هـــەڵــبــژاردن ناكرێ، دەكرێ!
August 28, 2013
وتار و بیروڕا
بەلای زۆر كەسەوە، توخمی سەرەكیی دیموكراسی، بەشداریی هاووڵاتییانە لە خۆبەڕێوەبردندا. بەڵام ئەو بەشدارییە دەبێ رێكبخرێ دەنا دەبێتە فەوزاو ئاژاوە.. بوونی دەستوور، دامودەزگای دەستووریی وەك پارلەمان و حكوومەت، سەربەخۆیی قەزا، رۆژنامەگەریی ئازادو چەندین مافی دیكەی تاكە كەسی و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و ئەحزابی سیاسی.. وڵات دەخەنە سەر رێگەی بەدامەزراوەییكردن و جێگیریی سیاسی و كۆمەڵایەتییەوە. دەبێ ناو بەناو دامودەزگای دەستووری، تەنانەت ئەحزاب و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنیش دەمەزەرد بكرێنەوە.. بە مانایەكی تر جۆرێ لە بەلانس لەنێوان بەشداریی هاووڵاتییان و سەقامگیریی و كارایی دامەزراوەكاندا رابگیرێ. هەڵبژاردنی ناو بە ناو دەستاوێژێكی بەشداریی سیاسیی خەڵك و هاووڵاتییانە، لەلایەك رێگە لە چەقبەستوویی سیاسی و كۆمەڵایەتی و لە مەیلی خۆنوساندن بە حوكمڕانییەوە دەگرێ و لەلایەكی دیكەوە كە یاسا سەروەر بوو، بوار بە ئاژاوەو فەوزا نادرێ...
مافی هەڵبژاردن لە عێراقدا بە (هەرێمی كوردستانیشەوە) هەقێكی دەستوورییە (م 1، م 6، م 20ی دەستووری عێراق) و ناكرێ زەوت بكرێ. ئەگەر بەهەر بیانوێك ئەو هەقە لە هاووڵاتییان زەوتكرا، تەبیعەتی دەسەڵات دەگۆڕێ و شتێ نامێنێ پێی بگوترێ دیموكراسی. لەم سۆنگەیە و لەبەر گرنگیی ئەو مافە، لە ماددە (1)ی پرۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستاندا، باس لە كۆمەڵێك پرەنسیپ كراوە كە دەبێ سیستەمی سیاسی لە هەرێمدا پشتیان پێ ببەستێ. یەك لەو پرەنسیپانە، هەڵبژاردنی گشتیی ناو بەناو و ئەو دەست و ئەودەستپێكردنی بەئاشتییانەی دەسەڵاتە. لە كوردستاندا ئەو مافە، بە قانوونی ژمارە 1ی ساڵی 1992 و هەمواركراوی پەرلەمانی كوردستان رێكخراوە و وەك لە ماددەی 8ی پێرەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستاندا هاتووە، «ماوەی پەرلەمان چوار ساڵە، لە یەكەم دانیشتنیەوە دەست پێدەكاو بە دانیشتنی كۆتایی لە ساڵی چوارەمدا دوماهی پێدێ». خوڵی سێیەمی پەرلەمان لە 20/8/2009 دەستیپێكردو دەبوایە لە 30/6/2013 كۆتایی بێ.
بەگوێرەی ماددە (10/بڕگەی دووەم)ی قانوونی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ((قانوونی ژمارە 1ی ساڵی 2005ی هەمواركراو)) ئەوە ئەركی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە فەرمانێك بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمانی كوردستانی عێراق دەربكات و كاتەكە (واتە رۆژەكە)ی دیاری بكات...
بۆ زانین كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراقدا، بە نووسراوێكی رەسمی لە 28/3/2013 سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان نووسراوێكی ئاراستەی سەرۆكایەتیی هەرێم كرد. سەرۆكایەتیی ناوبراویش لە 8/4/2013دا وەڵامی كۆمیسیۆنی بە ئەرێ داوەتەوە. كۆمیسیۆن لە لای خۆیەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە وەڵامی ئەو (ئەرێ)یەدا لە 14/4/2013 ئامادەیی خۆی دەربڕیوە كە دەتوانێ لە ماوەی نێوان 5/9 – 5/10/2013 هەڵبژاردنەكە بەڕێوەببات. ئەوە بوو سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە فەرمانێكی دا لە 16/4/2013، رۆژی 21/9/2013ی دەستنیشانكرد و بەمەش ئەركی خۆی بەگوێرەی (م/ 10/ بڕگەی دووەم)ی قانوونی سەرۆكایەتی ئەداكرد. لەو ساتە وەختەوە تا ئێستا، كۆمیسیۆن پێ بە پێ و قۆناخ بە قۆناخ ئامادەسازیی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كردووە.
هەڵبەت پەرلەمانی كوردستان، بۆ ئەوەی هیچ بۆشاییەكی قانوونی و «تەشریعی» لە كوردستاندا دروست نەبێ، بۆ ئیحتیات، لە كۆبوونەوەی 30/6/2013دا بە قانوون ماوەی ویلایەتی خۆی تا 1/11/2013 درێژكردەوە بەو مەرجەی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی لە كاتی بڕیاردراوی خۆی، لە 21/9دا ئەنجام بدرێ. واتە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی لە 21/9دا كە پێشتر بە «مەرسوم»ی بۆ دەرچووبوو، لە قانوونەكەی رۆژی 30/6/2013دا جێگیركرا. هەمووشمان دەزانین هێزی یاسایی «قانوون» لەپێش مەرسومەوەیە. نە كۆمیسیۆن دەتوانێ بەپێچەوانەی ئەو قانوونەو نە هیچ فەرمانێكی دیكە رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردن كە بە قانوون دیاریكراوە، دوا بخات. مەگەر هەمواری قانوونەكەی 30ی حوزەیران بكرێتەوە.
بەڵام وەك دەزانین، لە كۆتایی دوا خولی گرێدانی پەرلەماندا، چەند پەرلەمەنتارێك، «تۆماری دەنگدەران»یان هێنایە گۆڕێ كە گوایا ناوی دووبارە هەیە، ناوی مردووان رەش نەكراونەتەوە، رێژەی زۆربوونی دەنگدەر لە هەولێر و دهۆك لە چاو سلێمانی لە ماوەی 4 ساڵی رابردوودا، زۆر زیاترەو ئەوانەی كە بە گوێرەی ماددە 140 كۆبوونیان راگوێزراوەتەوە، ناویان رەش نەكراوەتەوە....! بەهەرحاڵ، پەرلەمان لیژنەیەكی لە نوێنەرانی سەرجەم لایەنەكان پێكهێنا و ئەو لیژنەیە كارەكانی خۆی تەواو كرد و لە راپۆرتەكەی خۆیدا، بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتانە كۆمەڵێ راسپاردەی كردوون. ئەو راپۆرتە دراوە بە كۆمیسیۆن. كۆمیسیۆن لە 15/8دا نووسراوێكی ئاراستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كردووە كە ناتوانێ لەو ماوە كەمەی لەبەردەستی ماوە تا 21/9، ئەو «راسپاردانە» جێ بەجێ بكاو پێویستی بەكاتە و پێشنیاز دەكات هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمان و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە یەك كاتدا، لە 21/11/2013دا ئەنجام بدرێن.
لە 18/8دا كۆمیسیۆن بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ سەرۆكایەتیی پەرلەمان و 20/8یش لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمان، فراكسیۆنی كوردستانی لێ بترازێ كە ئامادەی ئەو كۆبوونەوەیە نەبووە، كۆبۆوە. هەندەی من ئاگام لێ بێ لەسەر خاڵێكی كۆنكرێت ساغ نەبوونەتەوە. لە سەرینی ئەمەوە كۆمیسیۆن رایگەیاند ئەگەر تا 24/8 وەڵامی بە (ئا یان نا) نەدرێتەوە، ئەوا هەڵبژاردن بەگوێرەی تۆماری مەوجودو ئارای دەنگدەران لە 21/9دا بەرێوەدەچێ و لە 1/9یشەوە هەڵمەتی هەڵبژاردن دەست پێدەكات.
تا ئێرە من وەقائیعەكانم وەكو خۆیان گێراوەتەوە. بەڵام ئەگەر سەیری دەمودووی لایەنە سیاسییەكان و دامودەزگاو كەناڵەكانی میدیا بە «حزبی و ئەهلی و سێبەرەوە!» بكەین، بەم شێوەیەیە:
ئەحزابی موعارەزەو كەناڵەكانی راگەیاندنی خۆیان و كەناڵە بەناو ئەهلییەكان دەڵێن دەسەڵات، واتە «پارتی و یەكێتی» لە هەڵبژاردن دەترسێن، نایانەوێ لەكاتی خۆیدا بەڕێوەبچێ. یەكێتی دەیەوێ هەڵبژاردن دوابخات!
سەرۆكایەتیی هەرێم وەكو دامەزراوەیەكی حوكمڕانی دوپاتیكردەوە كە پێویستە هەڵبژاردنی لەكاتی خۆیدا بكرێ.
لایەنەكانی وەك نێردەی UN و نوێنەری وڵاتانی وەك ئەمریكا و بەریتانیاو.. لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردندان...خەڵك بەتایبەتی گەنجان و ئەوانەی بۆ یەكەمین جارە دەنگدەدەن (لەدایكبووانی1992، 1993، 1994، 1995) چاویان لەوەیە بەشداریی بكەن و دەنگ بدەن.
هەروا پارتی و یەكێتی (دوو تەرەفەكەی دەسەڵات) لەو ئاخاوتن و قسانەی دەیكەن، جەخت لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا دەكەنەوەو تەنانەت پارتی لەسەر زاری سكرتێرەكەی لە یادی 16ی ئابدا گوتی: نامانەوێ كەس داوای دواخستنی هەڵبژاردنمان لێ بكات. وتەبێژی پارتی دەڵێ بەلانی كەمەوە 42 كورسی دەهێنین و لە پێگەو دەنگی حزبەكەی دڵنیایە. بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتیش دەق هەمان ژمارە دووپات دەكاتەوە. بەو مانایە بێ ئەو دوو حزبە لە هەڵبژاردن ناترسێن و لە خۆیان دڵنیان، كەواتە دەبێ كێ بترسێ؟ بە قسەی پارتی و یەكێتی بێ ئەوە موعارەزەیە كە دەنگ كەم دەهێنێ و ژمارەی كورسییەكانی خۆیان ناهێننەوە! لەكاتێكدا ئۆپۆزیسیۆن دەڵێن خۆمان بۆ هاتنە سەركار سازدەكەین!. قەول بوو لایەنەكانی ئۆپۆزیسیۆن لە دوای 20/8 لە پەرلەمان بكشێنەوە، بەڵام ئێستا دەڵێن لە كۆبوونەوەی گرنگ بەشداری دەكەین. با بڵێین ئەوە هەمووی بەشێكە لە پرۆپاگەندەی سیاسی و هەر حزبە دەیەوێ جارێ بەو قسانە دنەی جەماوەری خۆی بدات و خۆی بەهێزو دڵنیا نیشان بدات، بەڵام وەك سەرنج دەدرێ هیچ لایەنێكی سیاسی بە رەسمی نایەوێ بچێتە ژێر باری پێشنیازەكەی كۆمیسیۆن و بە (ئەرێ) وەڵام بداتەوەو هەڵبژاردن دوا بكەوێ. تەنانەت سەرۆكایەتیی پەرلەمانیش ئەو كێشەیەی لەسەر خۆی لابرد و خستیە ئەستۆی سەرۆكایەتیی هەرێمەوە كە دەبێ بڕیاری دواخستن بدات یان نا. دیارە پێشتر وەڵامی سەرۆكایەتیی هەرێم روون بووەو نایەوێ هەڵبژاردن لە وادەی دیاریكراوی خۆی دوا بكەوێ.. لەكاتێكدا باس لە هەندێ گرفتی تۆماری دەنگدەران دەكرێ و لەوانەیە ئەگەر بەگوێرەی ئەو تۆمارە هەڵبژاردن بكرێ و چەند لایەنێك ئەنجامەكەیان بەدڵ نەبێ، تانە لەسەرجەم پرۆسەكە بدەن و قبوڵ نەكەن و ئەودەم كێشەی شەرعیەت و ناشەرعیەت بێتەگۆڕێ و پرۆسەكەی پێ لە رێ دەربكرێ.
پێموایە، ئەوە ئەركی پەرلەمانە كە دەبێ بڕیاری كۆتایی خۆی بدات، چونكە لە 30/6 بەقانوون جەخت لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمان كراوەتەوە. بۆ وەڵامدانەوەی پێشنیازەكەی (چ بە بەڵێ و چ بە نەخێر)، داخوا بەتەنیا وەڵامی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بەسە، یان وەڵامی سەرۆكی فراكسیۆنەكان كافییە، یان پێویست بە كۆبوونەوەیەكی نائاسایی پەرلەمان دەكات، چونكە تا 1/11 پەرلەمان شەرعییەتی هەیە!