پێشکەوتن بەبێ رۆڵی رۆشنگەرانەی رۆشنبیران مەحاڵە، ١. دیاردەیەکی مۆدێرن
November 28, 2013
وتار و بیروڕا
رۆشنبیران هەڵکەوتەی ناو سیستەمی مەعریفی کۆمەڵگای خۆیانن و توانایی مەلەیان لەناو کولتوور و مەعریفەی کۆمەڵگای جیهانی هەیە. هەر رۆشنبیرێک بە کولتوور و پلەی مەعریفەتی کۆمەڵگاکەی دەناسرێتەوە، بۆیە ئەوە رۆشنبیرانن کە نوێنەرایەتی کولتوورە جیاوازەکان دەکەن. رۆشنبیران بە قوڵی لە واقیعی کۆمەڵایەتی خۆیان دەگەن و لەو سۆنگەیەوە هەر یەکیان بەپێی باری سایکۆلۆجی و پێگەی کۆمەڵایەتی خۆی و واقیعی سیاسی وڵاتەکەی هەڵوێست لە شوێنی کاری خۆی وەردەگرێت و شێوازی کار دیاری دەکات. مەبەستم لە هەڵوێست و شێوازی کاری رۆشنبیر وەک تاکێک ئەوەیە؛ دەچێتە ناو سیاسەت، تەنیا بەنووسینەوە خەریک دەبێ، ئانارشیستانە رەفتار لەگەڵ دیاردەکان دەکات، بێدەنگ دەبێت یان لەوانەیە خۆی بکوژێت. لە هەموو حاڵەتێکدا کاریگەری خۆی دەنوێنێ.
رۆشنبیر مرۆڤێکی خوێندەواری خوێنەر و بیرکەرەوە بە کەشی داهێنانە. بۆیە هەموو خوێندەوار و خاوەن بڕوانامەکان رۆشنبیر نین، ئەوانە دەتوانن زانیاری وەربگرن و بە شێوەیەکی دیاریکراو بەکاریبێنن و بکەونە پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی ئاسایی، بەڵام قەت بیر لە پێداچوونەوە و هەڵوەشاندنەوە و دامەزراندنەوەی ناکەن. گومانی تێدا ناکەم چەندی خوێندەواری زیاتر و ئاستی بەرزتر بێت ئاست و ژمارەی رۆشنبیران زیاتر دەبێت.
رۆشنبیر لە بوارە جیاوازەکانی کۆمەڵگا هەڵدەکەون و داهێنان لە رێچکەی خۆیاندا دەکەن. ئەو سیاسەتمەدارانەی بە رووناکبینی و زاناییەوە بەشداری کەشی سیاسی دەکەن، لە جوغزی خۆیاندا کاریگەر دەبن و گۆڕانکاری دروست دەکەن و رەوشی کۆمەڵ بەرەوپێشەوە دەبەن. وەک تۆماس جیفرسۆن، شارڵ دیگۆڵ، گۆڕباچۆف، ڤاسلاف هاڤێل، مهاتما گاندی، نلسۆن ماندێلا. هەروەها ئەو ئەدیبانەی دەست لەسەر هەناسەی مرۆڤ دادەنێن ژمارەیان زۆرە، وەک جەلالەدینی رۆمی، تالستۆی، ئامیل زولا، ژان پۆڵ سارتر، ئەمین مەحفوز، گارسیا ماکیز، نالی. بیردۆز و تیۆرسیەنە کاریگەرەکان کە ئەزموونی کۆمەڵگاکان دادەڕێژنەوە. وەک نموونە ژان ژاک رۆسۆ، تۆکۆفێل، مارکس، فرۆید. هونەرمەندانی سینەمایی و شانۆیی و جۆرەکانی پەیکەرتاشی و نەقاشی- تەشکیلی، هەروەک نموونە چارلی چاپلین، ئانتۆنی کۆین، ئانجێلینا جولی یان مایکل ئانجیلۆ، رافائێل، پیکاسۆ.
بۆ سەرهەڵدانی توێژی رۆشنبیران، زەمینەی کۆمەڵایەتی پێشکەوتووی بە جموجۆڵ و بەرهەمهێنان پێویستە. رۆشنبیر بە مانا و ئەرکی ئەم رۆژگارە مۆدێرنە لە ژینگەیەکی کۆمەڵایەتی زانا دروست دەبێ و زەمینەی گەشەکردنی هەیە. بۆیەش دیاردەی رۆشنبیران بە تایبەتمەندییەکی سەردەمی مۆدێرن دەزاندرێ. ئەو دیاردە کاریگەرە لەگەڵ سەرەتاکانی نوێبوونەوە و پەیدابوونی سەرمایەداری هاتەبوون و رۆلی دروستکردنی فکر و دەوڵەمەندکردنی مەعریفەی کۆمەڵایەتییان بە ئەستۆ گرت. کۆمەڵگا نوێیەکان نەیاندەتوانی هیچ هەنگاوێک بەرەوپێشەوە بنێن ئەگەر رۆشنگەری رووناکبیرەکانیان نەبایە. کۆمەڵگا و بزووتنەوەکانی بەبێ بەرهەمی فکریی رووناکبیران(رۆشنبیران) توانایی هەڵنانی هیچ هەنگاوێکیان نییە، چونکە دەبێ بزانن چی بەدیدێنن. ئەو چییە لە بەرهەمی رۆشنبیران هەڵدێنجرێ.
ئا لەو رۆلەوە بیرۆکەی رۆشنبیری لایەندار و بە هەڵوێست دروست بوو. لایەندارێتی رۆشنبیران لێکدانەوەی جیاوازی بۆ کراوە و لە مانایدا لێرە و لەوێ بە پێی بەرژەوەندی ئایدیۆلۆجی باری کۆمەڵایەتی و سیاسییان سووک یان سەنگین کردووە. ئەوەش دیسان بۆ ئەو رۆلە دەگەڕێتەوە کە رۆشنبیران لە دروستکردنی فکری بزووتنەکان هەیانبووە. رۆشنبیران بە کار و پرۆسەی بەردەوامی داهێنانی خۆیان زەمینەی دروستبوونی ئایدیۆلۆجیاکان و ئامانجەکانیان دروست کردووە، جا با خۆیان راستەوخۆ بەشدار و پێشەوا نەبووبن، هیچ لە رۆڵە کۆمەڵایەتییە زانیارییەکەیان کەم ناکاتەوە. کاریگەری فکری رۆشنگەرانەی رۆسۆ و ڤۆڵتێر لە شۆڕشەکانی ئەمریکا و فەڕانسە، رۆلی کاڕل مارکس لە داڕشتنەوە و فراوان کردنی ئایدیۆلۆجیای (عەدالەت)کۆمۆنیزم، رۆلی رۆشنبیرانی توێژەری رۆژهەڵاتناس لە خەمڵاندنی ئایدیۆلۆجیای نەژادپەرستی و راسیزم و ئاپاڕتاید. قۆسترانەوە و کاریگەری فکریی دارڤین و نیچە و هایدگەر لە درستبوونی فاشیزم و نازیزم. رۆلی روونابیرانی سەدەی بیستەم لەسەر کرانەوەی کۆمەڵایەتی و دروستبوونی کۆمەڵگای مەدەنی و چارەسەریی کێشەی ژن. لەو بوارەدا ناوی ئامیل زولا و ئاندرێی ژید و بێرتڕاند راسێل و ژان پۆل سارتر و سیمۆن دیبۆڤار دەدرەوشێنەوە. سەدەی بیستەم بە سەدەی ئەو رۆشنبیرانە دادەندرێ.
مناقەشەیەکی درێژ بە پانتایی سەدەی بیستەم لەسەر پێناسە و رۆلی رۆشنبیران هەبوو. خودی چەمکی رۆشنبیر لە کۆتایی سەدەی نۆزدەیەم لە ناو کۆمەڵگای پڕ لە جموجۆڵی رۆشنگەرانەی فەڕانسە دروست بوو. زیندانی کرانی ئەفسەرێکی جوی ناو سوپای ئەو وڵاتە، کێشەیەکی فراوانی لێکەوتەوە و رۆشنبیرانی خستە بەردەم ئەرکێکی ئینسانی، ئاخۆ رەوایە دریفوسی ئەفسەری فەڕانسەیی لەبەر ئەوەی جوە بە جاسوس دابندرێ و هەموو مافەکانی لێبسەندرێتەوە و بۆ دوورگەیەکی دوور دووربخرێتەوە؟! ئەوە بە کردەوەیەکی نەژاد پەرستانە دژی پەیڕەوانی دینی یەهودی داندرا. رۆماننووسی بە ناوبانگ ئامیل زولا بەو وتارەیەوە بەناوبانگە کە دژی سەرۆک وەزیران و بۆ دیفاع لە دریفوس نووسی. ئەو هەڵوێستەی ئامیل زولا نەک هەر رۆشنبیران بەڵکو کۆمەڵگای ئەو وڵاتەی خستە مناقەشەیەکی چارەنووسساز و مێژوویی؛ دەبێ سەرەڕای جیاوازی دینی، دیفاع لە هاووڵاتیان بکرێ و مافەکانیان بپارێزرێ؟! کەواتە دەبێ دیفاع لە دریفوس بکەن و پاشەکشە بە سەرۆک وەزیر بکرێ! ئامیل زولا بە زیندانێکی درێژ مەحکوم کرا و ناچار بوو رابکات و وڵات بەجێبێڵێ. رۆشنگەران و نووسەرە ناودارەکان کەوتنە بەردەم کێشەیەکی نوێ کە دەبوا رێگای راستەقینەی بۆ بدۆزنەوە: ئەرێ کەسانی زانا هیچ ئیلتزامیان بەرامبەر لێقەوماوانی کۆمەڵایەتی لەسەر شانە یان نا؟ ئەرێ ئێمە ناومان چییە؟! ئا لەوێوە بە راستی مەفهومی رۆشنبیر (ئانتیلکتوێل) و ئیلتزام و بێدەنگ نەبوونی تاریف کرا. ئەو قسەیە واناگەیەنێ پێش ئەو رووداوە دیاردەی رۆشنبیریی نەبووبێ. کۆکردنەوەی زانیاری و ناسینی زیاتری سروشتی مرۆڤ و ناخی گێتی لە تایبەتمەندییەکانی وجودی مرۆڤە. بەڵام دەبێ بزانین لە هەر قۆناغێکی پێشکەوتنی مرۆڤایەتیدا، کەسانی زانا و رۆشندڵ لە چ بارودۆخێک و لە کام ئاستی زانیاری و مەعریفەی کۆمەڵگاکان هەڵدەکەون و چۆن دەکەونە بەرامبەر چارەسەرکردنی کام ئەرک و چ ئامانجێک!.
ئەگەر رۆشنبیر بریتی بێت لەو کەسە زانایەی لە سەردەمی مۆدێرن هەڵدەکەوێ، ئەدی زانای سەردەمی سیحر و ئەفسانەکان چی پێدەگووترێ؟ فەیلەسوفانی ئاتێن کێن؟ پێغەمبەران و بیرمەندە دینییەکانی دوای ئەوان دەکەونە چ خانەیەک؟ هەموو ئەوانە لە سەردەمی خۆیاندا بەو گەنجینە مەعریفییەی لەبەردەستیان بووە و بەو ئامرازە مەعریفییانەی کە دەیانتوانی فەرهەنگسازی و باوەڕسازی بکەن، داڕێژەر و بنیادنەری فکری کۆمەڵگا بوون؛ شەجەرە مێژووییەکەی توێژی فکر و مەعریفە بەم چەشنەیە: ساحر- کاهن- فەیلەسووف- پێغەمبەر- عالمی دینی-عارف- رۆشنگەران- رۆشنبیران. هەر یەک لەوانە لە زەمانی خۆیدا کەسایەتی زانستی و کۆمەڵایەتی تایبەتی هەبووە. لە سەردەمی جاهیلیەتی موتڵەقدا ئەوە ساحر و کاهنەکان بوون کە هەوڵی کۆکردنەوەی تەجرەبە سەرەتاییەکانی مرۆڤیان دەدا و بەپێی توانایی ئەوکات کۆخ و کاولی کولتووریان هەڵدەچنی و نەوەکانیان لەسەر مەعریفەتی دەستکەوتووی ئەکات رادەهێنا. هەر ئەو ئەرک و کاریگەرییەشە تا ئێستا لە زاکیرەی مرۆڤاتییدا ناسڕێنەوە. ئاتێن لە یۆنانی کۆندا مەکۆی ژمارەیەک رۆشندڵی گەورە بوو کە هەوڵیاندا لە هەموو بوارەکانی ژیان و وجود لێکدانەوەی راستەوخۆ بکەن و سەرچاوەکانیشیان سحر و ئەفسانە و ئەزموونەکانی رۆژانە بوون. فەیلەسووفەکانی یۆنان بناغە و رێچکەیان بۆ بیرکردنەوەی قوڵ و زانستییانەی بەشەرییەت داڕشت. گرنگی پێغەمبەران بە پلەی سێیەم دوای فەیلەسووفەکان دێت. لە سەردەمی دینەکاندا کە مرۆڤ تەنیا هۆشی بەلای لێکدانەوەی گێتی و خودی بەشەردا دەچوو، پێغەمبەران رۆشندڵانی گەورەی ئەو زەمانن و روانگا و رێکخستنێکی گونجاو بۆ ئەوکاتیان دەدایە کۆمەڵگاکان. چونکە پێغەمبەرەکان لە وەرگرتن و بڵاوکردنەوەی زانیاریدا پشتیان بە بیستن و گووتن دەبەست نەک نووسین و خوێندنەوە، بۆیە زانا و موجتەهیدەکانی دوای خۆیان دەبوا پشت بە دەقی پیرۆزی ئەوان ببەستن بۆ هەندێش دەبوا هانی نووسینەوە و تۆمارکردن بدەن. بۆیە ئەگەر پێغەمبەرەکان ئامرازی مەعریفییان(بیستن و گووتن) هەمانی سەردەمی جاهیلییەتی موتڵەق بوو، ئەوە زانا موجتەهیدەکانی دوای خۆیان هەنگاوێک هاتنە پێشەوە و پشتیان بە دەقی نووسراو دەبەست. هەڵبەت ئەو دیاردەیەش بارودۆخی مێژوویی-کۆمەلایەتی خۆی هەبووە.