تەتەڵەی خەلافەت لە ئیستانبوولەوە بۆ مووسڵ

تەتەڵەی خەلافەت لە ئیستانبوولەوە بۆ مووسڵ
نەوەد ساڵ كەوتووەتە نێوان هەڵوەشاندنەوەی سیستمی خەلافەت لە توركیا لە ساڵی 1924و زیندوو كردنەوەی لە مووسڵ لە ساڵی 2014 لە سەر دەستی ئەبوبەكری بەغدادی سەرۆكی رێكخراوی داعش. لە ڕاستیشدا دەستەواژەی (زیندووكردنەوە) پڕ بە پێستی وشەكە نییە، زۆرتر وەك گوزارەیەكی مەجازی بەكار دەهێندرێ چونكە چەند ساڵێك پاش هەڵوەشاندنەوەی خەلافەت، جیهانی ئیسلام مەسەلەی زیندوو كردنەوەی خەلافەتی لە بیری خۆی بردەوە و سەرقاڵی مشوورخواردنی كاروباری خۆی بوو.
بەڵام ئەمە بەم مانایە نییە كە هەڵوەشاندنەوەی خەلافەت لە ساڵی 1924دا بە شێوەیەكی ئاسایی تێپەڕیوە. لانی كەم لە سێ وڵاتدا، كە بریتین لە میسر و كوردستانی باكوور و هیندستان، رووداوەكە رەنگدانەوەی گەورەی هەبوو. بە كردەوە، دوو فاكتەری سەرەكی رۆڵێكی دیاریان لە رەت كردنەوەی هەڵوەشاندنەوەی خەلافەتدا هەبوو. یەكەمیان راهاتنی موسڵمان بوو بۆ ماوەیەكی دوور و درێژ لە سەر بوونی مەرجەعێكی باڵا بۆ جیهانی ئیسلام كە خۆی لە خەلیفەدا دەبینییەوە. دووەمیشیان ئەوە بوو، كە زۆربەی هەرە زۆری موسڵمانان وا تێگەیشتبوون، كە خەلافەت بەشێكی ستراكتۆری ئایین پێك دێنێ. لەم سۆنگەیەوە پێیان وابوو هەڵوەشاندنەوەی خەلافەت دەبێتە مایەی لەق كردنی ستراكتۆری گشتیی ئایین، بەڵام مایەی تێڕامانە كە جیهانی ئیسلام لە ماوەی دە ساڵدا لە سەر نەبوونی خەلیفە راهات، بە شێوەیەكی پرەگماتییانە هەڵسوكەوتی لەگەڵدا كرد. لە ناو موسڵماناندا، سێ گەل كە بریتین لە میسری و كورد و موسڵمانانی هیندستان، بە شێوەیەكی جیاواز لە گەلانی تری موسڵمان، مامەڵەیان لەگەڵ مەسەلەكەدا كردووە.
لە میسر هەڵوەشاندنەوەی خەلافەت هەرایەكی زۆری لە سەر ئاستی چینی سیاسی و جەماوەر نایەوە. هەر لەو سەروبەندەدا پاشا فوئاد مەسەلەی خەلیفایەتی لە كەللەی دا و كەوتە كار كردن بۆ پڕكردنەوەی بۆشاییەكە و گواستنەوەی خەلافەت لە ئیستانبوولەوە بۆ قاهیرە. بۆ پاشا فوئاد و بەشێكی میسرییەكان مەسەلەكە ئەوەندەی روخساری «گێڕانەوەی» خەلافەتی بۆ میسر وەرگرت بوو، ئەوەندە رووخساری «گواستنەوەی» وەرنەگرت بوو. مەسەلەكەش بنەمایەكی مێژوویی هەیە چونكە كاتێك سوڵتان سەلیمی یەكەمی عوسمانی لە سەرەتای سەدەی شازدەیەمدا میسری داگیر كرد، شەرعیەتی خەلافەتی لە خەلیفە عەباسییەكەی میسر وەرگرت و لەگەڵ خۆیدا بردی بۆ ئیستانبوول. بۆیە، زیندوو كردنەوەی خەلافەت لە میسر، وەك گێڕانەوەی وا بوو بۆ ئەو شوێنەی بە زۆر لێی سەندرا بوو.
دەرەبەگ و زەویدارانی گەورە پێیان خۆش بوو پاشا فوئاد ئەركی خەلافەت بگرێتە ئەستۆ. خودی پاشا بە گونجاوی دەزانی ئەركەكە بگرێتە ئەستۆ، لانی كەم بۆ بەرپەرچ دانەوەی ئۆپۆزیسیۆن بە سەرۆكایەتیی سەعد زەغلول و بۆ رێگرتن بە یەكجارەكی لە گۆڕینی سیستمی پاشایەتی بۆ سیستمی كۆماری، چونكە، وەك مێژووی خەلافەت نیشانی داوە، خەلافەت بۆ پاشایەتی تا بۆ كۆمار گونجاوترە.
پاشا فوئاد، بۆ زیاد كردنی دەسەڵاتەكانی، پێویستی بە خەلافەت نەبوو چونكە دەستوری 1923 دەسەڵاتی پێویست و خوازراوی پێ بەخشی بوو، بەڵام نازناوی خەلیفە دەیتوانی رێزێكی زۆرتری لە جیهان ئیسلام بۆ پەیدا بكا. بۆیە، دەكرێ لەو گۆشەنیگایەوە سەیری هەوڵدانەكەی بكرێ، كە ئەو بۆ خزمەت كردنی ئایین خەلافەتی نەویستووە، بەڵكوو تەنها بۆ فیز و لافی گەورەیی لێدان ویستوویەتی. پاشا فوئاد عەرەبیی بە چاكی نەدەزانی و قورئانیشی بە چاكی پێ نەدەخوێندرایەوە و زۆر كەمی لێ تێدەگەیشت، بەڵام بە دڵنیاییەوە پێگەی خەلافەت پێگەی پاشایەتییەكەی سەقامگیرتر دەكرد.
بەخشینی خەلافەت بە پاشا فوئاد لە ناو چینی مەلاكاندا لایەنگرێكی زۆری هەبوو، لەوانە محەمەد رەشید رەزا و محەمەد حسێن هەیكەل و ژمارەیەكی زۆری دەرچووانی ئەزهەر، بەڵام نەیاریشی هەبوو، دیارترینیان عەلی عەبدولڕازق بوو كە بە دەركردنی كتێبی «ئیسلامء بنەماكانی حوكمڕانی» هەرایەكی گەورەی نایەوە چونكە تێیدا گوتبووی خەلافەت پێوەندیی بە بنەماكانی ئیسلامەوە نییە و تەنانەت حوكمڕانیی ئەبوبەكر و عومەر و عوسمان و عەلیش حوكمڕانییەكی «نائاینی» بووە.
بەریتانیا هیچ هەڵوێستێكی لە دژی بە خەلیفە بوونی پاشا فوئاد دەرنەبڕیوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە پێی خۆش نەبووە خەلیفایەتی زیندوو بكرێتەوە. ئەوەی ئەمە ساغ دەكاتەوە ئەوەیە، كە هەڵوەشاندنەوەی خەلافەت یەكێ لە مەرجە نهێنییەكانی هەڵوەشاندنەوەی پەیمانی سیڤەر بووە، كە بە هۆیەوە دەبوایە دوو دەوڵەت لە رۆژهەڵاتی توركیا، یەكێك بۆ كورد و ئەوەی دی بۆ ئەرمەن، پێك بهێندرێ. پێداگرتنی بەریتانیا لەسەر هەڵوەشاندنەوەی خەلافەتی عوسمانی هیچ بوارێك بۆ پشتگیری كردنی زیندوو كردنەوەی لە میسر ناهێڵێتەوە.
بە هەر حاڵ، پاش مشتومڕێكی توند و گەرم و گوڕ كە دووراییەكی كۆمەڵایەتیی وەرگرت بوو، پاشا فوئاد بە شێوەیەكی كتوپڕو پێشبینی نەكراو لە وەرگرتنی خەلافەت پەشیمان بۆوە. سەرچاوەكانی ئاماژەی روونیان بۆ هۆیەكانی پەشیمان بوونەوەی نییە، بەڵام دەشێ بریتانیا لە چوارچێوەی دیپلوماسیەتە نهێنییەكەیدا سەركەوتوو بوو بێ لە پەشیمان كردنەوەی، بەڵام یەكێك لەگەورەترین كاردانەوەكانی دژ بە هەڵوەشاندنەوەی خەلافەتی عوسمانی، لە ساڵی 1928دا دەبیندرێ، كاتێك حەسەن بەننا لە شاری ئیسماعیلیە كۆمەڵەی ئیخوان موسلمینی دامەزراند. ئەم رێكخراوە كە لە ساڵانی دواتردا كاریگەرییەكی زۆری لە سەر سیاسەتی ناوخۆیی و هەڵسوڕانی كۆمەڵایەتی دەبێ، تەنها پاش چوار ساڵ لە هەڵوەشاندنەوەی خەلافەت سەری هەڵدا. بە دڵنیاییەوە ئەگەر خەلافەت لە توركیا هەڵنەوەشێندرایەتەوە، رێكخراوی ئیخوان موسلمین لە میسر دانەدەمەزرا یاخود لانی كەم زۆر درەنگ، لە ساڵانی چلەكان و پەنجاكاندا، دادەمەزرا.
Top