ئۆپۆزسیۆنی سوریاو دۆزی كورد
November 21, 2013
وتار و بیروڕا
شۆڕش لە سوریا وەك شۆڕشێكی مەزن دەستی پێكردو بەڵام گەیشت بە سێركێكی زەبەلاحی كوشتار و ماڵوێرانی، ئێستا بە دۆزەخێكی كراوە گەیشتووە كە هەموو شەیتانەكانی سەر زەوی و بەچكەكانی جرت و فرتی تێدا دەكەن، ئێستا لە توانای هەموو چەتەو ڕێگرو بەهلەوان وفێڵزانێكدایە تەراتێنی تێدا بكەن و خەسڵەتی قەدیس لە خۆی بنێت وخۆی تێدا بخزێنێت..
لە بەرانبەریشدا سیاسەتمەدارانی كورد پەندیان لە وانەكانی مێژوو و سیاسەت وەرنەگرت، بۆ جارێكی تر سەلماندیانەوە كە ناتوانن ببنە نوێنەرانی ڕاستەقینەی دۆزی نەتەوەییانەی گەلی كورد، غیابی گوتارێكی سیاسی هاوبەش ئاماژەیە بۆ شكستهێنانیان لە وەرگرتنی بڕیارێكی نەتەوەییانەی سەربەخۆ، هەروەها دەستەبژێرێكی سیاسی بە توانا شك نابرێت تا سەركردایەتی دۆزەكە لە سوریا بكات، بەمەش وایكردووە شۆڕشەكە بكەوێتە بەر دەستێوەردانی دەرەكییانەی ئەو هێزە دوژمنكارانەی بۆ ماوەی نیو سەدەیەكە ڕشتنی خوێنی كورد حەڵاڵ دەكەن، شكستەكە هەمووی لەم سێ ساڵەدا سەلمێنرا..
كێشەی كورد بە پلەی یەكەم كێشەی نێوان كوردو كوردە، هاوكات بڕیارو ویستی ناوەندییانەی تێدا بزرە، ئێستا فرەویستێكی تر دەیجووڵێنن و دەستانی شاراوە جڵەوگیری چەند دەستێكی لاوازی دیاری ئێرەو ئەوێیان پێ كردووە..
بۆچی ڕانەهاتوین لەسەر دانپیانان و ڕەخنە لەخۆگرتن، پرۆژەی سیاسیانەی كورد لە سوریا بە درێژایی مێژوو بێ كاریزمای سیاسی دەستەبژێر كاتەكانی بەڕێكردووە، بكەرانی سیاسی بە درێژایی ئەو مێژووە ئامادەی سازش بوون و بەهانەی زۆریان بۆ قەیرانە درێژخایەنەكەیان هێناوەتەوە، لە كۆتاییدا بڕوای ڕاستەقینەیان بەو پڕۆژەیە نەبووە كە هەوڵی نوێنەرایەتییان بۆ داوە، هاوكوفی ئەمەش كۆمەڵگەی كوردەواری ڕۆڵی پێشەنگانی كۆمەڵایەتی و كەسانی ڕوانگەیی پێشكەوتووی تێدا بزرە، بە شێوازێك ئێمە لە كۆمەڵگەیەكی ئاسۆییدا دەژێین، واتا بێ قوچەكیانەی كۆمەڵایەتی و كەلتوورییە، لەبەر ئەوە كۆمەڵگەیەكی سادەو ساكارەو زۆر بە سانایی دەتوانرێت لە گرێژنەوە لێكهەڵوەشێنرێتەوە، كۆمەڵگەیەكی دوور لە ناوەندگەرایی و دوور لە گردبوونەوە بە دەوری ناووكی ڕەمزی و ماددیدایە، دەچوێنرێت بە دوورگەی ئەرخەبیل كە چەندین دوورگەی لێكهەڵوەشاوەی لە ناو شەپۆلە بە هاژو هووشەكاندا بێت،ئەم كۆمەڵگەیە مێژوو گوزاریشتی لێ دەكات و ناوی دەبات بە بێ ئەوەی خودی مێژووەكە ددانی پیادا بنێت یان ئاوڕێكی لێ بداتەوە، لەوانەیە ئێمە بێ توانا بین لەوەی كاریگەریمان بۆ سەر مێژوو هەبێت بەم شێوازەی ئێستامان..
لە لایەكی ترەوە گەورەترین بەڵگە لەسەر ئەوەی هزری سیاسی ئۆپۆزسیۆن جیاوازی نییە لەگەڵ هزری سیاسی ڕژێمی سوریا، ئەوەیە كە ئۆپۆزسیۆنی سوریا خواستی نییە گۆڕانێكی دیموكراتی لەو وڵاتە بێنێتە پێشەوە، تەنیا هەموو هەوڵەكانی چڕكردۆتەوە بۆ ڕوخاندنی سەری ڕژێمەكە بە پاڵپشتی فاكتەری تایەفەگەرییانەوە، تا ئێستاش ئۆپۆزسیۆن بە هیچ شێوازێ لە شێوازەكان ڕەخنەی ئاڕاستەی ئیدیۆلۆژیای بەعس نەكردووە، بێدەنگی هەڵبژاردووە لە بەرانبەر ڕەفتارەكانی بەعسیەكاندا، ئەم بێدەنگ بوونەشی وەك ئەوەیە ناڕاستەوخۆ ڕێگەخۆش بكات بۆ بەعسیەكان خۆیان بێتاوان نیشان بدەن لەو تاوانكارییانەی دەیكەن و هەمووی بهێننەوە بەسەر سەری ڕژێمەكەدا تا حزبی بەعس وەك شەریكە تاوانكارێكی ڕژێم نەخەنەڕوو، لەسەر ئاستی كوردیشدا تا ئەم كاتەش وشەیەكی خێرمان لە ڕەمزەكانی ئۆپۆزسیۆن نەبیستووە ئومێدو ئارامییەك ببەخشێت، هەمووان لە پێشبڕكێدان بۆ وروژاندنی كورد بە هەڵوێستی دوژمنكارانەو ڕاگەیانراوە سەقەتەكانی كە گوزارشتە لە زەینیەتە پڕ لە كینەو ڕق و تەنگەچیلە ڕەگەزپەرستانەكانیان، هەموو ئۆپۆزسیۆن كە باسەكە بێتە سەر مافەكانی كورد دەكەونە وڕێنەكردن و هاوارو شاتە شات، كینەو گومان و پەڕگیربوون بریتیە لە گەوهەرو سیمای ڕاستەقینەی هەموویان لە بەرانبەر باسكردنی هەبوونی كورددا، زەحمەتە بە قسەی بریقەداری یەكسانی و دیموكراتیەت و هاووڵاتیبوون قایل بكرێن، ماسكە ژەنگرتووەكانی سیمایان بە سانایی لێ هەڵدەماڵرێت، وەك لە ڕۆژانی ڕابردوودا ڕووی ڕاستەقینەیان ئاشكرا بوو، چۆن ئەم ڕاستیە ڕاڤە دەكرێت ئیتر ئەمەیە حەقیقەتی ئۆپۆزسیۆنی سوریایی و واقیعی ئێستاكێی ئەم ئۆپۆزسیۆنە..
شتێكی تر كە حەقیقەتی ئەم ئۆپۆزسیۆنە بخاتە ڕوو بریتیە لە پەرچەكردارەكانی بەرانبەر پرۆژەی ئۆتۆنۆمی، كە سادەترین مافە بۆ گرووپێكی مرۆڤایەتی كە ناسنامەیەكی هاوبەش كۆیاندەكاتەوە، بەڵام كاردانەوەی فاشستانەی فۆبیا ئاسا بە ڕووخساری هەموو ئۆپۆزسیۆنگەرانی سووریاوەیە، لە سەپانەكانیانەوە تا سەردارەكانیان، بێ ئەوەی هەوڵێكیان لێ شین بێتەوە بۆ لاكرنەوە لە مافەكانی ئەوانیترو بۆ لێبوردەیی،ژەنگی ڕەگەزپەرستانەی قەناعەتپێكەر كە وەك كاغەزێك پێچراوە لە چەمكەكانی ئەم نیشتمانە بۆ هەمووانەو دەوڵەت مەدەنیانەیە تەنیا بۆ چاووڕاوەو لە ژێرەوە ناعەقڵانیبوون و فیزولە خۆبایی سیاسی و لووتبەرزی خۆسەپێن هەمووان لە یەك جەستەی مەتین كۆدەكاتەوە كە تژییە بە هەستی دوژمنایەتی، تەنانەت خانەدانەكانیان بە شێوازێك خەڵكی سادە هان دەدەن دژ بە هەڵوێستی كوردان بوەستنەوە، هاندانەكانیان پڕیەتی لە هەڵچوونی سیاسیانەی هەڵبەستراوو ئەوانیشیان هێناوەتە سەر هات و هاوار لە بازاڕی هەینیدا دەیفرۆشنەوە، پاش ئەوەی لە ویقارو خەسڵەتی جوامێرانە خۆیان داشۆریوە كە بە درێژایی سەدەكانی پێشوو شانازییان بەو خەسڵەتانەی خۆیانەوە دەكرد، ئەمەش ئێمە دەخاتە سەر گومانكردن لە نیەتەكانیان، بە بەڵگەی ئەوەی هیچ كام لەم خانەدانانەش ئەگەر بۆ تۆزقاڵێكیش بوو بێت توڕەیی خۆیان دەرنەبڕیوە بەرانبەر ئەو میرنشینە تیرۆریزمیانەی كە وەك قارچك هەڵتۆقیون لە ناو قووڵایی سوریادا تەراتێنی خوێنڕشتنیانە، ئەمە هەمووی سەلمێنەری ئەوەیە كە تەنیا خاڵێكی هاوبەشی نێوان ئۆپۆزسیۆن و ڕژێم بریتی بێت لە دوژمنایەتی كوردو چەوسانەوەی گەلی كورد..
مانەوەی كورد وەك هێزێكی سەربەخۆی سیاسی باشترە لە هەموو شتەكان بەڵام چۆن ئەمەش ئەنجام دەدرێت، ئەنجومەنی نیشتمانی كوردی بە چوونەپاڵیان بۆ لای ئیئتیلاف وەك خیانەتێك وایە بۆ هەموو ڕێبازە سیاسیەكان كە پێشتر ئەنجومەنەكە ڕایگەیاندبوو..
پێشتر وترابوو كە دۆزی كورد وەك وردە پارەی ئاسن وایە بەسەر مێزی قومارچییە گەورەكانەوە، ئێستاش ئەمە سەلمێنرا كاتێ هەندێك لە سیاسەتمەدارانی كورد چوونە سەر مێزی ئەوانەی هەموو شێوازێكی هەبوونی كورد لە خۆرئاوای كوردستان ڕەت دەكەنەوە، ئەمە دەستبەسەراگرتنی بڕیاری نەتەوەیی كوردە لە سوریاو ڕادەستكردنیەتی بۆ لای دەستەیەك ڕەگەزپەرستی پەڕگیری ئیسلامیی، ئەمە نە بە خۆڕایی كراوە نە بە نیەت سافییەوە، بەڵكو سازشی ژێراو ژێری نهێنی لە پشتەوەیە، كەمترین زیانێك لێی بكەوێتەوە گێڕانەوەی دۆزی كوردە بۆ پاش دیمەنەكان و پاش بایەخپێدانەكان، ڕەنگە بیخاتە كونجی لەبیرچوونەوە یان ئەجیندەی بچكۆلە بخاتە بەر چاو تا دۆزەكەی كورد بێ بەها بكات، هەروەها قوماربازییەكی خراپە بە بڕیاری نەتەوەیی و ئیرادەی گەلی كوردەوە لە لایەن سیاسەتمەدارە كورتبینە بچكۆلەكانەوە كە دەرئەنجامی ڕەفتارەكانی خۆیان بە هەند وەرنەگرتووە، ئەمەش دیارترین پەڕگیر لە كۆنگرەی جنیف 2 دەهێنێتە سەر ئەوەی بە ناوی دۆزی كوردەوە بدوێت..
بەرچاوترین ئامانج لە دەستەی ئۆپۆزسیۆنەكانەوە ئەوەیە ددانبە نوێنەرایەتی سەربەخۆدا نانێن، بۆ ئەوەی سەربەخۆیی لە دۆزی كورددا مۆمیا بكەن، بە چاوێكی پەراوێزكارانەوە لێی بڕوانن، تا لەو پەراوێزەدا سەنگێكی نێودەوڵەتی بەخۆوە نەگرێت، ئەمە ئەو ئامانجەیە كە جەمسەرە هەرێمایەتیەكان هەوڵی لەگەڵ دەدەن و هەندێ سیاسەتمەداریان بۆ كردۆتە مقاش، سەرەكیترین پرسیار كە پێویستی بە وەڵام بێت ئەوەیە كە ئایا دۆزی كورد بەستراوەتەوە بەم ڕژێمەوە كە وا بزانین بە لەناوچوونی رژێم ئیتر چارەسەرێكی دادوەرانەی دۆزەكە دێتە پێش، یان بەستراوەتەوە بە ڕەگوڕەچەڵەكی مێژوویی و سیاسی شێواوی پشتەوەی دامەزرانی دەوڵەتی سوریا لە بنەڕەتدا، ئایا تراژیدیای كورد بە تەواوبوونی ڕژێم كۆتایی دێت، ئەمە جێگەی گومانە..
ئۆپۆزسیۆنی ئێستا پێی ناكرێت كورد ڕازی بكات بەوەی گۆڕانێكی ڕاستەقینە دێنێتە پێشەوەو لە پێناوی ئازادی و یەكسانیدا ستەم ناهێڵێت، تا كەس نەبێتە هاوڕای ئەو چارەسەرە بنجییەی دۆزی كورد لە سوریای پێ چارەسەر بكرێت، بەڵام كوردیش لە سوریا هێندە ساویلكە نین قوربانییەكی زۆر بدەن لە پێناوی گۆڕینی دیكتاتۆرێك بە كەسانێكی لە دیكتاتۆر تاوانبارتر..