ژنی کوردستانی و خێزان لە زانكۆكاندا بەشێك بەناوی زانستە كۆمەڵایەتییەكانی خێزانی كوردستانی بوونی نییە 3

ژنی کوردستانی و خێزان لە زانكۆكاندا بەشێك بەناوی زانستە كۆمەڵایەتییەكانی خێزانی كوردستانی بوونی نییە 3
لە چەندین وڵاتی ڕۆژئاواییدا، هەر لە ئیسپانیاوە تا دەگاتە فەرەنسا و سوێد و نەرویژ، دەسەڵاتی یاسادانان، ژیانی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای ئەم گۆڕانە بونییەویە فراوانانە داڕشتووەتەوە و هەر یەکێك لەو فۆرمە نوێیانەی خێزانی بەپێی یاسا ڕێکخستووە. لێرەوە، وردە وردە، لەنێو دادگاکاندا، لەبەردەم دادوەرەکاندا، سنورێك بۆ ئەو تێزانە دادەنرێت کە ئەرزشی بە فۆرمێکی تایبەت لە خێزان دەدا و فۆرمەکانی دیکەی بێ-ئەرزشدەکرد.
لە کۆمەڵگەی کوردستانیدا، تا ئەم ساتەوەختەش، فۆرمی هەژموونداری خێزان، لەنێو هەموو چینە کۆمەڵایەتیەکاندا (بۆرژوا، وردە بۆرژوا، کرێکار، جووتیار، فەرمانبەر، چینی ناوەند، چینە نەرمەکان، چینە خواپێداوەکان، چینە کڵۆڵەکان)، لەنێو هەمو حیزبە سیاسییەکاندا (پارتی، یەکێتی،گۆڕان، یەکگرتوو، کۆمەڵ)، لەنێو هەمو ئایدۆلۆژیەکاندا (عەلمانی، ئیسلامی، چەپ، ڕاست)، لەنێو هەموو تەمەنەکاندا (لاوان، پیران)، لەنێو هەمو سێکسەکاندا (پیاو، ژن)، لەنێو هەموو خاوەن بڕوانامەکاندا (شەشی ئامادەیی، بکالۆریۆس، ماستەر، دکتۆرا)، بریتییە لەو شتەی کە زانستە کۆمەڵایەتییەکان، بە درێژایی مێژوو ناویان ناوە : خێزانی ترادیسیۆنێل.

خێزان، کە یەکێکە لە دەزگا هەرە مێژوویی و بەهێزەکانی دروستکردنی مرۆڤی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگەی کوردستانیدا، تا ئێستا نەبووە بە یەکێك لە مەیدانە بەهێزەکانی توێژینەوەی زانستی. کۆی زانکۆکانی کوردستان، سەنتەرەکانی توێژینەوە و ئەو هەموو ملیۆن دۆلارەی کە وەزارەتی خوێندنی باڵا لە خوێندکاران و مامۆستایان و پرۆسەی خوێندنی باڵادا خەرجی دەکات، نەیانتوانیوە شتێك بەناوی «زانستە کۆمەڵایەتییەکانی خێزانی کوردستانی» دروستبکەن. لەکاتێکدا یەکەم ئەرکی زانکۆ بریتییە لە دروستکردنی زانست، زانکۆی ئێمە، نەك هەر زانست دروست ناکات، بەڵکو ئەو زانستەش کە تائێستا لە زانکۆ جیهانییەکاندا دروستکراوە، ناتوانێت بیگەیەنێت بە خوێندکارەکانی!
لەهەلومەرجێکی ئاوادایە کە قسەکردنی من لەسەر بونیادی خێزانی کوردستانی و پاشان پێگەی ژن لەم خێزانەدا، دەبێت بە کارێکی زۆر سەختی نزیك لە موستەحیل. چونکە دەستپێکردنە لە خاڵی سفرەوە، سازدانی خاڵی سفرە، دەرچوونە لە بۆشایی یەکەمەوە. بەو مانایەی کە کارێکی جددی نییە کە من ڕەخنەی لێبگرم و لە خاڵە لاوازەکانییەوە دەست پێبکەم. دەبێت خۆم خاڵی بەهێز و لاوازی خۆم بم.
خێزانی کوردستانی
قسەکردن لەسەر خێزان، وەك دیاردەیەکی کۆمەڵگەیی مێژوویی، چیدی بەتەنیا قسەکردن نییە لەسەر یەك چوارچێوەی جیهانی بێ زەمان و بێ مەکانی یەکگرتووی یەکگرتووکاری یەکگرتووکراوی ئەودیو کولتوورەکان، ئایینەکان، نەتەوەکان، زمانەکان، چینەکان. بەڵکو قسەکردنیشە لەسەر چەندین چوارچێوەی جیاواز کە رەنگە بەشێکی زۆریان تا ئێستاش بە کۆمەڵگەی کوردستانی نامۆبن. لەوانە خێزانی هاوڕەگەز، خێزانی سەرلەنوێ پێکەوە لەحیمکراو، خێزانی یەك سەرە، هتد. لەنێو کۆمەڵگەکانی مۆدێرنیتێی ڕۆژئاواییدا، هەر یەکێك لەم فۆرمانە لە خێزان ئامادەیە و بوون بە بەشێك لە ژیانی کۆمەڵایەتی و کولتوریی هاووڵاتیان.
لە چەندین وڵاتی ڕۆژئاواییدا، هەر لە ئیسپانیاوە تا دەگاتە فەرەنسا و سوێد و نەرویژ، دەسەڵاتی یاسادانان، ژیانی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای ئەم گۆڕانە بونییەویە فراوانانە داڕشتووەتەوە و هەر یەکێك لەو فۆرمە نوێیانەی خێزانی بەپێی یاسا ڕێکخستووە. لێرەوە، وردە وردە، لەنێو دادگاکاندا، لەبەردەم دادوەرەکاندا، سنورێك بۆ ئەو تێزانە دادەنرێت کە ئەرزشی بە فۆرمێکی تایبەت لە خێزان دەدا و فۆرمەکانی دیکەی بێ-ئەرزش دەکرد.
لە کۆمەڵگەی کوردستانیدا، تا ئەم ساتەوەختەش، فۆرمی هەژموونداری خێزان، لەنێو هەموو چینە کۆمەڵایەتیەکاندا (بۆرژوا، وردە بۆرژوا، کرێکار، جووتیار، فەرمانبەر، چینی ناوەند، چینە نەرمەکان، چینە خواپێداوەکان، چینە کڵۆڵەکان)، لەنێو هەمو حیزبە سیاسییەکاندا (پارتی، یەکێتی،گۆڕان، یەکگرتوو، کۆمەڵ)، لەنێو هەمو ئایدۆلۆژیەکاندا (عەلمانی، ئیسلامی، چەپ، ڕاست)، لەنێو هەموو تەمەنەکاندا (لاوان، پیران)، لەنێو هەمو سێکسەکاندا (پیاو، ژن)، لەنێو هەموو خاوەن بڕوانامەکاندا (شەشی ئامادەیی، بکالۆریۆس، ماستەر، دکتۆرا)، بریتییە لەو شتەی کە زانستە کۆمەڵایەتییەکان، بە درێژایی مێژوو ناویان ناوە: خێزانی ترادیسیۆنێل.
خێزانی ترادیسێۆنێل چیە ؟
بێگومان بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە سەدان سۆسیۆلۆگ، چەندین وەڵامیان پێشنیارکردووە و چەندین ئاستی جیاوازیان لێکداوەتەوە. ئەوەی بەلای ئێمەوە، لە ئێستا و ئێرەدا گرنگە، دروستکردنی لیستێك بۆ ئەو سۆسیۆلۆگ و ئەو وەڵامانە نییە، هەرچەند کارێکی وەها بایەخی تایبەتی خۆی هەیە و ئومێدەکەم لە کات و شوێنی دیکەدا کەسێك ئەنجامی بدات، بەڵکو پێنشیارکردنی چوارچێوەیەکی گشتییە کە بتوانێت تا ئاستێکی فراوان، بەشێکی زۆر لە ڕەهەندەکانی ئەم مۆدێلە لە خێزان هەرس بکات.
لێرەوە ئێمە خێزانی ترادیسیۆنێل وەك بونیەیەك دەبینین کە پێش هەر شتێك ڕەگوڕیشەکانی لەنێو مێژوویەکی کۆمەڵایەتیدا دەدۆزینەوە، نەك لەنێو مێژووی دیاردە سروشتیەکاندا. واتە خێزان یەکێك نییە لە بەڵگەنەویستە سروشتیەکانی وەك سەرما و گەرما، بەڵکو دیاردەیەکی کولتورییە و لەنێو مێژووە بەشەریەکاندا و لەلایەن خودی بەشەرەکانەوە بینادەکرێت.
ئەم بونیەیە کە هەمیشە تەواوی دەسەڵاتەکان بە ڕەگەزی نێر دەبەخشێت و ڕەگەزی مێ وەك شوێنكەوتوو، گوێڕایەڵ، پەراوێزخراو، بێدەنگ، خزمەتکار وێنادەکات، هەڵگری گونجانێکی ناوەکی بەهێزە و لەیەک کاتدا بە چوار ئاڕاستەی گەورەدا کاردەکات و دەجووڵێت:
ئاڕاستەی خۆبەرهەمهێنانەوە. لەڕێگای دروستکردنی منداڵ لەدوای منداڵ، درێژە بە مێژووی کۆمەڵایەتی خۆی دەدات و لەنێو ڕووبەرەکاندا پێگە دانپیادانراوەکانی بەرهەم دەهێنێتەوە و نەوە بە نەوە پەیامەکان بەیەکتری دەگەیەنن.
ئاڕاستەی هاوئاهەنگی. دەزگای خێزان تەواوی میکانیزمەکانی دەخاتە کار بۆ سڕینەوەی هەر جیاوازیەك کە گریمانەی سەرهەڵدان و پاشان دڕانی لاپەڕەیەك لە لاپەڕەکانی مێژووی خێزانی لێبکرێت. خێزان هەمیشە دەیەوێت وەك ئاهەنگێکی مۆسیقی سازگار دەربکەوێت و جیاوازی وەك نەخۆشی تەماشا دەکات.
ئاڕاستەی سەقامگیری. لە یادەوەری دەستەجەمعی خێزاندا هیچ شتێك خراپتر نییە لە هەڵوەشانەوە یان دابڕان. بێهوده نییە کە هەموو ئایینەکان بە توندی دژایەتی هەڵوەشانەوەی خێزان دەکەن، بەڕادەیەك کە لە هەندێك ئاییندا پاش جیابوونەوە، نە پیاو بۆی هەیە ژن بێنێت، نە ژنیش بۆی هەیە شووبکاتەوە.
ئاڕاستەی کۆتاییش بریتییە لە بەکۆمەڵایەتیکردن. پێش قوتابخانە، پێش زانکۆ، پێش مزگەوت و کەنیسە، خێزان ئەو دەزگایەیە کە هەر لە هاتنە دنیاوە، ئەرکی پرۆسێسی بەکۆمەڵایەتیکردنی مرۆڤ دەبینێت. خێزان ڕووبەری یەکەمی دروستکردنی مرۆڤی کۆمەڵایەتییە و لەم ڕووبەرەدایە کە سەرەتای دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ نۆرم، ڕێکخستن، ناو، ڕێسا و گرەوە کۆمەڵایەتییەکاندا دروست دەبێت.
لە جوگرافیای کۆمەڵایەتی ئەم خێزانەدا، هەموو داتاکان بەرەو ئەوەمان دەبەن کە پێگەی ژنی کوردستانی، تا سەر ئێسقان، پێگەیەکی هەژموون لەسەر کراوە. لە خێزانی کوردستانیدا، تەواوی ئەرکەکانی «ناوەوە»ی ماڵ بە ژن دەسپێردرێت و تەواوی ئەرکەکانی «دەرەوە»ی ماڵ بە پیاو. چێشت لێنان، قاپدانان، چێشتکردنە قاپەکان، کۆکردنەوەیان، شتنیان، پاککردنەوەی ماڵ، جلشتن، وشککردنەوەیان، ئوتوکردنیان ئەرکی ژنن. پەروەردەی مناڵ، پاککردنەوەی، شتنی، هەڵگرتنی، هاوڕێیەتیکردنی ئەرکی ژنە. لە کاتی دانیشتندا، هەمیشە دەبێت لە خوارەوە بێت، بێ مۆڵەتی مێردەکەی قسە نەکات، لە کاتی میوانداریدا، هەر ئەو میوە ئامادە دەکات و دەیخاتە بەردەم میوانەکان، چا دەهێنێت، پیاڵەکان کۆدەکاتەوە، دەیانشوات، پاشان هەمیشە چاوێکی لەسەر مێردەکەیەتی کە فەرمانێکی پێبکات و جێبەجێی بکات. بەڵام پیاو بەپێچەوانەوە، لەدەرەوەیە، کاردەکات، موچەی هەیە، پارە دەهێنێتەوە بۆ ماڵەوە، لە کاتی گەڕانەوەدا دەبێت خواردن لەسەر سفرەکە دانرابێت، پاش نانخواردن چاوەڕوانی ئەوه دەکات کە ژنەکەی چای بۆ بێنێت، گۆرەویەکانی بۆ بشوات، حەمامی بۆ گەرم بکات، که میوان دێت لەسەرەوە دادەنیشێت، لە زۆربەی دۆخەکاندا تەنها بە تیلەی چاو فەرمانەکانی بۆ ژنەکەی دەنێرێت. لەنێو ئەم خێزانەدا گەر پیاوێك «هەڵه بکات» و جارێك لە بری ژنەکەی میوە بۆ میوانەکانی دابنێت، ئیدی شوناسی پیاوێکی «ژنانی»، پیاوێکی «سوك»، پیاوێکی «بێ غیرەت»ی بۆ دروستدەکرێت و تا مردن هاوڕێیەتی دەکات.
لەم جوگرافیا کۆمەڵایەتییەدا، خێزانی کوردستانی لە دوو ئەکتەری یەکسان، ژن و پیاو، پێکنەهاتوە، بەڵکو لە پیاوێکی ئەکتیڤ و ژنێکی پاسیڤ پێکهاتوە. پیاوێك کە خاوەنی هەموو دەسەڵاتەکانە و ژنێك کە خاوەنی هیچ یەکێك لە دەسەڵاتەکان نییە، پیاوێك کە لەنێو دەوڵەتی خێزاندا خۆی سەرکۆمار، سەرۆك وەزیرە و هەموو وەزارەتەکان بەڕێوەدەبات و ژنیش بەتەنیا ئەو خزمەتکارەیە کە بە فەزڵی مێردەکەیەوه و لە بەرامبەر «مانەوە لە ژیاندا» چاوەڕوانی فەرمانە بۆ جێبەجێکردن. لەم خێزانەدا پیاو هەمیشە چاوەڕوانی دەکرێت چونکە بەردەوام لەدەرەوەیە، ژن هەمیشە چاوەڕوانی دەکات چونکە بەردەوام لە ماڵەوەیە.
بێهێودە نییە کە لە خێزانی ترادیسیۆنێلدا، تەنانەت ئەو کاتانەش کە باوك دەمرێت، دەسەڵاتەکان بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی بە کوڕە گەورە دەسپێردرێن نەك بەو دایکەی کە کوڕە گەورەکەی کردووە بە مرۆڤ ! بەپێچەوانەوە، پاش مردنی باوکیش، لەڕێگای گرێبەستێکی ڕەمزیی کۆمەڵایەتییەوە، دیسانەوە دایك دەکەوێتە ژێر هەژموونی کوڕە گەورەکەی، کە درێژەپێدەری مێژووی هەژموونی نێرینەیە لەنێو خێزاندا.
پاش گەشتێکم بۆ کوردستان و چاوپێکەوتنم لەگەڵ چەندین ژنی چالاك و رۆشنبیردا، تێگەشتم لەوەی کە، لەو دۆخە «ئیستیسنائیانەشدا» کە ژن لە ماڵ دەچێتە دەرەوە و کار دەکات و موچەیەکی هەیە، کاتێك دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە، دەبێت هەمان ئەو ئەرکانە جێبەجێبکات کە پێشتر ئەنجامیداون ! واتە نێرینە ئاماده نییە بەهیچ شێوەیەك، تەنانەت لەو کاتانەشدا کە ژنەکەی وەك ئەو لەدەرەوە کار دەکات و پارە بۆ ماڵەوە دەهێنێتەوە، وەك ئەو ماندوو دەبێت و زەحمەت دەکێشێت، ئەرکەکانی ماڵەوەی لەگەڵدا دابەشبکات. لە هەلومەرجێکی ئاوادا، کارکردن نەك هەر ڕێگای ڕزگاری ژنان نییە، بەڵکو بەرزکردنەوەی ئاستی چەوسانەوە و هەژموونکردنی زیاترە بەسەریاندا.
بەڵام ئایا لەکاتێکدا کە جیهان خۆی گڵۆبلیزەدەکات و کوردستان دەبێت بە کۆڵانێك لە کۆڵانەکانی فەیسبوك، ئەم مۆدێلە لە خێزان تا کوێ دەتوانێت بمێنێتەوە و تا کوێ دەتوانێت بەرەنگاری بکات ؟
Top