ململانێی دەسەڵات و ژینگە لە مەیدانی تەقسیم
June 12, 2013
وتار و بیروڕا
كێشەی حكومەت لەگەڵ زۆر لایەن، لەوانە لەگەڵ گرووپە پارێزەرەكانی ژینگە، لەوە دایە كەحكومەت سەرقاڵی ئەنجامدانی هەندێ پرۆژەیە كە مەبەستی سەرەكی لێی دەرخستنی گەورەیی توركیایە، لەوانە پرۆژەی دروستكردنی سێیەم فڕۆكەخانەی ئیستانبول. لەڕاستیدا ئیستانبول كێشەی فڕۆكەخانەی نییە و فڕۆكەخانەكانی ئەمڕۆ هەموو پێداویستییەكانی دابین دەكەن، بەڵام حكومەت سوورە لەسەر دروستكردنی فڕۆكەخانەیەكی تر كە خەرجییەكەی دەگاتە 29 ملیار دۆلار و دەتوانێ لەساڵێكدا خزمەتی سەد ملیۆن كەس بكات. خەرجیی دروستكردنی ئەم فڕۆكەخانەیە نزیكە لەبودجەی دوو ساڵی هەرێمی كوردستان. ئەوەش كە دەیسەلمێنێ حكومەت تەنیا بۆ خۆدەرخستن خەریكی دروستكردنی فڕۆكەخانەكەیە ئەوەیە كە ئەردۆغان لەوتارەكەیدا لەواشنتن لەمانگی رابردوودا شانازیی بەوەوە كرد كە ئەم فڕۆكەخانەیە دەبێتە گەورەترین فڕۆكەخانە لەجیهانداو بەهەمان شێوە لەئەنیستیتۆی برۆكنگز بەوپەڕی متمانەوە وتی «توركیا باسی جیهان ناكا، جیهان باسی توركیا دەكا».
دروستكردنی پردی سێیەمی سەر تەنگەی بۆسفۆریش هەمان چیرۆكی هەیە. ژینگەپارێزان پێیانوایە پرۆژەكە پانتاییەكی گەورەی سەوزایی شار لەناو دەباو دەبێتە هۆی بڕینی زیاتر لەدوو ملیۆن درەخت. خودی ئەردۆغان لەسەرەتادا دژی پرۆژەكە بووەو بڕینی ئەم هەموو درەختەی بە «تاوان» داناوە، كەچی ئێستا حكومەت سەرقاڵی نەخشەدانانە بۆ دروستكردنی پردەكە. ناوی پردەكە خۆی لەخۆیدا كێشەیەكی تری دروستكردووە، چونكە حكومەت بڕیاریداوە پردەكە ناو بنێ پردی سەلیم یاوز كە لەسەدەی شانزەهەمدا لەشەڕی چاڵدێراندا شا ئیسماعیلی سەفەویی ئێرانی بەزاندووەو دەستی بەقڕكردنی شیعەو عەلەوییەكانی كوردستانی باكوور و ئەناتۆلیاو سوریا كردووە. ئەوانەی كە دژی هەڵبژاردنی ئەم ناوەن، نایانەوێ سوڵتان سەلیم وەك پاڵەوانێكی مێژوویی بناسرێ و پێیانوایە شكۆداركردنی سوڵتانێك كە دەستی سوورە بەخوێنی بەشێكی گرنگی دانیشتوانی توركیا كە عەلەوییەكانن، رەنگە كاریگەریی خراپ لەسەر یەكڕیزیی نیشتمانی بەجێ بێڵێ.
جیزی پارك رووبەرێكی گەورەی لە ئیستانبول داگیر نەكردووە، بەڵام پارێزەرانی ژینگە ئەم پانتاییە سەوزە بچووكە، بەمۆل و سوپەر ماركێت و شەقامی قیرتاو ناگۆڕنەوە. دوو تێڕوانینی جیاواز. حكومەت كە سەرقاڵی زیادكردنی داهات و دابینكردنی بەرژەوەندیی ماددییەو پارێزەرانی ژینگە كە هێشتنەوەی سەوزایی بەئامانجێكی پیرۆز دادەنێن، رووبەڕووی یەكتری بوونەتەوەو نەگەیشتوون بە رێوشوێنێك بۆ ئاشتبوونەوەی دەسەڵات و ژینگە.