گەنج و سیاسەت لە کوردستاندا4

گەنج و سیاسەت لە کوردستاندا4
بەپێچەوانەی ئەو وێنە تەڵخانەی کە لە خەیاڵدانی کۆلێکتیڤی گەنجانی کوردستاندا بۆ سیاسەت و سیاسیەکان دروست بووە، بەپێچەوانەی ئەو گوتارە ڕەشبینەی کە گەنجان لەسەر سیاسەت و سیاسی بەرهەمی دەهێنن، بەپێچەوانەی ئەو چیرۆکە خەمگینانەی کە گەنجان لەسەر سیاسەت و سیاسی لە کوردستاندا دەیگێڕنەوە، نوخبەی سیاسی ئەم وڵاتە، بە درێژایی سەدەی بیستەم، سەرگەرمی دروست کردنی وێنەی جوان و بەرهەمهێنانی گوتاری گەشبین و گێڕانەوەی چیرۆکی پاڵەوانانەی گەنجانی کوردستان بوون. به رادەیەك کە کەسی سۆسیۆلۆگ بەئاسانی دەتوانێت تێبینی ئەو مەودا کوشندەیە بکات کە لەنێوان گەنجان و سیاسەت و گەنج و سیاسیدا دروست بووە؛ مەودایەكی لێوان لێو لە لێکدژی لەسەر هەموو ئاستەکان.
چیرۆکی خستنە سەر شانۆی گەنجی کوردستانی لەلایەن نوخبەی سیاسییەوە لەشێوەی ئەفسانەدا، مێژوویەکی درێژی هەیە. لە چرکەساتی شێخ مەحمودی حەفید دا، چرکە ساتی پاشای کوردستان، چرکەساتی یەکەم حکومەتی کوردستان لە سلێمانی و لەکاتێکدا کە لەڕێگای شیعرەوە گوتارێکی فراوانی سیاسی لەسەر«نەوجەوانی کورد» بەرهەم دەهات و شوناسی«شێری مەیدانی جەنگ»ی پێدەبەخشرا، ئەم گوتارە ئەفسوناوییە لەسەر گەنج، لەیەکەم ئەزموونی دروستکردنی ئیداری کوریدا، دیوە شاراوەکەی خۆی دەردەخات کە بریتیە لە دوورخستنەوە و پەراوێزخستنی گەنجان لە مەڵبەندەکانی بڕیاری سیاسی و وێناکردنیان تەنیا وەك خۆراکی جەنگە نەبڕاوەکان. لە 1ی ئۆکتۆبەر 1918 دا و بەئامادەبوونی ویلسن، نوێنەری حاکمی عێراق، پۆل بلیمەری یەکەم، شێخ مەحمودی حەفید، یەکەم کابینەی ئیدارە سەربەخۆکەی بەم شێوەیەی خوارەوە دادەمەزرێنێت:
- سەید عومەری مامی شێخ مەحمود، موتەسەڕیفی سلێمانی
- حاجی سەید حەسەنی مامی شێخ مەحمود، حاکم.
- شێخ قادری برای شێخ مەحمود، سەرداری لەشکر.
- سەید عەلی بسم الله، هەر لە خانەوادەی شێخ، قۆمیسەر.
«بەمجۆرە بەشی زۆربەی خزم و کەسوکاری حوکمدارو دەستەو دائیرەی شێخان هەر یەکە بە جۆرێک و بە پێی حاڵ، کارێک یان واجبێکیان بۆ ڕێکخراو دامەزران.1»
هەموو ئەو گوتارەی کە لەسەر«نەوجەوانی کورد» بەرهەم هاتبوو، نەیتوانی گەنجێكی وەك ڕەفیق حیلمی، بگەیەنێت بە یەکێك لە پۆستە بەرزەکان. لەو قۆناغە مێژووییەدا کە بەدەگمەن خوێنەوارمان دەستدەکەوت، ئەو نەك هەر خوێنەواربوو، نەك هەر کوردی، عەرەبی، فارسی و تورکی وەك یەك دەزانی، بەڵکو زمانی فەرەنسیشی لە ئاستێکی زۆر بەرزدا دەزانی، بەڕادەیەك کە فەرەنسی کردبوو بە زمانی پێوەندی نێوان ئینگلیزەکان و نوخبەی سیاسی کوردی لە سلێمانیدا. تاکە پۆستێك کە شێخ بۆ ئەم گەنجە منەوەرو لێهاتوەی دانابوو، پۆستی وەرگێڕ بوو! لەکاتێکدا بەشێکی زۆر لە پیرە شێخ و پیرە حاجی و پیرە سەید و سەرۆك عەشرەتەکان لە حکومەتەکەی شێخ مەحمود دا پۆستی گەورەیان وەرگرت و نەوەی نوێش«نەوجەوانانی خوێنەوار و لێهاتوو» فڕێدرانە نێو پەراوێزەکانەوە و بەهیچ شێوەیەك متمانەیان پێنەدەکرا.
حەفتا ساڵ دواتر، کاتێك حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابوردودا دادەمەزرێت، هەمان سیاسەتی حکومەتەکەی شێخ مەحمود سەبارەت بە گەنجان پیادەدەکات. واتە لەلایەك گەنجان وەك«پڵنگ»، «پاڵەوان»، «داینەمۆی خەبات» دەخاتە سەر شانۆ و لەلایەکی دیکەشەوە لە کۆی سەنتەرەکانی بڕیاری سیاسی دووردەخاتەوە. مەکتەب سیاسیەکان، ئەنجومەنی وەزیران، سەرکردایەتی حزبەکان، بەڕێوبەرایەتیە گشتیەکان، كەسایەتی پیریان لێدەڕژێت. لە خەیاڵدانی کۆلێکتڤی سیاسیەکاندا، ڕاستە گەنج پڵنگە، بەڵام ئەوەش ڕاستە کە هەڵەشەیە، ڕاستە گەنج سەرچاوەی نوێبوونەوەیە، بەڵام ئەوەش ڕاستە کە هەناسەی کورتە، ڕاستە گەنج یەکەم قەڵغانی پاراستنی نیشتمانە، بەڵام ئەوەش ڕاستە کە گەر کۆنترۆڵ نەکرێت دەبێت بە هەڕەشە بەسەر خودی نیشتمانەوە. واتە لەم خەیاڵدانەدا، هەمیشە لەپەنای وێنەیەکی درەوشاوەدا، وێنەیەکی تاریکی گەنجان ئامادەیە، هەمیشە لەپەنای متمانە بە گەنجاندا، سێبەری بێ متمانەییەکی چڕ ئامادەیە.
من پێموایە بەبێ چوونە دەرەوە لەم سیاسەتە سەبارەت بە گەنجان (پیاهەڵدان لەلایەك و دوورخستنەوە لەلایەکی دیکەوە)، کە لە حکومەتەکەی شێخ مەحمودەوە دەستیپێکردووەو تا ئێستاش بەردەوامە، بەبێ دروستکردنی سیاسەتێکی تەندروستانە سەبارەت بە کاتیگۆری گەنجبون و گەنجان»، کۆمەڵگەی کوردستانی بەدەستی خۆی هەلومەرجی ناڕەزایی، بێمتمانەیی و پاشان تەقینەوە گەورە کۆمەڵگەییەکان دروستدەکات. لەپێناوی دروستکردنی ئەم سیاسەتەدا چوار ئەکتەری سەرەکی دەبێت بەشداری بکەن و لە سڕینەوەی هەر یەکێكیاندا، لەدایکبونی سیاسەتێکی لەم جۆرە شکست دەهێنێت.
ئەکتەری یەکەم بریتیە لە خودی گەنج. ئێمە لە سەرەتای ئەم توێژینەوەیەدا ڕووناکیمان خستە سەر ئەو ڕووبەرە کۆمەڵایەتیە جیاوازانەی کە سەرچاوەی بیناکردنی گرووپە لێکدژەکانی گەنجانن و بەوردی باسمان لەوەکرد کە چەند بەرژەوەندی و ستراتیژی و مێکانیسمی کۆمەڵایەتی جیاوازمان هەبێت [مارکس ئەڵێت: چەند چینی کۆمەڵایەتی جیاوازمان هەبێت] هێندەش گرووپی کۆمەڵایەتی لێکدژی گەنجانمان دەبێت. لێرەوە، بیناکردنی سیاسەتێك لەسەر گەنجان لەنێو ژوورە داخراوەکانی ئەنجومەنی وەزیران یان پەرلەمانی کوردستاندا، بەبێ گەڕانەوەی بەردەوام بۆ خودی گەنجان و پرس پێکردنیان، بەبێ بەشداری پێکردنی زیندوویان، هەر لەسەرەتاوە شکست دەهێنێت. کە گەنج خۆی بابەتی ئەم سیاسەتەبێت، دەبێت یەکەم کەسیش بێت کە وەك ئەکتەری بیناکار فەرمووی لێ بکرێت. بەڵام فەرمووکردن لە گروپێکی کۆمەڵایەتی تایبەت و پەراوێزخستنی گرووپە کۆمەڵایەتیەکانی دیکەی گەنجانیش یەکسان دەبێت بە پرۆسێسی بەتاڵ کردنەوەی ئەم سیاسەتە لە هەمو ماناکانی. واتە سیاسەتی تەندروست سەبارەت بە گەنجان دەبێت بەیەك چاوو لەیەك ئاستدا تەماشی هەموویان بکات و لەسەرهەمان لۆژیکی سەری سەرەوەی کۆمەڵگە و خواری خوارەوەی کۆمەڵگە خۆی بینا نەکات.
گوێگرتن لە گەنج مانای چییە؟ کردەی گوێگرتن لە مانا زمانەوانیە سادەکەیدا دەکرێت وەك جۆرێك لە خەڵەتاندن، لە فریودان، لە ڕاییکردن، لە کپ کردنەوە وێنابکرێت:گوێت لێدەگرم بۆئەوەی هەڵچونەکەت دابمرکێتەوە. گوێت لێدەگرم بۆئەوەی وەك ئەسفەنج توڕەبوونەکەت هەڵمژم. یاخود گوێت لێدەگرم بۆئەوەی لێت تێبگەم و باشتر کۆنترۆڵت بکەم. دەکرێت هەموو ئەم مانا سەلبیانە لە کردەی گوێگرتندا بدۆزینەوە. بەڵام ئەو گوێگرتنەی کە ئێمە لێرەدا باسی دەکەین بریتیە لە شتێکی دیکە، کە زانستە کۆمەڵایەتیەکان ناویان ناوە«سیاسەتی دانپیادانان». هەرچەند «دانپیادانان2» وەك وشە بەدرێژایی مێژوو جێگای خۆی لەنێو زمانی هاوبەشی کۆمەڵگەدا گرتووە، بەڵام مێژووی تیۆرێزەکردنی لە هیگڵی یەکەمەوە دەست پێدەکات و لەگەڵ شارل تایلۆر3 و ئەکسێل هۆنێت4 دا دەگاتە چڵەپۆپە. تایلۆر پێی وایە کە بەبێ جێبەجێکردنی سیاسەتی دانپیادانان، پەڕینەوە بۆ ڕووبەری فرەکولتوری شتێکە وەك موستەحیل 5. هۆنێت لەڕێگای ئەم کۆنسێپتەوە هەوڵدەدات کە تونێلێك بۆ ئەو ململانێ کۆمەڵایەتیانە بدۆزێتەوە کە به ‌مێژووی بەشەریەتدا درێژبوونەتەوەو پێی وایە کە سیاسەتی دانپیادانان دەتوانێت گەمارۆی مێکانیسمی بەرژەوەندی بدات6.
چۆن پرۆسێسی بەکۆمەڵایەتی کردنی گەنجان لەنێو کێڵگەی سیاسیدا دەتوانێت گریمانەیەکی سەرکەتووبێت؟ چۆن گەنجان بەرزدەبنەوە بۆ ئاستێك کە بتوانن فاکتی سیاسی لە هەموو ڕووبەرەکاندا دەستەمۆبکەن؟ ئەکسێل هۆنێت بە چەمکی دانپیادانانی دەزگایی وەڵام دەداتەوە. واتە ساتەوەختێك کە کردەی بەدەزگایی کردنی بنەمای دانپیادانان جێگیردەبێت، ئیدی دەتوانێت چوارچێوەکانی دانپیادانانی «تەقابولی ڕێسپرۆك» دروست بکات، بەشێوەیەك کە چەند گەنجان پێگەی ئەکتەرە سیاسیەکان دەسەلمێنن، هێندەش ئەکتەرە سیاسیەکان دان بە پێگەی گەنجاندا دەنێن.
ئایا دانپیادانان یەکسانە بە پەراوێزخستنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی؟ نەخێر. ئەم دوو چەمکە نەك هەرنابێت وەك دوو بەرامبەری لێکدژ تەماشابکرێن، بەڵکو دەبێت ڕەگوڕیشەکانیان تێکەڵ بەیەکتری بکرێن و یەکتری تەواوبکەن. واتە لەنێو دادپەروەری کۆمەڵایەتیدا مێکانسیمی دانان بە گەنجاندا خۆی دەدۆزێتەوە، هەروەها بەبێ داننان بە گەنجاندا دادپەروەری کۆمەڵایەتی بەدی نایەت. ئێمە ناتوانین موچەی مانگانەی گەنجانی دەوامکار بەرزبکەینەوە و لەگەڕەکە داڕزاوەکان ڕزگاریان بکەین، بەبێ ئەوەی سەرەتا وەك ئەکتەری کۆمەڵایەتی سەربەخۆ و خاوەن ماف تەماشایان نەکەین. لێرەوە پرۆژەی دروستکردنی سیاسەتێکی تایبەت بەگەنجان بەم شێوەیە دەست پێدەکات:ڕاوێژکردن بە گەنجان بۆ ئامادەکردنی ئەو هەلومەرجە کۆمەڵایەتییەی کە ڕێگایان پێدەدات شوناسە فەردیەکانی خۆیان بینابکەن؛ شوناسێك کە فێری ئەوەیان دەکات کە هیچ دەسەڵاتێك،هیچ ستراکتۆرێك مافی خاوەندارێتی بەسەر ژیانی فەردی ئەوانەوە نەبێت و بەتەنیا خۆیان خاوەنی خۆیان بن.
* سۆسیۆلۆگ و مامۆستای زانکۆ لە پاریس


1. ڕه‌فیق حیلمی، یاداشت، ده‌زگای سه‌رده‌م، 2003، لاپه‌ڕه‌ 51.
2. به‌ عه‌ره‌بی: ئیعتراف. به‌ فه‌ره‌نسی: ڕۆکۆنێسانس.
3. فه‌یله‌سوفێکی مه‌زنی که‌نه‌دیه‌. ساڵی 1931 له‌دایکبوه‌ و کتێبخانه‌یه‌کی گه‌وره‌ی پێشکه‌ش به‌ مرۆڤایه‌تی کردوه‌.
4. فه‌یله‌سوف و سۆسیۆلۆگێکی ناوداری ئه‌ڵمانیه‌. ساڵی 1949 له‌دایکبوه‌ و له‌ 2001 وه‌ ئه‌نستوتی توێژینه‌وه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی که‌ قوتابخانه‌ی فرانکفۆرتی له‌ خۆگرتوه‌، به‌ڕێوه‌ده‌بات.
5. Charl Taylor, Multiculturalisme. Différence et démocratie, Paris, Aubier, 1994.
6. Axcel Honneth, La lutte pour la reconnaissance, Paris, Le Cerf, 2002
Top