سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەنقەرە لەبەر رۆشنایی هەندێ پێشهاتی تردا!

سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەنقەرە لەبەر رۆشنایی هەندێ پێشهاتی تردا!
بەگوێرەی مەرسوومی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بێ، دەبێ كۆبوونەوەی یەكەمی خولی چوارەمی پارلەمانی كوردستان لە كاتژمێر 10ی رۆژی 6ی ئەم مانگەدا بەڕێوە بچێ. دیارە بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پارلەمان، بەتەمەنترین كاندیدی هەڵبژێردراو سەرۆكایەتیی كۆبوونەوەكە دەكا. لەو رێوڕەسمەدا وەكو تا ئێستا باو بووە میوانی ناوخۆ و عێراقی و بیانی لە كردنەوەی خولی تازەدا بانگ دەكرێن. لە سۆنگەی ئەمەوە رەنگە دیسان كۆبوونەوەكە لەناو تەلاری پارلەماندا نەكرێ و لە جێگەیەكی دیكەی لەبار، بۆ نموونە رەنگە لە «هۆڵی شەهید مامۆستا سەعد»دا ئەنجام بدرێ. هەڵبەت بەپێی پێڕەوی ناوخۆی پارلەمان، یەكەمین خاڵی كۆبوونەوەكە، سوێندخواردنی كاندیدەكانە لەبەردەم سەرۆكی كاتیی پارلەماندا كە دیارە دەبێ خۆی بەر لە هەمووان سوێندی یاسایی بخوات. خاڵی دووەمی كۆبوونەوەكە ئەوەیە كە سەرۆكی كاتیی پارلەمان، دەرگای پاڵاوتن بۆ هەر سێ پۆستی دەستەی سەرۆكایەتیی «سەرۆك، جێگر و سكرتێر» بكاتەوە. هەر یەك لەو پۆستانە بە زۆرینەی ئامادەبووان «نەك زۆرینەی رەهای ئەندامانی پارلەمان» هەڵدەبژێردرێن.. بەگوێرەی زانیاریی من، هێشتا لەنێوان فراكسیۆنە براوەكاندا، رێككەوتن لەسەر ئەو پۆستانە نەكراوە، چونكە هیچ لیستێك بە تەنیا لە كۆبوونەوەی چاوەڕوانكراودا ئەو پۆستانەی پێ ساغ ناكرێتەوە. داخوا، پرسی یەكلاكردنەوەی ئەو پۆستانە بۆ ناو كۆبوونەوەكە و «دەنگدانی نهێنی» ئەندامان جێ دەهێڵدرێ یان تەنیا خاڵی یەكەمی كۆبوونەوەكە، واتە سوێندخواردن، جێبەجێ دەكرێ و كۆبوونەوەكە بە كراوەیی دەهێڵدرێتەوە تا ئەو دەمەی رێككەوتن دەكرێ! دیارە وەك لە زۆر وڵاتدا باوە، سەرۆكی دەوڵەت بە وتارێك كۆبوونەوەی یەكەمی پارلەمان دەكاتەوە. ئایا هەق نییە سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە دەسپێكدا بە وتارێك لەم قۆناخە ناسكەدا كۆبوونەوەكە بكاتەوە و روانگەكان روون بكاتەوە! بۆ بیرهێنانەوە، گریمان لە 6ی ئەم مانگەدا كەمتر لە نیوەی ئەندامان ئامادەی كۆبوونەوەكەو سوێندخواردنەكە بوون، ئەوا چارەنووسی ئەو كۆبوونەوەیە چ دەبێ، ئایا رێوڕەسمەكە بەڕێوەدەچێ یان نا؟
رێككەوتن لەسەر پۆستەكانی دەستەی سەرۆكایەتی پارلەمان پێوەندیی بە رێككەوتن و سازان لەسەر كابینەی هەشتەمی حكوومەتیشەوە هەیە. لە هەندێ وڵاتدا كامە لیست براوەی یەكەم بێ، سەرۆكی پارلەمان لەو حزبە دەبێ، بە داخەوە لە پەیڕەوی ناوخۆدا بەمشێوەیە چارەسەر نەكراوەو بۆ هەڵبژاردن جێ هێڵدراوە. هەقە ئەمە لە پێڕەوی ناوخۆی داهاتوودا چارەسەرێكی ماقووڵی بۆ بدۆزرێتەوە. دیسان پێموایە شتێكی جددی لە دانوستاندنی نێوان لایەنەكاندا نەكراوە. وەك دەبیندرێ، پارتی «38 كورسی» لەلای خۆیەوە جەخت دەكاتەوە كە هێڵی سووری بەرانبەر هیچ لایەنێكی براوەی هەڵبژاردن نییە و لەگەڵ حكوومەتی بنكە فراوان دایە. یەكێتی «18 كورسی» لە رووی پرەنسیپەوە خۆی ساغ كردۆتەوەو بڕیاری داوە بەشداریی لە حكوومەتدا بكات و كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی ئەو حزبەش جەخت لەسەر حكوومەتی یەكڕیزیی نیشتمانی دەكاتەوە. هەر سێ لایەنی ئۆپۆزیسیۆنیش «گۆڕان 24 كورسی، یەكگرتوو 10 كورسی، كۆمەڵ 6 كورسی» جەخت لەسەر بەشداریكردنی كارا نەك «رووكەشانە» لە داڕشتنی بەرنامەی حكوومەت و لە كارهەڵسوڕاندندا دەكەنەوە، بەڵام ترسیشیان لەوە هەیە«پارتی و یەكێتی» لەنێوەخۆیاندا رێكبكەون و ئەوان لە هاوكێشەكە ببەنە دەرەوە. بۆ رێگەگرتن لەو سیناریۆیە پرسی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دەوروژێننەوە و رەنگە كۆسپ و تەگەرەش بۆ حكوومەت، بەتایبەتی لە ناوچە نفووزی پێشووی یەكێتی، بنێنەوەو بە كردەوە حكوومەت پەكبخەن. ئێستا لێرەو لەوێ دەنگ بەرز دەكرێتەوە كە دەبێ پارێزگاری ئێستەی سلێمانی كە لەسەر پشكی یەكێتییە دەست لەكار بكێشێتەوەو رەنگە خۆپیشاندان و بازنەی ناڕەزایەتی (وەك ئەوەی لە دەربەندیخان و ناو قوتابیانی زانكۆ.. هەیە) بەرفرەتر ببێتەوە. ئەوە لەكاتێكدایە، كە هێشتا تەنگژەو كاردانەوەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی 21/9 لەناو یەكێتی، بەتایبەتی لە ئاستی سەركردایەتی، بە لایەكدا نەكەوتوون كە بە ناچاری خەڵك و هێزی دیكەی هێناوەتە ناو كێشەكان، ئەگەر بە شەرعییانە چارە نەكرێن رەنگە سەر بكێشێتە لێكتۆران و جیابوونەوەو دەرەنجامی خراپتر. لە سۆنگەی ئەمەوە چەندین بەرپرسی باڵای حكوومەتی ئێران سەردانی لایەنە پێوەنددارەكانیان كردووەو بە قسان ئێرانیش «حكوومەتی بنكە فراوانی پێ باشە». ئەوە لەكاتێكدایە، هێشتا قانوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رێككەوتنی كۆتایی لەسەر نەكراوە، لەنێوان یەك بازنەیی و فرە بازنەیی و هەندێ وردە خاڵی تردا، كە كورد هەڕەشەی بایكۆتكردنی هەڵبژاردن دەكات لەكاتی بڕیاردانی فرە بازنەیی. لەكاتێكدا مالیكی لە واشنتۆن جەخت لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا دەكاتەوە! ئەوە بێ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك كە دیسان كێشەو بێشەی لەسەرە. ئەمریكا دیسان هاتۆتە سەر خەت، بڕیارە سەرۆك بارزانی سەردانی ئەمریكا بكات و رەنگە دوای ئەویش نجێفی. چونكە پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا گێڕ و وێڕ بووەو كێرفی توندوتیژی لەم ساڵەی دواییدا بەرز بۆتەوەو پارەو پوڵی عێراق بە هەدەر دەڕواو ژێرخانی ئابووری و خزمەتگوزارییەكانیش بەرەو پێشەوە نەچوون و عێراق بەم یان بەو شێوەیە لە هەندێ پرس و كێشەی ناوچەیی وەك تەنگژەی سوریا ئاڵاوە كە جێگەی ناڕەحەتیی ئەمریكایە. بەداخەوە، پێوەندیی نێوان PYD كە لە رووی سەربازییەوە باڵادەستە بەسەر رۆژئاوای كوردستان و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستان جۆرێ لە ساردو سڕی تێكەوتووە كە ئومێد دەكرێ ئاسایی ببنەوەو نەبێتە كارتێكی دی بۆ گەورەكردنەوەی درزی نێوان كوردان.
كەواتە پێناچێ، كابینەی هەشتەم وا زوو پێك بێ و دانوستانەكان سەخت دەبن، ئەگەر ئامادەگیی سات و سەوداو سازش لە گۆڕێ دا نەبێ لەسەر پرسەكانی «بەرنامەی هاوبەشی حكوومەت، پۆستە سیادییەكانی وەك دارایی و ناوخۆ و پێشمەرگەو سامانە سروشتییەكان و پرۆژەی دەستوور». من یەك بە بارە خۆم رۆحیەتێكی تازە لە هیچ لایەنێكەوە نابینم و هەر لایەنێك پاساو و بیانووی خۆی هەیە لە پێ چەقاندن لەسەر هەڵوێستێكی پێشوەختە كە بۆ حزبەكەی وای بە باش دەبینێ، هیوادارم ئەو پێ چەقاندنانە هی پێش دانوستاندن بن نەك هی دانوساندنی فیعلی!
لەم هەلومەرجەدا، نێچیرڤان بارزانی بە یاوەری شاندێكی باڵا كە جێگرەكەی، واتە عیماد ئەحمەد «یەكێتی» لەگەڵدا بوو، لە 31/10دا سەری لە ئەنقەرە داو لەگەڵ داود ئۆغلۆ و رەجەب تەیب ئەردۆگان كۆبۆوە. بە قسەی ئاژانسەكان بێ، ئەو سەردانە زێتر رووێكی ئابووری هەبووە تا سیاسی. لێ بە مەزەندەی من ئەو سەردانە زێتر لە یەك روو و رەهەندی هەبووەو هەیە، پێش سەردانەكەی ئۆغلۆ بۆ بەغدا. پێوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان ماوەی 5 ساڵێكە رۆژ بە رۆژ مكومتر دەبێ كە نێچیرڤان بارزانی رۆڵێكی هەرە ئەساسی تێدا گێڕاوە لەژێر چاودێریی سەرۆك بارزانی، لە بازنەو روانگەی تەناهی دەرچووە، رەهەندی بەرژەوەندی هاوبەشیی ئابووری (بەتایبەتی كردنەوەی بازاڕی كوردستان لەبەردەم كاڵای توركی و كۆمپانیا جیاجیاكانی توركیا بەتایبەتی بواری وزە) و سیاسی (پرسی كورد لە توركیا خۆی و ئاستەنگەكانی ئێستای و پرۆسەی سیاسی لە عێراق و لە هەرێمی كوردستان دوای هەڵبژاردنی گشتی) تەناهی و ناوچەیی (كێشەی سوریا و رەوشی كوردستانی رۆژئاوا و هەماهەنگی نێوان كوردو بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتە و جنێف 2 و هەڵوێستی ئەمریكا لە ناوچەكە و ریزبەندییەكانی دیكەو كێشەی مەزهەبی»...وەرگرتووە. ئەو پێوەندییانە هەم بۆ توركیا و هەم بۆ هەرێمی كوردستان بوونەتە پێویست، داود ئۆغلۆ گوتەنی و پێموایە گەیشتوونەتە خاڵی نەگەڕانەوە بۆ دواوە. ئەوە لەكاتێكدایە، كە زەوینە بۆ ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكانی نێوان بەغداو ئەنقەرە خۆش دەكرێ (سەردانی پێشووتری زێباری بۆ ئەنقەرەو سەردانی دوو حەفتەی داهاتووی ئۆغلو بۆ بەغداو پاشان سەردانی مالیكی بۆ ئەنقەرە) كە رەنگە بزاوتی سیاسی و دیپلۆماسی بۆ چارەسەركردنی ئاریشەكانی ناوچەكە بێتە كایەوە و توركیا نایەوێ دوای بێ ئومێدبوون لە سوریا و یەكلایی بوونەوەی رەوشی ئەوێ بە جۆرێكی دی، بازاڕی عێراق و پێگەكەی و دەوڵەمەندیی ئەو وڵاتە بە یەدەگی نەوت و گازو كانزای تری دەگمەن «وەك جیوەی سوور» لەدەست بچێ و «ئیكتیفا» بە هەرێمی كوردستان ناكات. رەنگە لەم سۆنگەیەشەوە دوای سەردانەكەی مالیكی بۆ ئەنقەرە جۆرێ لە هەماهەنگی لەنێوان بەغدا- هەولێر- ئەنقەرە لە بواری وزە (نەوت و گاز، بەتایبەتی كە بۆڕی نەوت گواستنەوە لەنێوان كوردستان و توركیا سەربەخۆ لە بۆڕییە نەوتی كەركووك- جەیهان تەواو بووەو كوردستان بیر لە دانانی خەتێكی دیكەی نوێش دەكاتەوەو رەنگە لە سەرەتای ساڵی 2014دا بكەوێتە كارو بەمشێوەیە قەبارەی ناردنە دەرەوەی نەوت بەرەو سەر هەڵبكشێ نەمازە بۆڕییە نەوتی كەركووك-جەیهان چ بە هۆی كێشەی تەكنیكی بێ یان تیرۆر ئەو توانایەی جارانی نەماوە) و پەرەپێدانی ئاڵۆگۆڕی بازرگانی (پلانی فرەوانكردنی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل یان كردنەوەی دەروازەیەكی دی لە ئارادایە) بدۆزرێتەوە، رەنگە ئەم هۆكارانەو هی تریش توركیایان وا لێ كردبێ چاو بە پێوەندییەكانی دا بگێڕێتەوەو ژمارەی دۆستەكانی زێدە بكاتەوە و توركیا بگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی (zero problem). ئەوە لەكاتێكدایە كە پێوەندیی نێوان ئەنقەرە- هەولێر باشە و دەكرێ بەغداش بهێنرێتە ناو پێوەندییەكی سێ كوچكەییەوە كە بە قازانجی عێراق و پێكهاتە سەرەكییەكانی دەبێ بەر لە هەموو لایەكی تر كە هەرێمی كوردستان رۆڵی بەیەكەوە بەستنەوەو پردی تێدا دەگێڕێ...
Top