ئۆپۆزسیۆن لەبری سازان سنگدەرپەڕاندنیان هەڵبژارد

ئۆپۆزسیۆن لەبری سازان سنگدەرپەڕاندنیان هەڵبژارد
یەكێتی و پارتی پاشی زنجیرە كۆبوونەوەیەك گەیشتن بەوەی كە:
1- رێككەوتنی ستراتیژی نێوانیان گەشە پێبدەن.
2- بە لیستی جیا بەشداری هەڵبژاردنەكانی داهاتووی هەرێمی كوردستان بكەن.
3- پابەندن بە وادەی یاسایی هەڵبژاردنەكانەوە و هانی سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەتی هەرێم بدەن كە لەوبارەیەوە نووسراوی خۆیان بۆ كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان بنێرن.
4- هیچ شتێ بە دەستووریشەوە هێڵی سوور نییە لەبەردەم سازانی نیشتمانیدا.
5- وەڵامی ئەرێنی نامەكەی ئۆپۆزسیۆن بدەنەوە.
6- بەشداری كارا بكەن لە شەنوكەوكردنی گەڵاڵەنامەی هەڵوێستی هەرێمی كوردستان لەبارەی قەیرانەكانی پرۆسەی سیاسی عێراق و پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغداد، بەئاراستەی دۆزینەوەی رێگەچارەی دەستووری بۆ گشت ئەو كێشانە كە بە هۆیانەوە ستوونە سەرەكییەكانی عێراقی نوێ (سازانی نیشتمانی، شەراكەتی راستەقینە، دەستوور) بە تۆكمەیی راگرێ.
بۆ گەیاندنی ئەم پێدراوە سیاسی و یاساییانە جگە لە كۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان خۆیان و گەیاندنی بە رای گشتی لەڕێی میدیاكانەوە، هەروەها راستەوخۆیش لەگەڵ یەكە یەكەی لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆندا كۆبوونەوە.
بەرامبەر ئەم بزاوتە سیاسییە چالاكەی پارتی و یەكێتی كە بە ئاراستەی سازانی نیشتمانیدا بوو. ئۆپۆزسیۆن لەبری سازان و هێشتنەوەی دەرگاكانی دیالۆگ بە كراوەیی، رەتكردنەوە و سەنگدەرپەڕاندنی هەڵبژارد. تەنانەت لەوەیش زیاتر لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەشیاندا، بەرپرسی ژووری سیاسی بزووتنەوەی گۆڕان هەڕەشەی بەرپابوونی قەیرانی سیاسی لە هەرێمدا كرد.
پرسێكی نەبوو
ئەو ئۆپۆزسیۆنەی لەسەر هەموو پرسێكی سیاسی بە توندی بانگەشەی سازان دەكات، هیچ تەحەموولی ئەوەی نەكرد دوو كۆبوونەوەی دیكە لەگەڵ پارتی و یەكێتی بكات، دووجاری تر دەرفەت بۆ ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕا و خەیار و بژاردەكان بهێڵێتەوە، بە پەلەپەل هاتنە سەرخەت و پرسێكیان رەتكردەوە كە هەر لە بناغەوە لە ئەجندای پارتی و یەكێتی و ئەو پەیامانەدا نەبووە كە بۆ لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆنیان بردووە. ئەویش «درێژكردنەوەی ویلایەتی سەرۆك بارزانی»ـە.
ئەمەیان لە كوێوە هێنا؟ بۆچی كۆی ئەو شەش پێدراوە سیاسییەی دیكەیان فەرامۆش كردو لەسەر پرسێك سنگیان دەرپەڕاند كە ئەسڵەن لە ئارادا نییە؟
وەڵام هەر ئەوەیە كە ئەوان نایانەوێ خەڵكی كوردستان راستی ئەو دەستپێشخەرییەی پارتی و یەكێتی بزانن بۆ سازانی نیشتمانی.
نایانەوێ خەڵكی كوردستان بزانن كە پارتی و یەكێتی بۆ راوێژی نیشتمانی، ئۆپۆزسیۆنیان بەسەر كردۆتەوە تا لەڕێی دیالۆگەوە بگەن بە سازانێك پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستاندا زیاتر گەشە پێبدات.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەرگیز داوای نەكردووە ویلایەتی ئەو درێژ بكرێتەوە. هەر لە بناغەشەوە دژی ئەوەیە دەستكاری یاسا بكرێ لەو پێناوەدا. بۆیە نووسراوی خۆی نارد بۆ كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان بۆئەوەی لە وادەی یاساییدا پرۆسەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆكی هەرێم بكرێ. لەو نووسراوەدا، راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، هیچ ئاماژەیەكی تێدا نییە بۆ درێژكردنەوەی ویلایەتی بەڕێزیان.
پارتی و یەكێتی لە راگەیەنراوێكی هاوبەشدا ئەم پرسەیان رەتكردەوە كە ئۆپۆزسیۆن كردوویەتیە بابەتی سەنگدەرپەڕاندن و رایانگەیاند كە درێژكردنەوەی ویلایەتی سەرۆك بارزانیان لەگەڵدا باس نەكردوون. وتەبێژی سەرۆكایەتی هەرێم هەمان هەڵوێستی دەربڕی.
ئەدی راستی ئەم پرسە چییە؟
ئەوەی لە ئارادایە هەوڵێكە بۆ تێگەیشتن لە خاڵی سێیەمی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم و دۆزینەوەی دەروو - مەخرەجێكی یاسایی.
هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم، ئیستیحقاقێكی ئینتیخابی خەڵكی كوردستانە و بەپێی ئەو سستمەی پەیڕەو دەكرێ پێویستە هەڵبژاردن بۆ سەرۆكی هەرێم بكرێ. پارتی و یەكێتی رایانگەیاندووە كە بۆ ئەم پۆستە بەدیلی (مسعود بارزانی)ـیان نییە و كەسێكی دیكە كاندیدی ئەوان نییە.
ئەم پەیامەیان گەیاندووە و چاوەڕوانیان لە ئۆپۆزسیۆن ئەوە بووە كە پێكەوە مەخرەجێكی یاسایی بدۆزنەوە و سازانی لەبارەوە بكەن. كە ئۆپۆزسیۆن بەشداری لەم بیروڕا گۆڕینەوەیەدا ناكات ئیتر قسەكردنیان لەبارەی سازانی نیشتمانییەوە هەزار و یەك پرسیار و گومانی دەكەوێتە سەر.
سازان لەپێناو بڕیار
ئەگەر ئەوان سازان تەنیا بەو بازنەیە تێگەیشتوون كە خۆیانی تێدان، ئەوا بە هەڵەدا چوون، چونكە سازانی نیشتمانی بازنەیەكە هەمووان، ئۆپۆزسیۆن و حزب و لایەن و پێكهاتەكانی دیكە و پارتی و یەكێتیشی تێدایە.
ئەگەر سازان بە یانەیەكی رۆشنبیری و فیكری تێگەیشتوون كە تەرخان بكرێ بۆ گفتوگۆ و قسەكردنی بێ كۆتایی، ئەوا دیسانەوە بە هەڵەدا چوون، چونكە سازانی نیشتمانی مەتبەخێكی سیاسییە بۆ قسەكردن لەپێناوی بڕیارداندا. كە نەشگەیشتنە بڕیاردان پێویستە قبوڵ بكرێ كە لایەنەكان بگەڕێنەوە بۆ میكانیزمە پەیڕەوكراوەكانی دیموكراسی و بڕیاردان لە پەرلەماندا لەسەر بناغەی دەنگی زۆرینە بەرامبەر دەنگی كەمینە.
پارتی و یەكێتی لەپێشترن
هەرچەندە بە دەنگۆ و میدیا و لێدوان بێ، ئۆپۆزسیۆن هەموو دنیای بە سازانی نیشتمانییەوە گرێ داوە، بەڵام لە پرسە سیاسییەكانی ناو هەرێم و ئەوانەی پەیوەندییان بە كێشە لەگەڵ بەغداد و بۆ پرسە دەرەكییەكانیش، بەشێوەی كردەنی و راستەقینە پارتی و یەكێتی چەندین هەنگاو لەپێشەوەی لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆنەوەن بۆ سازانی نیشتمانی.
هەرچەندە پارتی و یەكێتی خودان زۆرینەی جەماوەری كوردستانن و بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتووش بە متمانەوە هەنگاو بەرەو بردنەوە دەنێن، كەچی نە سنگ دەردەپەڕێنن و نە هەڕەشەیش دەكەن، پێچەوانەی ئۆپۆزسیۆن كە نوێنەرایەتی كەمینەیەكی خەڵكی كوردستان دەكەن، كەچی قەوارەی خۆیان زۆر گەورەتر لەوەی هەیە دەبینن و سنگدەردەپەڕێنن و هەڕەشەی بەرپاكردنی قەیران دەكەن.
روو لە كزی
بەپێی چەندین راپرسی و پێدراوی كردەنی، لە هەڵبژاردنەكانی ئەمجارەدا، ئۆپۆزسیۆن بەگشتی دەنگەكانی جاری پێشوویان ناهێننەوە. لە ناویشیاندا بەتایبەتی بزووتنەوەی گۆڕان بە هۆی تاكڕەوی و كێشە ناوخۆییەكانی و وازهێنانی بەشێكی بەرچاو و كاریگەریی سەركردایەتییەكەیانەوە، هەروەها بەهۆی ئەوەی كە تا ئێستا بچووكترین بنەماكانی خۆرێكخستنی پێ نەكراوە و نەیتوانیوە تەنیا یەك كۆنگرەیش بگرێ و شەرعییەت بدات بە رێكخەر و سەركردایەتییەكەی. هەروەها لەبەرئەوەی كە یەكێتی نیشتمانی بە لیستی جیا دەچێتە هەڵبژاردنەكانەوە و بەو هۆیەوە ئەگەری ئەوە زۆرە كە بتوانێ بەشێكی زۆری دەنگەكانی لە گۆڕان وەرگرێتەوە. بۆیە ئەم بزووتنەوەیە قەوارەی راستەقینەی كە زۆر كەمترە لەمەی ئێستا، دەردەكەوێ.
هەموو ئەمانە پێدراوگەلێكی سیاسین بۆ نەرمی نواندن و كردنەوەی دەرگاكانی گفتوگۆی بەرپرسانە لە ئاستی كۆی ئەو پڕكێشییانەی رووبەڕووی هەرێمی كوردستان بوونەتەوە، نەك دەگا كلۆم دان و سنگدەرپەڕاندن و هەڕەشەكردن.
Top