بەهەدەرنەدانی مرۆڤ بەکارخستنی توانا و بەهرەکان.. گەشەکردن و هەستکردنە بە ئینتیما

بەهەدەرنەدانی مرۆڤ بەکارخستنی توانا و بەهرەکان.. گەشەکردن و هەستکردنە بە ئینتیما
نەوزاد جەمال*
بەبێ دوودڵی (وزەی مرۆیی) گەورەترین و بەنرخترین وزەیە، هاوکات‌ بەهادارترین سەرمایەو سامانیشە. چونکی سەرچاوەو سامانە سروشتيیەکان بێ ئەو، تەنیا وزەیەکی ماددیی بێ گیان و رەق و تەقن. ئەوە هزرو ژیریيە کە لە ئەنجامی پێگەیشتنی زانستی و تێگەیشتنی دروستدا ئەو سامانه بەگەڕدەخات و لەپێدراوێکی سروشتی خەوتووە، دەیگۆڕێ بۆ پێدراوێکی زیندووی بەکەڵکی ژیان.
واقیعی مرۆیی ئێمە
لێرەدا نامەوێ لەپشت گوتاری رەشبیینەوە دادوەريی بکەم و ناشمەوێ بە گەشبینی ساویلکانە بیربکەمەوە، بەڵام راستییەک هەیە کە دەبێ بووترێت:‌ لە کۆمەڵگەی ئێمەدا به «‌هەدەردانی مرۆڤ» هەیه بەشێوەی جیاواز‌. واتە لەبەر ڕۆیشتنی مرۆڤ وەک سەرچاوەو وزەیەکی رۆحی لەئارادایە. دیارە ئەمەش نەک لەبەرئەوەی مرۆڤ بێ نرخە، بەڵکو بەهای مرۆڤبوون لە دامەزراوەو ژیانی کۆمەڵایەتیماندا رێکنەخراو و بێ پلانە. بەهای مرۆڤبوون لە سیاسەتی گشتی بەڕێوەبردندا بەهێز نییە‌. سەرەڕای راستیەکی ئاشکرا کە ئێمە وزەو سەرچاوەی سروشتی‌ <ژێرزەویی و سەرزەویی> باش و تارادەیەک بێ کەموکورتمان هەیە. بەڵام وزەی ئەقڵیی و ستراتیژیەتيیەکە جێگەی پرسیار و قسه ‌لەسەرکردنە. ئیدی کێشەکە ئەوەیە کە جۆرێک لە بەفیڕۆدان و بەهەدەرچوون هەیه لەو سەرمایە مرۆییەدا‌.
دیارە لێرەدا مەبەست لە بەفیڕۆچوون تەنیا لایەنی ‌سامانە مرۆییەکەیە‌، چونکی بەهەدەرچوونی سەرچاوه ‌سروشتيیەکان، دەرئەنجامی ئەوەی یەکەمە. بە دەربڕینێکی دیكە، بەفێرۆچوونی سامانە سروشتيیەکان، دەگەڕێتەوە بۆ بەهەدەرچوونی مرۆڤ کە لە برەونەدان و گەشەنەکردنی مرۆییەوە سەرچاوەی گرتووە. کەواتە ‌ئەوەی لەکوردستاندا بەدیدەکرێ ناتەریبی گەشەی مرۆڤییە بە پەرەسەندنی ئابووری و سیاسی.
بۆیە دەبێ بپرسین ئاخۆ بەفیڕۆدانەکە لەکوێدایە؟
* بەفیڕۆچووی وزەی لاوان. کاتێک لاوان و گەنجان خەریک دەکرێن بە دنیایەکی جەنجاڵ و بەخۆشيی کاتی و هێشتنەوەیان لە حەز و خولیای قۆناخی هەرزەییدا‌. ئەنجامەکەی ئەوەیە نەوەی داهاتوو نەتوانن رۆڵی خۆیان بگێڕن لە بوارەکانی ژیاندا.‌ ئەمەش مانای کەمکردنەوەی بەهاو پێگەیانە بەهۆی بایەخنەدان بەتواناو بەهرەکانیان.
* بەفیڕۆدانی توانای زانستی و ئەکادیمی بەهۆی رێگریی قانونی و رێخۆشنەکردنی بواری توێژینەوە.
* بەفیڕۆدانی توانای ژنان و ئافرەتان بەهۆی گەشەنەدان بە بەهرەوە لێهاتوویانەوە.
* سوود وەرنەگرتن و بەگەڕنەخستنی توانا جەستەیی و زەینییەکانی مرۆڤی کۆمەڵگەی ئێمە بەگشتی بەهۆی لاوازی هاندان و کارئاسانی گونجاو بۆ بەرزکردنەوەی ئاستەکانیان.
دیارە ئەنجامەکانی بەفیڕۆدان لە بچووکرترین حاڵەتی مەترسیداردا، داتەپینی سیستمی پەروەردەو تەندروستی و هاتۆچۆو خزمەتگوزاریيە تا دەگاتە داهزرانی رۆحی نەتەوەیی و نیشتمانی. چونکی بەکارخستنی تواناکان و لێهاتوویی و بەهرەکان وەک زیندەچالاکيیەکی مرۆیی، بریتيیە لەگەشەکردن و خۆناسین و هەستکردن‌ بە ئینتما بۆئەو جێگەی بژێویی و پێزانینە. ئەمە راستیيەکی سادەیە، فەرامۆشکردنی ئاکامی نەخوازراوی بەدوادا دێ.
گەڕانەوە بۆحورمەتی مرۆڤ بەچاویلکە‌ی کانت
شایانی باسە له ‌فەلسەفەدا پرسیارکردن دەربارەی (‌بوون)، واتە پرسیار و سۆراخکردنی ‌ژیانێکی باش و شیاو. دواجار ئەو تێگەیشتنە بۆ بوونێکی باش و لەبار، دەبێتە‌ پێوەر بۆ دەستنیشانکردنی ئەرکی حکومەت و هەڵسەنگاندنی هەر سیستمێکی سیاسی بەچاک و گونجاو. هاوکات له ‌فەلسەفەدا باس لە دووجۆر (بوون) دەکرێ: بوونێکی کردەکی - راستەکی(actual)، و بوونێکی هێزەکی ‌(potential) کە ئەگەری هاتنەبوونی وەک بەڕاستی (بوون) هەیە.
هەڵبەت ئەگەر هەمان روانین سەبارەت بەبوون بەوجۆرە وەرگێڕینە سەر زمانی سیاسەتی بەڕێوەبردن ئەوەیە: ‌دەبێ سیاسەتی بەڕێوەبردن و گەشەپێدان تەنیا جەخت لەو بوونە کردەکيیە نەکات که ‌هەیە، بەڵکو دەبێ ئەوەشی دەشێ ببێت و ئەگەری هاتنەئارای راستە، بەهەند وەربگرێت. بەواتایەکی دیكە، سیاسەت هەر چاونەبڕێتە ئەوەی لەبەردەستدایەو بەرهەستە، بەڵکو بایەخ بە توانستە پۆتێنشاڵە بدات و رێ ئاسانی هاتنەبوونی بدات، دەنا ئامڕاز و رێگاکانی بەردەمی زوو دەپووکێنەوە. بۆیە بایەخدان بەبوونی هێزەکی کەمتر نییە لەوەی کە بەراستی و کردەکی هەیە. چونکی هەردووکیان بەندن بە بوونی مرۆڤەوە.
بۆیە ئەگەر بێین باس لە دیگای (کانت) بکەین بۆ مرۆڤ، دەتوانین (بوون) وەک پێدراوێکی دانەبڕاو لەمرۆڤ تەماشاکەین.‌ بەتایبەت‌ کاتێ (کانت) باس لەرێز و بەهای (dignity) مرۆڤ دەکات، دیدو روانینێکی رەهاو گەردوونی هەیە. ئەو مرۆڤ وەک ئامانج نەک ئامراز سەیر دەکات. ‌واتە مرۆڤ ئامانجه له ‌بوون دا‌، کەواتە دەبێ سیستمی حوکمڕانی بەو جۆرە لە بوونی بڕاونێ و رەفتاری لەگەڵدابکات، نەک وەک ئامراز و ئامێرێ بۆ ئامانجەکانی فەرمانڕەوایەتی خۆی بەکاری بهێنێت.
هەڵبەت‌ (کانت) لەسۆنگەی رێسایەکی گەردوونییەوە بۆ رێزو بەهای مرۆڤ دەڕوانێت، تا ‌نەکرێتە ئامراز، بەڵکو ئامانجێك بێت لەخۆیدا. دیارە ئەم تێگەیشتنە بۆ هەموو مرۆڤێکە وەک لە کتێبی (بنەما میتافیزیکیەکانی رەوشت)دا هاتووە: (لە ‌مەملەکەتی ئامانج و مەبەستەکاندا، هەمووشتێ نرخێ‌ یا رێز و بەهایەکی هەیه. ئەگەر شتێ نرخی هەبوو، ئەوا دەشێ شتێکی دی هاوشان بێ لەبەرامبەریدا، بەڵام ئەگەر شتێك لەسەروو هەموو نرخێکەوە‌(واتە بەنرخ نەقەبڵێنرێ) و هاوتای نەبوو، ئەوە رێز و بەهایه). کەواتە لەبەرامبەر رێز و بەهای مرۆڤدا، هیچ شتێك بەهای نییە جگە لە خۆی کە وەک ئامانجێک تەماشا بکرێت. مرۆڤ بە نرخی ناپێورێت، بەڵکو بەو بەها دانسقەو تاقانەی کەهەیەتی لە بووندا.
بۆیە فەلسەفە کە بیر له (‌بوون) دەکاتە‌وە، بیریش، له ‌مرۆڤبوون و پێشمەرج و ئەو دۆخە شیاوەی کە بوونی مرۆڤیش بەڕێز رادەگرێت، دەکاتەوە. هەربۆیە فەلسەفە بە رادیکاڵی باس لەو سیستم و پێشمەرجەش دەکات کە بوونێکی بەڕێز و باش دەڕەخسێنێت و بەهای مرۆڤ دەپارێزێت. ئیدی شاراوەنییە کە بەفیڕۆنەدانی مرۆڤ وەک بوونەوەرێک، بەندە به ‌تێگەیشتن لەمرۆڤ خۆیەوە. لێرەوە‌، حوکمڕانی بەبێ تێگەیشتن لە مرۆڤ مەحاڵه. لەبەرئەوەی‌ فەرمانڕەوایەتی لە تێگەیشتن لەبەهاو چییەتی مرۆڤ جیاناکرێتەوە‌. هەڵبەت هەر سیستم و رژێمێکیش ئازادیخوازبێت یا ستەمکار، دەبێ جۆرە تێگەشتن و روانینێکی‌ بۆ مرۆڤ هەبێت. بۆیە کاتێک کە دەخوازین سیستمێکی سیاسی بەڕێوەبردنمان هەبێت، دەبێ تێگەیشتنێکیشمان دەربارەی مرۆڤ و چییەتی و وێناکردنیەوە هەبێت.
لەبەرئەوە‌ گەڕانەوە بۆ تێگەی مرۆڤ لە ‌داڕشتنی سیستم و شێوازی بەڕێوەبردن و فەرمانڕەواییدا، مەرجی سەرکەوتن و هاوکات مرۆڤبوونە. بۆیە ئەوەی کەدەبێ سەرکردەو سیاسەتمەدارەکانی ئێمە بیزانن ئەوەیه:‌ ئەقڵيیەتێکی نەپساو نەپچڕاو هەیە لەنێوان مرۆڤبوون، بەفيڕۆنەدان و رێزگرتن و ماف و دادوەری و ژیانی شیاو و گەندەڵیشدا. بەواتایەکی دیكە: گوێنەدان بەمرۆڤ له ‌مرۆڤخستن و پێشێلکردنی ئازادی و دادوەرییە. دواجار ئەوەش جگەلە گەندەڵی مرۆیی و ماددیی هیچی لێناکەوێتەوە. ئیدی بەفیڕۆنەدانی مرۆڤ وەک وزە، وەک ماف و ئەرک، وەک سەرمایەو توانا، لەو سۆنگەوە سەرچاوە دەگرێ کە ئازاديی مرۆڤ ئەوەیە کە بەهۆیەوە بگاتە بەهای راستەقینەی خۆی ئەوەش بهێنێتەدی کە برەودان و گەشەپێدان و پەرەسەندنیەتی.

* مامۆستای فەلسەفەی سیاسی و كۆمەڵایەتی-زانكۆی سەڵاحەدین-هەولێر
Top