سیاسەتی خزمەتکردن و بووژانەوەی مـرۆیی

سیاسەتی خزمەتکردن و بووژانەوەی مـرۆیی
سەرەتا دەمەوێ دیمەنێکی ئاشنا بگوێزمەوە کە رۆژانە لە میدیاکاندا دووباره ‌دەبێتەوە: “حکومەت هیچمان بۆناکات، دامنامەزرێنێ، زەویم ناداتێ، مووچەم بۆنابڕێتەوه”‌... هتد. لەهەر جێگەو لەهەر توێژو چینێکدا ئەم دیمەنە پڕە لەوتەی نەوتراو، پڕە لە پەیامی راست و ناڕاست،‌ لە چاوەڕوانی دروست و نادروست، تژییە لەخواست و مافی شیاو و ناشیاو.
نموونەیەکی دیکە لەخوێندنی زانکۆیی دایە، هەمیشە قوتابییەکان چاوەڕوانی ئەوەن مامۆستا دەریانچێنێ، چونکی پێیانوایە «نمره»‌ هی مامۆستایە. بۆیە دا‌وادەکەن مامۆستا دەستی نەگرێتەوە لەتەخشانکردنی نمرەدا. لە کاتێکدا نمرە موڵکی قوتابی خۆیەتی،‌ مامۆستا تەنیا مافی رێکخستن و دابەشکردنی هەیە بەپێی کۆشش و خۆماندووکردن. ئەرکی مامۆستا دەرچوواندن نییە، ئەوە ئەرکی قوتابییە ئەو نمرەی لەبانکیدایه،‌ هەوڵی بەکاربردنی بدات، نەک مامۆستا! هەر لەم گۆشەنیگاوە بۆ توێژێکی‌ کۆمەڵگە، دەکرێ بڕوانین بۆ پەیوەندی وابەستەییی هاووڵاتی بە حکومەتەوە کەچۆن ئەرک و بەرپرسیاریەتی دەخاتە ئەستۆی کاربەدەستانەوە. بۆیە دەبێ بەسادەیی بپرسین، هۆکاری ئەم خۆ وابەستەکردنە‌ چییە؟

لە حکومەتی بمدەرێوە بۆ خودبەخشیەوە
گلەییکردن گرفتێکە سەرتاپای مرۆڤی ئێمەی خستۆته سەر دەمکردنەوه لەحکومەت‌ و ‌خۆی لە‌ «بێنە، بمدەرێ» دا دەبینێتەوە. بەمەش ئەرکێکی زێدەبەدەر ‌لەتوانای‌ ‌حکومەت، داواکراوە. کاتێ داواکاریەک بەناوی مافەوە دەبێتە ئەرکێکی بارگران بەسەر حکومەتەوه،‌ هەرگیز رەزامەندی هاووڵاتیان بەپێی چاوەڕوانییە ناکۆتاکانیان ئەستەمە بخرێنە ئەجێنداو پلانی جێبەجێکرندنەوەوە‌. چونکی لە مومکین دەردەچێ، دەبێتە موعجیزە. ئەرکی حکومەت هێنانەدی ماف و ئەرکی پاراستنی ژیان و مسۆگەرکردنی جۆرایەتییە، نەک بەدیهێنانی خەونەکان.
دەربڕینی «بمدەرێ، بۆنامانداتێ» نەریتێکی ناشارستانییە کە رەگێکی هەیە بەڵگەی دوو هەقیقەتە:‌ یەکەم، بەرپرس و کاربەدەستە بەڕێزەکان خۆیان زەمینەسازی ئەم نەریتەن. بەتایبەت لەبانگەشەو وتارە بریسکەدارانەی کە لەبۆنەو رێوڕەسمەکاندا بەگوێی کەسوکاری ‌قوربانیاندا دەدرێ، چاوەڕوانی و ئومێدی ناڕاست دەبێتە جۆرە دیدگایەک بۆ ئەرکی حکومەت و هاوکات خۆپێناسەکردن و ناساندن.
لە یادکردنەوەی بۆنەکانی ئەنفال و هەڵەبجەو کۆڕەو و شەهیدان و کەمئەندام و خاوەن پێداویستییە تایبەتیەکاندا، بەردە‌وام بەڵێن دەدرێ و چاوەڕوانی‌ دروستدەکرێ. دواجاریش بەڵێنەکان جێبەجێ نابن و لەیادەوەری خەڵکەکەدا دەمێنێتەوە. لەراستیدا جۆرە چینایەتیەک‌ لەکۆمەڵگەی ئێمەدا گەڵاڵەبوو‌ە که ‌بریتییە لە «چینی قوربانیان». ئەوانەی خۆیان بەقوربانی دەزانن لەبەر هۆکارگەلێ، داواکاری جیاوازیان هەیەو پێیانوایە دەبێ حسابی تایبەتیان لە ‌بودجەو خزمەتگوزاریدا هەبێ. ئەگەر ریزبەندی ئەو چینانە ‌بکەین، دەبێ ‌لیستێکی درێژ بۆ ئەو گرووپانه ئامادەکەین کە ئێستا بوونەتە جۆرەچینێکی تایبەت لەکۆمەڵگەی ئێمەدا.
ئەم جۆرە چینە کە پێناسەیەکی تایبەت‌ بۆخۆیان دەکەن لەژێر دەربڕینی «قوربانیبوون»دا، بەجۆرێکیش خۆیان لەکۆی کۆمەڵگە جیادەکەنەوە بەمەبەستی نیشاندانی ئەوەی ‌هیچیان بۆنەکراوە. راستە دەبێ حکومەت خزمەتگوزاری دابینکات وەک ماف و پێداویستیی، بەڵام نەک هەر بۆ چین و توێژێ. پاشان ئەگەر‌ مافەکان تەنیا لەسەر بنەمای کێ لێیقەوماوە، دەبێ زێتری بدرێتێ ببێتە پێوەر، ئەوە بابەتی نییە. چونکی دەکرێ کەسێ لێقەوماوبێ لەحاڵەتی نائاسییدا و لە دەموەختی بەسەرهاتەکەیدا بەراستەوخۆ و خێراو هاوکاری بکرێ‌. بەڵام بەمانای ئەوەش نا نەوەکانیان یەک‌ بەدوای یەک لە وەرگرتنی پۆست و زانکۆدا، بێئەوەی بچنە پێشبڕکێ و بەپێی لێهاتوویی، سوودمەندبن. ئیدی لەپێناو قەرەبووکردنەوەی قوربانیاندا ناکرێ حکومەت قوربانی بەماف و ئەر‌کەکانیان بدات ‌بەرامبەر کۆی هاووڵاتیان. رەچاوکردنی پرەنسیپی یەکسانی و دادوەری بۆ هەموو، ئەرکی حکومەتە.
هەقیقەتی دووەم ئەوەیە: پێدەچێ زۆربەی گلەییەکان لەسەر خزمەتگوزاریەکان بێ، لەبەرئەوەی کە خزمەتگوزاریەکان کورتیان هێناوە لە دابینکردنی پێداویستەکانی هاووڵاتیان. بەدەربڕێنێکی تر‌، ئەوە دەریدەخات کە ژێدەری ناڕەزایی و گلەیی و نیگەرانی خەڵکی هەرێم لەبارودۆخەکه،‌ دەرگریبوونە لەگەڵ کێشەی خزمەتگوزاریەکان بەپلەی یەک. ئەو هەلومەرجە ژیانیەی کە بۆ دابینرکردن و بەڕێوەچوونی گوزەرانی پێویستە، مەرجە بۆ گەشەی مرۆیی و رەزامەندی گشتی. بۆیە بەگەشتی هەندێ لەچینەکان(بەتایبەت ناوەندو بەرەوخوار) ناڕازین، لەبەرئەوە داوادەکەن خزمەتگوزاری و پێداویستیەکانیان جێبەجێبکرێ.
بەڵام کێشەکە ئەوەیە جێبەجێکردنی پێداویستیەکان ببێتە داواکاری تایبەت و نزیک بێتەوە لەدیاردەی ‌دەستپانکردنەوە. بەداخەوە ئەوەی لەمیدیاکاندا بەرچاودەکەوێ جۆرێک لە‌ «حکومەت دۆشینه»‌. رەنگە کولتوری وابەستەبوون لەباتی بەشداریکردن لەبەرپرسیارێتی و بەدیهێنانی مافەکانیدا،‌ مشەخۆری بەسەر موڵکی گشتیەوه بە رەوا دەزانێ‌. ئیدی کاتێک وادەی هەڵبژاردن نزیکدەبێتەوە، مقۆمقۆی چینێ لەکۆمەڵگە پرسیارێکە «بۆ دەبێ دەنگبدات، ئەگەر هیچی وەرنەگرتبێ»؟. یا هاووڵاتییەک کە کرێچییە یا ئۆتۆمبێلی نییە، بەخەتای حکومە‌تی دەزانێ دەڵێ مادام کرێچیم ئەمە وڵاتی من نییە و دەنگ نادەم!
ئەم قسەیە‌ راست و راستیش نییە. دیارە ئەرکی حکو‌مەتە هۆکاری گواستنەوەی گشتیی دابینکات‌، بەرێکخستنی نرخی کرێ و هاوکاری کەمدەرامەتەکان‌، نەک کرێی خانوو یا کڕینی ئۆتۆمبێل ئەرکی ئەوبێ. بۆیە‌ ئەو دیدە سادەیە بۆ بەشداریکردن لە‌دەنگدان و سیاسەت، وادەکات مافی گشتی هاووڵاتیان تەنیا لەوەرگرتندا بێ، نەک بەدەستهێنان و ئەرکداری. وەک ئەوەی ئەو بۆچوونە‌ سادەیە لەراستیەوه ‌دوورە، ژێدەرێکی هەستیاریشە بۆ بەرپرس و سیاسەتڕێژەکان کە سیاسەت و ئەجێندای بەڕێوەبردن بریتی نەبێ لەبەخشین، پێدان، بەڵکو چۆنیەتی بەدەستهێنانی دادی کۆمەڵایەتی و جیبەجێکردنی پێداویستیەکان بەدوولایەنە.
جگەلەوەی پێداگیری هاووڵاتیان فشارێکی کتوپڕی بۆ حکومەت هێناوەتەوە ئاراوە کە ئەویش‌ دڵڕازیکردنە بەهەندێ کاری ئاوەدانی و خزمەتگوزاری. وەلێ خەڵکی کە پێداگیری دەکەن لەوەی دەبێ شتیان بۆ بکرێ و هەبێ، بیرناکرێتەوە لەجۆر و کوالێتی ئەوەی دەبێ ‌بکرێ و پێویستە. ئێمە جادەمان دەوێ، بەڵام دەبێ ئەو جادەیە ئەرکی جادە و مەبەستەکەی بەدیبهێنێ، نەک چاڵوچۆڵ و خراپ. دەرمان و زانکۆمان دەوێ نەک بەژمارەو بەدیکۆر، بەڵکو کوالێتی پێشمەرجی بوونیەتی. بەداخەوە چاوەکان و داواکان هەر لەوەی دەبێ هەبێ، نەک کوالێتی هەبوون.

سپاردنی بەرپرسیاریەتی بەشێکە لەهاوڵاتی بوون
هاووڵاتیبوون بەدیوێکدا بریتییە لەسپاردنی متمانە بەسەرکردەو بەرپرس و کاربەدەستان. بەڵام مانای ئەوەش نییە، هاووڵاتی خۆی لەبەرپرسیاریەتی بدزێتەوەو بید‌ا بە کەسێکیتر. لەدەنگداندا ئێمە متمانە دەسپێرین بەپاڵێوراوەکان، نەک خۆ لەبەرپرسیارێتی دەخەیەن. دەنگەدەر‌ هەمیشە لێپرسراوە لەو رۆڵە ویژدانی و رەوشتی و کۆمەڵایەتیەی کە هەڵگرێتی له ‌بەجێهێنانی ئەرکەکانی و داواکاردنی مافەکانیدا. چونکی ئەگەر‌ ئێمە ئەو متمانەیەمان بۆیە بەخشیوە تا ئەرکی بەرپرسیاریەت لەکۆڵ خۆمان کەینەوه، ئەوا دیموکراسی دەبێتە دروستکەری ستەمکاری‌.
کەواتە سپاردنی متمانە و بەخشینی، وەک چۆن دەستهەڵگرتن نییه ‌لە داکۆکیکردن لە ‌ماف و ئەرک، هاوکات‌ بێئیشکردن و بێ رۆڵکردنی خۆمان نییه لەبەدیهێنانیان‌. بەداخەوە بەگشتی، خۆدزینەوە لەئەرک و رۆڵەکان بە بەهانەی ئە‌وەی دەبێ لایەنێکی پەیوەندیدار لەئەستۆی بگرێ، تەمەڵی سیاسی و کۆمەڵایەتی دروستکردووه.‌ مرۆڤی وابەستەو چاوەلەدەستی بەرهەمهێناوە. لەکاتێکدا داکۆکیکردن له ‌مافەکان، هەرداوایەک نییە لەلایەنی بەرپرسیار، بەڵکو هەستانیشە بەئەرکێ لەبەرامبەر داواو مافەکانی خۆتدا وەک هاووڵاتیەک. لەمەشدا کەم مامۆستاو قوتابی، کەم بەرپرس و هاووڵاتی، ئیرادەیان بەتین و گوڕە. لێرەوە بەشداریی هاووڵاتیان مانای پشکداری نییە لەوەی‌ هەرچی پێیخۆشبوو بیدرێتێ، بەڵکو ئەرکی لەبەدەستهێنانی مافەکانی بەندە بەهەوڵ و کۆششەکانی.
Top