داخراو یان نیمچە كراوە
May 30, 2013
وتار و بیروڕا
هەندەی من ئاگام لێ بێ، هیچ لایەنێك نییە دژی لیستی نیمچە كراوە نییەو هەمووان بە شان و باڵی هەڵدەڵێن. لێ بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بە لیستی نیمچە كراوە بكرێ، دەبێ بەلانی كەمەوە (10) پەرلەمەنتار پرۆژەیەكی هەمواركردنەوەی قانوونی ژمارە (1)ی ساڵی 1992 پێشكەش بكەن. ئەوجا سەرۆكایەتیی پەرلەمان بیخاتە بەرنامەی كارەوەو خوێندنەوەی یەكەمی بۆ بكرێ و ئاراستەی لیژنەی یاسایی و یەكە- یەكەی پەرلەمەنتاران بكرێ و راپۆرت ئامادە بكرێ، هەڵبەت دەبێ لەم نێوەندەشدا راو بۆچوونی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانیش وەربگیرێ.
هەڵبەت دەكرێ، فراكسیۆنەكان لەنێوەخۆیاندا و لەگەڵ یەكدیدا لەسەر وردەكارییەكانی پرۆژەی ناوبراو بسازێن...پرسیار ئەوەیە، ئەگەر هەڵبژاردن بووە لیستی نیمچە كراوە، كوردستان دەبتە چەند بازنە، یان هەر بە یەك بازنە دەمێنێتەوە؟ ئەگەر كوردستان یەك بازنە بێ، رەنگە گرفت كەمتر بێتەوە، بەڵام ئەگەر سێ بازنە یان زیاتر بێ، گرفت دێتە پێشێ: هەر بازنەی چەند ئەندامی پەرلەمانی بەردەكەوێ؟ نابێ هەر لیستە، ژمارەی كاندیدەكانی لە چەند كەمتر و لە چەند زۆرتر نەبێ؟ كورسی بەتاڵ چۆن دابەش دەكرێ، دەدرێ بە ((الباقی الاقوی))ی لیستە براوەكان، یان((الباقی الاقوی))ی لیستە بەشداربووەكانی هەڵبژاردن، یان رێگەیەكی تری بەشینەوە دادەهێندرێ؟ بۆ كۆتای مەسیحی و توركمان كە خۆیان بە ژمارە كەمن، چۆن دەبێ، هی وان سەرانسەری دەبێ، یان چەند بازنە؟ دابەشكردنەكەی ئەوان چۆن دەبێ؟ تاكە كەس بۆی هەیە، بەتەنیا خۆی بپاڵێوێ یان نا؟
لەسەر بنەمای ئەو پرسیارانەو هی تریش، چەندین ماددەی قانوونی ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەمواركراوی پەرلەمانی كوردستان پێویستیان بە هەمواركردنەوە هەیە، سەرباری هەمواركردنەوەی ماددەكانی 1 و 8 و 20.
هەڵبەت، لیستی هەڵبژاردن، كراوە بێ یان داخراو یان نیمچە كراوە، هەر یەكەیان لایەنی پۆزەتیڤ و لایەنی نیگەتیڤیشی هەس. بەڵام وەك دەزانرێ لیستی نیمچە كراوە هەم بەرژەوەندیی خاوەنی لیست (جا حزب بێ یان نا) دەپارێزێ و هەم بەرژەوەندیی دەنگدەر (هاووڵاتی)، واتە هەردوو بەرژەوەندییەكە بەیەكەوە كۆدەكاتەوەو دەسازێنێ. كەواتە لە لیستی نیمچە كراوەدا، یەكەم، دەنگدەر رۆڵێكی گرنگ دەبینێ لە سەرلەنوێ ریزكردنەوەی كاندیدەكانی هەر لیستێ بە گوێرەی ئەو دەنگانەی هێناویانە. دووەم، پرۆسەی هەڵبژاردن گەرموگوڕتر دەبێ و بێباكی سیاسی كەمدەكاتەوە، چونكە كێبەركێ بەتەنیا لەنێوان لیستەكاندا نامێنێتەوە، بەڵكە كێبەركێ دەكەوێتە نێوان كاندیدەكانی ناو لیستێكی دیاریكراویشەوە، ئەمەش وا دەكات رێژەی بەشداربوون لە هەڵبژاردنەكاندا بچێتە سەرەوە و پەرلەمانێك بێتەكایەوە كە نوێنەری زۆرینەی خەڵك بێت. سێیەم، ئەو كاندیدە سەركەوتووەی دەبێتە پەرلەمەنتار، بمانەوێ و نەمانەوێ، وێڕای ئیلتیزاماتە حزبییەكەی، دەستكراوەتر و ئازادانەتر دەبێ لە وتووێژ و رادەربڕین و دەنگداندا. هەڵبەت لیستی نیمچە كراوە، بە بڕوای من، لایەنی نیگەتیڤیشی هەیە، چونكە بمانەوێ و نەمانەوێ، ئینتیمائاتی ناوچەیی، خێڵەكی و ئەسڵ و فەسڵ و پێگەی كۆمەڵایەتی و دینی كاریگەرییان لەسەر ئاراستەكردنی رای دەنگدەران دەبێ لەسەر حیسابی خەڵكی ئاكادیمی و لێزان كە ئەو پشت و پەنایانەیان نییە...
هەرێمی كوردستان، یەك بازنە بێ یان چەند بازنە؟ بۆ كورد یەك بازنەیی باشە، بۆ؟ یەكەم بۆ دووركەوتنەوە لە ناوچەگەرێتی، چونكە لەوانەیە كاندیدێكی بە تواناو ناسراوی دەڤەری دهۆك، دەنگدەری هەولێر و گەرمیان و سلێمانی دەنگی بۆ بدەن، بە پێچەوانەشەوە. ئەگەر چەند بازنە بە ناچاری دەبێ هەر پشت بە دەنگی ناوچەكەی خۆی ببەستێ، لەكاتێكدا پەرلەمەنتار نوێنەری تەواوی گەلە نەك هەر ناوچەو خێڵ و شار یان گوندەكەی، دووەم، بۆ حزبە بچووكەكان باش نییە چەند بازنە بێ، بۆ ئەوەی دەنگەكانیان نەفەوتێ و هەمووی كۆ ببێتەوە و ئەو دەمە چانسی هاتنە پێشەوەیان زۆرتر دەبێ و پەرلەمانێكمان دەبێ فرە پێكهاتە دەبێ لە رووی نەتەوەیی و ئایینی و سیاسی و فیكرییەوە. سێیەم، تەنانەت چەند بازنەیی بۆ حزبەكان بەگشتیش گونجاو نییە و دەیانكاتەوە بە لۆكاڵ، بەتایبەتی كە هەندێكیان لەم یان ئەو ناوچەیەدا دەنگ و رەنگێكی ئەوتۆیان نییە، بەتایبەتی ئەگەر كرایە مەرج كە دەنگدەر و كاندید خەڵكی یەك پارێزگا بن...