میدیای نوێ و پرسی شوناس لەتەونی جاڵجاڵۆکەیی Web 1 بۆ Web 2

میدیای نوێ و پرسی شوناس لەتەونی جاڵجاڵۆکەیی Web 1   بۆ  Web 2
بەهات حەسیب قەرەداخی

وێب «Web» واتا تەونی جاڵجاڵۆکە، تەڵە، داوی ڕاو.. تەپکە: داوودەزگایەکە بۆ راوکردنی پەلەوەر...
بەر لەسەرهەڵدانی وێب دوو، پێشتر وێب یەک و وێب یەک و نیو هەبوون..
وێب یەک: بریتی بوو لە هەندێ پەیج کە بە سستمی static _ html کاریان دەکرد و بەدەگمەن ئەپدەیت دەکرانەوە. زانیاری و بابەتەکانی ناویان، جێگیر و نەگۆڕ بوون. هیچ کەس جگە لە خاوەنی پەیج و سێرڤەرەکە بۆی نەبوو دەسکارییان بکات و شتێکیان بۆ یان لێ کەم و زیاد بکات.
وێب یەک و نیو: بریتی بوو لە چەندین پەیجی داینامیکی و بە جووڵە و پەرەسەندووتر لە وێب یەک. وێب یەک پشت ئەستوور بە سستمی داتا بەیس، ناو بەناو لەلایەن خاوەنی پەیجەکانەوە، ئەپدەیت دەکرانەوە.
وێب دوو: وەرچەرخان و قەڵەمبازێکی زۆر فراوان و گۆڕانێکی یەکجار ریشەییە لە کاروانی پەرەسەندنی میدیا بەگشتی و میدیای ئەلەکترۆنیدا بەتایبەتی..
لە وێب دوودا، بە ملیۆنان پەیجی داینامیکی و هەزاران تۆڕی کۆمەڵایەتی سەریان هەڵداوە و کاران، کە تا رادەیەکی زۆر پشت ئەستوورن بە بەشداریی راستەوخۆی بەکاربەرانیان نەک خاوەنی پەیج و سایت و سێرڤەرەکان.
ئەوەی زۆر گرنگەو جێی بایەخی، خاوەنی ئەو سایت و پەیجانەیە، بریتیە لە چەندێتی و چۆنێتیی، نمایشکردن و وەشاندن و رەواج پێدان و ئەدڤەرتایس وئەپدەیتی رۆژانەو بگرە سات بەساتی بەردەوامی زانیاری و بابەت و پەیامەکانیان.
سایت و تۆڕو پەیجە ئەلەکترۆنییەکانی ویب دوو جۆرەها چالاکیی هەمەچەشنەو فرە کایە لەخۆدەگرن، گرنگترین و بەرچاوترینیان ئەمانەن: بڵاوکردنەوەو وەشاندنی هەواڵ، داتا، کتێب، رۆژنامە، گۆڤار، خوێندنی ئۆنلاین و سێرچ و کۆرسی جیاجیای پیشەیی، پەخشی رادیۆو تیڤی بە زیندووی، ڤیدیۆ و وێنە و ئەنیمەیشن و چاتی رووبەڕوو و ئۆڤەر و ئەپلیکەیشنی جۆربەجۆر و فرە کایە، یاری وکێبڕکێ قومارو کڕین و فرۆشتن و مامەڵەی بانکی، بانگەشە و بانگخوازیی ئایینی.... تاد.
ئەمەی کە روو دەدات چییە؟
ئایا تەنیا هەر پەرەسەندنێکی تری تەکنەلۆژیای ئامڕازو دەزگەکانی میدیا و پێوەندییە و بەس؟
یان.... سەرەتای قۆناغێکی نوێی مێژووی شارستانیەتە وهەنگاوە بەراییەکانێتی بە ئاڕاستەیەکی تەواو جیاواز لەوەی لە سەد ساڵی ڕابردوودا مرۆڤایەتی گرتبوویە بەر؟
• رۆژانە بە بەرچاوی هەمووانەوە، چەندین کەناڵی راستەوخۆو زۆر خێرا بۆ خۆ نمایشکردنی تاک و گرووپ و بە مەبەستی لەیەکتر گەیشتن و بەیەکتر گەیشتن دێنە ئاراوە... تا ئێستا ژمارەیان لە دەیان هەزار کەناڵ رەتی کردووە.
• ژیانی رۆژانەی تاک لە خۆرئاوا و خۆرهەڵات، لە باکوور و لە باشوور، تا رادەیەکی زۆر پەیوەست و گرێدراوی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانێتی.
• شەپۆلەکانی زانیاری و داتا، چ لەڕووی چەندایەتی، چ لە ڕووی چۆنایەتیەوە، لە هەڵکشانێکی زۆر خێراو بەردەوام وکەم وێنەدان.
• بە پاساوی بەکۆمەڵایەتی کردنی زانیاری و ئاڵوگٶڕکردنی داتا و هەڵسەنگاندنیان، سنوورە ئاکادیمی و پیشەییەکانی زۆربەی کایە پسپۆرییەکان، ئەوەندە پێشێل دەکرێن کە هەندێکیان چوونەتە ریزی نەبووان.
• سنوورە نەریتییەکانی زانست و ئیتیکی کار، رۆژانە لە گشت لایەکەوە دەبەزێنرێن و بنەما و پرنسیپ و دسپلینە لەسەر راهاتووکانیان، بێ بەها وکەم ئەرزشدەکرێن!
• هەموو ئەوانە وایان کردووە کە دامەزراوەیەکی بە تانوپۆی زۆر کاریگەری گریمانەیی لەدەرەوەی گشت بەها باوەکانی کۆمەڵگە مرۆییەکان سەرهەڵبداو ببێتە خاوەنی ملیارەها ئەندامی کارا و سیستم و یاسا و رێسای تایبەت بەخۆ و بەدەر لە سانسۆر و کۆنترۆڵی راستەوخۆی کایە و یەکە کۆمەڵایەتییە نەریتیەکانی هەر کۆمەڵگەیەکی مرۆیی، بێ پەروا کاری خۆی دەکات....
***
میدیای نوێ و سیما گشتییەکانی سەردەمی وێب دوو:
ئێستا بەرچاوترینی سیماکانی ئەم سەردەمە بە جیاوازیی رێژە و ئاست لە دنیادا ئەمانەن:
١. زانیاری بۆتە کاڵایەکی نیمچە خۆڕایی و هەرکەس تەکنەلۆژیای پێوەندیی لەبەر دەستدا بێ، بە ئاسانی دەستی پێیان دەگات .
٢. کۆکردنەوە، سازکردن و بڵاوکردنەوەی «زانیاری» بۆتە پرۆسێسێکی هاوبەش و بێ سنوور و گشتگیر.
٣. زانیارییەکان فرێش و خێراو هەمە چەشنەو فرە سەرچاوەن.. ورد ودرشت، راست و هەڵبەستراو، باش و خراپ، سوودبەخش و بێ کەڵک و زیان بەخش، هەرهەمووی بێ جیاوازی لەبەردەست و چاوی هەموواندان!
٤. بەردەوام خواستی ماددی و حەزی نوێ و ئارەزووی تێرکردنی خێرایان لە سەرهەڵداندان و دیسانەوە سەرهەڵدانی خواستی زیاتر و نوێتر و پێویستی و ئارەزووی تێرکردنیان.
٥. «تاک» خۆی تەوەرو ئامانجی سەرەکیی پێوەندییەکانەو ئەندازیاری داڕشتنەوەی ژینگەو کۆمەڵگە و بەهاکانێتی.
٦. سەنترالزیمی میدیای تەقلیدی لە پاشەکشەدایەو دەرفەت بۆ هەمووان کراوە و وەک یەکە..شتێک نەماوە بەناوی دسپلین و پرەنسیپ و ئیتیکی کاری میدیایی!
***
وێب دوو: قەیرانێکی نوێ لە هەناوی کۆمەڵگەی ترادشناڵدا.
سەرهەڵدان و تەشەنەکردنی وێب ٢ لە سەرتاسەری دنیادا، تەنانەت لە ناو کۆمەڵگە مۆدرێن و پۆست مۆدرێنەکانیشدا، بۆتە مایەی سەرهەڵدانی پرس و ترسگەلێکی زۆری سۆسیۆ- سایکۆلۆژی و مەعریفیی جددیی ئەوتۆ کە هێشتا لای خۆشیان بۆیان یەکلایی نەبۆتەوە، ئایا دەبێ چی بکەن و چۆن تاک و کۆمەڵگە و سستمی ژیانیان لە مەترسییەکانی ئەم « تۆڕ و تەڵە و داوە» بپارێزن و بەکەمترین زیانەوە لێی دەربازبن!
هەر‌چیی دەربارەی کۆمەڵگە نەریتی (ترادشناڵەکان) یشە، ئەوا هیچ گومانی تێدانییە کێشەکە بە تەنیا لە پرس و ترسدا نەماوە و گەیشتووە بە ئاستی « قەیران»ێکی راستەقینەو لەناو هەناویاندا وەک گڕکانێکی نا ئارام لە جووڵەو هەڕەشەدایە!
نیشانە هەرە بەرچاوەکانی ئەم قەیرانە، ئەمانەن:
١ – تێنەگەیشتن و حاڵی نەبوون لە راستی و دروستیی ئەوەی کە لە جیهاندا و لەژێر ناوی وێب دوودا، روویداوە و بەردەوام لە پەرەسەندندایە..
٢ -- سەرگەردانی، بێ پلانی، پەرتەوازەیی و دووفاقی لە تاووتوێ و مامەڵەکردن لە تەک ئەو چەمک و جیهانبینەی سەردەمی وێب دوو هێناوێتیە ئاراوە و بەردەوامیش لەزیاد بوون و فرەییدایە...
٣ -- درک نەکردن بە بایەخ و مەترسییەکانی ئەو گۆڕانکارییە ریشەییانە کە هێشتا وان بەڕیوە...
٤ -- ململانێی پەنهان وئاشکرا لە نێوان شوناسی تاک و شوناسی کۆمەڵدا.
مێدیای ترادشناڵ و شوناس
شوناس: بەڵگە و تابلۆی، کەسێتیی هەر کۆمەڵگەیەکە.
کەلتوور: ناوەڕۆک و فۆرمی ئەو شوناسەیە.
کەلتوور: کۆی سستمی بەها وباوەڕو نەریتە باوەکانی کۆمەڵگەیە.
کەلتوور: مەرجەعە. تۆماری میللەتێک و نیشتمانێکی دیاریکراوە.
میدیای ترادشناڵ: یەکێکە لە ئامڕازە سەرەکییەکانی گواستنەوەی کەلتوور لەنەوەیەکەوە بۆ نەوەکانی دواتری هەر میللەتێک و کەنالی خۆناساندن و خۆ سەلماندنیشێتی.
میدیای ترادشناڵ: خۆی لە خۆیدا پارێزەری سستمی بەها و نەریت و مێژوو کەلتووری میللەتێکە.
شوناس: راستە لە گۆڕانێکی پلە بەپلەی سەخت و هێواشدایە و قەڵامباز نادات، بەڵام چەقبەستوو نییە.
مێدیای نوێ و شوناس
• مێدیای نوێ: زۆر خێرایە.. سنووربەزێنە.. رادیکاڵ و بێ کۆنترۆڵ و بێ مەرجەعە!
• مێدیای نوێ: زیاتر لەدەرەوەی سستمی بەها ئەخلاقی و کۆمەڵایەتیە باوەکاندا چالاکە.
• گواستنەوەی کەلتوور و پاسکردنی بەها و پێوەرە باوەکانیش بە ئەرکی خۆی نازانێت.
• خەریکی نەخشاندنی شوناسێکە بۆ تاک و بۆ گرووپە گریمانەییەکان.. نەک بۆ کۆمەڵ و نیشتمان.
• لە دەوازەکانی ئەتمۆسفیرەوە تەونەکانی خۆی فڕێ دەدات نەک لەسەر ئەرزی واقیعەوە.
مێدیای نوێ.... پرس و ترس!؟
پرسەکان:
1- ئایا بەتەواوی جێ بە مێدیای ترادشناڵ لێژ دەکات و فڕێیدەداتە پەراوێزەوە؟
2- ئایا کاریگەرییە سیاسییەکانی تاکەی و تا کوێ و بەکام ئاڕاستەدا بەردەوام دەبن؟
3- ئایا کاریگەرییە کۆمەڵایەتی و دەروونیەکانی بەکوێ دەگەن و چیمان بەسەردێنن؟
4 - ئایا تا چەند لەتوانایدایە تەواوی ژیانی واقیعیمان پێ بگۆڕێ بە ژیانێکی گریمانەیی « ڤێرچوەڵ» ؟
5 ــ ئایا دەبێتە پردی بەیەک گەیشتن و لەیەکترگەیشتنی میللەتان و بەرقەرارکردنی ئاشتیی جیهانی؟ یان دەبێتە هۆیەکی تر بۆ سڕینەوەی زۆرینە و باڵادەست بوونی هەرچی زیاتری هەندێ لە سوپەر پاوەرەکانی دنیا؟
6 ــ ئایا چارەنووسی کەلتوورو شوناسی «میللەتان» بەتایبەتیش میللەتانی بێ دەوڵەت و بێ تەکنەلۆژیا و پەراوێزخراو و بەکاربەر بەکوێ دەگات؟
ترسەکان:
• لێکترازانی خێزان و کاڵبوونەوەی بەها و پێوەرەکانی.
• فراوانبوونی گاپی نێوان نەوەکان و سەرهەڵدانی دابڕانێکی مەعریفیی تەواوی نێوانیان.
• تەشەنەکردنی فەرهەنگی خواستی بەکاربردن و تێرکردنی هەرچی خێرا و خیراتر!
• کاڵبوونەوە و سڕینەوەی کۆ- یادگە ( زاکیرەی جەمعی ) و نەمانی مەرجەع لە گشت کایەکانی ژیاندا.
• ڤیزاکارد و ماستەرکارد، جێی شوناسی نەتەوەیی و نیشتمانی دەگرنەوە.
• کەم بەها کردنی جیاوازیی کەلتووری و زاڵبوونی کەلتووری سەرمایەداریی مۆدێلی ئەمریکی !
سەرئەنجام هیچ زیادەڕۆیی تێدا نیيە کە بڵێین: ئەم وێب دووە، تەونێکی جالجاڵۆکەیی راستەقینەیە و چاڵجاڵۆەکان هەم وەک کۆشک و قەڵای خۆڕاگر و پارێزراو، ژیانی خۆیانی تێدا بەسەردەبەن و هەم وەک تەون و داوی راویش بەکاری دێنن، بۆ راوکردنی دوژمنەکانیشیان و بۆ دابینکردنی خۆراکی ئیستا و داهاتوویشیان!
«وێب دوو» چەکی سەرەکیی سوپای «سۆفت پاوەر» / نەرمە هێزە.. دەزگای راوکردنی ملیارەها تاکە تاکەی مرۆڤەکانە، لەم رێیەشەوە راوکردنی میللەتانی پێش مۆدێرنێتی تەنانەت هەندێ لە میللەتانی مۆدرێنێتی و سەرگۆی زەوییش ئاسانتر و مسۆگەرتر دەبێت!
***
پوختەی ئەو بابەتەیە كە لە سیمیناری تایبەت بە بیستەمین ساڵیادی گۆڤاری گوڵان لە 22ی نیسانی ساڵی 2013 لە هۆڵی چوارچرا لە لایەن نووسەرەوە پێشەكەش كرا
Top