پێگەی سیاسەت لە ئیسلامدا، چەند راستییەک لەم بابەتەوە بزانە

پێگەی سیاسەت لە ئیسلامدا، چەند راستییەک لەم بابەتەوە بزانە
بەداخەوە، تێکەڵ و پێکەڵەیەکی یەکجار زۆر لەنێوان هەردوو چەمکی ئیسلام و چەمکی سیاسەت دروست کراوه، بەجۆرێکی وا كە ئیسلامیان لە پەیامە روحییە دینییەکەی کە پێکهاتووە لە باوەڕ و ئیمان بەخوای بێ هاوتا و پاککردنەوەی نەفس، لە رێگای کتێبی خوداو رەوشتی پێغەمبەر((درودی خودای لەسەر بێ)) ئیسلامیان لاداوەو سیاسەتیان کردۆتە توخم و پێکهێنەری ئیسلام، ئەمەش وەکو ئامڕازێک بۆ گەیشتنیان بەدەسەڵات..
لەگەڵ ئەم کارە چەوتەشیاندا، توندڕەوەکان لە سوریا یەکتری دەکوژن، پێشتریش لە ئەفغانستان یەکترییان دەکوشت و هەروەها لە جێگای تریشدا، هەرهەمووشیان خۆیان بەغەزاکەر و موجاهید دادەنێن؛ ئەو موسڵمانانەی لەگەڵیان نین بەکافر یا مونافیق ناوزەد دەکرێن.
ئەی ئەوە تێکەڵ و پێکەڵی نییه؟ ئەدی خوێنڕشتنی خاوەن روحی بەستەزمان و بێ گوناهـ بەناوی جیهادوە جگە لە تەحریف و ناشیرین کردنی ئیسلام، چ مانایەکی تری هەیه؟ ئەی لە چ دینێک و رێبازێکدا بەکافرکردنی خاوەن ئیمان رەوایه؟
ئەوەی باسمان کرد تاکه تەنگوچەڵەمەیەک نییە رووبەڕووی ئیسلامی خاوەن سرووش و محەمەد(درودی خودای لەسەر بێ) بووبێتەوە، بەڵکو لەبەرهەرهۆیەک بێت لە زۆرلایەنی تریشەوە، ئەم تێکەڵییە هەیە، تەنیا زانای وردو شارەزا لە زانستەکانی ئیسلامی و عەرەبیدا سەری لێدەردەچێت. بۆ نموونە:
- تێکەڵبوونی یا تێکەڵکردنی پێکهاتەکانی راستەقینەی ئیسلام و ئیمان لەگەڵ کەلتوری زەمان و مەکان.
- تێکەڵکردنی سوننەتی خودا، کە ناگۆڕدرێ لەگەڵ سوننەتی ئادەمیزاد کە هاتووە بە ناوونیشانی (سنن من قبلکم) کە قابیلی گۆڕانه.
- تێکەڵبوونی دنیاو ئایین(مقدس و مدنس) راست و ناڕاست(شەریعەو فیقه) تێکەڵبوونی داب و نەریتی عەرەبان لەگەڵ رێنماییەکانی ئیسلام.
تێکەڵبوونی ئەوەی ناگۆڕدرێت «ثوابت» لەگەڵ ئەوەی قابیلی گۆڕانه «متغیرات».
تێکەڵبوونی فەرموودەی راست و ئەم قسانەی هەڵبەستراون بەناوی فەرموودەی پێغەمبەر کە پێی دەڵێن «حەدیثی مەوضوع» یا نە گونجاو لەگەڵ رێنمایی قورئانی پیرۆزدا.
لە ئەنجامی ئەم تێکەڵبوونەی، کە دەبوایە زیاتر شرۆڤە بکرایە و ئێستاش ئەرکی توێژەرەکانمانە ئیشی لەسەر بکەن، لەجیهانی ئیسلامیدا بە تایبەتی لە ناو کوردەواری خۆماندا هەندێکی تریش هەن، بێ ئەوەی مەبەستیان بێ، زیان بە میللەت و ئیسلام دەگەیەنن، خۆیان بە زانای ئیسلام لەقەڵەم دەدەن؛ بەڵام بە پێچەوانەی پەیامی کرانەوەو پڕ بەزەیی و عەقڵانییەتی ئیسلام، بانگخواز و فەتوا بڵاودەکەنەوەو شتە جوانەکانی ئەم چەرخە بە حەرام یا مەکروهـ ناوزەد دەکەن، کەچی خودای عالەم فەرموویەتی: «هو الذي خلق لكم ما في الأرض جمیعا» هەرچی لەم زەویەدایە بۆ ئێوەم دروست کردووه. سوودی لێوەربگرن، بۆیەش، زانایانی عیلمی فقەو أصول، دەڵێن: هەموو شتێک لە بنەچەدا دروست و حەڵالە؛ تەنیا بە بەڵگەی سەلمێندراو حەرام دەبێت. «ألأصل فی الأشیاء الإباحە».
بێگومان، ئەم ئیشکالیاتانە لە لایەنی هزریی و واقیعیدا جددین و، چارەسەریان پێویستە؛ بەڵام لە توانای تاکە کەسێکی زانادا نییە، ئەرکەکەی دەکەوێتە سەر زانایانی جیهانی ئیسلامی بە تایبەت زانایانی زانکۆی ئەزهەری قەدرگران. چونکە ئەزهەر، جگە لە پێگە زانستییەکەی، لەڕووداوەکانی ئەم دواییەدا سەلماندی، کە دروشمی بریقەداری سیاسەت نەیتوانی بیخلیسکێنێتە ناو سیاسەتەوە لەسەر حیسابی پرەنسیبە بنەرەتییەکانی نەگۆڕیی ئیسلام.
ئەوەی بە من بکرێت، لەم ئەرکە قورسەدا، هەر وەکو شارەزایەکی کورد لە زانستە ئیسلامییەکاندا، بۆلابردنی هەندێک لەم تەمومژییانە، چەند خاڵێک لەپرەنسیپە بنەڕەتییەکانی ئیسلام و راستییەکانی سەپێندراوی هزریی ئیسلامی بخەینە پێش چاوتان:
١ - سیاسەت، کە دەکاتە زانستی دەسەڵات بە هەر سیستمێک، بەشێک نییە نە لە ئیمان نە لە ئیسلام؛ بەڵام زەڕورەتێکی کۆمەڵایەتیە، کۆمەڵگای موسڵمانیش وەکو هەر کۆمەڵگایەک پێویستیان بە دەسەڵاتی خۆیان هەیە بۆ دابینکردنی ئاشتی کۆمەڵایەتی، بۆیەش لای زانایانی زانستی کەلام وفقه، جگە لە شیعەکان، سیاسەت، بە واتای ئیمامەت، نە کراوەتە بەشێک لە دین، بەڵكو لە دەرەوەی دین باس کراوە، وەکو ئەرکێکی عەقڵی یا شەرعی. خۆ ئاشکراشە، نە لە قورئانی پیرۆزداو نە لە فەرموودەکانی پێغەمبەردا سیستمی سیاسی «نظام الحكم» نە بە کورتی و نە بە درێژی باس نەکراوە؛ تەنیا چەند پرەنسیپێکی عەقڵانی ئینسانی نەبێت کە گونجاون لەگەڵ ویژدان و سروشتی مرۆڤدا، وەکو دادپەروەری و هەماهەنگی و یەکسانی.
٢ – هەموو زانایانی مێژووی سیرەتی محەمەد(درودی خودای لەسەر بێت)نووسیویانە و دەڵێن:
خاوەن هێزو دەسەڵاتەکانی قورەیش، کە هەستیان کرد بە خەتەرناکی قسەکانی محەمەد، لەسەر پێگەیان لە نێو قورەیش و عارەب، هەڵستان، لەگەڵ ئەبوتاڵبی مامی، چوونە لای، ئەم بابەتە بنبڕبکەن، یەکەم قسەیان ئەوە بوو: ئەی محەمەد ئەگەر دەسەڵاتت دەوێت «ملکناک» دەتکەینە خاوەن دەسەڵات «ملک» بە مەرجێك، لە داوای تاقوتەنیایی خوداو دژایەتی بتەکانیان وازبێنی.
لە وەڵامیاندا، فەرمودەیەکی وت، تائێستا زەمان سەری سوڕماوە لەم جۆرە ئیمانەی هەیبووە بە پەیامە خواییە ئیسلامیەکەی، هەمیشە دەیڵێنەوە وەکو نموونەی ویست و عەزیمەتێک کە هیچ هێزێکی ماددی نەیتوانی لە مەبەستەکەی دووری بخاتەوە.
فەرمووی «والله لو وضعوا الشمس علی یمینی والقمر علی یساری ما ترکت هذا الأمر أو أهلک دونه» سوێند بە خودا ئەگەر رۆژ لای راستم دابنێن، مانگ لای چەپم؛ بۆ ئەوەی لەو پەیامە واز بێنم، وازی لێناهێنم، دیارە، پەیامەکەی «لا اله إلا الله» بوو، سیاسەت و دەسەڵات و سیستمی سیاسی نەبوو.
٣ـ پرسێکی تری ترسناک و نابەجێ هەر لە دەستپێکی ئیسلامدا، هەر لە زەمانی ئیمامی عەلی سەریهەڵدا، نەیارەکانی، کە بە «خوارج» ناو دەبران، بۆ یەکەمجار وەکو ئامڕازی سیاسی، دینیان بەکارهێنا، دوور لە مەبەستی راستەقینەی ئایەتە پیرۆزەکەی وەکو بەڵگەو دروشمی ئەم پرسە دەیانگوتەوە ئەویش ئایەتی «إن الحکم إلا لله». شرۆڤەیەکی فیتنە ئەنگێزیان بۆ کرد، دژی ئیمامی عەلی.
ئیمامی عەلییان کافر کرد، کوشتنی ئەویان حەڵال کرد؛ چونکە بە حوکمی ئادەمیزاد بۆ کۆتایی شەڕ لە نێویان، رازی بوو.
وەکو سەرچاوە مێژووییەکان نووسیویانە، (عبدالله)ی کوڕی عباس دەچێتە لایان، بۆ ئەوەی، بۆیان بسەلمێنی کە واتەی «حکم» لەم ئایەتەدا لەگەڵ بۆچوونی ئەوان ناگونجێ، دیالۆگێکی بابەتیانە و ئارامانەی لەگەڵ کردن، فەرمووی: ئەی قورئان نەیفەرمووە «وإن خفتم شقاق بینهما فابعثوا حکما من أهله وحکما من أهلها»؟ دیارە خودا لەم ئایەتەدا حوکمی داوە بە ئادەمیزادو بێگومان کافریش نابێ.
هەروەها لە ئایەتێکی تردا دەفەرمووێ «کەسێ نێچیرێک لە شاری مەكکە لە کاتی ئیحرامدا بە عەمدی بکوژێ هەر وەکو ئەوەی کوشتی، سزاکەیەتی، ئەوانەی لە نێو ئێوە دادپەروەرن حوکمی پێ دەکەن».
بەداخەوە، بەدرێژایی مێژووی ئێمەی موسڵمان، توندڕەویی لە دین یا توندڕەویی لە بۆچوونی سیاسی کە لەم چەرخە بە ئیسلامی سیاسی ناسراوە، لەم پرسەیەی کە ناونیشانی «حاکمییەتی خودایان پێداوە «حاکمیە الله» سەری هەڵداوەتەوە، زۆر لە زانایان و نووسەران کۆکن کە سەید قوتب، لە ئاکامی ئەزموونە تاڵەکەی خۆی، ئەم بیرۆکەیەی وروژاندووە لەگەڵ رۆژنامەنووسی موسڵمانی هیندی ناسراو بە «مەودودی» بێگومان دەبوایە بزانن کە زۆربەی هەرەزۆری جیهانی ئیسلامیی کۆڵەواری زانستن، زۆربەیان، کەلتووری چەسپاو لە سەریان «ترغیب و ترهیب»، عاتیفەتە، عەقڵانی نییە، دەبوایە بزانن ئەم بیرۆکەیە، بەم ئەزموونە مێژووییە فیتنە ئەنگێزە، ئاگرێکی گەورە هەڵدەگیرسێنێت لە نێو ماڵی موسڵمانان، کە ئێستا روویداوەو ئاشکرایە.
ئیمە، لە کۆڕبەندی هزری ئیسلامیدا لە کوردستان، شانازی دەکەین کە بە شێوازێکی زانستییانە توانیومانە، لە پڕۆژە هزرییەکەی کۆڕبەندەکەمان، ئەم پرسە کۆنەو هاوچەرخە چارەسەربکەین.
بە کورتی، بە گوێرەی سیاقی ئایەتی «إن الحکم إلا لله» لە سورەتی یوسف ٦٧ هەروەها لە جێگایەکانی تریش، واتای «حکم» قەزاو قەدەرە، تەشریع و سیاسەت نییە.
٤ – خودای خاوەنی بوون و نەبوون، مرۆڤی کردۆتە «خەلیفە»ی خۆی، لەم زەوییەدا، عەقڵ و زانستی پێداوە، بەرپرسە لە ژیان و کردەوەی خۆی. ئەوەیە مرۆڤایەتی. جودای کردۆتەوە لە بوونەوەرەکانی تر. لە سورەتی هود ئایەتی ٦١ هاتووە «هو أنشأکم من الارض واستعمرکم فیها» مانای وایە: خەلق و دروستکردن لە نەبوون، کاری خودایە، ئاوەدانكردنەوەو شارستانیەت کاری مرۆڤە، رێکخستنی کۆمەڵگاش بەشێکی دیارە لەم شارستانیەتەدا، ئیتر چۆن یاسادانان بە کوفر دادەنێن؟
* سەرۆكی كۆڕبەندی هزری ئیسلامی
Top