ئایا كەشتیی شەراكەت لە عێراقدا دەگاتەكەناری ئارام؟!

ئایا كەشتیی شەراكەت لە عێراقدا دەگاتەكەناری ئارام؟!
هەوڵەكان بۆ كۆبوونەوەی لایەنە ناكۆكەكانی ناو عێراق روو لە پێشڤەچوونە. بەڵام پێشڤەچوونێكی بە حەزەرەوە چونكە هەمیشە ئەگەری ئەوەیشی لەگەڵدایە كە لە هەر ساتێكدا بێ بەهۆی هەڵەی یەكێك لە كارەكتەرەكانەوە پاشەوپاش بگەڕێتەوە بۆ دواوە.
كارەكتەرە عێراقی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكانیش چاویان بڕیوەتە هەرێمی كوردستان كە ببێتە مەڵبەندی دۆزینەوەی رێگەچارەیەك بۆ ئەو قەیرانە پەڕگیرەی عێراقی تێكەوتووە و نزیكی كردۆتەوە لە لێواری جۆرێك لە جەنگی ناوخۆیی- تاییفی كە هەر ئەوەندەی بەرپا بوو ئیتر دوای ئەوە نازانرێ كە چەند لە سەرو ماڵی عێراقیان دەدوورێتەوە و چەندی تێ دەچێ و چەند دەخایەنێ و چەند فراوان دەبێ و بەشدارانی ناوخۆ و دەرەكی كێ دەبن.
عەقڵییەتی پێداچوونەوەی رەخنەیی
قەیرانی ئێستای عێراق بۆیە زۆر توند و تاریك و مەترسیدارە، چونكە لەدوای ئەوەوە دێت كە گوایە هەر سێ پێكهاتە سەرەكییەكەی عێراق (عەرەبی شیعە – زۆرینە، عەرەبی سوننە- پێكهاتەی دووەم، كورد- پێكهاتەی سێیەم) لەسەر ئەوە كۆك بوون ئەم دەوڵەتە لەسەر بنەمای شەراكەتی راستەقینە بەڕێوەبەرن و بۆ ئەمەیش دەستوورێكیان پەسەند كردووە كە وردەكارییە یاساییەكانی ئەم بنەمایەی تێدایە. بەڵام كورد و عەرەبی سوننە گەیشتوونەتە ئەو بڕوایە كە تیمی حوكمڕان لە عەرەبی شیعە نەك هەر پابەند نەبووە بە دەستوورەوە بەڵكو ئەو رێككەوتنانەیشی پشتگوێ خستووە كە بە هۆیەوە حكومەتی پپێدراوە و هەموو رێكارەكانی جێبەجێكردنی شەراكەتیان تێدا بووە بۆ پێكهێنانی پەیكەری حكومەت.
لێرەدا قسەكردن لەبارەی عەقڵییەتی پێداچوونەوە بەو هەڵانەدا كە ئەم ئەزموونە دووچاریان بووە، قسە كردنە لە هەڵەكانی هەر سێ پێكهاتەكە. بەشێك لە هەڵەكان رێكارین، بەشێكی دیكەیان رێباز و بیركردنەوەن.
ئەو هەڵانەی رێكارین، چ تیمی حوكمڕان لە عەرەبی شیعە كردبیان، یان نوێنەرە سیاسییەكانی عەرەبی سوننە كردبیان، یان حكومەتی هەرێم كردبێتی، چارەسەركردنیان ئاسانە و دەكرێ بە چەند بڕیارێكی ریكارییانەی لە شێوەی خۆیان هەڵوەشێنرێنەوە و جیگرەوەیان بۆ بدۆزرێنەوە كە دەستووری بن و ناكۆك نەبن لەگەڵ سستمی رێكخستنەوەی عێراق لەسەر بنەمای فیدراڵی و دابەشكردنی دەسەڵات و سەروەت و سامان.
ئەو هەڵانەی چاوگەكانیان رێبازی بیركردنەوە و چۆنێتیی تێگەیشتنە لە بنەڕەت و پێكهاتەی فرەیی دەوڵەتی عێراق و بنەماكانی حوكمڕانی و ماف و ئەركەكانی هەر یەكێك لە پێكهاتەكانی، ئەوانەیان چارەسەركردنیان ئاسان نییە، چونكە بۆ ئەمەیان هەر لە بناغەوە پێویستە عێراقییەكان عەقڵییەتی پیاچوونەوەی رەخنەییان هەبێ بە عەقلییەتیاندا.
پێداچوونەوەی رەخنەیی بە رێبازدا
سەرەتا پێویستە رێبازی بیركردنەوە و خولیای نەتەوە یان مەزهەبی باڵادەست بخرێتە ژێر دەیان پرسیاری چارەنووسسازەوە و وەڵامی یەكلاكەرەوە بدرێنەوە و ئاستێك لە متمانە بونیات بنرێ كە دڵ و مێشكەكان ئاسوودە و دڵنیا بكات لەوەی عێراق، عێراقی هەمووانە بێ جیاوازی نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبی. جارێكی دیكە لە عێراقدا ئەنفال و راگواستن و كیمیاباران رووناداتەوە، مەزلوومییەتی مێژوویی دەرهەق بە شیعە دووبارە ناكرێتەوە، سوننە بەلاوەنانرێن و لاتەریك ناكرێن.
پێداچوونەوەی رەخنەیی بە دەوڵەتدا
دامەزراندنەوەی دەوڵەتی عێراق لە دوای رووخانی رژێمی بەعس لەسەر بنەمای دوو بنەمای دەستووریی - سیاسییە:
1- شەراكەت پەسەنی سیاسییە بۆ دامەزراندنەوەی دەوڵەت.
2- بەدامەزراوەییكردنی دامەزراوەكانی دەوڵەت لەسەر بنەمای كاڵكردنەوەی مەركەزییەت و تۆخكردنەوەی لامەركەزیی فیدراڵی.
عەقڵییەتی پێداچوونەوەی رەخنەیی بۆ ئەوەیە كە چەمكی دامەزراندنەوەی دەوڵەتی عێراق بخرێتەوە ژێر هەڵسەنگاندن و نەشتەرگەریی رەخنەیی كە ئایا پێكهاتەكان وەكو یەك و بەیەك بڕ و ئاراستە بڕوایان بەم تێگەیشتنە هەیە و پابەندن بە جێبەجێكردنی وردەكارییەكانییەوە كە چاوگەكەیان بریتییە لەو دوو بنەما دەستوورییە- سیاسییە.
پێداچوونەوەی رەخنەیی بە دەسەڵاتی دادوەریدا
هەرچەندە یەكێك لە بنەما سەرەكییە دەستوورییەكانی دامەزراندنی دەوڵەتی نوێی عێراق، سەروەری و سەربەخۆیی دادوەرییە، وەلێ دەسەڵاتی دادوەری لە قۆناغی بونیاتنانەو و ئینتیقالیدا بە چەندین رایەڵەی سیاسی و كۆمەڵایەتی بەستراوەتەوە بە سازانی نیشتمانییەوە. تا تێپەڕاندنی ئەم قۆناغەیش ناكرێ تەنیا یەكێك لە پێكهاتەكان و لەپێناوی خوڵقاندنی قەیراندا دەسەڵاتەكانی دادەوەریی بەكاربهێنێ بۆ دادگاییكردنی پێكهاتەكانی دیكە.
كاتێك دۆسییەی تاوانباركردن بۆ تاوانەكانی كوشتنی تایفی و تیرۆر، لە دژی سەركردە و رەمزە سیاسییەكان دەكرێتەوە، ئەوا سەربەخۆیی دادوەری لەوێدا لەناو دەچێ كە پێكهاتەیەك ئەم دۆسێیە لە دژی پێكهاتەیەكی دیكە بجووڵێنێ و ئەو تاوانبار و خۆی بێبەری بكات.
لە عێراقی دوای رووخانی رژێمی بەعس، تیرۆر و كوشتن لەسەر ناسنامەی ئایینی و تایەفەی ئایینی بەسەر هەموو عێراق و پێكهاتەكانیدا تەشەنەی كردووە. گروپە سوننە تیرۆریستەكان و گروپەكانی مەرگ كە شیعەبوون، دوو رووی یەك دراوبوون لە پرۆسەی قەتڵوعامی عێراقییەكاندا.
تاوانی كوشتن و راگواستن و دەربەدەركردنی بەكۆمەڵی شیعەكان و سوننەكان و كریستیان و كوردی ئێزیدی و كوردی فەیلی و توركمانەكان، هەموویان یەك جۆر تاوانن و هەمووشیان ریسواكراون و ئەگەر دادگا پێكبهێنرێ بۆ سزادانی ئەنجامدەرانیان ئەوا دەبێ بەبێ جیاوازی هەموو ئەم دۆسێیانە بكرێنەوە.
عەقڵییەتی پێداچونەوە بە پەیوەندییەكانی دەرەوەدا
بە حوكمی سیاسەتی سەركوت و دەرپەڕاندنی سیاسی و نەتەوەیی و مەزهەبییەوە كە بەعس بە درێژایی حوكمڕانێتی خۆی لە عێراقدا پەیڕەوی كردووە. هەروەها بە حوكمی ئەو ئاڵۆزییانەی رژێمی بەعس لە ئەنجامی شەڕ و جەنگە دەرەكییەكانییەوە، لە پەیوەندییەكانی عێراق بە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و وڵاتانی ئیقلیمییەوە دروستی كردووە، میراتێكی بەجێهێشتووە كە ئێستایشی لەگەڵدا بێ لە عێراقی نوێدا نەك نەتوانراوە لەسەر بنەمای سەروەری عێراق و بەرژەوەندییە نیشتمانییە باڵاكانی ڕێكبخرێتەوە، بەڵكو لە زۆر جومگەیدا خراپتریش بووە.
یەكەم: بەگوێرەی شیعە
بە هۆی مەزلوومییەت و لەپێناوی خۆپاراستن و مانەوە و درێژەدان بە خەبات، شیعەی عێراق، هەمیشە پاڵی داوە بە ئێرانەوە و خۆی لەوێ داڵدە داوە و كردوویەتی بە مەرجەعی خۆی لە بڕیاری سیاسیدا. ئەمەیش زیاتر لە 80 ساڵی لە سەدەی رابردوودا خایاندووە، بۆیە ئێستایشی لەگەڵدا بێت ناتوانێ رایەڵەكانی ئەو پەیوەندییانە بپسێنێ یان لانی كەم بیانخاتە ئاست و پێگەیەكی دیكەوە و لە چوارچێوەی سەروەریی عێراق و بەرژەوەندییە هاوشانەكان و دەستوەرنەدان لە كاروباری یەكتردا رێكیان بخاتەوە.
لەم قۆناغەیشدا ئاڵۆزیگەلێك ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوینی گرتۆتەوە و بەو هۆیەوە ئێران كەوتۆتە ژێر باری دەرەنجامەكانی ململانێكانی لەگەڵ كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەسەر دۆسێیەی چالاكییە ئەتۆمییەكانی و ئابڵووقە و سزادانی ئابوورییەوە، هەروەها هیلالی شیعە كە لە ئێرانەوە درێژدەبێتەوە تا باشووری لوبنان، كەوتۆتە بەردەم هەڕەشەی گۆڕانكارییەك بەناوی (بەهاری عەرەبی)یەوە و تا هەنووكە تەنیا رابوونێكی سوننەی لێ چێ بووە و مەترسیەكی راستەقینەی بۆ دەسەڵاتی عەلەوی شیعە مەزهەبی لە سوریا و حزبوڵای لوبنانی دروست كردووە و پێشبینی دەكرێ دواتر روو لە عێراقیش بكات. ئەم ئاڵۆزییانە وەهایان كردووە كە شیعە ناچاربن لە بری ئەوەی پەیوەندییان لەگەڵ ئێران بگۆڕن بۆ جۆرێكی دیكەی پەیوەندی لەسەر بنەمای سەروەری و بەرژەوەندیی هاوشان و هاوبەش، ئەو پەیوەندییە مەرجەعییە كۆنەی هەیانبووە توندوتۆڵتری بكەن.
دووەم: بەگوێرەی سوننە
سوننەی عێراق پاشی زیاتر لە 80 ساڵ حوكمڕانی تاك لایەنانەی مەركەزی توندوتۆڵ، لە ناكاو لە پاشی رووخانی رژێمی بەعس خۆیان لەبەردەم هەڵكەوتێكی نوێدا بینییەوە كە خاڵی كراونەتەوە لە هەموو دەسەڵاتێك و وەكو پێكهاتەیەكی بێزراوی وەلاوەنراوی پەراوێزخراو مامەڵەیان لە تەكدا دەكرێ. ناوچەكانیان لە ناوچەی بایەخپێدراوەوە گۆڕا بە ناوچەی فەرامۆشكراوی هەژاری بێ خزمەتگوزاری و پڕ لە بێكاری و داماوی. شار و شارۆچكە و گوندەكانیان بوونە موڵگەی رێكخراوی ئەلقاعیدە و گروپە تیرۆریستەكان. بەو هۆیەوە بوونە جێ نیشانەی پەلامارەكانی هێزەكانی ئەمریكا و حكومەتی عێراق و هاوكات كردەوەكانی تەقاندنەوە و خۆتەقاندنەوەی جیهادییە تەكفیرییەكان. هەموو ئەمە لە كاتێكدا روودەدات كە جگە لە هیلالی شیعی، ئەوە دوای سنووری عێراق چواردەورە دراوە بە وڵاتانی ئیسلامی سوننە مەزهەب و لە توركیاوە درێژدەبێتەوە تا بە ئەردەن و باكووری ئەفریقادا تێدەپەڕێ و دەگەڕێتەوە بۆ سعودییە و وڵاتانی كەنداو. بۆیە لەپێناوی مانەوە و گەڕاندنەوەی دەسەڵاتەكانی دوێنێدا، سوننە موقەدەراتی خۆی داوەتە دەست ئەوان دەوڵەتان و ئەوانیش هەر یەكە بەپێی ئەجندای خۆی و لەپێناوی مەرام و بەرژەوەندی خۆیدا سوننەی عێراق هەڵدەسوڕێنێ و وەكو كارتی فشار لەسەر شیعەی عێراق بەكاریان دەهێنێ.
لەم قۆناغەیشدا كە رابوونی سوننەی عەرەبە لە شێوازی حوكمڕانی ئیسلامی سیاسیدا، سوننەی عێراق پێی وایە قۆناغی رابوونەوەی خۆیشی لەبەردەرگایە و دەیەوێ جۆری ئەو پەیوەندییانەی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكەدا بۆ ئەو مەبەستە بەكاربهێنێ، بەڵام بێ ئاگایە لەوەی كە ئەوان ئەمان بەكاردەهێنن. بۆیە سوننەی عێراقیش كەوتۆتە گێژاوێكەوە كە رایەڵەكانی پەیوەندیی سەروەرانەی لەدەستداوە و سەرەداوەكانی كەوتوونەتە دەستی ئەوانی دیكە و ئەم تەنیا كارەكتەرێكە لە گەرمترین مەیدانی ململانێی لێكترازاندنی پارچەكانی هیلالی شیعەدا.
سێیەم: بەگوێرەی كوردەوە
كورد بە حوكمی ئەزموونكردنی پەیوەندییەكان بە درێژایی ساڵانی خەباتی پێشمەرگایەتی و هێشتنەوەی پێگەیەك بۆ سەربەخۆیی سیاسی و كردەنی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی نیشتمانی لە نێوانی جەمسەرەكانی جیهانی دابەشبوودا بەسەر زلهێزەكاندا و پاشان ئەزموونكردنی ساڵانی بەڕێوەبردنی قەوارەیەكی دیفاكتۆ لە ناو عێراقی دیكتاتۆریدا و ئینجا بە دەستووریكردنی ئەم قەوارەیە وەكو هەرێمێك لەناو عێراقی فیدراڵدا، فێری پەڕەویكردنی جۆرێك و ئاراستەیەك و رادەیەك لە پەیوەندی بووە. كە «كوردستان و دۆزی گەلی كوردستان یەكەمە» رێبازی ئەم پەیوەندییەیە. راگرتنی هاوسەنگی و نەبوون بە بەشێك لە ململانێكان و جەمسەرگیرییەكان، میكانیزم و رێكارەكانییەتی.
بێگومان وەنەبێ لە درێژەی ئەو مێژووەدا كە لانی كەم نزیكەی یەك سەدەیە، ئەم پەیوەندییانە هەمیشە بە دڵ و ئارەزووی كورد دروست بووبێت و بەڕێوە چووبێت، بەڵام ئەزموونێكی ئەوەندە دەوڵەمەند و سامانێكی سیاسی و مانەوی و كردەنی ئەوەندە گەورەیان كەڵەكە كردووە كە ئەمڕۆ زۆر كاریگەرن و لە بەستنی هەر پەیوەندییەكەدا دەبنە بنەما و بە جۆرێك بەكاردێن كە هەرێمی كوردستانی تا رادەیەك بە سەربەخۆیی و بڕیاری سەربەخۆ هێشتۆتەوە.
لەسەرینی ئەم تەشخیسەوە دەكرێ بگووترێ عەقلییەتی پێداچوونەوەی رەخنەگرانە بە پەیوەندیەكاندا لەبەر رۆشنایی سەروەری و سەربەخۆیی، ئەو عەقلییەتەیە كە شیعە و سوننەی عێراق پێویستیان پێیەتی تا كەسایەتی و كارەكتەری سەربەخۆی خۆیان وەرگرنەوە و بەكاری بهێنن بۆ دەرچوون لە قەیران و ئاڵۆسكاوییە سیاسی و مەزهەبییەكان و لەپێناوی ئەوەدا كە كەشتیی شەراكەت لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراقدا بگاتە كەناری ئارام.
Top