سایكس/ بیكۆ Byeــ Bye

سایكس/ بیكۆ Byeــ Bye
توێژەرو ئەكادیمیستی بەریتانیایی (ڕیتچارد تۆی) توێژینەوەیەكی لەسەر كۆمەڵێك دیكۆمێنتی سیاسی و مێژوویی ئەنجامداوە كە مێژوویان بۆ ناوەندی سەدەی بیستەم دەگەڕێتەوە، ساڵی 2010دەرئەنجامی ئەم توێژینەوەیەشی لە كتێبێكیدا لە ژێر ناونیشانی(ئیپراتۆریەتی چەرچڵ) بڵاوكردۆتەوە، توێژەری ناوبراو جەختی لەسەر ئەوە كردۆتەوە كە ئەو ڕێككەوتننامەیەی بە ناوی سایكس بیكۆ ناسراوە، لە ساڵی 1916 دا لە نێوان هەردوو دیپلۆماتكاری ئینگلیزی و فەرەنساییدا ئەنجام دراوەو لە دوتوێی ناوەڕۆكەكەیدا میراتەكانی ئیپراتۆریەتی عوسمانی لە پاش جەنگی یەكەمی جیهانییەوە لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا دابەشێنراوە، بەڵام چەرچڵ كە ئەوكات وەزیری دەریاوانی بووە، لەسەر ئەو ڕێكەوتنە ڕازی نەبووە، چونكە چەرچڵ پابەندایەتی خۆی بە شەریف حوسێن شازادەی مەكەوە دوپات كردۆتەوە بە تایبەت لەسەر پابەندبوونی بەو بەڵێنانەی ماكماهۆنەوە كە بەو شەریفەی داوە سەبارەت بە فەرمانڕەوایەت پێبەخشینی شەریف حوسێن لە لوبنان و فەلەستین و سوریاو ئوردن و دورگەی عەرەبیدا،ڕەنگبێ ئەگەری ئەوەی تیا بوو بێت ئەم ڕەوایەتی پێدانە ببوایەتە هەڕەشەیەك بۆ سەر دەسەڵاتی بەریتانیی، بە تایبەتی بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی بەریتانیا لە كەنداوی فارس و ڕێگا بازرگانیەكەی بەرەو هیندستان كە بە گەوهەری تاجی ئیمبراتۆرییەت لەلایەن بەریتانیاوە ناسراوبوو..
وەك ڕیچارد تۆی وای بۆچووە كە چەرچڵ بێ ئەوەی حسابێك بۆ بەرجەستەبوونی حەقیقەتە مێژوویی و كەلتووریەكانی ناوچەكەو ناهاوئاهەنگی پێكهاتە ئیتنی و ئاینی و مەزهەبیەكانی بكات نەخشەیەكی دیكەی بۆ ناوچەكە پێشنیاز كردبوو، نەخشەی چەندین كیانی نوێی لەسەر زەوی كێشا لەوانە عیراق و سوریاو لوبنان و فەلەستین و ئەردەنی ئێستا..
كەواتە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست پاش داڕمانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و جەنگی گێتی بە شێوەیەك پێكهات پێچەوانەی ئەو نەخشەیەی لە خەیاڵی هەردوو دیپلۆماتكارە فەرەنسی و بەریتانیەكە دانرابوو، كەوتەوە، ئەگەرچی پاشی ئەوەش هێڵە پانەكانی خۆرهەڵاتیان دیاری كردەوە بە پێی ئەو دابەشبوونەی كە سەدەیەكە تا ئەمڕۆ ناسیومانەو ناسراوە بە ڕێكەوتنامە دووقۆڵیە شوومەكە لە كاتێكدا ئەم دابەشبوونە پێویستی بە ماوەیەكی مێژوویی و سیاسی دوورودرێژ هەبووە تا شێوەی كۆتایی خۆی وەربگرێت، لە كۆنگرەی سان ڕیمۆن لە ساڵی 1920 سەرلەنوێ جەخت كراوەتەوە لەسەر نەخشەنوێیەكەو بڕیارەكانی دواتری كۆمەڵەی گەلانی لە 24ی حوزەیرانی ساڵی 1922ی لەسەر داڕێژرایەوە، وەسێتی بەریتانی و فەرەنسا بۆ چەسپاندنی ئەو ناوچانەی پێشتر لە چوارچێوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا بوون دوپات كراوەتەوە..
پاش ساڵێك لەم بەروارە پەیماننامەیەكی نوێ لە نێوان لایەنەكان و كەمال ئەتاتورك بە ناوی پەیماننامەی لۆزانەوە لە ساڵی 1923بەسترا بۆ ڕاستاندن و هەمواركردنەوەی سنوورەكانی لە پەیماننامەی سیڤەردا دانرابوون، گەورەترین زیانمەند لەم پەیماننامەیەی لۆزاندا گەلی كورد بوو كە بە هۆیەوە نیشتمانەكەیان بەسەر چوار دەوڵەتی جیاواز لە یەكتردا كەرت كەرت كرا، بە پێی ئەو نەخشە نوێیەی سیاسیی وڵاتانی ناوچەكەی لێ دروست بووەو تا ئێستاش بۆمان ماوەتەوە..
ڕێكەوتنامەی سایكس بیكۆ دەرئەنجامی تێگەیشتنێكی نیمچە هەڕەمەكیانەی نێوان دوو دپلۆماتكارە، كە ئەمڕۆ بووەتە گەورەترین مۆتەكەی سیاسی و مێژوویی لە ناوچەكەدا،نزیكەی سەد ساڵە چارەنووسی گەلانی ناوچەكەی گەیاندۆتە ئاستێك كە باجەكەی بە ڕۆحكێشانی سەدان هەزار مرۆڤ و دەیان ساڵی كۆیلەكردن و ستەمكاری و ژێردەستەبوونی نەتەوەگەلێك لە ژێر جەوری سیستمە سیاسیەكانی گەمە بە چارەنووسی خەڵكەوە دەكەن، واتە سایكس پیكۆ زیندانێكی گەورەیان بۆ هەندێ نەتەوە دروست كرد، بێبەشیان كردن لەوەی خاك و كەلتوورو زمان و بڕواو مێژووی هاوبەشی خۆیان بەكاربهێنن، پەرەسەندن و سەربەخۆیی نەتەوەی كورد بوو بە قوربانی ئەو ڕێكەوتنامەیە..
ئەوەی ئێستا ڕوون و ئاشكرایە لە پاش تێپەڕینی سەد ساڵ بەسەر ئەو ڕێكەوتنامە شوومەدا دەسەڵاتە سیاسی و مێژوویەكەی خۆی لەدەست داوەو گۆڕانكاری تێكەوتووە، نیمچە قەناعەتێك بە لای چاودێرانی نێودەوڵەتییەوە دروست بووە بۆ چاو پێداخشانەوەی بە پێی بەرژەوەندی گەلانی ناوچەكە، چونكە هەر لە بنەڕەتەوە ئەم نەخشەدانانەی ڕێكەوتنامەكە بریتی نەبووە لە داخوازی گەلانی ناوچەكەو بەڵكو ئارەزووو بەرژەوەندی نێودەوڵەتی بووە بۆ ڕۆڵگێڕانی سیاسییانە لەسەر ئاستی جیهانی و دەركەوتنی جەمسەرگیری نوێ پێكهاتنی بنكەی هێزی سیاسی ئەوكات، لە سەرەتاكانی هەشتاكانەوە و لە ساتەوەختی جەنگی یەكەمی كەنداو لە نێوان ئێران و عیراقدا ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكایی بریجنسكی ڕایگەیاند كە كۆسپی گەورەی كە ئەمەریكا پێوەی دەناڵێنێت لەوەدا كۆدەبێتەوە چۆن جەنگێكی دووەمی كەنداوە ئەكتیڤ بكات تا ئەمەریكا بتوانێت لە میانەیەوە سنووری سایكس بیكۆ ڕاست بكاتەوە، ئەوەبوو لە سەردەمی حوكمی جۆرج بۆشی كوڕدا سیاسەتی ئەمریكا ئەم ئامانجەی بەخشییە ئەو سەرۆكەی ئەمەریكا تا لە ژێر ناوی پرۆژەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی گەورەدا كاری لەسەر بكات..
ئەم ڕاستاندن و هەمواركردنەوە نوێیەی سنوورەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بابەتی ناكۆكی بەردەوامی نێوان ئاكادیمیست و سیاسەتمەداران و چاودێرانی نێودەوڵەتییە،نیمچە قەناعەتێك دروست بووە لەسەر ئەوەی بە لایەنی كەمەوە بەشی گەورەی ئەم سنوورە لەسەر لێواری گۆڕانكارییە..
لەم ڕووەوە نعوم چۆمسكی بیرمەند لەم دواییانەدا ڕایگەیاند كە ڕێكەوتننامەی سایكس بیكۆ ئەمڕۆ ڕووی لە تێكشكانە، چونكە ئەم ڕێكەوتننامەیە بە زۆردارەكێی ئیمپریالیانە ئەنجام دراوەو ئەمڕۆ ڕەوایەتی لەدەست داوە، تەنیا بەرژەوەندی هێزەكانی داگیركاری نەبێت كەس سوودی لێ نەبینەوە، ئەم سنووركێشانە بووەتە هۆی توندوتیژی و بەكارهێنانی زەبرو زەنگ، لە گرێژنەوە پەلوپۆی مرۆڤایەتی دەرهێناوە، لەبەر ئەوە پێویستە ئامڕازگەلێك بدۆزینەوە بۆ لابردنی ئەم سنوورانە..چۆمسكی زیاتری لەسەر دەڕوات و دەڵێت پوكانەوەی سایكس بیكۆ دەستی پێكردووە، ئەوەی لە سووریا ڕوودەدات دابەشبوونە، ناوچە كوردییەكان خۆیان بەڕێوەدەبەن و لە هەوڵدان پێوەندی بە كوردانی باكوری عیراقەوە بكەن كە ئەوانیش هەرێمێكی خۆجێیی خۆیان هەیە، كە لەوێوەش ئەو هەرێمە كاریگەرێتیەكەی درێژ دەبێتەوە بۆ خۆرهەڵاتی توركیا..
زۆربەی چاودێرانیش ئەو بەرخودانەی لە ناو نەتەوەی كورد لە سوریا بە ئاماژەیەكی بنەڕەتی تێدەگەن بۆ گۆڕان، لەو بارەیەوە ڕۆژنامەنووسی بەریتانیایی ئەنتۆنی لوید لە شرۆڤەیەكیدا كە لە تایمز لەسەر ململانێی سێ ساڵەی ناو سووریا پێی وایە ئەو خوێنڕشتنە كۆتایی نایەت تا نەخشەی سنوورەكانی خۆهەڵاتی ناوەڕاست سەرلەنوێ دانەڕێژرێتەوە، لەو بڕوایەشدایە پێكهێنانەوەی سووریا لەسەر بناغەی فیدراڵیەت ڕەنگە چارەسەرێكی واقیعی بێت بۆ كۆتایی هێنان بەو قەیرانە بەردەوامەو ڕەنگە ڕێكەوتننامەی (كیری و لافرۆف) ئەلتەرناتیڤ بێت بۆ ڕێكەوتننامەی سایكس بیكۆ..
ڕۆژنامەی نیۆیۆرك تایمز وتارێكی درێژی بە پێنووسی ڕۆبن ڕایت بە ناونیشانی چۆن 5دەوڵەت دەبێتە 14 بڵاوكردۆتەوەو ئەو حاڵەتە شیدەكاتەوە كە چۆن لە پێنج دەوڵەتی عەرەبیدا چواردە دەوڵەت دروست دەبێت و نەخشەیەكی نوێ بە شێنەیی دەنەخشێنرێتەوە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، سوریا دەبێتە سێ دەوڵەت و یەكەمینیان لە باكووریەوە تێكەڵ دەبێتەوە لەگەڵ دەوڵەتێكی كوردی نوێدا كە پایتەختەكەی هەولێر دەبێت..
ئەوەی لەم سێ ساڵەدا لە سوریا دەقەومێت ئاگری بن خۆڵەمێشێكە كە چەندین ساڵە لەبنەوە دەسووتێت و بریسكی هەڵایسانەوەی لێ دەركەوتووەو تەشەنە دەسەنێت بۆ وڵاتانی دەوروبەرو ئەو نەخشەكێشانەی پاشی ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لادەبات، لە واشنتۆن پۆست ڕوونكراوەتەوە كە ئەمڕۆ لە سووریا چوار ئاڵا هەڵدراوە گوزارشتە لە چوار شوناسنانەو تایەفەو نەتەوەی جیاواز كە پێشتر بەزۆری زۆردارەكی پێكەوە دەژیان، ئێستاش كاتی خۆسەلماندنەوەی هەر چواریان هاتۆتە پێشەوە..
لە ڕاپۆرتی ساڵانەیدا ساڵی 2013 ناوەندی توێژینەوەی ئاسایشی نەتەوەیی لە تەلئەبیب سەبارەت بە ململانێی خوێناوی سووریا پوختەكەی بەم شێوەیە هاتووە كە چەندی ئەم جەنگەی ناو سووریا درێژ بێتەوە لە بەرژەوەندی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیلدایەو سوریا لەسەر هەموو ئاستەكانی ئابووری و سەربازی لاواز دەبێت، لەو ڕاپۆرتەشدا چوار سیناریۆی هەمەچەشن خراوەتە ڕوو بۆ ماوەی ساڵی داهاتوو، یەكەمیان ئەگەری دوپات بوونەوەی سیناریۆی سۆماڵیە واتە بەردەوام بوونی جەنگ بێ ئەوەی بزانرێت كەی كۆتایی پێ دێت، دووەمیان سایكس بیكۆی سوریای نوێیە واتە دابەشكبوونی دەوڵەتی سوریا بۆ سێ دەوڵەت یەكەمیان عەلەوی لە كەنارەكانەوە بە ئاڕاستەی دیمەشق، دووەمیان سوننە لە باكورەوە تا بەشێكی باشوورو خۆرهەڵات، سێیەمینیان كوردی لە باكوری خۆرهەڵاتی وڵاتدا، سێیەمین سیناریۆ سەركەوتنی ڕژێمی ئەسەدە لە پاش خوێنڕژانێكی زۆرتر لەوەی ئێستا ڕژاوە، چوارەمین سیناریۆ سەركەوتنی ئۆپۆزسیۆنە پاش ساڵانێكی پڕ لە توندوتیژی..
لە بەرژەوەندی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیلیدایە كە سیناریۆی سایكس بیكۆی سووری سەربگرێت و دابەش بێت و بەوەش كۆتایی بێت بەو ململانێ خوێناوییە، ئەوەش دەبێتە واقیعێكی ساكار بۆ ئیسرائیل تا لە بەرانبەر هەر دەوڵەتێك لەو دەوڵەتانەی دروست دەبێت ئیسرائیل سیاسەتی خۆی بە ئاسانتر لەسەر چڕبكاتەوەو پێوەندیەكانی سەرلەنوێ بە شێوەیەكی باشتر لە جاران توندوتۆڵ بكات و چونكە ئەو سێ دەوڵەتۆكەیە لاواز دەبن و ناتوانن هەڕەشە بخەنە سەر ئیسرائیل. هەمووان ئەمڕۆ لە سوریادا لە هەوڵی ئەو دابەشكردنەن، ڕەفتاری هەمووان لە ڕووی كۆمەڵایەتی و جیۆگرافیایی و سیاسییەوە ئاماژە بەوە ڕاستیە دەدەن، هەمووان بوونەتە جیاخوازو سنووری نێوانیان بە ئێسك و پروسك هەڵدەچنن، بە دروشمی ڕقلەیەكتر بوونەوە دروستی دەكەن، ئیخوان، سوننەی عەرەب، عەلەویەكان، توركمانەكان و تاد بەڵام تەنیا كورد تاوانبار دەكەن بە جوداخوازی، كورد كۆگای چەكی پراكتیكی جوداخوازییانەو نیەتی ژێراو ژێری هەمووانە، لە كاتێكدا تەنیا كوردیشە ڕێگەچارەی پێیە لە سنووری دروست كردنی وڵاتێكی دیموكراتیانەی فرەیی یەكگرتوودا، دەنگیان بەم دروشمەی پێكەوە ژیانی لێ هەڵبڕیوە بێ ئەوەی كەس بڕوایان پێ بكات، ئەم گومانكردنە لە ناواقیعیەت و لێ بایەخی هەموو جەمسەرەكانی ترەوە سەرچاوەی گرتووە سەبارەت بە مافە ڕەواكانی كورد..
حەقیقەتی تاقانە لە پاش سێ ساڵی وێرانكاری و قوربانیدانەوە ئەوەی كە سوریا وەك وڵات و دەوڵەت ڕووخاوە بێ ئەوەی بۆ ساتێكیش بێت ڕژێمی ئەسەد ڕووخابێت، بە هۆی شەڕی ناوخۆوە سوریا لە ڕووی كۆمەڵایەتی و سیاسی و كەلتووریەوە داڕماوە، لە ژێر داروپەردووی ڕووخاوەوە سوریای تازە دروست دەبێتەوە پاش ئەوەی هەموووان پێكەوە سووریا كاول دەكەن، بە ڕژێم و ئۆپۆزسیۆنەوەش، هەروەها بە جیهانی دەرەوەش،سووریا بووەتە قوربانی بە دەست هەمووانەوە، هەر لایەك بە پێی میزاجی نەخۆشكارانەی خۆی دەیەوێت لاقەی بكات، بێگومان بەشار ئەسەد بەم شێوەیەی ئێستای بەرەو كەوتنێكی حەتمییانە دەڕوات، چ زوو بێت یان درەنگ، ڕەنگە هەستانەوەی سووریا بەو شێوانەش نەبێت كە ئێمە لە چاوەڕێیداین، پێویستە كورد دركی تەواویان هەبێت بەوەی هەل لە دەست نەدەن وەك ئەو هەلەی پێش سەد ساڵ لە مێژوودا لە دەستیان داوە،لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە جەخت بكەنەوە لەسەر مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان بەر لە هەر ئیعتوباردانانێك بۆ ئیدیۆلۆژیاكان، تۆ هەرچەندە ڕێز دانەنێیت و بەهای مافەكانت نەسەلمێنیت چۆن لە چاوەڕێی كەسانی تردا دەبیت ئەو سەلماندنەت بۆ ئەنجام بدات، بەڵكو فەرامۆشت دەكات، ئەم پەندە باشترین وانەیە تا رۆڵەكانی ناو كورد لێی سودمەند بن..
Top