داعشی تیرۆریست و وێرانكارنە دەوڵەتە و نە ئیسلامییە

داعشی تیرۆریست و وێرانكارنە دەوڵەتە و نە ئیسلامییە
هەندێك لە هۆیەكانی راگەیاندن وەك ئاماژەیەك بۆ هێزە تیرۆریستەكان و تاقمە مافیایی و خوێنڕێژە دزێوەكان ناوونیشانی(دەوڵەتی ئیسلامی)یان دەهاتە سەر زاران، رەنگە هەندێ لە بەرپرسانی نێودەوڵەتی و لۆكاڵی ئەم زاراوەیەیان بە مەبەست، یان بە بێ مەبەست گوتبێتەوە، لە حەقیقەتدا هەر كەسێك ئەم زاراوەیەی(دەوڵەتی ئیسلامی) بەكارهێنابێت و لە پاش ئەوەیشەوە لە بەرانبەر هەبوونی ئەو گرووپە تیرۆریستی و ئانارشیستانەی بە سەر خاكی عێراق و سووریادا بڵاوبوونەتەوەو ناوی داگیركاری لێ نابێتن، وێڕای رەتكردنەوەی راستگۆیی لە وتنەكەدا، خزمەتیشیان بە چەسپاندنی هەبوونێكی تاوانكاریی كردووە و ددانپیانانێكی فەرمییان پێ بەخشیون، كاتێ وەسفی(دەوڵەت)یان پێ داون، بێ ئەوەی یاسایەكی لۆكاڵی، یان نێودەوڵەتی، یان شەرعیەتێكی مەدەنی، یان ئایینی بڕیاری بوون بە دەوڵەتیان لەسەردابێت.
سەرەتا با لە زاراوەی (ئیسلامیی)یەوە دەستپێبكەین كە چۆن ئەم زاراوەیە وەك سەرپۆشێك خراوەتە پاڵ ئەندامە تاوانكار و نەخۆشەكانی ئەو گرووپانەوە، ئەمە راست و دروست نییە، هیچ كاتێك و هیچ ئایینێك بەتایبەتیش ئایینی محەمەدی بریتی نەبوون لە خەڵكانی لاسار و سەرەڕۆ و سەربڕ، هەر زوو ئەوانەی بڕوای تەواویان بە ئیسلام هەبێت، ئەم لەكە و پەڵە ناشیرینەیان لە خۆیان دوورخستەوەو جەختیان كردەوە لەسەر ئەوەی ئەم توێژە سەرلێشێواوەی ناوی داعشە، گوزارشت ناكەن لە ئایینەكەیان و وشەی موسڵمانیان پێ رەوا نادیترێت، بەڵكو ئەوانە بریتین لە چەند كەسێكی گومڕا كە بە بەرگی ئایینەوە تاوانكاری ئەنجام دەدەن، بە شێوازێك كە هەرچی لۆژیكی میانڕەوی و لێبوردەیی و پێكەوەژیان و ئیعترافكردن بەوانی تر كە لە ئایینی ئیسلامەتیدا و لە ئایینەكانی تریشدا لە ناواخن و گەوهەریاندا جەختیان لەسەر كراونەتەوە ئەمان رەتی دەكەنەوە..
پێكەوەژیانی مرۆڤایەتی و قبوڵكردنی فرەیی و هەموجۆرێتی وشوناسی جیاوازی و نزیكبوونەوە لە یەكتر، لە رێی دیالۆگی ئاشتیانەو لەسەر بناغەی برایەتی و یەكسانی و هاریكاری بۆ كاری چاكەو بەڕێوەبردنی كاروانی بونیادنان و ئازادی لە بیروباوەڕدا، حەقیقەتی ئەو گوزارشت لێكردنەیە كە لایەنگران و هەوادارانی مەزەبە ئایینیەكان پێڕەوی لێ دەكەن بە پێی لۆژیكی ئاوەزو حیكمەت، بەڵام ئەو نەخۆشە هەمەجیە سادییانە كە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بێوێنەن لە خراپیدا، خۆیان وا نیشان دەدەن كە موسڵمانی راستەقینەن، ئەگەر ناوێكیان بۆ دابنرێت كە لەگەڵ ناوەڕۆك وشوناس و حەقیقەتیاندا بگونجێت بریتین لە توندڕەوە تەكفیریەكان، بەڵكو تەنیا میكرۆبێكن سامناكترن لە میكرۆبی ئەنتراكس و تاعونی رەش و ئەو ڤایرۆسە پیسانەی كە ماوە نا ماوە مرۆڤایەتی لەناویان دەبات..
كەواتە ئەمانە موسوڵمان نین، تەنیا بە راگەیاندن و قسەی خۆیان نەبێت، ئەویش بۆ هەڵخەڵەتاندنی هەندێ كەسی ساویلكە كە بە ئاسانی ئەم بیرۆكە نەخۆشانە كاری لێ بكات، رێكخراوەكەشیان ئینتیمای بۆ هیچ ئایین و مەزەبێك نییە، لە هەوڵداندان ببنە تایەفەیەك بۆ نوێنەرایەتی هێزەكانی زوڵم و تاریكایی، لەوەشدا كە ناولێنانی تایەفەیەیەكی یەكگرتوویان بۆ خۆیان دابین كردبێت شكستیان خواردووە، هەر كەسێ بەدواداچوون بۆ هەواڵەكانیان بكات تووشی هێدمە دەبێت كە چۆن لە ناوخۆشیاندا كەوتونەتە لە ناوبردنی یەكتری، چونكە تاقمێك نەخۆش و شەیداگیرن بە تاوانكردن و خوێنڕێژی..
وەسفكردنی خۆیان بەوەی دەوڵەت بن، ئەمەش دروست نییە و وەك چۆن لە ئایینی خوا بێبەشن و لەمەشدا هەروا، چونكە دەوڵەت بەوە دەناسرێتەوە كە هەبوونێكی جیۆگرافی تایبەتمەند بە گەلێكەوە كە مێژووی هەبێت و دامودەزگای دامەزراوەیی یاسایی دانابێت، خاپەڕۆك و بەرماوەی گەل و دەوڵەتانێكن كە گسكیان لێدراون و خراونەتە سەر لیستی مەترسیدارترین تاوانبارانەوە، ئیتر چۆن چۆنی دەبن بە گەل، كاتێك هەنجەتی كۆبوونەوەیان لە ژێر چوارچێوەی ئایین بۆ نامێنێتەوە، ئیتر چیتر كۆیان دەكاتەوە جگە لە دوژمنایەتیكردنی بەها باڵاو جوامێرەكانی مرۆڤایەتی نەبێت، وەك چۆن ئێستا رۆژانە خەریكن بە كۆكوژی و سەربڕینی خەڵكی سڤیل و لاقەكردنی ئافرەتان: ئایا ئەمە خەسڵەت و سیماكانی كەسانێكە كە بیانەوێت دەوڵەت دابمەزرێنن و بەڕێوەی بەرن؟
پێشتر ئەوەمان زانیوە كە دەوڵەت بوونێكی دامەزراوەییەو دیسپلین و یاساو رێسای نێودەوڵەتی بەڕێوەی دەبەن، هەروەها رێز لە خەڵك و نەوەكانی خۆی دەگرێت و بەرژەوەندی و مافەكانیان دەپارێزێت، نەك وەك دڕندە لە وێزەی خەڵكی بەرببێت و خوێنی هەر كەسێ حەڵاڵ بكات كە لە بیركردنەوەدا لێی جیاواز بێت و لاقەی ئافرەتانی ئەو ناوچانە بكات كە دەكەونە بن دەستی و خەڵكیش هەمووی بكەنە كۆیلە، رێبازی مانەوەی ئەو هێزە نەخۆشانە بریتیە لە تۆقاندنی مرۆڤایەتی و هەڕەشەكردن لە ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی لە رێی موڵگەكانیەوە كە ناوكی جەنگەكانین بۆ هەڵگیرساندنی ئاگر، ئەگەرچی قەبارەو ژمارەیان دیاریكراوە، بەڵام ئەندامەكانیان لە هەموو گەلانی سەرزەمینەوە رێكخستووە تا بتوانن هەڕەشەو تۆقاندنەكانیان ئاڕاستەی هەموو وڵاتان و دەوڵەتان بكەن..
لە راستیدا دەوڵەتی عێراق كە لە رێی پایتەختەكەیەوە بە تایەفەگەرییانەی سیاسییەوە فەرمانڕەوایەتی دەكردو سەرقاڵ بوو بە كۆمەڵێك ململانێی لابەلاوە، میلیشیا تایەفەگەرییەكان تێكەڵی سیاسەتی گشتی وڵات دەكران و بوونە هۆكاری هەرەسهێنانی دامودەزگاكانی دەوڵەتی عێراق كە تەمەنی مێژوویی ئەم دەوڵەتە نزیكە بە دەهەزار ساڵ مەزەندە دەكرێت و تەمەنی مێژووی هاوچەرخیشی نزیكەی سەد ساڵێكە، ئاساییە كە هەندێك لە پارێزگاكانی عێراق لە ژێرڕكێفی ئەو فەرمانڕەوایانە بمێنێتەوە كە جڵەوگیری پایتەخت بكەن، بەو شێوەیە دەسەڵاتی تایەفەگەری ئەو پارێزگانەی دەهاڕی لە نێوان چەكوشی تاقمەكان و سندانی سوپا تایەفەگەریەكەدا، هەر ئەمەش زەمینەی رەخساند بۆ گایەلە تیرۆریستە بازاڕیەكان تا ئەو خاكانە داگیربكەن كە پێشتر دامودەزگا دەوڵەتیەكانی تێدا هەرەسی هێنابوو، تا ئەو فەوزایەی ناو ئەو پارێزگانە بقۆزنەوەو لاوازی هێزە نادیسپلینكراوە ئەمنیەكانیان بە دەرفەت وەربگرن و بە میزاجی خۆیان هەرچییان دەست بكەوێت بە پاساو و بیانووی مەزهەبی و ئایینی بیانكەن بە كۆیلەو لە رووی سێكسەوە ئالوشی خۆیانی تێدا دامركێننەوە، دواتر دەرفەتی مانەوەیان لەو ناوچانە قەبەتر بوو تا بە ناوی دەوڵەت و بە بۆیاخی موسوڵمانێتی بە تەواوی گیرساونەتەوە، رەوایەتی هەبوونی دوو دەوڵەتی خۆرهەڵاتی ناوەندی ئەندام لە نەتەوەیەكگرتووەكانیان قۆستەوە..
لە ژێر رۆشنایی ئەم روانینەدا، ئەوەی روودەدات بریتی نییە لە داگیركاری بەڵكو داڕووخان و هەرەسهێنانی هەموو شێوازەكانی هەبوونی دەوڵەتيیە و كشانەوەیەتی لە مەیدانی نێودەوڵەتیدا، تا رێ چۆڵ بێت بۆ تاوانكاری و فەوزاو خاك و نامووسی خەڵكی تێدا هەتك بكرێت، بوار بدرێت تا خەڵكی وەك كۆیلە هەڵسوڕێن و لاقەی بوون و مافەكانیان بكرێت، ئەوەی نەیەتە ژێر باریانەوە تیرۆری جەستەیی بە رێگایەكی هەمەجیانە چاوەڕێی بێت و لەبەردەمی خەڵكیدا بەشێوەیەك سەری لە لەشی بكرێتەوە كە بۆ ئاژەڵ سەربڕینیش بەو شێوەیە هەڵسوكەوت ناكرێت، كەواتە چۆن بەم تاوانبارانە دەوترێت خاوەن دەوڵەتی ئیسلامیی، هیچ لۆژیكێك لە دنیادا نییە بۆ ناولێنانی دەوڵەت لە بەرانبەر ئەم هەموو تاوان و فەوزایەی خستویانەتەوە، هیچ بنەمایەكی دەوڵەتيیانە نییە لەسەری وەستابن لە فەزایەكدا كە لە گرێژنەوە هاتۆتە دەرەوە، هیچ دیسپلینێكی یاسای نێودەوڵەتی ئیعتراف بەم رەفتارە جەنگەڵستانیانەدا ناكات كە لە گەنیویی ئەشكەوتە تاریك و زەمانە مردووەكانیەوە هەڵدەقوڵێت، لە لایەكی ترەوە هیچ موسڵمانێك كە موسڵمانێتی دروست بێت، شێواندنی باوەڕەكەی وەرناگێڕێت بۆ وەسفكردنی ئەو تاوان و دڕندایەتیەی كە بە ناوی فێركاری ئایینەوە دەكرێت..
بە پوختی پێویستە رێگە نەدەین بە ئەكتیڤكردن و پشتگیریكردنی بڵاوبوونەوەی زاراوەی دەوڵەتی ئیسلامی، بەڵكو باشترە زاراوەی لەناوبردن و لاقەكردن لە بری زاراوەی ئیحتلال بەكار بێت، لە بەرانبەر ئەو مەرگەساتانەی لە هەردوو خاكی عێراق و سووریادا روودەدەن، هیچ هەبوونێكی هێزی دەوڵەتانی بیانی لەسەر خاكی ئەو دوو دەوڵەتە بوونیان دیار نییە، تا زاراوەی ئیحتیلال بەكار بهێنرێت..
ئەوەی هەبوونی هەیەو دیارە بریتییە لە هەرەسهێنانی دامودەزگاكانی چەند ناوچەیەكی سەر خاكی عێراق، ئەو بۆشاییانەی لە پاش ئەم هەرەسەوە دروست بوون ئێستا بە گرووپەكانی تاوانكاری و لاقەكاری و وێڕانكاری پڕكراونەتەوە كەواتە لەناوبردن گونجاوترو وردترە لە وشەی ئیحتیلال بۆ ناساندنی ئەو واقیعەی هەیە، واقیعێك كە بە هۆی كوشتن و وێرانكردن نەك لەسەر بونیاد نان وەستاوە، كۆمەڵگەی نێو دەوڵەتیش ناتوانێت لێپێچینەوەی یاسایی لە دەوڵەتێك بە پاساوی ئیحتیلالی خاك و كۆیلەكردنی گەلەكەی بكات، دواتر ئەمە دەوڵەت نییە بە زاراوە یاسایی و نێودەوڵەتیە باوەكەی كە هەیە، كەواتە پێویستە زاراوەكە لە رووی یاساییەوە رێكبخرێتەوە تا حاڵەتەكە دیاری بكرێت و بزانین لە رووی فەرمی و جەماوەرییەوە چۆن مامەڵەی لەگەڵ بكەین، ئەركی چاوەڕوانكراومان لە پاش رەتكردنەوەمان بۆ زاراوەی دەوڵەت بریتیە لە سەرلەنوێ بونیادنانەوەی دەوڵەتێكی داڕووخاو یان تێكدراو بە هۆی زاڵبوونی گرووپەكانی تاوانكاری و میلیشیا تیرۆریستەكانی ئەو شوێنانەی كە دامودەزگای دەوڵەتیانەیان تێدا راوناوە، دواتر پاكژكردنەوەی خاكەكەی لە پاشەڕۆكی تاوانكاران و دادگایی كردنیان لە بەرانبەر ئەو هەموو تاوانانەی بە حەقی پێكهاتەكانی عێراقیان كردیان، باشترە وریا بین لە بەكارهێنانی زاراوەكانماندا بە تایبەتی مەبەستم لەو دەزگاو راگەیاندنانەیە كە بە كۆمەڵگەی مەدەنی و رێكخراوەكانەوە بەستراونەتەوە، یان گوتاری پارتە سیاسییەكان و كەسایەتییە نیشتمانپەروەرو دیموكراتخوازەكان چ لەسەر ئاستی ناوخۆ، یان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی..
هەردەم ئەوە وەبیردەهێننەوە كە دروستیی خیتابی فیكری سیاسی دەسپێكی پێداویستییەكانی سەركەوتنە بەسەر هێزەكانی تاریكی و وێرانكاریی بۆ گێڕانەوەی بونیادی دەوڵەت و گەڕانەوەی دەسەڵاتی بونیادنان و پێشكەوتن، لە رووی پراكتیكییەوە پێویستە ئەوەش بیربهێنینەوە كە گوتاری خۆرئاوایی زاراوەی دەوڵەتی ئیسلامەتی لادەدات و وردبینی لە خیتابەكانیدا وەبەرهەم دێنێت، وەك چۆن لە دەقی سەرۆكەكانی وڵاتانی زلهێز و لەسەر زاری ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان هاتووە، كەچی هێشتا لای هەندێ سیاسەتمەداری خۆمان و هەندێ لایەنی راگەیاندنەوە، بە هەڵە زارەوەی دەوڵەتی ئیسلامی بەكار دەهێنرێت.
Top