ئایندەی سوریاو چارەنووسی ئەسەد

ئایندەی سوریاو چارەنووسی ئەسەد
ئاراستەی گشتیی سیاسەتی رۆژئاوا بەرامبەر بەسوریا بەرەو گۆڕانێكی ریشەیی هەنگاو دەنێ. ئەگەرچی تائێستا هیچ هەڵوێستێكی فەرمی لەم بارەیەوە رانەگەیەنراوە، بەڵام هەموو پایتەختەكانی رۆژئاواو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەی بەو گۆڕانە دەبەن. یەكەم ئاماژەی سەرەكی بۆ گۆڕانی هەڵوێستی رۆژئاوا، خۆی لەهەڵپەساردنی ئەو گورزە سەربازییەدا دەبینێتەوە كەواشنتن بەنیاز بوو لەرژێمی ئەسەدی بوەشێنێ. هەماهەنگیی دیمەشق- مۆسكۆ لەم بارەیەوەو پێشنیاری وێرانكردنی جبەخانەی كیمیایی سوریا، رۆڵی سەرەكیی لەگۆڕینی هەموو هاوكێشەكاندا هەبوو. لێرە بەدواوە، واشنتن كەوتە داڕشتنی ستراتیجی مامەڵەكردنێكی درێژخایەن لەگەڵ ئەسەددا بەبێ لابردنی گوشارەكان.
ئەم ستراتیجە كە دژی مانەوەی ئەسەد نییە، تەواو پێچەوانەی ستراتیجی پێشووە كە ئامانجەكەی سوریایەكی بێ ئەسەد بووە. بەڵام لێرەدا دەبێ ئاماژە بۆ ئەوە بكرێ كە ئەمریكییەكان هەر لەسەرەتاوە دوودڵ بوون لە كاركردن بەشێوەیەكی لێبڕاوانە بۆ رووخاندنی ئەسەد، بەتایبەتی پاش زیادبوونی تین و تاوی بزووتنەوە توندڕەوەكان لەسوریاو بانگەشەكردنی ئاشكرایان بۆ دامەزراندنی مۆدێلێكی هاوشێوەی رژێمی تاڵیبان. ترس لەپەیدابوونی ئەفغانستانێكی تر لەسوریا، هاندەری سەرەكیی بیركردنەوەیە لەگۆڕینی شێوەی مامەڵەكردن لەگەڵ قەیرانی سوریا.
دەشێ دوو فاكتەری دیكە رۆڵیان لەگەڵاڵەكردنی ستراتیجە تازەكەدا هەبووبێ. یەكێكیان باوەڕی رۆژئاوایە بەوەی كە باڵی ناتوندڕەوی ئۆپۆزیسیۆنی سوریا ناتوانێ رژێم بڕووخێنێ و ناشتوانێ سنوورێك بۆ پەرەسەندنی هەڵسوڕانی گرووپە توندڕەوەكان دابنێ. ئەم مەسەلەیە لەشێوەی بیركردنەوەی رۆژئاواییدا مەسەلەیەكی گەوهەرییە. دووەمیشیان دەستێوەردانی زیاد لەپێویستی توركیایە لەقەیرانی سوریا كە لەرەوتی پەرەسەندنی رووداوەكاندا توركیای كردە ركابەرێكی گەورەی رۆژئاوا لە مەسەلەی دیاریكردنی چارەنووسی سوریای ئایندە. ئەمەش خۆی لەخۆیدا دوو ئەگەری لێ دەكەوێتەوە كە هەردووكیان بۆ رۆژئاوا مایەی نیگەرانین. یەكێكیان بەسترانی رژێمە تازەكەیە بەتوركیاوە كەئەمەش دەسەڵاتی دەستڕۆیشتوویی توركیا تا سەر سنووری لوبنان و ئیسرائیل و ئوردون درێژ دەكاتەوەو دووەمیان دڵنیانەبوونە لەهەڵوێستی داهاتووی توركیا بەرامبەر بەگرووپە توندڕەوەكانی سوریا.
رۆشنترین ئاماژە بۆ وازهێنانی رۆژئاوا لەهەوڵی رووخاندنی ئەسەد، لەوتارێكی رایان كرۆكەردا دەردەكەوێ. كرۆكەر كەباڵیۆزی پێشووی ئەمریكایە لەسوریا لەوتارێكدا كە لەرۆژنامەی «نیویۆرك تایمس» دا بڵاوی كردۆتەوە باس لەوە دەكا كە «كاتی ئەوە هاتووە بیر لەئایندەی سوریا بەبێ رووخاندنی ئەسەد بكرێتەوە، چونكە پێدەچێ ئایندەكە وابێ». لەوتارەكەدا دەردەكەوێ كە رۆژئاوا لەئەگەری دروستبوونی ئەفغانستانێكی تر لەسوریا تۆقیوە. ئەم فۆبیایە وایكردووە واز لەپڕۆژەی رووخاندنی ئەسەد بهێنرێ. كرۆكەر سیاسەتی ئەمریكا سەبارەت بەكاركردن بۆ رووخاندنی ئەسەد دەداتە بەر توانج و پێیوایە نەدەبوو سەرۆكی ئەمریكا باراك ئۆباما لەساڵی 2011دا داوای دەست لەكاركێشانەوەی ئەسەد بكات، چونكە ئەمریكا توانای ئەوە نییە ئەسەد ناچاری دەست لەكاركێشانەوە بكات. ماڵپەری رۆژنامەكەش پشتیوانیی لەبۆچوونەكانی كرۆكەر كردووەو باسی ئەوەی كردووە كە لێرە بەدواوە دەبێ دان بەوەدا بنرێ كە ئەسەد بەم نزیكانە ناڕووخێ و ئایندەی سوریاش بەبێ ئەسەد نابێ.
دیارە پەشیمانبوونەوەی رۆژئاوا لەپڕۆژەی رووخاندنی ئەسەد پەیوەندییەكانی ئەمریكای لەگەڵ یەكێ لەنزیكترین دۆستەكانی كە سعودیەیە، ئاڵۆز كردووە. سعودییەكان زوو هەستیان بەگۆڕانی هەڵوێستی ئەمریكا كردو رەخنەیەكی زۆریان لێ گرت، بەڵام واشنتن سور بوو لەسەر سیاسەتەكەی. لەبۆچوونێكدا كە گوزارشت لەتوڕەیی و بێئومێدی دەكا، باڵیۆزی سعودیە لەبریتانیا محەمەدی كوڕی نەوافی كوڕی عەبدولعەزیز لەوتارێكدا لەرۆژنامەی «نیویۆرك تایمس» بێ مننەتیی سعودیەی راگەیاندو وتی «سعودیە، لەگەڵ یان بەبێ پشتیوانیی دۆستە رۆژئاواییەكانمان، لێپرسراوەتییەكانی خۆی (لەسوریا) جێبەجێ دەكا».
ئۆپۆزیسیۆنی سوریاش لەگۆڕانی هەڵوێستی رۆژئاوا نیگەرانە. ئەحمەد جەربای سەرۆكی ئیئتیلافی نیشتمانیی سوریا كە گەورەترین گروپی ئۆپۆزیسیۆنە لەسوریا، لەكاتی سەردانەكەیدا بۆ هەرێمی كوردستان، لەهەولێرەوە رایگەیاند كەئەو «دژی راماڵینی رژێمێكی دیكتاتۆرە بۆ هاتنە سەر كاری رژێمێكی تایفەگەری خراپتر». ئەمە بەم مانایە دێ كەترس لەئەگەری هاتنە سەر كاری رژێمێك كەرێكخراوی قاعیدە دەستێكی باڵای تێدا دەبێ، ترسێكی گشتییەو هەموو لایەنەكان بەهەندی وەردەگرن. كرۆكەر لەوتارەكەیدا سەرتاپای بیرو بۆچوونەكانی رۆژئاوا لەم رووەوە كورت دەكاتەوەو دەڵێ «دەبێ لەگەڵ ئەم بیرۆكەیەدا بسازێین كەئایندە ئەسەدی تێدایەو دەبێ ئەوە بزانین كە ئەسەد خراپە، بەڵام لە ئەسەد خراپتر هەیە» كە رێكخراوی قاعیدەیە.
Top