هه‌ولێر جیهانی ئیسلامی فێركرد یادی له‌دایكبوونی پێغه‌مبه‌ر(د.خ)بكاته‌وه
January 16, 2014
وتار و بیروڕا
ئەمڕۆ هەموو جیهانی ئیسلامی بۆنه‌ی یادی لە دایكبوونی پێغەمبەر(د.خ) ئاهەنگ دەگێڕێت، به‌پێی سه‌رچاوه مێژووییه‌كان ئه‌م یادكردنه‌وه‌یه له كاتی خۆیدا نه‌كراوه، به‌ڵام وه‌ك له كتێبه میژووییهكاندا باسكراوه، شاری هەولێر یەكەم شار بووە كە لەم یادە پیرۆزەدا ئاهەنگی گێڕاوە كە ئەویش له‌سه‌رده‌می سوڵتان موزەفەر بووە، هەندێ كەس دەڵێن سوڵتان موزەفەر زیاتر بەوە كاریگەر بووە كە كریستیانه‌كانی عه‌نكاوه لە بۆنەی سەری ساڵی زاینی و یادی لەدایكبوونی حەزرەتی مەسیحیدا یادیان كردۆتەوەو ئاهه‌نگیان گێڕاوه، هەر بۆیە سوڵتان موزه‌فه‌ریش وتویەتی ئەی بۆ ئێمەش یادی ڕۆژی لەدایكبوونی محەمەد(د.خ) نەكەینەوەو ئاهەنگ بگێڕین و بەرزو پیرۆزی رابگرین، هەر لەو كاتەوە ئەمە بڵاوبۆتەوە، نەك تەنیا لە هەولێر بەڵكو ئێستا لە هەموو دنیا بەتایبەتی لەوڵاتانی ئیسلامی‌دا ئاهەنگی بۆ دەگێڕن، هەروەها من لەساڵانی هەشتاكاندا لە كۆنگرەیەكدا كە بەبۆنەی مەولود لە وڵاتی پاكستان بەڕێوەچوو ئامادەبووم كە ئەوكات سەرۆك كۆماری پاكستان(ضیا‌ء الحق) بوو لە وتارەكەیدا وتی: یەكەم شار لە دنیادا كە بۆ یەكەم جار ئاهەنگی یادی لە دایكبوونی پێغەمبەر(د.خ)گێڕاوە شاری هەولێرە كە شارێك عێراقیە.
یادكردنه‌وه‌و ئاهه‌نگ گێڕان له‌م بۆنه پیرۆزه‌دا فه‌رز یان واجب یان سونه‌تێكی ئایینی نیيه، بەڵكو ئەمە مەسەلەی هەست و وەفایە بەرامبەر ئەو زاتە پیرۆزەی كە ئەم ئایین و پەیامەی لە خواوە وەرگرتووە و بۆ مرۆڤایەتی بڵاوی كردەوە، دیاره میللەتی كوردیش كه هەر لەسەرەتای ئیسلامەوە ئەم ئایینه‌ی بە سینگ فراوانییەوە وەرگرتووە، ئه‌وا ئه‌م یادكردنهوهیهش كه یه‌كه‌مجار لە شارێكی كوردستان یادی كردۆته‌وه، نیشانه‌ی وه‌فای كورده بۆ ئه‌و زاته گه‌وره‌یه‌و ئه‌و ئایینه پیرۆزه كه ئایینی ئیسلامه.
لێرەدا ئێمە كە زیاتر باس لە یادەوەريی لە دایكبوونی پێغەمبەر(د.خ) دەكەین ئەوە زیاتر پێویستمان بەوەیە بزانین پێغەمبەر(د.خ) چی بۆ خەڵك كردووە، كە وای لێهاتووە بە یەكەم و گەورەترین كەسایەتیی مرۆڤایەتی و دنیا دابنرێت، بۆههڵوهسته كردن له‌سه‌ر ئه‌م لایه‌نه پێش هه‌موو شت ده‌بێت ته‌ماشای ئه‌و په‌یامه بكه‌ین كه پێغه‌مبه‌ر(د.خ) به ئێمه‌ی گه‌یاندووه، خوای گه‌وره چۆن له قوڕئان‌دا وه‌سفی پێغه‌مبه‌ر ده‌كات، بێگومان په‌روه‌ردگار له قوڕئان‌دا دەفەرموێت(بالمؤمنین رؤوف رحیم) ئەوە هەر بۆ موسڵمانان و بۆ هەموو دنیاش هەر رەحمەتە كە دەفەرموێت(وما ارسلناك الا رحمة للعالمین) واتا پێغەمبەر(د.خ) تۆ بۆ هەموو دنیاش رەحمەتی، لێرەدا ئاماژە بە دوو سێ خاڵ دەكەین بەزەیی و رەحمەتەكەی لەوەدا بوو نەیدەویست باری میللەتەكەی گران بكات به حەڵاڵ و حەرام، حه‌رامیش ئه‌وه‌یه كه به ده‌قێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه حه‌رام كرابێت و ئه‌وی دیكه هه‌مووی حه‌ڵاڵه، چونكه خوای گه‌وره فه‌رموویه‌تی(خلق لكم ما في الارض جمیعا) نه‌ك هه‌ر كه‌سێك به ویستی خۆی بڵێ ئه‌وه حه‌رامه یان ئه‌وه حه‌ڵاڵه، ئه‌وانه‌ی حه‌رامن چه‌ند شتێكن له قوڕئانی پیرۆزدا دیاریكراون (قل لا أجد في ما أوحي إلي محرما على طاعم يطعمه إلا أن يكون ميتة أو دما مسفوحا أو لحم خنزير فإنه رجس أو فسقا أهل لغير الله به) مه‌به‌ست لێره ئه‌وه‌یه بێجگه له‌مانه ئه‌وی دی مرۆڤی موسڵمان بۆی هه‌یه بیخوات و حه‌ڵاڵه، بۆیه ئه‌وه‌ی حه‌ڵاڵه زۆر زیاتره له حه‌رامه‌كان و بگره هه‌ر له‌گه‌ڵيدا به‌راورد ناكرێت، هه‌روه‌ها یه‌كێكی دیكه له په‌یامه پیرۆزه‌كانی بریتیه له (وما جعل عليكم في الدين من حرج) واته ئه‌و ئایینه نه‌یهێشتووه مرۆڤ تووشی حه‌ره‌ج بیت و هه‌موو رێگاكانی ئاسان كردووه، بۆیه پێغه‌مبه‌ر(د.خ) له باره‌ی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ شت فه‌رموویه‌تی(یسر و لا تعسر)، به‌ڵام له مامه‌ڵه كردن له‌گه‌ڵ مرۆڤ له قوڕئانی پیرۆزدا هاتووه (الله یدعو الی دار السلام) واته ته‌نیا له حاڵه‌تی به‌رگری كردن له خۆت نه‌بێت بۆت نییه په‌نا بۆ چه‌ك به‌ریت، چونكه بنه‌مای ئیسلام له‌سه‌ر ئاشتی بونیاتنراوه نه‌ك شه‌ڕ.
هه‌روه‌ها یه‌كێك له دروشمه‌كانی پێغه‌مبه‌ر(د.خ) بریتی بوو له (ربي زدني علما) واته سنوورێكی بۆ ده‌ست خستنی زانست دانه‌ناوه، بۆیه جێی خۆیه‌تی نه‌ك ته‌نیا ئیسلام به‌ڵكو جیهان به گشتی خۆشی خۆی بۆیادی له‌دایكبوونی ئه‌م زاته ده‌ربڕێت و ئاهه‌نگی بۆ بگێڕێت.
هه‌ر سه‌باره‌ت به‌م یاده كه‌سانێك هه‌ن ده‌ڵێن ئه‌مه بیدعه‌یه‌و له سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ر(د.خ) نه‌بووه، ئێمه ده‌ڵێین نه‌خێر وا نییه، چونكه پێغه‌مبه‌ر(د.خ) هه‌موو شتێكی به كراوه‌یی بۆ هێشتووینه‌ته‌وه، ئه‌مڕۆ كه ئێمه كۆده‌بینه‌وه ده‌ڵێین ئه‌م یاده له دنيادا بووه‌و رۆژێكی دیاره، شاری هه‌ولێریش شانازی به‌وه‌وه ده‌كات كه به‌ر له هه‌موو شاره‌كانی دیكه‌ی وڵاتانی ئیسلامی یادی ئه‌م رۆژه‌ی كردۆته‌وه ئه‌مه‌ش ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌ستی میللهتهكهیهو هه‌ستیان به‌وه كردووه كه پێغه‌مبه‌رو رێنماییه‌كانی هۆكارێك بوون بۆ پێشكه‌وتن و ره‌وشتیان و هه‌موو ئه‌و لایه‌نه شارستانیيهتهكانیان كه ئێستا باسی سه‌رچاوه‌ی هه‌موو پێشكه‌وتنێك بووه، بۆیه مافی خۆمانه خۆشمان بوێ و یادی رۆژی له دایكبوونی بكه‌ینەوە، به‌ڵام نابێ له سنووری ئه‌وه ده‌رنه‌چێت كه هه‌ر وه‌ك خۆی فه‌رموویه‌تی(قل إنما انا بشر مثلكم) ئه‌مه‌ش گه‌وره‌یی پێغه‌مبه‌ر(د.خ) ده‌رده‌خات كه مرۆڤه‌و فریشته نییه به‌ڵكو له‌لایه‌ن خواوه وه‌حی بۆ هاتووه، به‌ڵام به‌داخه‌وه هه‌ندێك له كاتی خوێندنه‌وه‌ی مه‌ولوددا ئه‌و سنوورانه ده‌به‌زێنن.
ئێمه كه یادی مه‌ولودی پێغه‌مبه‌ر (د.خ) ده‌كه‌ینه‌وه مافی خۆمانه په‌یامێك بنێرین بۆ ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی كه موسڵمان و دراوسێی ئێمه‌ن و به‌یه‌كه‌وه ئیسلاممان بووژاندۆته‌وه به‌تایبه‌تی فارس و تورك، چونكه عه‌ره‌ب هه‌ر زوو له سه‌رده‌می ئهمهوییهكانهوه وازی لێ هێنا و ئیسلام به مانای كه‌لتوورو زانست كه‌وته سه‌ر شانی كورد و فارس و تورك بۆیه ده‌بینین زانا گه‌وره‌كانی ئیسلام له‌م سێ نه‌ته‌وەیە هه‌ڵكه‌وتوون، هه‌ر ئه‌مانیشن كه به‌رگرییان لێی كرد و سوپاكه‌ش هه‌ر له ئه‌مان بووه، بۆیه كورد مافی خۆیه‌تی و پێیان بڵێین: ئێمه له ماوه‌ی هه‌زار ساڵ ئه‌م ئایینه‌مان سه‌رخست و بووژاندمانهوه و به‌رگریمان لێی كرد، ئێستا كه بارودۆخی جیهان گۆڕاوه‌و هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان بوونه خاوه‌ن كیانی خۆیان بۆچی ئێمه‌تان بێ كیان هێشتۆته‌وه، ئه‌گه‌ر پێشتر ئیسلامێك هه‌بووبێت و باڵی به‌سه‌ر هه‌موو جیهاندا كێشابێت و یه‌ك ده‌وڵه‌تی سه‌رتاسه‌ری ئیسلامی هه‌بێت، به‌ڵكو ئێستا چه‌ندین ده‌وڵه‌تی نوێ دروست بوون و هه‌ر یه‌كەیان له‌ژێر چه‌ترێكی تایبه‌ت به‌خۆی ده‌ژێت و به‌شێوه‌یه‌ك یادی ئه‌م رۆژه پیرۆزه ده‌كاته‌وه، بۆچی ئێمه‌تان بێ چه‌تر هێشتۆته‌وه، چونكه هه‌ر خۆیشیان عه‌ره‌ب و تورك و فارس هۆكاری ئه‌وه بوون، ده‌بێ ئه‌وه‌یان به چاودا بده‌ینه‌وه كه له‌سه‌ر یه‌ك رێگا بووین و تێ‌یان بگهیهنين كه پشتیان له ئێمه كرد‌و مافی ئێمه‌شیان خوارد. بۆیە زۆر گرنگه ئێمه جه‌خت له‌سه‌ر لایه‌نی ئه‌خلاقی بكه‌ینه‌وه نه‌ك ته‌نیا یادی ئه‌و رۆژه بكه‌ینه‌وه.