بەعەرەب كردن لەكەركوك و بەئینگلیزكردن لەفۆكلاند

بەعەرەب كردن لەكەركوك و بەئینگلیزكردن لەفۆكلاند
شتێك مەسەلەی بەعەرەب كردن لەكەركوك و مەسەلەی بەئینگلیزكردن لەدوورگەكانی فۆكلاند لێك نزیك دەكاتەوە. هەر وەك بۆ كورد، كەركوك مەسەلەیەكی نەتەوەیی پێكدێنێت، بۆ ئەرژەنتینیش مەسەلەی فۆكلاند هەمان رووخساری هەیە. بەخشینی مافی چارەی خۆنووسین لەلایەن بریتانیاوە بەدانیشتوانی فۆكلاند، بۆ كەسێك كەئاگای لەپێشینەو ناوەڕۆكی كێشەكە نەبێت، بەچاوی رێزەوە تەماشا دەكرێت. بەڵام مافی چارەی خۆنووسین چ بەهایەكی دەبێت، ئەگەر بۆ دانیشتوانی هاوردە بێ؟ تاڕادەیەكی زۆر، ئەمە وەك ئەوە وایە بەغدا، بەبێ گێڕانەوەی عەرەبی هاوردە، مافی چارەی خۆنووسین بەكەركوك بدات. لێرەدا دیارە هاوردەكان دەنگ بەجیابوونەوە نادەن و راپرسیییەكەش رەواو یاسایی نابێت.
ئەگەر لەكەركوك پرۆسەی پاكتاویی رەگەزی و گۆڕینی رووخساری نەتەوەیی بەڕێوەچووبێت، لەفۆكلاند پرۆسەیەك بەڕێوەچووە كەپاكتاویی رەگەزی و گۆڕینی رووخساری نەتەوەیی تێپەڕاندووە.
فۆكلاند ئەرخەبیلێكە لەباشۆوری ئۆقیانووسی ئەتلانتیك، لەدوو دوورگەی گەورەو زیاتر لە200 دورگەی بچووك پێكدێت كەهەر هەموویان رووبەرەكەیان نزیكەی 12 هەزار كیلۆمەتری دووجا دەبێت. ئەم ئەرخەبیلە 400 كیلۆمەتر لەئەرژەنتینەوەو 12 هەزارو 700 كیلۆمەتر لەبریتانیاوە دوورە.
ئەرژەنتین فۆكلاند بە هی خۆی دەزانێت. ساڵی 1982 ئەرژەنتین هێزی ناردە فۆكلاندو دەستی بەسەردا گرت و رەنگە لەم كارەیدا پێشبینیی ئەوەی نەكردبێ ئەم هەنگاوەی شەڕێكی گەورەی لێ بكەوێتەوە. دكتاتۆری ئەرژەنتین، جەنرال لیوپۆلدۆ گالیتێری، بەرزگاركردنی فۆكلاند كێشەی نەبونی دیموكراسی و پەرەسەندنی بێكاری و گرانیی لەبیر خەڵكی وڵاتەكەی بردەوەو لەشەقامدا وەك پاڵەوانێكی نەتەوەیی دەركەوت. بەڵام سەرەك وەزیرانی بریتانیا، خانم مارگرێت تاچەر، لێنەگەڕا ئەرژەنتین بۆ ماوەیەكی زۆر چێژ لەسەركەوتنەكەی وەرگرێ. لەشەڕێكدا كە74 رۆژی خایاند، هێزەكانی ئەرژەنتینی دەرپەڕاندو دەستی بەسەر فۆكلانددا گرتەوە.
بەڵام شكستەكە بەقازانج بۆ ئەرژەنتین شكایەوە چونكە ساڵێكی نەبرد دیموكراسی گەڕایەوە بۆ ئەرژەنتین و جەنەڕالەكان وازیان لەدەسەڵات هێنا.
بریتانیا و ئەرژەنتین لەسەر مێژوی فۆكلاند یەكدەنگ نین. ئەرژەنتین دەڵێت یاوەرانی ماجەللان لەساڵی 1520دا فۆكلاندیان دۆزیوەتەوەو لەم سۆنگەیەوە ئەرخەبیلەكە بۆتە موڵكی ئیسپانیا. بریتانیا دەڵێت ئینگلیزەكان لەساڵی 1690 ئەرخەبیلەكەیان دۆزیوەتەوە. ساڵی 1690 بریتانیا دانی بەوەدا نا كە ئیسپانیا هێزی سەروەریی باشووری ئەتلانتیكە. پاش سەربەخۆیی ئەرژەنتین لەساڵی 1816، ئەرژەنتین دەستی بەسەر فۆكلانددا گرت بەڵام پاش 17 سالأ هێزەكانی بریتانیا دەستیان بەسەردا گرت و دەسەڵاتی ئەرژەنتینیان تێدا نەهێشت.
فۆكلاند وڵاتێكی بێ دانیشتوان بووە. ساڵی 1849 بریتانیا دەوروبەری 30 خێزانی ئینگلیزی تێدا نیشتەجێ كردو ئەمڕۆ نەوەی ئەم ئینگلیزە هاوردانە بوونەتە دانیشتوانی فۆكلاند.
ئەمە بەم مانایە دێت كە بریتانیا هیچ پرۆسەیەكی پاكتاویی رەگەزیی لەوێ ئەنجام نەداوەو كەسی دەرنەكردووە. بۆیە بەخشینی مافی چارەی خۆنووسین بەنەوەی هاوردەكان و سازكردنی راپرسییەك بۆ دانیشتوانی دوورگەكان بۆ مانەوە وەك هاووڵاتیی بریتانیا یان جیابوونەوەو یەكگرتن لەگەلأ ئەرژەنتیندا، هیچ دووراییەكی یاسایی بەراپرسییەكە نادا.
هەموو دانیشتوانی ئەمڕۆی فۆكلاند 2500 كەسەو ژمارەی ئەوانەی كەبەشدارییان لەراپرسییەكەدا كردووە ژمارەیان 1672 كەسە. ئەدۆلفۆ پێرێز ئیسكفیل، براوەی بەرەگەز ئەرژەنتینیی خەڵاتی ئاشتیی نۆبل، لەنامەیەكدا بۆ سەرەك وەزیرانی بریتانیا دێڤد كامیرۆن، جەختی كردۆتەسەر ئەوەی كەراپرسییەكە هیچ بەهایەكی نییەو وتویەتی ناڕەواییەكە «تەنها لەوەدا نیە كە بریتانیا پاش وەدەرنانی دەسەڵاتی ئەرژەنتین دانیشتوانی بۆ فۆكلاند هاوردووە، بەڵكو هەروەها لەوە دایە كە نەتەوە یەكگرتووەكان بڕیاری لەسەر ئەم راپرسییە نەداوە».
كەواتە یارییەكە ئاشكرایە. بریتانیا مافی چارەی خۆنووسینی بەهاووڵاتییانی خۆی داوەو داوای لێ كردون بڕیار لەسەر ئەوە بدەن ئاخۆ دەیانەوێت وەك هاووڵاتیی بریتانیا بمێننەوە یاخود دەیانەوێت ببن بەهاووڵاتیی وڵاتێكی بیانی. بێگومان ئەنجامی راپرسییەكەش دیارە.
Top