كێ دەیەوێت بوونی مەسیحی و فرەیی و لێبوردەیی لە عیراق بسڕێتەوە؟
August 14, 2014
وتار و بیروڕا
بەر لە چەند ساڵێك ئاماژەم بەوەدا كە ئەوەیان بۆ عێراقییەكان دەخواست تەنانەت بەر لە دواشەڕی ساڵی 2003، دوای شەڕو داگیركردن ئينجا ئەمینداری گشتی دەستەی داكۆكیكردن لە لایەنگرانی ئایین و مەزهەبەكان لە عیراق ئەمەی دووپات كردەوە، چەندین جاریش بە هەمان شێوە لە دوا كۆنگرەكەیدا لە شاری سلێمانی لە كۆتایی ساڵی 2012 هەر جەختی لەسەر ئەمە كردەوە، دوای ئەویش رێكخراوی دۆستانی بەرتڵە( شاری مەسیحیی عیراقییەكان) لە یەكەم كۆنگرەیدا كە لە پاییزی 2013 لە هەولێر بەسترا بە تێروتەسەلی گفتوگۆی لەسەر كرد، كۆنگرەكە بە روونی دووپاتی كردەوە كە پلانێكی دڕندە لە ئارادایە بۆ كۆچ پێكردنی مەسیحییەكان بۆ دەرەوەی عیراق، بۆیە پێویستە لەسەر عیراقییەكان بەرەوڕووی ئەم تاوانە قێزەوەنە چاوەڕوانكراوە ببنەوە، كە بە هەموو شێوازێك پیادەدەكرێت تاكو یەك تاكە مەسیحی لە عیراق نەمێنێت.
بەڵام ئایا مەسیحییەكان بە تەنیا رووبەڕووی تاوانی چۆڵكردنی عیراق دەبنەوە یان شوێنكەوتووانی ئایینەكانی دیكەش بە هەمان شێوە؟ بەڵێ ، لە راستیدا هەر مەسیحییەكان نین، بەڵكو شوێنكەوتووانی مەندائی كە لە ئێستادا تەنیا چەند هەزارێكی كەمیان لێ ماوەتەوە كە پێشتر بە 70 هەزار كەس مەزەندە دەكران، ئەوانە لە هەریمی كوردستان یان لە باكوور نەبوون بەڵكو لە ناوەڕاست و باشووری عیراق بوون، بە زۆرەملێیی ئاوارەكران و موڵك و ماڵیان داگیركرا و پەلاماری ئافرەتەكانیان دان و ژمارەیەك پیاویشیان لێ كوشتن، ئەوانەی دیكەش بەرەو هەرێمی كوردستان هاتن و لێرە نیشتەجێن كە لە سایەی بوونی ئاساییش و سەقامگیری ژیان بەسەر دەبەن، خۆ ئەگەر سەفەری بەسرە بكەن بە كەمیی تووشی هاووڵاتی مەسیحی دەبن چونكە ئەوانیش دەركران و ماڵیان داگیركراو زۆربەشیان بەر تەقینەوەو كوشتن كەوتن و ماڵ وكەنیسەكانیشیان لە بەغداو موسڵیش تەقێنرانەوەو سووتێنران، زۆربەی ئەو خێزانە مەسیحییانە كە بەزۆری لە باشوورو ناوەڕاست و بەغداوە دەركران لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێ بوون، لە ئێستاشدا ژمارەی مەسیحییەكانی موسڵ كە روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە (15000- 20000) كەس دەبێت، هەروەها شەبەكی موسڵیان ناچاركرد كە بێنە هەرێمەوە، كە زیاتر لە 100 هاووڵاتییان لێ كوژرا، بە هەمان شێوە توركمانی تەلەعفەر روویان لە بەغدا یان بابل كرد.
هەموومان دەزانین كە میلیشیا تایفەگەرییەكانی چەكداری شیعە وەكو میلیشیای سوپای مەهدی و حزبولڵا و بەدرو چەند رێكخراوێكی چەكدار كە ئێران لە كاتی خۆیدا دروستی كردبوون، هەر ئەوان بوون كە مەسیحییەكانیان لە ناوەڕاست و باشووری عیراق دوای رووخانی رژێمی پێشوو راونا، هەر ئەوان بوون كە ماڵیان داگیركردو لەژێر هەڕەشەی كوشتندا دەربەردەریان كردن، لە بەغداش مەسیحییەكان بە هەمان شێوە مامەڵەیان لەگەڵدا كرا، بەڵام لە بەغدا بە شێوەیەكی تایبەت قاعیدەی تاوانبارو تیرۆریست بەشداریان لەو كارەدا كرد، وێڕای هەندێ میلیشیای تایفەگەری چەكداری شییعە و گروپی دیكەی چەكدار. خەم و مەرامی ئەوانە تەنیا ئەوە نەبوو كە ماڵ و سامانی مەسیحی و سابئەی مەندائی بدزن وخانووەكانیان بتەقێننەوە و كەنیسەكانیان بسووتێنن، بەتایبەتیش تەقاندنەوەی كەنیسەی سەیدە ئەلنەجات و ئەو قەسابخانەیەی كە لەناو ئەو كەنیسەیە روویدا، بەڵكو مەبەست و مەرامیان ئەوە بوو كە بە یەكجاری نەیانهێڵن و عیراقیان لێ چۆڵ بكەن، بەڵام لە موسڵ هێزەكانی قاعیدەو هەندێ هێزی توندڕۆی ئایینی ناوخۆ كردەوەی تاوانكاریی زۆریان ئەنجام دا، لەوانە كوشتنی قەشەكان و سووتاندنی كەنیسەكان و هەڕەشەكردن بە كوشتنی ژمارەیەكی زۆر مەسیحییەكان بەر لەوەی داعش و بەعسی و نەقشبەندییەكان موسڵ داگیربكەن كە دواتر ناوچەی دیكەی رۆژئاوای عیراقیشی بەدوادا هات.
هاووڵاتیانی مەسیحی و سابئەی مەندائی هەزاران ساڵە هاووڵاتی رەسەنی وڵاتن، بەشدارییان لە بنیادنانی شارستانێتی كۆن و نوێی عیراقدا كردووە، گومانیشی تێدا نییە كە مەسیحییەكان پێش ئەوەی ببنە مەسیحی ئەوان لە هۆزەكانی ئاشووری و كلدانی و سریانی بوون كە بەر لە عەرەب و موسڵمانان لە عیراق نیشتەجێ بوون، تا ئێستاش لە زۆر شاری عیراقی وەك كەربەلا و نەجەف بۆ نموونە زۆر شوێنەواری كەنیسەو دێرەكانیان دەدۆزرێنەوە، كە پێشتر ئەوانە لەو شوێنانە و بەر لە سەپاندنی دەسەڵاتی عەرەبی و ئیسلامی لە عیراق بوونیان هەبووە.
تاوانی چۆڵكردنی عیراق لە شوێنكەوتووانی ئایینەكانی دیكە بەر لە داگیركردنی موسڵ لەلایەن داعشەوە دەستی پێكرد، بەڵام هیچ كام لە حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عیراق دوای رووخانی سەدام بە هیچ شێوەیەك رێكاری پێویستیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردەیە نەگرتەبەر، بەڵكو بێ دەنگییان لێكرد، ناشزانین كام لا بەشداریان تێداكرد، بەڵام بە قەناعەتێكی زۆرەوە دەڵێین كە میلیشیا چەكدارە تایفەگەرەكان ئامڕازی بەكارهێنانی ئەم مەرامە بوون بۆ پاكتاوكردنی بوونی مەسیحی و مەندائییەكان لە عیراق.
لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بكەین كە ئامانجەكە تەنیا مەسیحی و سابئەكان نین، هەرچەندە ئامانجی یەكەمیشن، بەڵكو ئامانجەكە لەوە زیاترە و پەل دەكێشێت بۆ ئەوەی كوشتار لە نێوان شیعەو سوننە بكەوێتەوە، تاكو هەر یەكەیان زیاتر لەوەی دیكە بكوژێت بەمەبەستی ئەوەی ئەو دەوڵەتە هەرەسهاتووەو نەبوونی یاسایە و ناسەقامگیرییەی عیراق درێژەبكێشێت.
ئەركی بەرەوڕووبوونەوەی ئەم رەوتە تاوانكارییەو ئەو شەپۆلە بەهێزە زۆر پیرۆزە و لە هەمان كاتیشدا ئاڵۆزو قورسە، بەڵام نابێ بەهیچ شێوەیەك بەسەریدا رەت بین، ئەمە ئەركێكی لەپێشینەیە و بەرپرسیارێتییەكەی دەكەوێتە ئەستۆی هەموو عیراقییەك كە هەست بە وڵاتپارێزیی و رژانی هەر دڵۆپە خوێنێك بكات و یان هەست بكات بە ئاوارەكردن و راگواستنی هەر مەسیحییەك یان مەندائییەك یاخود یەزیدییەك یانیش هەر موسڵمانێكی شیعە و سوننە لە عیراق كە جارێكی دیكە بۆی نەگەڕێتەوە.
لەسەر هێزە دیموكراتخوازەكانی عیراق و هەموو شەڕەفمەندانی عیراق بە پیاوو ژنەوە پێویستە، بە ئەركی خۆیان بزانن كە رووبەڕووی ئەو هێزانە ببنەوە كە بەرپرسن لەو دۆخەی كە لە عیراقدا دەگوزەرێت، ئەو هێزانەی كە داكۆكیكارن لە مافەكانی مرۆڤ بە رێكخراوو و كۆمەڵەكانی مافی مرۆڤەوە لە ناوەوەو دەرەوەدا، ئەوان بە نیازن لە مانگی تشرینی دووەمی ئەم ساڵدا كۆنگرەیان لە بەرلین ببەستن، بە تەواوی بایەخ بە بەرەنگاربوونەوەی ئەو پیلانانە دەدەن كە دژی مافەكانی مرۆڤ و مافی ژیان لە نیشتمان و كاركردن و كەرامەتن، هەروەها هەوڵ دەدەن ئەوە لەبەر چاوی خۆیان دابنێ كە بیرو پرەنسیب و شەرعییەتدان بە مافەكانی مرۆڤ بڵاو بكەنەوە، یەكێك لە ئەركەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رای گشتیی جیهان ئەوەیە كە یارمەتی و پشتگیریی پێشكەش بە پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان بكات ئەوانەی لەلایەن هێزە تیرۆریستییكانی نێودەوڵەتی و ئیقلمی و ناوخۆییەوە هەڕەشەیان لێ دەكرێت، هەروەها كۆمەكی خێرا پێشكەش بە ئاوارەبووانی مەسیحی و شەبەك و هی تر بكات ئەوانەی لە ترسی داعش و هاوپەیمانەكانیان روویان لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان كردووە، چونكە ناكرێ حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو ئەركە قورسە لە ئەستۆ بگرێت بەبێ پشتیوانیی نێودەوڵەتی و عیراقی، ئەركی راستەوخۆی ئێمەش بریتییە لە بەرزكردنەوەی ورەو چالاكییەكانی خەڵك كە هانی خەبات و خۆڕاگریی دەدەن، لەم روانگەوە بەرزكردنەوەی ورەی یەكدی زۆر پێویستە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو رووداوانەی لە عیراق دەگوزەرێن و هەوڵ بدەین بۆ ئەنجامدانی گۆڕانكاری و پارێزگاریی كردن لەو پێكهاتانە كە لای ئێمەو هەموو عیراقییەكان خۆشەویستن، لە پێناو هێنانەكایەی عیراقێكی مەدەنی و دیموكراسی فیدرالی ئازادو یەكگرتوودا.
تاكە چارەسەری سەركەوتوو بەرامبەر ئەوەی كە لەئێستادا عیراق تێی كەوتووە ئەوەیە كە لەو حكومەتە تایفییە نادروستە رزگاربین و پابەندبین بە پرەنسیبی هاووڵاتیبوون و پێكهێنانی حكومەتێكی رزگاركەریی نیشتمانی كە بتوانێ عیراق لەو مەینەتییە گەورەیە رزگاربكات و بەرەو دەوڵەتێكی مەدەنی و دیموكراسیی فیدرال هەنگاوبنێت كە رێز لە هەموو نەتەوەو ئایین و مەزهەبەكان بگرێت و هەموو شێوازەكانی جیاخوازی رەت بكاتەوە پەرەپێدان و پێشكەوتنی ئابووری و كۆمەڵایەتی و رۆشنبیری بەدی بێنێت و پارێزگاریی لە پێكهاتەكانی كۆمەڵگا بكات كە ئەمڕۆ بەرەوڕووی مەترسییە گەورەكان دەبێتەوەو و زیانێكی زۆری مرۆیی بەدوای خۆیدا دێنێ كە هەرگیز قەرەبوو ناكرێتەوە.