کۆمپرۆمایز: بنه‌مایه‌کی له‌بیرکراوی دیموکراسی
April 4, 2013
وتار و بیروڕا
زۆرینه‌یی ره‌هایه‌تی نییه
به‌مانا ساده‌که‌ی دیموکراسی؛ بریتییه له ده‌نگهێنانی زۆرینه وه‌ک میکانيزمێ له پرۆسه‌ی ده‌نگداندا، وه‌لێ هزری یه‌کترقبوڵکردن له‌سه‌روو پێوه‌ری ژماره‌کانه‌وه‌یه. بۆیه ئه‌گه‌ر ته‌نها له روانگه‌ی وه‌ده‌ستخستنی زۆرینه‌وه له دیموکراسی بڕوانین، هیچ مانا‌و به‌هایه‌ک بۆ دیموکراسی نامێنێته‌وه. گره‌وکردن له‌سه‌ر زۆرینه، ده‌کرێ به‌ڕێگه‌ی دیماگۆجی و فریودانی جه‌ماوه‌ریش به‌ده‌ستبێ، له‌کاتێکدا بڕیار‌و کارگێڕی سیاسی پێویستی به شاره‌زايی، به له‌به‌رچاوگرتنی پێوه‌ری بابه‌تییه. بۆیه ئه‌گه‌ر هه‌موو شتێ بریتی بێ له‌بازاری ده‌نگ، ده‌بێته میکانیزمێ بۆ خستنه‌ده‌ره‌وه‌ی که‌مینه له گه‌مه‌ی دیموکراسیدا.
لێرەوه زۆرینه‌گه‌رایی دژه‌دیموکراسیه، له‌به‌رئه‌وه‌ی دیموکراسی هه‌ر جه‌خت له‌ژماره ناکات، به‌ڵکو له‌جۆرو ئاستی به‌شداری سیاسیش. گه‌مه‌ی دیموکراسی واته مافی «به‌شداری» هه‌موو به‌بێ په‌راوێزخستن. دیموکراسی ده‌ستووريی له‌ڕێی قانونه‌وه پارێزگاری مافی که‌مینه ده‌کات، چونکه دیموکراسی ناتوانێ مافی که‌مینه ده‌ستەبه‌ربکا ئه‌گه‌ر یاسای پاراستنی که‌مینه نه‌بێ. جگه‌له‌وه‌ی به‌ده‌ستهێنانی زۆرینه، مانای ره‌هابوون نییه له‌ده‌سه‌ڵاتبوون یا ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕیندا.
ئه‌وه‌ی ئه‌زموونی ده‌که‌ین له‌ئێستادا: سه‌پاندنی دیدێکی زۆرینه که به‌فه‌رامۆشکردنی که‌مینه ته‌واوده‌بێ یا زۆرینه‌خوازی که‌مینه‌یه‌که که قه‌باره‌ی خۆی نازانێ. ئه‌مه‌ش ئه‌نجامی دیارده‌ی «پێداگیری ره‌ها»یه. کاتێ لایه‌نه‌کان به‌مافێکی ره‌وای ده‌زانن پێداگیری له داوا‌کانیان بکه‌ن له‌فۆرمێکی ره‌هادا. دواجار لێره‌دا به‌رژه‌وه‌ندی گشتی له‌گه‌ڵ تایبه‌تی خۆیاندا تێکه‌ڵده‌که‌ن و نه‌بوونی متمانه‌ی دوولایه‌نه‌و لاوازی په‌رۆشی گه‌یشتن به‌خاڵی هاوبه‌ش، کۆبوونه‌وه‌کان بێئه‌نجام ده‌کات.
له‌م سۆنگه‌وه ئێمه به‌ره‌و ڕووی فاکتێکی زیندوو ده‌بینه‌وه له کوردستان، ئه‌ویش هه‌راشبوونی «گوتارێکی پۆپولیزمی دیموکراسیه». گوتارێ که گره‌و له‌سه‌ر زۆرینه‌و ده‌سه‌ڵاتی جه‌ماوه‌رو گه‌ل و رای شه‌قام ده‌کات وه‌ک سه‌نگی مه‌حه‌ک. به‌جۆرێ له‌روا‌ڵه‌تدا دیموکراسی خوازه به‌ڵام له‌ناوه‌ڕا به‌ده‌رنییه له ره‌هاگه‌ری. گوتارێکه گره‌و له‌سه‌ر چه‌ندێتی ده‌کات و پشت به‌زیادکردنی ده‌نگ و ژماره‌کان ده‌به‌ستێ. دواجار ده‌کرێ که سته‌مکاریيه‌ک له‌گه‌رووی دیموکراتیه‌وه له‌دایك‌بێ!
دیموکراسی کۆمپرۆمایزه
یه‌کێک له هۆکاره‌کان که سیاسه‌تکاره‌کان «زۆرینه‌ی ده‌نگ» له ره‌ها‌خوازی جیانا‌که‌نه‌وه، نه‌بوونی ئه‌قڵیه‌تی «کۆمپرۆمایز»ه(compromise). کۆمپرۆمایز واته؛ دابه‌زین له‌داوا ره‌هاکان له پێناو پێکهاتن و سازشکردن له خواسته ره‌هاو تێگه‌یشتنه رادیکاڵه‌کان. به‌داخه‌وه ئه‌مه له کۆمه‌ڵگه‌ی سیاسی ئێمه‌و ته‌نانه‌ت بیرکردنه‌وه‌شدا لاوازه. به‌ئاشکرا دیدێکی رههاگهریی بۆ دیموکراسی باوه که له ئه‌نجامی هه‌ڵه تێگه‌یشتنێکه‌وه‌یه: «مادام من مافی سیاسیم هه‌یه، ده‌نگه‌کانم له‌پشته‌و ئه‌مه‌ش ده‌ستووریه، ده‌بێت داواکاریه‌کانم جێبه‌جێ بکرێ».
به‌ڵام کێشه‌ی ئه‌م بیرکردنه‌وەیە ئه‌وه‌یه: خواستی جێبه‌جێکردن و، ره‌وایه‌تی داوا‌کان له‌شیاوێتی جێبه‌جێکردن جیاناکاته‌وه. پێداگیری له فۆرمی «ده‌بێ»دا ره‌هاخوازه، به‌ڵام له‌فۆرمی «شیاوێتی» کۆمپرۆمایزه. ئیدی مه‌سه‌له‌که هه‌ر به‌و ساده‌ییه نییه که زۆرینه یا که‌مینه بڕیارده‌ر بێ. ئه‌گه‌رچی ئه‌م تێگه‌یشتنه بۆ دیموکراسی تائه‌و رادةیە هه‌ڵه نییه که نه‌بێته پێوه‌رێکی ره‌هاو له‌بیرنه‌کردنی کۆمپرۆمایز که پره‌نسیپێکی دیموکراسیه.
لێره‌وه، کۆمپرۆمایز دژ به‌و دیده ره‌هاگه‌ره زۆرینه‌خوازه‌یه که‌دیموکراسی له‌چه‌ندێتی کورتده‌کاته‌وه‌و کارتی ژماره ده‌کاته ئامانج نه‌ک ئامڕازێکی ئاسایی. بۆیه گه‌مه‌ی چه‌ندێتی ژماره زۆربه‌ی کات له‌سه‌ر حسابی ئه‌و پرسگه‌لانه‌ی ره‌هه‌ندی مرۆيی‌و به‌ندن به‌ژیان و داهاتووي هاووڵاتیانه‌وه ته‌واوده‌بێ.
له‌به‌رئه‌وه،زۆرینه‌خوازی بازدانه به‌سه‌ر پره‌نسیپی کۆمپرۆمایزدا که‌مه‌رجه بۆ پێکهاتن (Consensus). ئه‌مه‌ش له‌ئه‌نجامی سازش و به‌خشین و وه‌رگرتنه‌وه ده‌بێ که ئه‌مه‌ش جۆرێکه له‌سازشکردن. ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌کی پێوه‌ریانه قسه‌له‌سه‌ر کۆمپرۆمایز بکه‌ین، ده‌شێ سازشی په‌سه‌ند له ناپه‌سه‌ند جوێبکرێته‌وه. به‌ڕای فه‌یله‌سوفی ئیسرائیلی (Avishai Margalit) «ئه‌ڤیشای مارگالیت»، زۆربه‌ی کۆمپرۆمایزه دیموکراسیه‌کان به‌ڕێزو به‌حورمه‌تن1. چونکی نابێ کۆمپرۆمایز له‌پێناو پره‌نسیپه ره‌هاکاندا ره‌تکرێنه‌وه، مه‌گه‌ر ته‌نها ئه‌و کۆمپرۆمایزانه‌ی که ناحه‌زو سوکایه‌تیان ده‌رهه‌ق به‌مرۆڤ تێدایه. بۆیه پۆلێنکرنی کۆمپرۆمایزی به‌ڕێزو ناحه‌ز، له‌دیدی ئه‌ودا ده‌بێته پێوه‌رێک بۆ تێگه‌یشتن له‌و بنه‌مایه خۆی.
رێگره‌کانی به‌رده‌م کۆمپرۆمایز
ئه‌گه‌ر ئه‌و کێشمه‌کێشانه‌ی نێوان حکومه‌ت و ئۆپۆزسيۆن له‌کوردستان به‌نموونه وه‌رگرین؛ چه‌ند راستیه‌کمان ده‌ستده‌که‌وێ که ره‌فتاره سیاسی و سایکۆلۆژیه‌کانی لایه‌نه‌کان ده‌رباره‌ی پاکێج و پێشنیار‌و پرسه‌کان، به‌دوورنییه له‌دوو په‌تا:
1- رههاگهریی زۆرینه‌خواز که پێچه‌وانه‌که‌ی ره‌هاگه‌ری ماف به‌خۆده‌ره.
2- په‌تای کۆمپرۆمایز نه‌کردن له پرس و داوا‌کان.
ره‌نگه هۆکاری ئه‌مانه بگه‌ڕێته‌وه بۆئه‌وه‌ی له ئه‌ده‌بیاتی شۆڕشگێڕی و حزبه ئایدۆلۆجیه‌کاندا که پاشخانی سه‌ره‌کی حزبه‌کوردیه‌کانیان پێکهێناوه، سازش «ژێرواتایه‌کی» ناشرینی هه‌بێ، چونکی له‌دوو حاڵه‌تی دژه‌به‌یه‌ک به‌ده‌رنییه: یابردنه‌وه یا دۆڕاندن! ئه‌مه‌ش گونجاو نییه له‌گه‌ڵ سروشتی دیموکراسیدا. به‌ڵگه‌نه‌ویسته که له‌بواری سیاسه‌ت و حوکمڕانیدا، «لایه‌نێ» شتێک ده‌زانێ، نه‌ک هه‌موو شتێ به‌ڕه‌هایی! بۆیه پێداگیری سه‌ختگیر له‌وه‌ی که لایه‌نێک پێی وایه به‌ڕه‌هایی له‌سه‌ر هه‌قه، ده‌بێ به‌ره‌هاییش بۆچوونه‌کانی بکرێنه سیاسه‌ت، کاره‌ساته!
ئۆپۆزسيۆن مافی خۆیه‌تی پێداگیری له‌پر‌سێ بکات که له خواستی جه‌ماوه‌رو لایه‌نگرانی خۆیه‌تی، وه‌ک چۆن حکومه‌تیش ئه‌و مافه‌ی هه‌یه. به‌ڵام ده‌شبێ له شوێنێکدا هه‌ردوولا بگه‌نه یه‌ک و پێکبێن، نه‌ک پێداگیری ره‌ها بکه‌ن. ره‌فتارو بیرکردنه‌وه‌ی رادیکاڵ، پێداگیری په‌ڕگیر به‌رهه‌مده‌هێنێ زۆربه‌ی جاریش له‌ژێر در‌وشمی «پره‌نسیپه باڵا‌کان»دایه. دواجار ئاسۆی کۆمپرۆمایز دوو‌رده‌که‌وێته‌وه، له‌کاتێکدا کۆمپرۆمایز هه‌م گۆڕینی باری سایکۆلۆژی و سیاسه‌تی بیرکردنه‌وه‌و ره‌فتارێ (ئه‌ته‌تیودی) ده‌خوازێ بۆئه‌وه‌ی سه‌ربگرێ.
ئه‌قڵیه‌تی کۆمپرۆمایز فێرمان ده‌کات؛ کێشه‌که‌یه‌ک نییه ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی که پێت قبوڵ نه‌کرێ له‌پێناو‌ی ئه‌وه‌ی ده‌ته‌وێ به‌ده‌ستي بهێنێ، چاوپۆشی لێکه‌یت. هه‌میشه زیاتر ببه‌خشی به به‌رامبه‌رت، به‌مه‌رجێ ئه‌مه دوولایه‌نه بێ، نه‌ریتێکی دیموکراسیه. پێویسته ببێته بیرکردنه‌وه‌و ره‌فتار. دیموکراسی پێش هه‌موو شتێ کولتوره. ئه‌مه‌ش بێ ده‌ستهه‌ڵگرتن له هزری رههاگهریی له بڕیار‌و خواسته‌کاندا نایه‌ته‌دی. ئیدی دیموکراسی هزری یه‌کترقبوڵکردن و دانوستان و نه‌سه‌پاندنی یه‌کڕاو بۆچوونه. به‌داخه‌وه ئه‌م کولتوره له‌و جۆره دیموکراسیه‌ی ئێمه‌دا چ وه‌ک سیاسه‌تمه‌دار، چ وه‌ک رۆشنبیر‌و ئه‌کادیمییه‌کان ره‌نگی نه‌داوه‌ته‌وه. له‌کاتی مشتومڕو باسوخواسێکدا، ئاماده‌یی قبوڵکردنی رای جیاوازمان نییه، توانای گوێگرتن و حه‌وسه‌ڵه ئه‌ویترمان نییه. به‌ڕه‌هایی خۆمان پێڕاسته که دواجار ئه‌سته‌مه بگه‌ینه بڕیاری نێوکۆیی.
مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی جیدی له‌سه‌ر دیموکراسی ئه‌وه‌یه: له‌نێو که‌شی دیموکراسییدا، رێئاسانی بۆ خۆسه‌پاندنی تاکڕایی ره‌ها بکرێ، و له‌ژێر ناوی زۆرینه یا که‌مینه‌ی هه‌قبده‌ستدا. له‌بیرمان نه‌چێ، له بنه‌ڕه‌تدا ئه‌م دیارده‌یه خه‌تای دیموکراسی نییه، به‌ڵکو سروشتی نادیموکراسیانه‌ی مرۆڤه‌کانه. هه‌موومان داوای دیموکراسی ده‌که‌ین به‌ڵام پێکهاته‌و ئه‌نجامه‌کانیمان پێ قبوڵناکرێ! دیموکراسی بێ کۆمپرۆمایز، بێ قوربانی دوولایه‌نه‌ی ئه‌سته‌مه. ئه‌و گوته‌یه‌ش ناڕاست نییه که‌ده‌ڵێ: «سیاسه‌ت هونه‌ری سازشکردنه». ئه‌گه‌رچی پرۆسه‌یه‌کی ئاسان نییه، به‌ڵام ناچاره‌کییه!
1. Margalit, Avishai. 2009. on Compromise and Rotten Compromises. Princeton: Princeton University Press.
* مامۆستای فەلسەفەی سیاسی و كۆمەڵایەتی-زانكۆی سەڵاحەدین-هەولێر