فێڵێك لە مێژوو
April 3, 2014
وتار و بیروڕا
بەڵام سەبارەت بە درۆ، مخابن كە لەم ئاستە قەشەنگەدا چەق نابەستێت، وا لە شیرینترین شیعر دەكات درۆزنترینیان بێت، لەو وتەزایەشدا گیرنادرێت(كە حەقیقەتی پێ نەوترێت) بۆ ئەوەی ببێتە وتنێكی كارا، بە تەنیا خیتاب ناگۆڕێت و، ماناكانیشی تێك نادات، بەڵكو هەمان واقیع وەردەچەرخێنێتەوە، ڕەنگبێ مۆدێرنە هاوكوفی ئەم وەرچەرخانە قووڵەی سروشتی درۆ بێت، ئەمە ئەوەیە كە حنا ئارندت ئاماژی بۆ دەكرد كاتێ دەیوت(چیتر درۆ نابێتە شاردراوەیەك بۆ پەردەپۆش كردنی حەقیقەت، بەڵكو دەبێتە شتێكی ببڕای ببڕی واقیع، یان دەبێتە تێكدەرێكی فیعلی بۆ دیكۆمێنت و دەستنووسە ئۆرگیناڵەكانیی)) كەواتە چیتر درۆ نابێتە هۆیەك بۆ شاردنەوەی حەقیقەت، بەڵكو بووەتە تێكدەرێك بۆ ئەو، وەك فێڵێكی مێژوویی نامێنێتەوە، بەڵكو دەبێتە فێڵێك و لە مێژوو دەكرێت..
وەك ئەوەی چۆن دژكاریی لە نێوان درۆو ڕاستگۆییدا وەك دژكارییەكی لۆژیكیانە یان تیۆرییانە نەمابێتەوە، تەنانەت چیتر پێوەندیشی نەبێت بە ناواخنی وتنەوە، یان بە كارتێكەرەكانی وتنەوە، وەك شتێكی لێ هاتبێت چۆن بەسەر وتنەكانەوە بۆ كاركردەكان ڕیزبەندبووبێت، لەم ڕوەوە بە هیچ كلۆجێك ناكرێت تەنیا لە ئاست وتراوی ئاخاوتندا بوەستین و پوختی بكەینەوە بۆ وتەزا، یان ناكرێت تەماشای ناواخنەكەی ئاخاوتن بكەین، ئەگەر بمانەوێت حوكمی لەسەر بدەین..
ئایا ئەمە واتای ئەوەیە كە مەبەستی وتەبێژ بە هەند وەربگرین، وەك چۆن كە بیرمەندە ڕەوشتخوازەكان جەختی لە هەمبەر دەكەنەوە، ئەوانەیان كە درۆ جیادەكەنەوە لە كەوتنە ناو هەڵەیەكەوە، ئەوەش بە پێداگیربوونیان لەسەر نیەتی درۆكردن، درۆ بە ڕای ئەوان بناغەی ئارەزووە بۆ فێڵكردن لەوانی دیكە ((تەنانەت ئەگەر وا پێویست بكات حەقیقەتیش بڵێت))
ئەم هەڵوێستە لەسەر بناغەی ئەوە سەنگ دادەكوتێ بەوەی ئاخاوتن بخرێتە ژێر چاودێرییەكی هەستەكی كە جێی پشت پێ بەست نییە، بە هەندیش وەرناگیرێت، خراپ تێگەیشتن و هەست كردن بە بونیادی فێڵ و درۆوە، ڕەنگبێت بە بێ نیەتی خراپەوە ئەو دووانەش پێكبێت، تەنانەت ئەگەر پێویست بكات لێرەدا قسە لەسەر نیەتی خراپ بكرێت، چونكە لەوانەیە بە تەنیا ڕەوشت بەس نەبێت بۆ دیاریكردنی، ئەمەش ڕەنگبێت هۆیەكەی بگەڕێتەوە بۆ سروشتی خودی زمانەكە خۆی، وەك فۆكۆ ناوی دێنێت بە((خراپی دەلیل و فێڵی هێما)).
زمان هەمیشە شتێك دەڵێت كە ئەو بوونی شتە نییە لە مەبەستەكەیدا، وەك چۆن ئەوەی حەقیقەت تەنیا لەو كاتەدا كە لە ئاخاوتندا نیشتەجێیە و دەكرێتە بابەتی دیالۆگ ئەو كاتە بەشێك لە ڕاستگۆیی بوونەكەی بزربكات، بەرگی درۆ بپۆشێت یان بە لایەنی كەمەوە بە پلەیەكی وەك وی وەسف بكرێت..
بەهەرحاڵ ڕەوشتی نیەت، ڕەنگە بە هەند ئەوەهەڵنەگرێت كە میكانیزمی فێڵكردن لە كۆمەڵگە هاوچەرخەكاندا پێی گەیشتوێتێ، لێرەدا ئاماژەنادەم بەو شتەی ئارندت لەسەری دەدوێت لەو ساتانەدا كە زۆربەی تۆتالیتاریەتەكان پێی هەڵساون، ئەویش بە ساختەكردنی حەقیقەتەكان و چاندنی درۆ لە ناو عەقڵدا یان فێڵكردن لە خودی مێژوو، یان لە بەرانبەر ئەو درۆیانەی كە دواتر بوون بە كەرەسەی پێویست و ڕەواو لە خزمەتی هەموو بكەرە سیاسییەكاندا بەكار دەهێنرێت، ئیتر ئەو سیستمانەی لە ئامێزیاندا ئەم بكەرانە كارگوزارن و سیستمەكان هەرچییەك بووبن، وەك ئارندت جەختی لەسەر دەكاتەوە.
ئەوەی لە بنەڕەتدا گرنگ بێت لە ژیانی هاوچەرخماندا جۆرێكە لە درۆی ئاشتەواییانە یان درۆی دیموكراتیانە، كە پێویستی بە ((تێكدانی دیكۆمێنت و دەستەواژەی دەستنووسەكان نییە)) تەنانەت پێویستی بە لەناوبردنی واقیعیش نییە، بەڵكو تەنیا بە هەڵوەشانەوەو وردكردنی ڕووداوەكانەوە خەریكە كە دواتر شیكاری دەكاتەوە بۆ لێكەوتەی بەش بەش، كە ماناكەی لە ناواخندا بزر دەبێت، هەروەها دەلالاتی دەتوێتەوە، وەك ئەوەی درۆ چیتر نەبێتە تێكدانی حەقیقەت، بەڵكو بووەتە تێكدانێكی ڕاستەقینە، ئەمڕۆ چیتر ئێمە بێدەروەست نین لە ئاست بڕواهێنان بەوەی ڕوودەدات یان بەدرۆخستنەوەی ئەوەی ڕوویداوە، بەڵكو دەروەستین بەوەی لێی تێناگەین و پێمان هەڵناسەنگێنرێت، ئەمەیە شێوازی نوێی ئەو درۆیانەی لەگەڵیاندا ژیان دەبەینەسەرو هۆیەكانی نوێی ڕاگەیاندن بەرجەستەی دەكەنەوەو واقیعی تێدا دەشارنەوە، بە شوێن پەرەسەندنەكانی ڕووداوەكانەوەن بۆ ئەوەی هەمیشە بیانكەنە بارێكی وێستا، یان بیانكەنە پاشكەوتووی چەند واقیعەتێكی بەش بەش كراو، كە وامان بەسەر دێنێت نەك تەنیا بێ دەروەست بین لە بەرانبەر جیاكردنەوەی ڕاستگۆیی لە درۆزنی، بەڵكو تەنانەت لە بەرانبەر ڕوونبوونەوەی دەلالات و درك كردن بە واتاكانیدا دەسەوەسان بین.
* بیرمەندی مەغریبی و ئوستادی فەلسەفە لە زانكۆی ڕیبات