دابەشكردنێكی نەشیاوی جێبەجێ كردنی دەسەڵات لەسوریا

دابەشكردنێكی نەشیاوی جێبەجێ كردنی دەسەڵات لەسوریا
رێككەوتنی روسیاو ئەمریكا لەسەر بەستنی كۆنفرانسێكی نێودەوڵەتی سەبارەت بەقەیرانی سوریا بەهەنگاوێكی پێشكەوتوو بۆ كۆتایی هێنان بە شەڕی ناوخۆو دەستەبەركردنی گواستنەوەی ئاشتییانەی دەسەڵات دادەندرێ. ئەگەرچی هێشتا هیچ بەڵگەیەك لەسەر ئەوە نییە كە كۆنفرانسەكە دەتوانێ ئامانجەكانی خۆی بەدەست بێنێ، بەڵام رێككەوتنی هەردوولا لەسەر پێویستیی ئامادەبوونی نوێنەرانی ئۆپۆزیسیون و نوێنەرانی رژێمی سوریا لەو كۆنفرانسە، بەم مانایە دێ كە روسیاو ئەمریكا نایانەوێ ئۆباڵی شكستی كۆنفرانسەكە، ئەگەر شكستی هێنا، لەملی ئەوان بێ.
رەنگە كۆنفرانسی پێشنیاركراو جیاوازییەكی زۆری لە كۆنفرانسی ساڵی رابردووی ژنێڤ نەبێ و بەكردەوە ئەم كۆنفرانسە درێژەپێدانی كۆنفرانسی ژنێڤە كە هەردوولا تێیدا لەسەر پێكهێنانی حكومەتێكی راگوزەر لە سوریا رێككەوتن، بەڵام دەقی رێككەوتنەكە ئەوەندە رۆشن نەبوو كە چارەنووسی سەرۆكی سوریا بەشار ئەسەدی تێدا دیاری بكرێ. بۆیە ئەمریكا وای لێكدایەوە كە قۆناغی راگوزەر بەبێ ئەسەد بەڕێوە دەچێ و روسیا لەو بڕوایەدا بوو كە ئەسەد خۆی رابەرایەتیی قۆناغی راگوزەر دەكا. ئەم مەسەلەیە وەك چۆن لە ژنێڤ رێككەوتنەكەی لەڕیشەوە هەڵتەكاند، دەشێ لە كۆنفرانسی پێشنیاركراویش بەهەمان ئەنجام بگات.
سەرەڕای هەوڵەكانی روسیاو ئەوروپاو ئەمریكا بۆ دۆزینەوەی دەریچەیەكی ئاشتییانە بۆ قەیرانی سوریا، بەڵام هێشتا پێناچێ لایەنە نێودەوڵەتییەكان تێڕوانینێكی قوڵیان بۆ هەلومەرجی سوریا هەبێ. رەنگە پرنسیپی دابەشكردنی دەسەڵات لە زۆر شوێن مایەی كۆتایی هێنان بێ بەكێشەی سیاسی، بەڵام ئەم چارەسەرە بەكەڵكی سوریا نایەت. سوریا هیچ دامەزراوەیەكی نیشتمانیی نییەو سەرەڕای ئەوەی كە دەستوور ئەو ماددەیەی تێدا نەماوە كە حزبی بەعس بەڕابەری دەوڵەت و كۆمەڵگا دادەنێ، بەڵام بەكردەوە حزبی بەعس بەسەر تەواوی دەسەڵاتی راپەڕاندن و یاسادانان و دادوەریدا زاڵەو هەموو دەزگاكانی سوپاو پۆلیس و دەزگا ئەمنیەكان و بازرگانیی دەرەوەو ناوەوە لەژێر كۆنترۆڵی حزبی بەعسدایە. لە ڕەوشێكی وادا دابەشكردنی دەسەڵات هیچ مانایەكی نامێنێ، بەتایبەتی كە ئەم پرۆسەیە بەكردەوە لە حكومەتەوە دەست پێدەكاو لەجێبەجێ كردندا بەو مانایە دێ كە ئۆپۆزیسیۆن نیوەی وەزارەتەكانی كابینەی حكومەت بەدەست بێنێ و نیوەكەی تر هەر بەدەست حزبی بەعسەوە بێ.
مەرجی سەرەكیی سەركەوتنی دابەشكردنی دەسەڵات لە هەر پرۆسەیەكی سیاسیدا، بوونی دامودەزگای بێلایەنە كە حزبایەتییان تێدا ناكرێ و دەستاودەست كردنی دەسەڵات كار ناكاتە سەر رەفتاری سیاسییان. گەورەترین كێشەی سوریا نەبوونی دامودەزگای بێلایەنە. ئەمەش مایەی هەڕەشەیە بۆ سەر هەر رێككەوتنێك سەبارەت بەدابەشكردنی دەسەڵات.
پرنسیپی «دابەشكردنی دەسەڵات» بەبێ هاوسەنگی یاخود لانی كەم بەبێ دۆخێكی نزیك لە هاوسەنگی، نایەتە دی. ناوەڕۆكی ئەم دەستەواژەیە لە ناوەڕۆكی «بەشداری لە دەسەڵات» فراوانترە، چونكە «بەشداری لە دەسەڵات» مەسەلەی هاوسەنگی تێیدا بە مەرج دانانرێ. سوریا لەسایەی حزبی بەعس بەئەزموونی دابەشكردنی دەسەڵاتدا تێنەپەڕیوەو حزبی بەعس لە گەوهەردا باوەڕی بەدابەشكردنی دەسەڵات نییە، بەڵام لەهەندێ قۆناغدا ئەزموونی بەشداریی لەدەسەڵاتدا بەخۆیەوە دیوە، بەتایبەتی سەبارەت بە كۆمۆنیستەكان و سەربەخۆكان. ئەم ئەزموونەش ئەوەندە كرچ و كاڵە، كە كەس هەستی نەكردووە رەنگدانەوەی دیاری لەسەر رەوشی سیاسی هەبووە.
وردەكاریی شێوەی دابەشكردنی دەسەڵات لە سوریا خۆی لەخۆیدا و بەتەنیا بەكێشەیەكی دژوار دادەندرێ. ئامادەبوونی ئۆپۆزیسیۆنێكی چەكدار بۆ فڕێدانی چەك و بەشداری كردن لە پرۆسەی سیاسی هەر بەوە نابێ كە چەند وەزارەتێكی پێ بدرێ، بەتایبەتی كە ئۆپۆزیسیۆن لە رێكخراوی دەوڵەتانی عەرەب نوێنەرایەتیی سوریا دەكاو قەڵەمڕەوێكی زەویی بەقەد دەوڵەتێكی وەك لوبنان لەژێر دەستدایەو چەند گەڕەكێكی دووەم گەورەترین شاری سوریای بەدەستەوەیە، تەنانەت لەم هەلومەرجەی ئێستادا ئۆپۆزیسیۆنی چەكدار ئەگەر سنووریشی لێ دابخرێ و پشتیوانیشی لێ نەكرێ، دەتوانێ بەقەد نیوەی هەڵسوڕانی ئێستای چالاكی بكاو بەردەوام بی لەسەر تەنگ هەڵچنین بەڕژێمی ئەسەد.
هەروەها لە هەلومەرجێكی وەك ئەوەی سوریا پێیدا تێدەپەڕێ و لەسایەی رژێمێكی تۆتالیتاری وەك ئەوەی ئەسەد، ئەستەمە متمانە لە ماوەی شەوو رۆژێكدا لەنێوان نەیارانی شەڕی ناوخۆ بێتە دی و لەوەش ئەستەمتر ئەوەیە كە رژێمی ئەسەد ئامادە بێ هەندێ وەزارەتی وەك بەرگری و ناوخۆو دارایی و دەرەوە لەچوارچێوەی سەودای دابەشكردنی دەسەڵاتدا رادەستی ئۆپۆزیسیۆن بكات.
حكومەتی راگوزەرو دابینكردنی گواستنەوەی ئاشتییانەی دەسەڵات لە سوریا تا ئەسەد لە دەسەڵاتدا بێ نایەتە دی، چونكە ئەسەد نوێنەرایەتیی قۆناغی دامودەزگا بێلایەنەكان ناكاو ئەم قۆناغە هیچ پەراوێزێك بۆ رێگەچارەی سیاسی ناهێڵێتەوە.
Top