سه ره تاکانی ژنی ئازاد له کوردستاندا1

سه ره تاکانی ژنی ئازاد له کوردستاندا1
ڕووبەری کۆمەڵایەتی، لە هەر شوێنێك و لە هەر قۆناغێکی مێژوویدا، هەمیشە ڕووبەری بەرێککەوتن و ململانێیە. لەنێو ئەم ڕووبەرەدا، چەند پاڵەپەستۆی هەژموونی هەژموونداران بەهێزبێت، هێندەش ئاستی بەرەنگاری هەژموون لەسەرکراوەکان بەرزدەبێتەوە. ئەمە ئەو گریمانە سەرەتاییەیە کە بەشێکی زۆر لە زانستە کۆمەڵایەتیەکانی لەسەر دامەزراوە.
وەك لە بەشەکانی ڕابردوودا ئاماژەمان پێدا، سێبەری هەژموونی سێ ماکرۆ بوونیەی گەورە بەسەر بوون و ئامادەیی ژنی کوردیدا کشاوە : ئاین و حزب و خێزان! هەر یەکێك لەم سێ ماکرۆ بونیەیە، بەشێوەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، شوناسی ژن وەك کەسێکی لاواز، خزمەتکار، دیکۆر، دەستەمۆ، ماڵیکراو، بێدەنگ، شەرمن، پەراوێزخراو، پلە دو، کەمتر، بچوکتر، بێ توانا،...، بینادەکەن. لەو شوێنەدا ئاین دەوەستێت، حزب دەستپێدەکات، لەو شوێنەدا حزب دەوەستێت، خێزان دەستپێدەکات. لە چەندین پانتاییشدا، هەر سیانیان پێکەوە گەمارۆی ژن دەدەن و کار لەسەر بون و ئامادەیی وەك مرۆڤ دەکەن.
کەمنین ئەو دۆخانەی کە هەر یەکێك لەم سێ ماکرۆ بوونیەیە بەکاری دەهێنن بۆ فێڵکردن لە دەرەوەی خۆیان و شاردنەوەی ئەم هەژموونە مێژووییە «ئەژدیهایە» یان بەسەر ژنەوە، دێن و باس لەوە دەکەن کە ئەوان «مافی ژنیان داوە»! بۆنمونە حزبەکان باس لەو 3 تا 4 ژنە دەکەن کە جار جار دەیانبەنە مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و وەك نموونەی یەکسانی نێوان ژن و پیاو بەدەرەوەی دەفرۆشن. ئایندارەکان باس لەو دەقانە دەکەن کە خوا داوادەکات ڕێز لە ژن بگیرێت، خێزانەکان باس لەوەدەکەن کە نەك هەر لە ژنان نادەین بەڵکو لە ماڵەوە وەك شاژن دەیانژێنن ! بێگومان هەر یەکێك لەم گوتارانە پڕن لە مانای سۆسیۆلۆژی گەورە، کە لای من سەرەتاییەکەیان بریتیە لەوەی: چەند ئەم ماکرۆ بوونیانە هەوڵی «شاردنەوەی» واقیعی بابەتیانەی ژنی کوردی بدەن، هێندەش «ئابڕو»ی خۆیاندەبەن و لەبەردەم لێکدانەوە سۆسیۆلۆژیەکاندا ڕووتدەبنەوە.
سەلماندنی ژن وەك مرۆڤ، مرۆڤێکی تەواو وەك پیاو، بریتی نییە لەوەی کە تۆ چەند ژنێك بگەیەنیتە مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی، یان باس لە بەزەیی هاتنەوە بە «زەعیفە»دا بکەیت، یان وەك دابەستە لە ماڵەوە خزمەتی بکەیت. بەڵکو بریتیە لە دەستکاریکردنی ئەو ڕوانینە کۆمەڵگەییەی کە لە نێو کولتوری نێرنەی باڵادا دروستبووە. لەنێو ئەم کولتورەدا هەمو شتێك لە نێرەوە سەرچاوه دەگرێت و لە خزمەتی نێردایە: ئاین ئاینی نێرەکانە، حزب حزبی نێرەکانە، خێزان خێزانی نێرەکانە و پێگەی ژن لەنێو هەر یەکێك لەم ماکرۆ بوونیانەدا هەمیشە لە ئاستی پلە دوودایە. ئەوانەی کە دوور لە فێڵکردن دەیانەوێت دەستکاری پێگەی ژن بکەن، دەبێت پێش هەر شتێك دەستکاری ئەم کولتورە بکەن، نەك هەر شتێکی دیکە.
بەڵام ئایا لە کۆمەڵگەی کوردستانیدا، کە مێژووەکەی یەکسانە بە مێژووی نێرەکان، ئێمە دەتوانین باس لە «بەرەنگاری/ڕێزیستانس»ی ژن بکەین ؟ بەرەنگاری لەپێناوی سنوردارکردنی دەسەڵاتی نێرینە و سەلماندنی خودی ژن وەك مرۆڤی بێ مەرج، مرۆڤی یەکسان بە پیاو، مرۆڤی ئازاد، مرۆڤێك کە هیچ هێڵێکی سووری نەبێت کە هێڵی سووری پیاو نەبێت!
من پێموایە، لەم قۆناغە مێژووییەی کۆمەڵگەی کوردستانیدا، ئێمە دەتوانین لە پێنج ڕووبەری سەرەکیدا باس لە «بەرەنگاری/ڕێزیستانس»ی ژن بکەین، کە دەکرێت بەمشێوەیە ناویان بنێم: بزووتنەوەکانی ژنان، میدیاکان، پەروەردە و خوێندن، کار، تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی سەر ئەنتەرنێت.
بزووتنەوەکانی ژنان
لە کوردستانی ئەمڕۆدا ئێمە 17 ڕێکخراوی ژنانمان هەیە کە لینکیان لەگەڵ حزبە کوردستانیەکاندا هەیە، 9 ڕێکخراوی ژنانمان هەیە کە سەربەخۆن، 18 بڵاوکراوەمان هەیە کە تایبەتن بە پرسی ژن. کۆی هەموو ئەم ڕێکخراو و بڵاوکراوانە، گەر وەك ڕووبەری جووڵانەوەی ژن وەریان بگرین، یەکسانن بە 44 ڕووبەر.
هەر لەسەرەتاوە دەبێت ئەو گومانە بڕەوێنمەوە کە کەسانێك پێیانوابێت من بزووتنەوەی ژنان لە کوردستاندا بەراورد دەکەم بە بزووتنەوەی ژنان لەوڵاتێکی بۆ نمونە وەك فەرەنسادا. بەراورد بەمانای پێوانە و بڕیاردان. ئەمە نەك هەر گونجاونیە، بەڵکو هەڵەیەکی میتۆدۆلۆژیشە، چونکە ئەم دوو بزووتنەوەیە لە دوو مێژووی کۆمەڵگەیی جیاوازدا کاردەکەن، کە هەڵگری دوو جۆر لە خەون، ستراتیژی، بەرژەوەندی، نۆرم و گرەوی جیاوازن.
بەڵام ئەم جیاوازیانە مانای ئەوه نییە کە بزوتنەوەی ژنان لە کوردستاندا توانای «ئەکشن»، جوڵانەوە، بەرەنگاری و ململانێی نییە. بەپێچەوانەوە، من پێموایە هەر یەکێك لەو 44 ڕووبەرەی کە ئاماژەمان پێدا، سنووری کراوەن بەڕووی مانۆڕە جۆراوجۆرەکانی ژناندا. گەر ژنی کوردستانی دەرەوەی ئەم ڕووبەرانە، لە زۆربەی دۆخەکاندا بریتی بێت لە ژنێکی کپ، بێدەنگ، خامۆش، خەمگین، داخراو، ماڵیکراو، دەستەمۆ، دابەستە، دەتوانین بڵێین، ژنی کوردستانی ناوەوەی ئەم ڕووبەرانە، با لە ئاستێکی نزمیشدا بێت، بریتییە لە ژنێکی قسەکەر، دەنگدار، ڕابو، کراوە، فڕیو، جوڵاو و خرۆشاو. گەر ژنی دەرەوەی ڕێکخراوەکان هەمیشە لە چاوەڕوانی پیاوێکدابێت کە بگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە بۆئەوەی خێری پێبکات، ژنی ناوەوەی ڕێکخراوەکان فێری ئەوەدەبن کە خۆیان بخەنە دۆخی چاوەڕوانیکراو لە لایەن پیاوێکەوە کە چیدی ناتوانێت جەستەیان بکات بە کێڵگەی زەبروزەنگەکانی.
دەکرێت لێرەدا کوشتنی دونیا و کاردانەوەی ڕێکخراوەکان وەك نموونە بپشکنین. دونیا کچێکی 15 ساڵانە، پاش مارەکردنی لە پیاوێکی 45 ساڵانە، واتە 30 ساڵ جیاوازی لەنێوانیاندا، بەناوی تاوانی شەڕەفەوە، دەیکوژێت و لاشەکەی دەکات بە چەندین پارچەوە. پاش دۆزینەوەی تەرمی دونیا، بکوژەکەی ڤیدیۆیەك بڵاودەکاتەوە و باس لە هۆکارەکانی «تاوانەکەی» دەکات.
چۆن ڕێکخراوەکان لەگەڵ ئەم ڕووداوەدا مامەڵە دەکەن و کارایی مۆدەکانی مامەڵەکردنیان لەسەر ژنانی نێو ڕێکخراوەکان چیە؟
سەرەتا ڕێکخراوەکان پێکەوە کۆدەبنەوە، پاشان بەیان دەردەکەن و دواتر دەڕژێنە سەر جادەکان و خۆپیشاندان دەکەن. واتە سێ کردەی یەك لەدوای یەك: کۆبوونەوە، بەیاندەرکردن، خۆپیشاندان. هەر یەکێك لەم کردانە پێویستیان بە ئامادەیی ژنێك هەیە کە قسەبکات، کە بجووڵێت، کە بیربکاتەوە، کە پرسیار بکات، کە ناڕازی بێت، کە گومان لەسەر نۆرمە نەگۆڕەکان دروستبکات، کە بەها مێژوییەکان بخاتە ژێر کردەی خود-لێکدانەوەوە.
ئەم ژنە لەهەر ئاستێکدا بێت، هەر بڕوانامەیەکی هەبێت، سەربە هەر چینێکی کۆمەڵایەتی بێت، لە هەر تەمەنێکدا بێت، لە هەر ناوچەیەکی جوگرافی کوردستاندا پەروەردە کرابێت، کاتێك لەنێو ئەم «پرۆسێس»ەدا خۆی دەبینێتەوە ئیدی وشیار بێت یان نا بە هەلومەرجەکەی، ڕاستەوخۆ پێدەنێتە نێو یەکێك لە ڕووبەرەکانی پراکتیککردنی «خود»ی خۆیەوە، خودی خۆی وەك ئەوەی کە خەونی پێوه دەبینێت، نەك وەك ئەوەی کە لەنێو پرۆژەیەکی بەکۆمەڵایەتیکردندا، کۆمەڵگە «خەلقی»کردووە. ئەم ڕووبەرە، کە تا دوێنێ تەنها لە ئەدەبدا «مومکین» بوە، ئیدی وەك جوگرافیایەکی فیزیکی خۆی دەخاتە بەردەست ژنێك کە دەتوانێت کار لەسەر بەدیهێنانی بەرژەوەندیەکانی، خواستەکانی، پرۆژەکانی وەك ژن بکات و وەریان بگێڕێتە سەر واقیعێکی کۆنکرێتی.
کێ دونیای کوشت ؟ بۆ کوژرا ؟ هۆکارەکان چین؟ ڕۆڵی ئاین، حیزب، خێزان، ترادیسیۆن، کولتور لەم تراژیدیایەدا چییە؟ چی بکرێت بۆ بەرەنگاربونەوەی کوشتنی دنیاکان؟ چەند ڕێگامان لە بەردەستدایە؟ چۆن ژنان سازبدەین؟ لەسەر جادەکان چی بڵێین؟ چ جۆرە پرۆژە یاسایەك ئامادەبکەین؟...
لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی هەر یەکێك لەو 44 دەزگایەی کە تایبەتمەندن لەسەر هەلومەرجی ژن لە کوردستاندا، هەر یەکێك لەو پرسیارانە دەوروژێنرێن، تاوتوێ دەکرێن و لەچەندین ئاستی جیاوازدا دەخرێنە ژێر کردە شرۆڤەکردنەوە. لەسەر ئاستی سۆسیۆلۆژیا، پرۆسێسێکی لەم شێوەیە بەشێکی زۆر لە شانسەکانی لەبەردەستدایە بۆ «ڕاهێنانی» ژن لەسەر میکانیزمی بەرەنگاری. بەڵام ئایا لەڕێگای ئەم ڕاڤەکردنانەوە، من دەمەوێت بزووتنەوەکانی ژنان وەك «ئایدیال» بخەمە سەر شانۆ ؟ ئایا ئەمە یەکسانە بەوەی کە بزووتنەوەی ژنان سەرکەوتووبوون لە بەدیهێنانی ئامانجەکانیاندا و توانیویانە کۆی بوونیە زەبەلاحەکان بخەنە سەر ئەژنۆ؟ بێگومان نەخێر. ئەم بانگەشەیە نە من دەتوانم بیکەم، نە خودی بزووتنەوەکانی ژنانیش دەتوانن بیکەن.
* سۆسیۆلۆگ و مامۆستای زانکۆ لە پاریس
Top