پانۆرامای سوریا بە یاوەریی حەسەن سەبرا

پانۆرامای سوریا بە یاوەریی حەسەن سەبرا
وەك چاوەڕوان دەكرا، كونفرانسی دووەمی ژنێڤ دەربارەی سوریا شكستی هێناو ئەمەش بەدڵنیاییەوە مەسەلەكە بۆ چوارگۆشەی یەكەم دەگێڕێتەوە. ئەگەرچی مەسەلەی سوریا دووراییەكی نێودەوڵەتیی وەرگرتووەو تێكەڵ بەململانێی زلهێزەكان و بەرژەوەندییە دژەكان و كێشمەكێشە مەزهەبییەكان بووە، بەڵام سوریای ئاستی نێودەوڵەتی بەتەواوی لەسوریای ئاستی ناوخۆیی جیاوازە. لەسەردەمی شەڕی ناوخۆی لوبناندا كە هەموو تایفەكان بەشدارییان تێدا كردووە، ئەم پرسیارە گرنگە وروژێنرا كە ئایا لوبنان لەیەك گەل یان لەچەند تایفەیەك پێكدێ؟ بەهەمان پێودانگ، ئەمڕۆ لەسوریا ئەم پرسیارە دەوروژێنرێ كە ئایا سوریا دەوڵەتی گەلە یان دەوڵەتی تایفەیە یان دەوڵەتی بنەماڵەیە؟.
ئەگەرچی لەسەر ئاستێكی فراوان وا باوە كە سوریا دەوڵەتێكە عەلەوییەكان بەسەریدا زاڵن، كە ئەمەش شتێكە راستییەكی زۆری تێدا بەدی دەكرێ، بەڵام رەوشی ناوخۆی سوریا نیشانی دەدا كە سوریا لانی كەم لەناوەڕاستی هەشتاكانەوە زۆرتر وەك دەوڵەتی بنەماڵە خۆی نواندووە.
لەو كتێبەدا كەساڵی پار حەسەن سەبرا بەناونیشانی «سوریا: هەرەسی بنەماڵە.. گەڕانەوەی نیشتمان» دەری كردووە، پانۆرامایەكی تێروتەسەل سەبارەت بەسوریا وەك دەوڵەتی بنەماڵەی ئەسەد نمایش كراوە كە تێیدا تاكەكانی بنەماڵە وەك كەسانێكی سەروی یاساو خاوەنی مافی مێژوویی بەدەستهێنراو هەڵسوكەوت دەكەن.
سەبرا باس لەوە دەكا كە حافز ئەسەد لەسەردەمی سەرۆكی ئەمریكا بیل كلنتۆن هەلێكی راستەقینەی بۆ گێڕانەوەی جۆلانی داگیركراو چنگ كەوت كە تێیدا سەرەك وەزیرانی ئیسرائیل ئیسحاق رابین بەكلنتۆن و حوسنی موبارەكی راگەیاندبوو كە ئامادەیە جۆلان بداتەوە بەسوریا و بۆ سەر سنوری 1967 بكشێتەوە و رێككەوتننامەی ئاشتی لەگەڵ سوریادا واژۆ بكا. بەڵام حافز ئەسەد وەرگرتنەوەی خاكی داگیركراوی سوریاو كشانەوەی ئیسرائیلی رەت كردەوە، چونكە پێیوابوو ئەگەر ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیلدا بكا، چیتر ناتوانێ لافی سەرۆكایەتیی عەرەب لێ بداو ناچار دەبێ بەرەو كرانەوەی سیاسی و ئابووری بچێ و رێ بە پەیدابوونی ژیانی حزبایەتی بدا.
رۆژنامەنووسی میسری محەمەد حەسەنین هەیكەل لەكتێبی «پاییزی توڕەیی»دا باس لەوە دەكا كە سادات لەدوا سەردانی بۆ دیمەشق، پێش سەفەری بۆ قودس، حافز ئەسەدی لەوە ئاگادار كردەوە كە نیازی سەردانی قودسی هەیە. ئەسەد كە لەسادات توڕە ببوو، نیازی نەبوو سادات بگەیەنێتە فڕۆكەخانە. كەچی كتوپڕ دەركەوت و ساداتی گەیاندە فڕۆكەخانەو بەدرێژایی رێگا ورتەی لەدەم نەهاتە دەر. زۆر مڕو مۆچ و پەست دیار بوو. سادات ئەمەی زۆر بەلاوە سەیر بوو. دواتر، زانرا كە حافز ئەسەد بۆیە ساداتی گەیاندۆتە فڕۆكەخانە، چونكە براكەی، رەفعەت ئەسەد، بەنیاز بووە پەلاماری ئۆتۆمبێلەكە بداو سادات بڕفێنێ.
سەبرا وێنەی سەرۆكی پۆلپەرست و بنەماڵەیەكی گەندەڵ دەكێشێ. لانی كەم لەدوو نموونەدا مەسەلەكە روون دەبێتەوە. هەموو بەیانییەك هەشت ملیۆن دۆلار لەپارەی فرۆشتنی 600 هەزار بەرمیل نەوت بۆ ماڵی حافز ئەسەد چووە كە ئەمەش وای كردووە داهاتی ساڵانەی ئەسەد، خۆی لەچارەكە ملیار دۆلار بدا. نموونەكەی تر پێوەندیی بەكارناسی ناسراوی سوریا سائب نەححاسەوە هەیە كە دەزگا ئەمنییەكان دەستگیریان كردو تەنها پاش وازهێنانی لەبەشی هەرە زۆری سەروەت و سامانەكەی بۆ حافز و رەفعەتی برای، ئینجا ئازاد كرا.
پێوەندیی بنەماڵەی ئەسەد بەهاووڵاتییانەوە لەم نموونەیەدا دەردەكەوێ: پاش سەر نەگرتنی هەوڵی تیرۆر كردنی حافز ئەسەد لەساڵی 1980، دەزگا ئەمنییەكان شاڵاوێكی رەشبگیر و لەسێدارەدانیان دەست پێكرد كە تائێستا نەزانراوە چەند كەسی تێدا كوژراوە. رەفعەت، برای حافز، بەخۆهەڵكێشانەوە لەئەنجومەنی وەزیران وتبووی ئەگەر حافز شتێكی بەسەر بهاتایە، بەكوشتنی كەمتر لەیەك ملیۆن كەس دڵیان ئاوی نەدەخواردەوە.
حافز ئەسەد دەمێك بوو دەیویست دەوڵەت بەمیرات بۆ باسلی كوڕی بەجێ بهێڵێ. بۆیە پێش هەموو شتێك رەفعەتی برای دەرپەڕاندو بەدەوروبەری خۆی وت: وا رزگارم كردن لەبرا سەربەگۆبەندەكەم، بۆیە بەكوڕەكەم رازی بن.
باسل هەر ئەوەندە كۆلیجی ئەندازیاریی تەواو كرد، حافز بۆ ماوەی شەش مانگ خولێكی لەسوپا بۆ كردەوەو پلەیەكی سەربازیی پێ بەخشی و پاشان لێپرسراوەتیی گاردی كۆماری پێ سپارد. باسل هەڵكشاوتر لەپلە سەربازییەكەی، هەڵسوكەوتی لەگەڵ ئەفسەرانی سوپادا دەكرد. ئەفسەرانی بەپلە لەو بەرزتر، لەو شوێنەی ئەوەی لێ بوایە، هیچ دەسەڵاتێكیان بۆ نەدەمایەوە. باسل بەبێ گوێدانە ئەوەی كەدەسەڵاتی هەیە یان نا، دەستی لەكاروباری دامەزراوەیی سوپایی و دەوڵەت وەر دەدا.
لەكاتێكدا حافز ئەسەد باسلی بۆ جێگرتنەوەی ئامادە كردبوو، كۆچی دوایی كتوپڕی باسل، بەسەرخۆشی لەرووداوێكی ئۆتۆمبێل، تووشی شۆكی كرد. كاتێك بەشار جێی باسلی گرتەوە، نە باوكی و نە دایكی و نە هیچ كام لە كەسوكاری، لەو بڕوایەدا نەبوون كەئەم كەسە بەكەڵكی سەرۆكایەتی دێ. دایكی بەشار، ماهیری پێ باشتر بوو. بەڵام حافز نەیدەویست ماهیر لەسوپا دوور بكەوێتەوەو لەوە دڵنیا بوو كە كەس وەكو ماهیر دامەزراوەی سوپای پێ كۆنترۆڵ ناكرێ. ئەنیسە، دایكی بەشار، بەحافزی وتبوو: «بەشار فڕی بەسەر هیچەوە نییە. هیچی لەتۆ ناچێ. ماهیر لەتۆ دەچێ». بەشاری پزیشكی چاو، پاش ئامادەكردنی بۆ جێگرتنەوەی باوكی، خولێكی خێرای لەسوپا بۆ كرایەوەو پلەی نەقیبی پێ بەخشراو لەخولی تانكەكاندا بەیەكەمی خولەكە دەرچوو. پاش 42 رۆژ، پلەی بۆ رائید بەرز كرایەوە، لەكاتێكدا بەپێی یاساكانی سوریا دەبوایە پاش پێنج ساڵ ئەم پلەیەی پێ ببەخشرێ.
كتێبەكەی سەبرا بەكەڵكی هەموو ئەو كەسانە دێ كە خوازیارن لەنزیكەوە زانیاریی ورد لەسەر دامەزراوەی حوكمڕانی سوریا بەدەست بێنن. سەبرا رەوشی سوریا لەیەك رستەدا چڕ دەكاتەوە ئەویش ئەوەیە كە «رزگاركردنی فەڵەستین لەجولەكە، لەرزگاركردنی سوریا لەبنەماڵەی ئەسەد ئاسانترە».
Top