رۆحانی و ئەگەری گۆڕانكاری لەسیاسەتی ئێراندا

رۆحانی و ئەگەری گۆڕانكاری لەسیاسەتی ئێراندا
دەیڤید رۆمانۆ*
ئەم هاوینە، میانڕەوترین پاڵێوراوی هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ئێران زۆرینەی دەنگەكانی بەدەستهێنا. هەرچۆنێك بێت، لەبەر ئەوەی پیاوانی ئایینی حكومڕانی وڵاتەكە دەكەن تەنانەت ڕێگریان لە هەر پاڵێوراوێك كرد كە بە ڕاستی ڕیفۆرمیست بێت بۆ ئەوەی كێبڕكێ لە هەڵبژاردنەكاندا بكات، ئەوا ئەمە شتێكی زۆرمان پێناڵێت- تەنها ئەوەنەبێت كە پێدەچێت زۆرینەی ئێرانییەكان خوازیاری گۆڕانكاری بن.
حەسەن ڕۆحانی، كەسێكی سەنتیریستە كە وەك تاكە بژاردەی ئەو دەنگدەرانەی وڵاتەكە مایەوە كە هزرێكی ڕیفۆرمیستیان هەیە. ئەو كاتێك لە ساڵی 2003دا گەورە ڕاوێژكاری ئێران بوو بۆ كێشەی ناووكی، تاكە سازشی ڕاستەقینەی لە مێژووی ئەم گفتوگۆیانەدا پێشكەشكرد ئەویش هەڵپەساردنی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێرانی بوو وەك هەنگاوێك بۆ دروستكردی متمانە . ئەم هەنگاوەی هەڵپەساردنی یۆرانیۆمە تا هەڵبژاردنی ئەحمەدی نەژاد بەسەرۆك كۆماری ئیران لەساڵی 2005 درێژەی كێشا. لەسەر ئەم پرسە ڕۆحانی لەلایەن توندڕەوەكانەوە سووكایەتیی پێكرا و بەوە تۆمەتبار كرا كە سازشی كردووە و لاواز دەركەوتووە لەبەرامبەر ڕۆژئاوادا، هەربۆیە سەرەنجام لە پۆستەكەی لادرا. بە دڵنیاییەوە، لە ئێراندا سەرۆك سیاسەتی وڵاتەكە لە ئاست هیچ مەسەلەیەكی بایەخداردا داناڕیژێت، بەڵكو ڕابەری باڵای هەڵنەبژێردراو و ئەنجومەنی پارێزگاریكردن لە دەستوور هەڵنەبژێردراو، لەگەڵ سەركردایەتیی گاردی شۆڕشگێڕیدا، ئەو كارە دەكەن. ئەگەر بە ڕاستی حەسەن ڕۆحانی بیتوانیایە ئێران بگۆڕێت، ئەوا هەر لە بنەڕەتەوە ڕێگەی پێنەدەدرا كێبڕكێ بكات لە هەڵبژاردنەكاندا، چ جای ئەوەی بیباتەوە.
لەبەرە ئەوە زۆرێك لە شیكەرەوەكان هەندێ پاساویان بینی لەوەدا كە ئەم هەڵبژاردنەی دوایی بە دانانی هەنگاوێكی نوێ لەلایەن ڕابەری باڵا عەلی خامنەئی ببینن. سەركردایەتیی ڕاستەقینەی ئێران بە جیهان دەڵێت « ئەحمەدی نەژاد» لە پاڵ زمانە زبرەكەی و باسكردن لە تیۆرە پیلانگێڕییەكان و نكوڵیكردن لە هۆلۆكۆست و هەنگاوە دیبلۆماسیە هەڵەكانی دیكەی « لە دەسەڵات دوركەوتەوە». ئەوان بانگەشەی ئەوە دەكەن « ئێمە سەركردەیەكی نوێی باشمان هەڵبژاردووە و ئێستا دەتوانن كۆتایی بە سزاكان بهێنن و مامەڵەمان لەگەڵدا بكەن.» لە ڕاستیدا دەسەڵاتداری ڕاستەقینە لە ئێراندا هەروەك هەمیشە وەك خۆی دەمێنێتەوە، بە دڵنیاییەوە، و لە ڕوداوێكدا كە ئەگەری زۆرە ڕوونەدات ئەوەیە بەڕێز ڕۆحانی بەڕاستی تەحەددایان بكات، بەڵام ئەگەر ئەم كارە بكات، ئەوا ئەوەندە بە خێرایی دەرگای چوونەدەرەوەی پیشان دەدرێت كە دەتوانین بڵێین دەگاتە «ئیقامەی جەبری».
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەمە لە دوای ڕووداوێكی جێی سەرنج دێت كە لە ژێر پەردەی سیاسەتی ئێرانیەوە ڕوودەدات. ڕۆحانی بێ مۆڵەتی دەسەڵاتی ڕاستەقینەی وڵاتەكە تاكە سازشی ئێرانی لە گفتوگۆكانی ساڵی 2003دا پێشكەش نەدەكرد. هەروەها ڕێگەی پێنەدەدرا كێبڕكێ لەم هەڵبژاردنانەدا بكات و سەركەوتن بەدەست بێنێت بە بێ ڕەزامەندی سەرەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەوەی بە ڕاستی جێی سەرنجە، ئەوەیە ئێستا سەركردە باڵاكەی ئێران هەست دەكات پێویستە گۆڕانكاری بكرێت. ئەمە ئاماژەیە بە ئەگەری گۆڕانێك لە سیاسەتدا كە تێیدا ڕۆحانی ئامرازی ئەم ئاڕاستە نوێیە بێت نەك خودی سەرچاوەكەی. بە كورتی، ڕەنگە عەلی خامنەئی و هێزە گرنگەكانی دیكە لە ئێراندا ئامادەی هەندێ سازشبن لەگەڵ ڕۆژئاوادا، و ئامادەی ئاستێكی كەمی لیبرالیزكردن بن لە وڵاتدا، یان هەردووكیان. ڕەنگە حسابی ئەوە بكەن كە تەنها دەتوانن بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ بەرگەی فشارە دەرەكییە جیددیەكان بگرن، یان ناتوانن بە ڕاستی خەڵكەكەیان دووچاری فشارێكی زۆر بكەن لە ناوخۆی وڵاتدا بێ ئەوەی كاردانەوەی ڕاستەقینەی لێبكەوێتەوە- كاردانەوەیەكی بەهێزتر و مەترسیدارتر لەوەی لە دوای هەڵبژاردنە ساختەكراوەكانی 2009ەوە دروست بوون.
ڕەنگە پرسیاری ئەوە بكەین، بۆچی ئەگەری گۆڕانێك هەیە لە ناخی سەركردەی ڕاستەقینەی ئێراندا؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە تەنها پێویستمان بەوەیە لەو سیاقە بڕوانین كە تێیدا ئێران سازشێكی بەرچاوی لە گفتوگۆكانی پەیوەست بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی كرد لە ساڵی 2003دا: ئەمەریكا بەهۆی هێرشەكانی 11/9ەوە برینداركرابوو و لەلایەن ئیدارەیەكی توندەوە سەركردایەتی دەكرا كە تازە ئەفغانستانی داگیركردبوو و لە سەروبەندی داگیركردنی عێراقدا بوو و ڕەنگە بەردەوام بوایە بەرامبەر دوژمنەكانی دیكە- ئێران یان سوریا- یان هەردووكیان. لەو سیاقەدا، ئێرانیەكان ترسێكی زیاتریان لێنیشت و سازشیان كرد. دوو ساڵ دواتر و لە ساڵی 2005دا، ئەمەریكا دوچاری یاخیگەرییەكی ڕوو لە زیاد بۆوە لە ئەفغانستان و عێراقدا ( یاخیبوونێك كە ئێران پاڵپشتییەكی بەرچاوی دەكردن، لەبەر چەند هۆكارێك كە زۆر زەحمەت نین لێیان تێبگەین) و- ئەمەریكا- بە خێرایی توانای دارایی و سیاسی لەدەست دەدا كە پێویستن بۆ سەركێشیی سەربازی لە دەرەوەدا. بەو پێیە سەركردە ئێرانییەكان حیسابی ئەوەیان كرد كە دەتوانن دووبارە دەستبكەنەوە بە بەرنامەی بەدەستهێنانی چەكی ناووكی و پیتاندنی یۆرانیۆم بێ ئەوەی رووبەرووی هیچ هەڕەشەیەكی ڕاستەقینەی تۆڵەسەندنەوە ببنەوە.
لەمڕۆدا، پێدەچێت ئەو سزایانەی لەلایەن ئەمەریكا و ئەوروپاوە بەهۆی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران و ڕەتكردنەوەی بۆ ملكەچكردن بۆ ستانداردەكانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، سەپێنراون، كارێكی باشبن و زیاتر زیان بە ئێران بگەیەنن وەك لەوەی چاوەڕوانی دەكرد ئەویش بە هەڕەشەی ڕاگرتنی مامەڵەكردن لەگەڵ هەر بانكێك یان كۆمپانیایەك كە مامەڵە لەگەڵ ئێراندا بكات، ئەمەریكا توانی ئاستێك لە پابەندبوونی نێودەوڵەتی بهێنێتەدی بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ڕژێمەكەدا كە زۆر كەسی دووچاری سەرسوڕمانكرد، كاتێك بەهای ڕیال بە شاقوڵی دێتەخوارێ، ئەوا ناڕەزایی لە ئێراندا هەڵدەكشێت. لە هەمان كاتدا، شەڕی سوریا كە هاوپەیمانی سەرەكیی ئێرانە و فشاری سەر حزبوڵا و نوری مالیكی پتر پێگەی ئیران خراپتر دەكەن. كەواتە شتێكی مەنتیقیە كە سەركردەكانی ئێران بگەڕێن بۆ دەربازبوونێك لەم دۆخە سەختەی خۆیان دووچاری خۆیان كردووە. گۆڕینی دەموچاوەكان یەكەم هەنگاوە لەم پرۆسەیەدا. لە كاتێكدا دەوڵەتانی ڕۆژئاوا سیاسەتی خۆیان لە ئاست ئیران و سەرۆكە نوێیەكەی حەسەن ڕۆحانیدا دادەرێژن، دەبێت ئەو ڕاستیەیان لەبیر بێت كە كێ عەقڵی هەڵسوڕێنەر و كێ جڵەوی كاروبارەكانی بەدەستەوەیە. پێویستە پێشوازی لە ئەگەری گۆڕانكاریی بكەن لە پەیوەندییەكانیاندا لەگەڵ ئیراندا، بەڵام لە هەمان كاتدا، نابێت متمانەیەكی زۆر تەنها بەگۆڕینی دەموچاوەكان بكەن.
* ئوستادی سیاسەتەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانكۆی میزوری
Top