دیاردەی جووت ناسنامەیی لەناو شیعەكانی عیراقدا
February 28, 2013
وتار و بیروڕا
لەسەردەمی كۆماریش، سعودییەكان هەمیشە لەرەهەندە چەپگەراو ناسیۆنالیستەكان و پەیوەندیی بەغدا لەگەڵ مۆسكۆ نیگەران بوون.
بەڵام هەلومەرجی هەستیاری ناوچەكەو چەردەیەك فاكتەری تر رەنگە هەردوولا بەرەو لێك نزیكبونەوە پاڵ پێوە بنێ. سەردانی ئەم دواییەی شاندێكی شیعەكان بە سەرۆكایەتیی برایم جەعفەری بۆ سعودیە، بۆ بەشداری كردن لەپرسەی میری ریاز ستام كوڕی عەبدولعەزیز بەڵگەی ئەوەیە كە شیعەكان ئێستا بەشێوەیەكی جیاواز بیر دەكەنەوە. پێشتریش، سەرەك وەزیرانی عیراق نوری مالیكی لەكاتی بەشداریی لە كۆنفرەنسی هاوكاریی ئیسلامی لە قاهیرە، بانگەشەی بۆ پێكهێنانی بەرەی میانڕەوەكان لەدژی بەرەی توندڕەوەكان كرد و سعودییەكان دژی بیرۆكەكە نەوەستانەوە.
پێش دەستپێشخەریی شیعەكانی عیراق، خودی سعودییەكان پەیامێكی ناڕاستەوخۆیان بۆ بەغدا ناردبوو، كاتێك دەستیان لە خۆپیشاندانەكانی ئەنبار وەرنەداو بەكردەوە هیچ پشتگیرییەكیان لێ نەكردن. لە كۆنفرەنسەكەی قاهیرەش، بێدەنگییان هەڵبژاردو هیچ شتێكیان سەبارەت بە كێشەی سوننەكانی عیراق نەوروژاند. لەراستیدا پەیامەكەی سعودییەكان ئامانجی خۆی پێكا.
سعودییەكان مەسەلەی سوننەكانی عیراقیان نەكردۆتە بارتەقای مەسەلەی شیعەكانی بەحرێن و ئەوەیان لەبەرچاوە كە عیراق لەسەر ئاستی فەرمی دەستی نەخستۆتە ناو شیعەكانی بەحرێن و ئەم هەڵوێستەیان پێ باشە. بەڵام خۆیشیان دەیزانن شیعەكان لەسەر ئاستی نافەرمی ناتوانن خۆیان لە شیعەكانی بەحرێن داببڕن و دەشزانن خودی حزبی دەعوەی عیراق لقێكی بەحرێنیی هەیە، بەڵام گوێیان پێ نەداوە، بەتایبەتی كە لقە بەحرێنییەكە رۆڵێكی كارای لەناو بەحرێندا نییەو وەك نەبوو وایە.
ئەگەر شیعەكانی عیراق بتوانن ئەم سیاسەتەیان بەرامبەر بەسعودیە بەسەرفرازی بگەیەنن، ئەم سەرفرازییە دەتوانی رەنگدانەوەی باشی لەسەر ئایندەی پەیوەندییەكانی ناوچەكە هەبێ. عیراق و وردتر بەشە شیعە نشینەكەی عیراق، وڵاتێكە هەم سنووری نێوان جیهانی شیعەو جیهانی سوننە پێكدێنێ و هەم كەوتۆتە سەر سنووری ئێران و جیهانی عەرەب. ئەمەش هەلێكی وای بۆ دەڕەخسێنێ كەببێ بەپردێك بۆ بەستنەوەی هەر سێ جیهان. لەڕووی ستراكتۆرەوە، شیعەكانی عیراق جووت ناسنامەیەكیان هەیە ئەو دەرفەتەیان بۆ دەڕەخسێنێ كە لەڕووی رەگەزەوە وەك عەرەب بەلای جیهانی عەرەبدا داشكێنین و لەڕووی مەزهەبەوە وەك شیعەی دوانزە ئیمامی بەلای ئێراندا داشكێنن و ئەگەر بتوانن وەستایانە سوود لەهەڵكەوتنی جیۆپۆلەتیكیی وڵاتەكەیان وەك پردێك لەنێوان ئێران و بیابانی عەرەب وەرگرن، كاریگەریی سیاسییان لەناوچەكەدا بەرەو هەڵكشان دەچێ. سعودییەكان خۆیشیان لەبەرژەوەندییاندایە كە شیعەكانی عیراق بەرەو ژینگەی عەرەب رابكێشن و وەك فاكتەرێكی چاككردنەوەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئێران سوودیان لێ وەرگرن. بەڵام بەشێكی سەركەوتنی پرۆسەكە پەیوەندیی بەخودی سعودییەكانەوە هەیە كەدەبێ خۆیان لەهەژموونی بیروباوەڕی وەهابیزم راپسكێنن و واز لەوە بێنن كە بەچاوی گومڕاو لادەر سەیری شیعە بكەن.
ئەگەر شیعەكانی عیراق بتوانن كۆتایی بەگرژییەكانیان لەگەڵ سعودیە بێنن، كەمترین بیانوو بۆ دەستێوەردان لەكاروباری ناوخۆی عیراق بەمەبەستی پشتگیری كردنی سوننە، بۆ سعودییەكان دەهێڵنەوە. لەبەرامبەردا سعودییەكانیش هیچ بیانویەك بۆ دەستێوەردانی عیراق لەكاروباری شیعەكانی ناوچەی رۆژهەڵاتی سعودیەو بەحرێن بۆ عیراق ناهێڵنەوە كە ئەمەش خۆی لەخۆیدا هۆكارێكە بۆ رێككەوتنی هەردوولا لەسەر پێوانەی پتەوو تۆكمە بۆ درێژەدان بە سیاسەتی دۆستایەتی كردنی یەكتری.