چاوخشاندنەوە بە سیاسەتی ئابووری لە كابینەی تازەی حكومەتی هەرێمی كوردستان
December 26, 2013
وتار و بیروڕا
ئەوئەنجامانەی لەژێر دەستی لێكۆڵەرەوەكاندان، ئاماژە بەچەند فاكتێكی گرنگ دەكەن كە پێویستە بە كورتی گەڵاڵەبكرێن تاكو لەبەر رۆشنایی ئەو فاكتانە بە رێڕەوی ئەم ئابوورییەو سروشت و رووی پەرەپێدانی ئاشنابین:
1- ئابووریی هەرێمی كوردستان دەیان ساڵ بوو دووچاری لاوازیی و پەراوێزخستنێكی زۆر بووبوو،ئەمە وێڕای ئەو مەینەتییەی تووشی خەڵكەكە بوو لە ئەنجامی ئابڵوقەی ئابووریی نێودەوڵەتی كە بەسەر عیراقدا سەپێنرابوو،دواتر ئەو ململانێیەی لە هەرێم هاتەئاراوەو لە 1998 كۆتایی ساڵی 2005 كاتێ حكومەتی یەكگرتووی هەرێم دامەزرا كە بەكردار نەیتوانی چالاكیی ئابووری و ئیداری یەكبخات و بەم شێوەیە بەرنامەی هەولێرو دهۆك لەگەڵ ئەوەی سلێمانی هەروا بەجودايی مایەوە،هەرچەندە حكومەتێكی یەكگرتووش لەئارادابوو بە پێی رێككەوتنێكی ستراتیجی نێوان هەردوو حزبی سەرەكیی دەسەڵات ، بەڵام ئەم بارودۆخە كاریگەریی نێگەتیڤانەی هەبوو بەسەر یەكێتیی سیاسەتی ئابووری و بڕیارەكانی حكومەت و رێڕەوی پەرەپێدان،بۆیە ئابووریی هەرێم لە رووی ژێرخانەوە هیچ جیاوازی نەبوو لەگەڵ سروشتی ئابووریی عیراق و گرفتەكانی، بۆیە تا ئێستاش كێشەكانی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و عیراقی فیدراڵ بوونەتە لەمپەر لەبەردەم رێڕەوی هاوبەش و یەكگرتووی ئابووریی عیراق.
2- هیچ دامەزراوەیەكی پیشەسازی و پرۆژەی پەرەپێدانی كارا و گرنگ لە هەرێمی كوردستاندا نەبوو،سەرباری تێكچوونی باری ئابووریی و كشتوكاڵی لە ئەنجامی شەڕەكانی رژێم و كاولكردنی گوندەكانی كوردستان و ئاوارەبوون و كۆچكردنی بەزۆرەملێی دانیشتوانی گوندو ناوچە سنووریەكان بۆ شارەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان .
3- سەرهەڵدانی بێكاریی فراوان و داپۆشراو كە بەردەوام بووە هۆی زێدەبوونی خەرجییەكان لە گەنجینەی هەرێم و لاوازبوونی هەوڵەكانی حكومەت لە وەبەرهێنان بە ئاراستەی بووژانەوەی پەرەپێدانی ئابووری و كۆمەڵایەتی.
3- كابینە یەك لەدوای یەكەكانی حكومەتی هەرێم هیچیان بەو شێوەیە دیدگاو بۆچوونی روونی ئابووری و ستراتیژییان نەبوو، كە دەبوو كاریان بكردایە بۆ بەرەوپێشچوونی پرۆسەی پەرەپێدانی ئابووری و كۆمەڵایەتی، بۆیە سێ ئامانج بوونە خولیای بەرپرسان:
أ- ئیمزاكردنی زۆری گرێبەستەكانی گەڕان بەدوای نەوت و دەرهێنانی، بۆ رزگاربوون لە ئەگەری ئەوەی نەبادا حكومەتی فیدراڵ بەشە بودجەی ساڵانەی كوردستان ببڕێت.
ب- لاسایی كردنەوەی هەندێ لە دەوڵەتانی كەنداو لە بواری بیناسازی زۆر ئاوەدانكردنەوەو بازرگانیی هاوردەكردن و ناردنی نەوتی خاو دوور لە پەرەپێدانی ئابووری و بەرهەمهێنانی كشتوكاڵی و پیشەسازی.
ج- بایەخدان بە پرۆژەكانی رێگاوبان و دروستكردنی پردو باخچەو پارك و بازاڕی هاوچەرخ و تەلارو ئەپارتمان و بینایەی حكومی و دامەزراندنی بێكاران لە دەزگا مەدەنی و سەربازییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا.
ئەو سیاسەتە هەندێ پێویستی و لایەنی ئیجابیشی هەبوو،كە ئامانجی گۆڕینی گوندەكان بوو تاكو وەكو شارو شارۆچكەكان بایەخیان پێبدرێت و باری دەروونی و تەندروستی و پەروەردەیی گوندنشینان بە ئاراستەیەكی پۆزەتیڤدا ببرێت،دوای ئەوەی ساڵانێكی زۆر بوو پەراوێزخرابوون و هەستیان بە هاووڵاتیبوونی راستەقینە نەدەكرد لەسایەی سیاسەتی شۆڤینی و سەربازیی حكومەتەكانی ناوەند لە بەغدا،لێرەدا پرسیارێك دێتە ئاراوە كە پێویستە لەئێستادا بەرپرسانی هەرێم وەڵامی بدەنەوە: ئایا دەكرێت لەسەر ئەو سیاسەتە بەردەوام بن كە لەساڵانی پێشتر پەیڕەودەكرا،یان دەبێت ئەولەویاتی بیناسازی و پەرەپێدانی ئابووری و كۆمەڵایەتی بگۆڕدرێن؟ رەنگە بەرپرسان لەو كابینە تازەیەی كە لەو رۆژانەدا دادەمەزرێت بتوانێت وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە،بەڵام لێرەدا پێویستە چەند سەرنجێك بخەمەڕوو بەوئومێدەی وەك بەرژەوەندیی پەرەپێدانی هەرێمی كوردستان رەچاوبكرێت،بەڵێ پێویستە گۆڕانكارییەكی بەهێز لە سیاسەتی ئابووری و كۆمەڵایەتيی هەرێم بەو ئاراستانە بێتەئاراوە:
1-هەرێمی كوردستان پێویستیی بە بەردەوام داهاتی نەوت دەبێت بۆ درێژەدان بە پرۆسەی ئابووری و راییكردنی پێداویستییەكانی دانیشتوان،چونكە بەبێ ئەو داهاتە داراییە ماشێنی ئابووریی هەرێم پەكیدەكەوێت.
2- ئەو پارەیەی دەگاتە هەرێم چ لە هەناردەی نەوتی خاو بێت یان لە باجەكان، سامانی نیشتمانی زیادناكات و كەڵەكردنی سەرمایە ناهێنێتەكایەوە،بەڵكو هەمووی بۆ مەبەستی هاوردەكردنی كاڵاو شتومەك دەڕوات، پێویستیی خەڵك و حكومەت بۆ خەرجیی رۆژانە زیاتردەكات.
2- پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان دووربكەوێتەوە لە دابەشكردنی داهاتی نەوت بەسەر گەلی كوردستانداهەروەكو هەندێك لە عیراق و هەرێم بانگەشەی بۆ دەكەن،بە بیانووی دادپەروەریی لە دابەشكردنی سامانی نیشتمانی،چونكە ئەو جۆرە دابەشكردنە نادادپەروەری و نا لۆژیكییە بە درێژایی كات سەردەكێشێت بۆ ئەنجامی خراپ ،هاوكات پێداویستیی دانیشتوان جێبەجێ ناكات، لە كاتێكدا كە پێویستە ئەو داهاتە بۆ پەرەپێدانی بەردەوام تەرخانبكرێت كە هەلی كارو بەرهەمی ناوخۆ دەستەبەردەكات و گۆڕانكارییەك لە دەرامەتی نەتەوەیی دێنێتەدی.
3- پێویستەحكومەتی هەرێمی كوردستان رووبكاتە پەرەپێدانی درێژخایەنی ئابووری و كۆمەڵایەتی و بایەخ بدات بە دانانی ستراتیجییەتێكی پێنج ساڵەی پەرەپێدان كە بتوانێت سەرمایەی كەڵەكەبووی بیست ساڵەی رابردووی خۆی بۆ كاری ئاوەدانكردنەوەو پەرەپێدانی بەردەوام بەكاربێنێت.
4- هەرێمی كوردستان سەرچاوەی سەرەتایی هەمەجۆری هەیە لەپاڵ نەوتی خاو و گازی سروشتی،هاوكات زەوییەكی بەرفراوانی كشتوكاڵیشی هەیە كە بنەمای پەرەپێدانی ئابووریی نیشتمانییە،بۆیە لەبەر رۆشنایی ئەم سەرچاوانە پێویستە لەم كەرتانەدا پەرە بە ئابووریی نیشتمانی بدرێت:
أ- كەرتی دەرهێنانی نەوت و غازی سروشتی و كانزا سروشتییەكان.
ب- پەرەپێدانی كەرتی پیشەسازی كە ئێستا زۆر لاوازەو پێویستی بە پەرەپێدان هەیە.
ج- سوودوەرگرتنی لۆژیكانە لە زەویی بەپیتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو كە لەئێستادا بە رێكوپێكی بەكارنایەن.وێڕای بايەخدانی زیاتر بە كەرتی گەشتوگوزار و پەرەپێدانی مرۆیی لەوانەش پەرەپێدانی لێكۆڵینەوەی زانستی.
هەرێمی كوردستان دەتوانێت،سەرەڕای نەبوونی بەندەری هەناردەكردن،پەرە بە پیشەسازییە پترۆكیمیاوييەكان و كەرەستەی بیناسازی بە هەموو جۆرەكانیەوە بدات،هاوكات بازاڕ بۆ ئەو كەرەستەو كاڵایانەی كە لە داهاتوودا بەرهەمیان دێنێت،بدۆزێتەوە، لە لایەكی دیكەوە كەرتی كشتوكاڵ و سامانی ئاژەڵ بەشدارییەكی كارا دەكەن لە پەرەپێدانی پیشەسازییەكانی چنین و رستن و جگەرەو بەروبوومەكانی شیر و قوتووبەندیی گۆشت و سەوزەو میوە.
كەرتی گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان بۆ چەندین ساڵ پشتگوێ و پەراوێزخرابوو،ئەو پرۆژانەیش كە لەئێستادا هەن زۆرنین و ئەو داهاتە بەدەست ناهێنێت كە پێویستە ،دیارە دیمەنی سەركەش و رازاوەی سروشتی جوانی كوردستان بە چیاو دۆڵ و پێدەشت و رووبارو كانیاو و تاڤگە رازاوەكان فاكتەری سەرەكین بۆ زیاتر بیركردنەوە هیممەت كردن بە ئاراستەی بووژانەوی زیاتری ئەم كەرتە گرنگە.
ئەگەر باسی كەرتی پەروەردەو خوێندن بكەین لە هەرێمی كوردستاندا بۆمان دەردەكەوێت كە بە هەموو قۆناغەكانیەوە هێشتا پێویستی بە بایەخپێدانە، زیاتر گرنگی بە لق و خوێندنە مرۆڤایەتییەكان دراوەو بوارە زانستییەكان بەپێی پێویست بایەخیان پێنەدراوە هاوكات خوێندنی پیشەیی كە بۆ پرۆسەی پەرەپێدانی ئابووری و كۆمەڵایەتی زۆر پێویستە بە شێوەیەكی زانستی بیری لێنەكراوەتەوە ئەگەر هەشبێت بەو جۆرە نییە چونكە بنەمای ئەم پرۆسەیە پەیوەستە بە پێگەیاندن و ئامادەكردنی كادیری مامناوەند لە سەرجەم بەشەكانی پیشەیی.
توركیاو ئیران ناوەندی یەكەم و دووەمن لە پەیوەندییەكانی ئابووری لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا،بە تایبەتیش بازرگانيی هاوردەكردن،لەئێستادا هەرێم كاڵا بە بڕێكی زۆر بە تایبەتی لە توركیا هاوردەدەكات،ئەمە وێڕای هاوردەكردنی كەرەستەی بیناسازی و خۆراك و شمەكی هەمەجۆر،توركیا زیاتر لە ئیران رۆڵی بەڵیندەرایەتی دەبينێت بە تایبەتیش بەسەدان كۆمپانیا لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن لە بوارەكانی بنیادنانی خانووبەرەو تەلارو ئوتێل و مۆڵ و رێگاوبان و تونێڵ و پرد لەمەشدا قازانجێكی زۆری دەستدەكەوێت،بەڵام ئەمە ئابوورییەكی بەهێز لە كوردستان ناهێنێتەئاراوە و پەرەش بە سامانی نیشتمانی پێنادات بەڵكو پارەی نەوت زیاتر لەدەستدەدات، هەرێمی كوردستان پێویستی بە پلانگەلێكی پەرەپێدان هەیە كە فاكتەرێكی گرنگن لە هەمەجۆركردنی ئابووریی نیشتمانی،ئەمەش بە دامەزراندنی دەزگاكانی پیشەسازی و كشتوكاڵی پرۆژەكانی گەشتوگوزارو چارەسەركردنی دیاردەی بێكاری دێتەئاراوە.
ئەمڕۆ گەلی كوردستان هەست بە كەڕامەتی نیشتمانیی خۆی دەكات بەهۆی ئەو گۆڕانكارییەی لە واقعی ژیانیدا هاتۆتەدی، بەڵكو لەلایەكی دیكەوە پێویستی بە دابینكردنی ئاساییشی ئابووری هەیە بە سوودوەرگرتن لە هێزو توانای مرۆیی و ماددی و چاككردنی ئاستی بەرهەمهێنان و خوێندن و رۆشنبیری و هونەری، ئەمە وێڕای ئەوەی كە ئاوڕدانەوە لە چاپەمەنی و چالاكیی رۆشنبیری لایەنێكی دیكەيە كە زۆر پێویستە لە سایەی ئەو رەوشە ئەمنییەی كە لە ئێستادا لە كوردستاندا بوونی هەیە، لە هەمووی گرنگتر چاوخشاندنەوەيە بە یاساكانی پێشوو و دەركردنی یاسای نوێی تەندروستی و پەروەردەیی و ئابووری و كۆمەڵایەتی كە فاكتەری بنەڕەتین لە هێنانەكایەی پەرەپێدانێكی بەردەوام.