و 8ی مانگی تشرینی یەكەمدا. بە دەگمەن من رێم كەوتۆتە دانیشتنێكی ئاستبەرزی لەم شێوەیە كە تێیدا بە چڕی بیر بكرێتەوە. زۆربەی ئەو دانیشتنانەی تێیاندا بەشداریم كردووە، كە مەبەست لێی ئەوە بووە بە چڕی بیربكرێتەوە، كەمتر ئەم كارە كراوە و زیاتر بە پشێوی كۆتایی هاتووە. كۆبونەوەكە بۆ 11 كاتژمێر درێژەی كێشا و هەرگیز ساتەوەختێكی بێزاركەری فیكری تێدا نەبوو. سەرنجی من ئەوەیە ئەم «بیرمەندانە» ژیرتر بوون و دەكرێت سەرۆك وەزیران ببێتە سیاسەتكارێكی باشتر، بەو مەرجەی خیتابە تیۆرییە پرشنگدارەكەی تەرجەمە بكرێت بۆ هەڵسوكەوتێكی دروست و جیاوازییە روو لە زیادەكانیش لە خیتابەكەیدا لەگەڵ خیتابی سەرۆك نەبێتەهۆی قەیرانگەلێك و یەخەی حكومەت بگرێت.
پێدەچێت حكومەتە نوێیەكە لەو راستییە تێگەیشتبێت كە كۆمەڵگەی مەدەنی رۆڵێكی بەپەلەی هەیە بۆ ئەوەی لە پرۆسەكەدا ببینرێت. لە راستیدا متمانەی نێوان حكومەتی ناوەند و سەركردایەتی سیاسیی كورد زۆر پاشەكشەی بە خۆوە بینیوە و پێویستە ئەو متمانەیە بگەڕێنرێتەوە. میانگیرێك پێویستە ئەگەر بمانەوێت پرۆسەی ئاشتی بەردەوام بێت. ئەوە شتێكی نهێنی نییە كە حكومەتەكە خوازیاری ئەگەری دروستبوونی ئیدارەیەكی كوردی خۆبەڕێوبەر (ئۆتۆنۆمی) لە خاكی سوریادا نییە كە- ئەو ئیدارەیەش- پاشكۆی پەكەكە بێت، كە توركیا رایگەیاندووە رێكخراوێكی تیرۆریستییە. حكومەتی توركیا پێیوایە ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی كوردەكانی دانیشتووی توركیاش بوێری ئەوە بكەن و هەوڵی بەدەستهێنانی خۆبەڕێوەبەری بدەن.
هەرچۆنێك بێت، دروستبوونی فشاری سیاسی لە ناوخۆی وڵاتەكەدا بۆ تەواوكردنی «چارەسەر»ـەكە لەلایەك و باشتربوونی پێگەی كورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە لایەكی دیكەوە كە وەك هێزێك لێی راببینرێت دژی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) بوەستێتەوە، ئەویش بە هاوكاری رۆژئاوا لە نێویاندا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، بۆیە پێویستە حكومەتی توركیا رەوتی سیاسەت و كاركردنی بگۆڕێت، چونكە ئەو راستییە روونە كە چیتر كێشەی كورد تەنیا كێشەیەكی خۆجێی نییە.
كاتێك چالاكوانەكانی سەر شەقام گەیشتنە ترۆپكی خۆیان، سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی توركیا سەردانی عەبدوڵا ئۆجەلان سەركردەی زیندانی كراوی (پەكەكە)ی كرد، بۆ ئەوەی هاوكاری ئەو بەدەست بهێنێت بۆ وەستاندنی خۆپیشاندانەكان كە بە ئاژاوە دەچوون. لە هەمان كاتدا دەبوو حكومەتی توركیاش هەڵسوكەوتی خۆی بگۆڕێت و چاوەڕێی نەكردایە تاوەكو دەرئەنجامی هێرشەكانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) لەسەر شارۆچكەی كۆبانێ (كە شارۆچكەیەكی كوردییە لە سووریا) دەربكەوێت و نەدەبوو پێشبینی بكردایە وەك «رزگاركەرێگ» هەڵبستێت بە كۆكردنەی پارچە و پاشماوەكان، كە ئەمەش رووی نەدا. كوردەكان شەڕێكی پاڵەوانانەیان كرد و جیهانیش بە سەركردایەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هات بەهانایانەوە. ئێستاش دەبێت حكومەتی توركیا پردی پەیوەندییەكانی لەگەڵ كوردەكان و هاوپەیمانە رۆژئاواییەكاندا بنیات بنێتەوە.
خاڵێكی گرنگی دیكە كە بە فەرمی دانی پێدا نرا، بریتی بوو لە رێككەوتنێك بۆ ئەوەی كۆك بن لەسەر گرتنەبەری ناتوندوتیژی لەگەڵ سەركردایەتی سیاسیی كورددا، بەڵام، ئەمە بەس نەبوو بۆ هێنانەدی ئاشتی. هێنانە ئارای ئاشتی پرسێكی زۆر مەزنتر و ئاڵۆزترە لە ئاگربەست و سنوورداركردنی جووڵە و بزاوتەكان و پێویستی بە كۆدەنگی و پشتیوانیی خەڵك هەیە. بەو پێیە دەبێت ئەڵقەی بزر لە هەوڵەكانی ئاشتیدا بهێنرێتەوە ئارا. ئەڵقە بزرەكەش بریتییە لە بەشداریكردنی خەڵك لە پرۆسەكەدا، هەم وەك چاودێر و هەم وەك پارێزەری ئاشتی.
ئەوە روونە كە توركیا توانای ئەوەی هەیە ئاشتییەكی درێژخایەن لەگەڵ هاووڵاتیانی كورددا بێنێتەدی، ئەویش بە پشتبەستن بە چوارچێوەیەكی دیموكراسیی گەشەكردوو بە یاسایی مرۆیی، ئەو كوردانەی لە دەوڵەتە دراوسێكاندا دەژین، وەك پارێزەری ئەو مافانە لە توركیا دەڕوانن كە هەوڵ و تێكۆشانی بۆ بدەن. لە میانەی ئەو گفتوگۆیانەدا كە لە دۆڵمەباهچەچی ئەنجام دران، پێدەچوو سەرۆك وەزیران داود ئۆغڵۆ هاوڕا بێت لەسەر ئەو گفتوگۆیانە و رایگەیاند كە ئەگەر هاووڵاتی بوون لەسەر بنەمای پێناسەیەكی بەرتەسكی (ناسنامەی) رەگەزی و ئیتنی و ئایینی بێت، ئەوا ئەمە بە زیان دەشكێتەوە بۆ یەكێتی نەتەوەیی و ئاسایشی نەتەوەیی. هەرگیز سەرۆك وەزیرانی توركیا پێشتر ئەم وشانەی لێ نەبیستراوە. بۆیە گومانی تێدا نییە كە ئەم لۆجیكە پرۆسەی ئاشتی پتەو دەكات.
تاوتوێكردنەكان ئەو راستییەیان ئاشكرا كرد كە شاندەكانی «بیرمەندان» هەروەك ئێمە دەزانین لە مێژووی پەرەسەندنی دیموكراتی وڵاتەكەوە هاتۆتەئاراوە و ئەوان پێشووتر بەو شێوەیەی ئێستا بوونیان نەبوو. هەرچۆنێك بێت، كۆمیسیۆنی نوێ و ئەركی نوێ دادەڕێژرێت بۆ ئەوەی وەزیفەی نوێ ئەنجام بدەن، وەك «لێكۆڵینەوە لە تاوانە سیاسییەكانی رابردوو»، «دادپەروەریی ئینیتقالی»، «میانگیریكردن و گفتوگۆكردن»، «دووبارە ئاوێتەكردن»، «هەقیقەت و ئاشتەوایی» و «دیبلۆماسیەتی گشتی». دەكرێت ئەو ئەندامانەی ئێستا لەم گروپانەدا بەشداری بكەن كە دواتر سەركردەكانی رای گشتی و شارەزایانیش لەگەڵیاندا بەشدار بن.
ئایا ئەم پەرەسەندنە ئیجابییانە بەرهەمیان دەبێت؟ دەبێت چاوەڕێ بكەین و ببینین، بەڵام كاتێكی زۆر لەبەردەستدا نییە. توركیا لە سەر ئاستی ناوخۆیی و لەسەر ئاستی دەرەكیش فشاری لەسەرە. لەوەش زیاتر هەڵبژاردنەكان زۆریان نەماوەو وڵاتەكە و حكومەت ناتوانن بچنە هەڵبژاردنەكانەوە كە لە ناوخۆ و لە دەرەوەدا ناكۆكییەكی بارگران و ورەیەكی لاواز هەبێت.