سیاسەت و ستراتیژ

سیاسەت و ستراتیژ
یەکێک لە کارە سەرەکیەکانی بواری سیاسەت، بریتیە لە پێوەندی کارلێکردنی نێوان ماف و ئەرک، دابینکردنی ماف و بەجێهێنانی ئەرک، پێوەندیەکی پتەوی بە ستراتیژیەتی مرۆڤەوە دەبێت، واتە چۆن داوای ماف ئەکەیت و چۆنیش ئەرک بەجێدێنی، پێوەندی بە فێربوون و کەلتوور و ڕاهاتنیشەوە بە قووڵی هەیە، نەک هەر ئەوە، بەڵکو ئەو داوا و بەجێهێنانە پێوەندی بە ئاستی هوشیاریشەوە دەبێت. کاتێ مرۆڤ لەوە هوشیاردەبێتەوە کە خاوەن مافە، ئەو هوشیاربوونەوەیە ناتەواویەکی تێدایە، مرۆڤ بە سروشتی وایە، خۆی لەو کورتهێنانە وێڵ دەکات و پشتگوێی دەخات، بەڵام سروشتی ماف وایە کە دەبێت خۆی تەواو بکات، ئەویش بەوەی ئەرک لەتەك خۆیدا دەهێنێت، واتە ماف و ئەرك دوو دیوی یەك هەقیقەتن کە ئەویش هەقیقەتی مرۆڤبوونی مرۆڤە. هەرچەندە ئەرك و ماف دوو دیوی یەکترن و پێکەوە پەیدا دەبن، وەلێ بەردەوام لە ململانێدان تا ئەوکاتەی مرۆڤ لە هوشیاربوونی یەکەمەوە بۆ هوشیاربوونی دووەم خۆی دەگوێزێتەوە. بە مانایەکیتر هەستکردن بە ماف، هوشیاربوونەوەی یەکەمە و هەستکرد بە ئەرك هوشیاربوونەوەی دووەمە و مرۆڤ بە هەستکردن بە ئەرکەکانی، مەرجی کامڵکردنی مرۆڤانەی خۆی ئاشکرا دەکات.
لێرەدا دەوترێت هەر تاکێك، کۆمەڵێك یان نەتەوەیەك لە ئاستی هوشیاری یەکەمدا بێت، ستراتیژێکی دەبێت، کەلتورێکیش بەرهەم دەهێنێت، کە تەنیا مافەکانی دەبینێت و سیاسەتەکەشی سیاسەتێکی ناکامڵ و نیوەهوشیار دەهێنێتە گۆڕێ، نەک هەر سەرئێشە بۆ نەیاری خۆی دەخوڵقێنێت، بەڵکو دەبێتە دڕندەیەکیش بۆ ئەندامانی کۆمەڵەکەی و نەتەوەکەی. سیاسەتێکی ناکامڵی ئەوتۆ پیادە دەکات کە تەنها مافەکانی دەبینێت، لە کۆتاییشدا هەر خۆی، خۆی لە ناو دەبات. ئێمە لێرەدا مەهاتما گاندیمان دەێتە پێشچاو، کە چۆن نەتەوەکەی فێری نەک تەنها ماف، بەڵکو زۆر بە قورسی فێری ئەرکەکانیشیان دەکات، چونکی گاندی هەڵگری هوشیاری یەکەم و دووەمیش بوو، گرنگە ئێمەش لەوانەوە فێری نەک تەنها ماف خواستن بکرێین، بەڵکو دەبێت فیری ئەرك هەڵگرتنیش ببین، تا هێندە بەهامان هەبێت و هێندە سەنگین بین، سڵمان لێبکرێتەوە، نەک بە سووك سەیر بکرێین، واتە ببینە هەڵگری ستراتیژی ماف و ئەرك، تا سیاسەتێکی دروست بەرهەم بهێنین. وتەیەکی گاندی کە بۆ ئەندامانی نەتەوەکەی وەک دروشم دەیوتەوە، ئەوەبوو کە بە بیری دەهێنانەوە، ئەوان دەتوانن بە مەزڵومیەتی خۆیان، دەبێت ببنە ئاوێنەیەک تا زاڵم، زاڵمێتی خۆی تێدا ببینێتەوە، تا قێز لە خۆی بکاتەوە، ئەگین وا نەبێت، ئەوا ئێوەش دەبنە ئەو زاڵمەی وەک ئەوان و ئەوجا زاڵمان پێکەوە دەجەنگن، یان زاڵم و زاڵم لە ململانێدا دەبن، نەک زاڵمیک یەخەی مەزڵومێکی گرتبێ و زوڵمی لێبکات. دەرەنجام چاودێرەکان، هەردووکیان بە زاڵم دەناسێنن. واتە ململانێکە دەبێتە ململانێیەکی نێوان چەکداری سوک و چەکداری قورس و هەرچی بەهایەکی مرۆڤانە هەیە، لەو نێوەندەدا وندەکرێت، لە کۆتاییشدا چەکداری سوک ملکەچ دەکرێت یان ئەگەر ملکەچیش نەبێت، ئەوا نە پەیامەکەی دەگات و نە ئامانجەکەشی دەپێکێت، دواجار هەژار و ڕەشوڕووت دەبنە قوربانی حەزی سەرکردەیەک یان هەڵەی پێشەوایەک، چونکی نە پێشەوا و نە جەماوەر هوشیاری کامڵ نین، واتە هوشیاری دووەمیان وەدەست نەهێناوە.
بۆ گەشتن بەم ئاستە لە هوشیاری، مرۆڤ لە ناخیدا پێویستی بە گۆڕانێکی قووڵە، ئەو گۆڕانە قووڵەش، ستراتیژی مرۆڤ دەگۆڕێت، ئەوکات مرۆڤ جۆری سیاسەتەکەشی دەگۆڕێت. مرۆڤە بۆیە مرۆڤە، چونکی توانای خۆگۆڕینی هەیە، با ئەو گۆڕانە وەختیکی زۆریش بخوازێت، وەلێ دەتوانێ خۆی بگۆڕێت، تا بە مەبەستی خۆی بگات. ئێمە لە بەشی یەکەمی ئەم زنجیرە باسەدا، ستراتیژمان لە ڕووی سایکۆلۆژیایەوە پێناسە کرد، تێگەشتین کە پێکهاتنی ستراتیژ، پێوەندییەکی پتەوی بە پەروەردەو کەلتوور و ژینگەی خێزانی و کۆمەڵایەتیەوە هەیە، واتە سیستەمێک ئامادەکراوە کە مرۆڤ پێکدەهێنێت، مرۆڤ دەخات دۆخێکەوە، کە بەوجۆرەی هەر لە منداڵیەوە لێی ڕاهاتووە، بەوچەشنە بیرکاتەوە و بەوچەشنەش ژیانی خۆی پراکتیزە بکات، تا مەبەست و مەرامی خۆی دابین بکات. بەڵام ئەگەر ئەو سیستمە بەو جۆرە ئەو مرۆڤانەی ڕاهێنابێت کە نەگەنە ئامانج، ئیدی دەبێت خۆیان بگۆڕن، تا سیستەمەکەشیان گۆڕانی بەسەردابێت و چیتر لە کاروانی ژیان دوانەکەون.
وەلێ کاتێ مرۆڤ دەژی و لەهەوڵی دەستخستنی مەرامەکانیەتی، واتە بە دووی مافەکانیدا وێڵە، ڕووبەڕووی تەحەدایەک دەبێتەوە کە ئەویش ئەویترە، واتە مرۆڤێکیترە، ئەویش بە شوێن مافی خۆیدا لە کۆششدایە، ئەویش وەک ئەو مرۆڤەیتر، هەڵگری ستراتیژی خۆیەتی و میکانیزمەکانی کە لێی ڕواهاتووە بۆ دەسخستنی مافەکانی، دەبنە تەحەدا و ڕووبەڕوو دەبنەوە، واتە ئەرکی تۆ مافی ئەوە و ئەرکی ئەویتریش مافی تۆیە، گەر هەردوولا هوشیاری یەکەم و دووەمیان نەبڕیبێت، ئەوا بەردەوام لە ململانیدا دەبن و هەر یەکەو بە ڕێگەی خۆی، ئەویتر ئەچەوسێنێتەوە. واتە ناسینەوەی ماف و ئەرك، پێوەندیەکی پتەوی بە هوشیاری یەکەم و دووەمەوە دەبێت، واتە سیاسەت لێرەدا، بایەخێکی بەرچاو لە سایکۆلۆژیاوە وەردەگرێت.
ئەم بۆچوونەی پێشەوە ئێمە دەگەیەنێتە ئەو ئەنجامەی: مرۆڤ لەبەرئەوەی هەڵگری غەریزەیە، ڕەنگە لە پێشدا تەنها ماف لە تێرکردنی غەریزەکانیدا ببینێتەوە، پاشان هوشیاربوونەوەی دانپیدانان کە خواستی ڕۆحیەتی، ئەوجا دەستپێبکات، لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی هوشیاری، مرۆڤ تێدەگات کە مرۆڤیتر وەک ئەو هەن و، ئەوانیش بەسەر ئەمەوە ئەرکیان دەبێت، کاتێ مرۆڤ گەیشتە ئەم ئاستە لە هوشیاربوونەوە، ئیدی وەرگرتنی ماف و بەخشینی ئەرک، کارەسات نابێت، وەرگرتنی سەخت نابێت، بەڵکو مرۆڤ بایەخدار دەکات. واتە هوشیاری یەکەم هەستی ڕۆحە بە خۆی و هوشیاری دووەم هەستی ڕۆحە بەویتر، ئیدی مرۆڤ و کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دەکەونە دۆخی ئاشتیەوە، نەک بکەونە دۆخی ململانێوە.
کەواتە لێرەدا کێشەکە مرۆڤ خۆیەتی نەک ئەویتر، مرۆڤ خۆیەتی کێشە ئەنێتەوە و دەیبەستێتەوە بە بەرژەوەندی باڵای کۆمەڵێک یا نەتەوەیەک، تاوەکو مەرامی تاکە کەسی خۆی وەدیبهێنێت، بەڵام بەناوی قەبەوە کەسانیتری تێوە ئەگلێنێت، کەچی لە کۆتاییدا، بەرژەوەندی خۆی دائەمەزرێنێت. لێرەدا دەرئەکەوێت، چۆن مرۆڤ تەنیا بە هوشیاری یەکەم دەبێتە خۆپەرستێک، کەچی بە هوشیاری دووەم، دەبێتە مرۆڤدۆستێک کە لەویتریش تێدەگات و خەمی مرۆڤانەی بۆ دروست دەبێت. لەهەمانکات لەوەش تێدەگەین کە مرۆڤ کێشە دەسازێنێت، چونکی کێشە لە ئاسمانەوە نابارێت، کێشەش یەکلایەنە نییە بەڵکو دوولایەنەیە. خۆئەگەر لەو دوولایەنە، یەکێکیان لە ئاستی هوشیاری یەکەمدا بێت و ئەویتریان لە ئاستی هوشیاری دووەمدا بێت، ئەوا هەرگیز کێشەکە هێندە سەخت نابێت، هێندەی ئەوەی کە هەردوو لایەن وەک یەک بە هوشیاری یەکەمەوە، ململانێ ئەنجام بدەن.
لێرەوە لەوەش دەگەین کە سیاسەت و ماف وەچنگ خستن و ئەرک بەخشین، چ پێوەندیەکی بە دەروونی مرۆڤەوە دەبێت، کە بەرەو ئەوێمان دەبات چۆن بیر لە گۆڕانکاری لە بیروبۆچونی خۆماندا بکەین، بەتایبەت ئەگەر بێتوو ستراتیژی نەتەوەیەک ئامانجی نەتەوەکە دابین نەکات، ئەوا پێویست دەکا و زۆریش گرنگە ئەو نەتەوەیە، ستراتیژی خۆی بگۆڕێت، هەروەک لە بەشەکانی پێشەوەدا ئاماژەمان دایە، تا ئامانج وەدەسخات، نەک هەمان ستراتیژ لەناو دروشم و وتار و قوربانیدان و خۆبەختکردن بکرۆژێت و بەردەوام دووبارەیان بکاتەوە. ئەوەی لێرەدا گرنگە بووترێت ئەوەیە: سایکۆپۆلیتیک بۆ کاری سیاسی چەندە گرنگە، تا مرۆڤ هوشیار بکاتەوە، سایکۆلۆژیا چەندە بە بایەخە، تاکو سیاسەت ڕاستبکاتەوە.
Top