پرۆژەی پێشنیاری رێكخستنی هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل و هاتوچۆ لە هەرێمی كوردستان

پرۆژەی پێشنیاری رێكخستنی هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل و هاتوچۆ   لە هەرێمی كوردستان
چەند رۆژێك لەمەوبەر حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری راگرتنی هێنان و هاوردەكردنی ئۆتۆمبێلی دەركرد، تا ئەو كاتەی رێوشوێنی رێكخستنی هاوردەكردنی دادەڕێژێت، تەنیا دانانی رێو شوێن بۆ بابەتێكی لەم شێوەیە بەس نییە، بەڵكو پێویستە هاووڵاتیانیش هاوكار و پابەند هەندێ شت بن، هەرێمی كوردستان چاوەڕێی بوون بە دەوڵەتێكی سەربەخۆیە. بنیادنانی دەوڵەت تەنها بە حكومەت و سیاسەتمەداران نایەتە كایەوە، بەڵكو پێویست بە هاوبەشییەكی راستەقینەی نێوان حكومەت و هاووڵاتیانە كاری بۆ بكرێت، كە دەبێ هەر یەكە و ماف و ئەركەكانی خۆی بزانێت، حكومەت لە بەرامبەر هاووڵاتیان لێپرسراوی دەستەبەركردنی خزمەتگوزارییە سەرەكییەكانە بۆ هاووڵاتیان وەكو ئەوەی لە دەستووردا هاتووە بە دابینكردنی ئەمن و ئاسایشەوە، فێركردن و تەندروستی و خزمەتگوزارییە گشتییەكان لە پاڵ ئەو یاسا و بڕیارانەی كە پێویستن و دەبێ هەم حكومەت و هەم هاووڵاتیش پابەندی بن، هەروەك مافی دەزگا حكومییەكانە چاودێریی جێبەجێ كردنی ئەو یاسا و رێسایانە بكات، هەروەها هاووڵاتیانیش مافیان هەیە و پێویست دەكات حكومەت و دەزگاكان بۆی دابین بكەن وەكو ئەوانەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێكرد، هەروەك لەسەر هاووڵاتی پێویستە پابەندی یاسا و رێساكان بێت و بەهەستی لێپرسراویەتیی خۆی هاوكاریی ماددی و مەعنەوی بێت بەرامبەر ئەو خزمەتگوزاریانەی كە حكومەت بەمەبەستی دەستبەركردنی ژینگەیەكی شیاوی ژیان پێشكەشی دەكات.
نابێ كار بۆ بابەتی هاوردە كردنی ئۆتۆمبێل و چۆنییەتی رێكخستنی هاتوچۆ و دیاریكردنی رۆڵی هاووڵاتی بكرێت، بەر لەوەی بزاندرێت لە شەقامەكانی هەرێمی كوردستان چ باسە و چی دەگوزەرێت، بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی بژێوی ژیانی هاووڵاتیان خواستی كڕینی ئۆتۆمبێل زۆر بووەو ئەوەش وایكردووە بزاڤی بازرگانی كاراتر بێت، بەتایبەتی لە كەرتی هاوردە كردنی ئۆتۆمبێل بێ ئەوەی هیچ رێ و شوێنێكی تایبەت بەرێكخستنی هەبێت، ئەویش لە روانگەی بازاڕی ئازادەوەیە. بوونی ئوتۆمبێل بۆتە بابەتی كەمالی لە رەوشتی هاووڵاتی كوردستانی. سەرجەم خانەوادەكان لە ئەوروبا تەنها ئۆتۆمبێلێك یان دوو ئۆتۆمبێلیان هەیە كە بۆ مەبەستی هاتن و چوونیان بۆ شوێنی كار و راپەڕاندنی كاروباری خێزانی بەكاری دێنن، بەڵام لە هەرێمی كوردستان خانەوادە هەیە بە ژمارەی تاكەكانی ئەو خێزانە ئۆتۆمبێلی هەیە، هۆكاری ئەوەیش بۆ ئەو ئاسانكاریانە دەگەڕێتەوە بۆ كڕینی ئۆتۆمبێل هەر لە قیست و نەبوونی پابەندبوون و بەشداری نەكردنی هاووڵاتی بەرامبەر ئەو تێچوونانەی كە حكومەت خەرجی دەكات بۆ چاككردنی رێگاو بانەكان یان بۆ رێكخستنی هاتوچۆ لە شەقامەكانی هەرێم خەرجی دەكات، لەگەڵ ئەوانەشدا نەبوونی رێ و شوێنی تایبەت بە رێكخستنی تایبەت بە ئۆتۆمبێل و ئەو وەسفانەی كە پێویستە لە شەقامەكانی كوردستان هەبن.
ئەم حاڵەتانە بۆتە هۆی هاتنە كایەی گرفت و پابەندی دارایی گەورە كە بەشێوەیەكی گشتی ئابووریی هەرێمی كوردستان و حكومەت و هاووڵاتیان لە ئەستۆی دەگرن، بۆیە واپێویست دەكات رێ و شوێنی وا دابندرێت كە سنوورێك بۆ هاوردە كردنی ئۆتۆمبێل بە ژمارەی زۆر و كرداری بەپیرەوەچوونی هاووڵاتی بۆ كڕینی ئۆتۆمبێل ئاسان نەبێت.
ئەو گرفتانەی كە رووبەڕووی هەرێمی كوردستان دەبنەوە
بەهوێ نەبوونی رێو شوێنی تایبەت بە هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل و سستەمێكی رێكی هاتوچۆ
1. بەهۆی هاوردە كردنی ئۆتۆمبێل بە هەموو جۆر و قەبارەكانییەوە قورسایی زۆری ئابووری بە پارەیەكی زۆر دەكەوێتە سەرشانی حكومەت بێ ئەوەی داهاتێك بو خەزینەی حكومەت دەستەبەر بێت.
2. بەهۆی چاكردنەوەی رێگاو بانەكان حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕە پارەیەكی زۆری دەكەوێتە ئەستۆ .
3. پابەندنەبوونی هاووڵاتی بەو ئەركانەی كە بۆ چاككردنەوەی ئەو رێگا و بانانەی بۆ مەبەستە جیا جیاكانی بەكارهێنانی بەكاری دێنێت.
4. لەدەستدانی قوربانییەكی زۆر لە ئەنجامی رووداوەكان بەهۆی خراپیی ئۆتۆمبێلەكان و نەبوونی مەرجەكانی سەلامەتیی گشتی تێیاندا و پابەند نەبوونی بازاڕەكان بەرێنماییەكانی هاتوچۆ.
5. حكومەتی هەرێم و هاووڵاتی زیانی زۆری داراییان بەردەكەوێت لە ئەنجامی رووداوەكانی پێكدادان لەنێوان ئۆتۆمبێلی حكومی و ئەهلی.
6. پیسبوونی ژینگە بەهوێ نەبوونی مەرجی كاركردن لە زۆرێك لە ئۆتۆمبێل كە لە سەر شەقامە گشتییەكان بوونیان هەیە یان هاتوچۆ دەكەن.
7. جەنجاڵییەكی زۆری ئۆتۆمبێل لە شەقامەكان بەدی دەكرێت كە دەبێتە هۆی جەنجاڵیی هاتووچۆ، سەرباری بوونی ژمارەیەكی زۆری ئۆتۆمبێل لەبەردەم باڵەخانە حكومی و هوتێل و چێشتخانەكان و شوێنە گشتیەكان، تەنانەت لەبەردەم ماڵانیشدا هەر هەمووشیان وا دیزاین نەكراون كە بەرگەی ئەو ژمارە زۆرەی ئۆتۆمبێل بگرن.
8. هاتنە ژوورەوەی ژمارەیەكی زۆری ئۆتۆمبێل بۆ پارێزگاكانی هەرێم لە ناوچە جیاجیاكانی عێراق بەبێ بوونی رێگرییەك یان چاودێری و بەدواداچونێك بەمەبەستی باری ئەمنی.
9. رێز نەگرتنی هاووڵاتی لە یاسای هاتوچۆ بەهوێ نەبوونی رێو شوێنی و بەربەستی پێویست بۆ رێگەگرتن لە هەڵسوكەوتی كەسانی پێشێلكاری ئەو یاسایانە.
10. كەمیی توانا و لێهاتوویی پۆلیسی هاتوچۆ ئەوەش وا دەكات كە توانای رێكخستنی هاتوچۆ بە شێوەیەكی تەندروست سنوور دار بكات.
ئەو ئامانجانەی كە پرۆژەكە لە خۆی دەگرێت
1. سووككردنی ئەو قورساییە دەكەوێتە سەرشانی هەرێم بەهوێ زۆربوونی ئەو بڕە پارە بیانییەی كە بۆ كڕینی ئۆتۆمبێل خەرج دەكرێت و دەچێتە دەرەوە .
2. دەستەبەری سەلامەتیی گشتیی هاووڵاتی و موڵك و ماڵیان.
3. دەستەبەری ژینگەیەكی خاوێن.
4. كەمكردنەوەی رێژەی مردووان و رووداوەكان.
5. كەمكردنەوەی زیانە داراییەكانی حكومەت و هاووڵاتیان.
6. دۆزینەوەی سەرچاوەی نوێ بۆ حكومەت لە هەمەجۆركردنی بنكەی ئابووریدا.
7. رێزگرتنی یاسا لەلایەن هاووڵاتیانەوە.
8. بەخشینی سیمایەكی پێشكەوتوو و شارستانی بە شارەكانی هەرێم.
وردەكاریی پرۆژەی پێشنیاركراو
1 ــ هاوردەكردنی ئۆتۆمبێلی تایبەت
• پێویستە كاردەبەستانی دەزگا تایبەتەكان لە هەرێم ژمارەی ئەو ئۆتۆمبێلانە دیاری بكەن كە بەپێی ستانداردی كارپێكراوی جیهانی پێویستە لە شەقامەكاندا هەبن.
• دانانی رێوشوێنی تایبەت بە هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل لە میانەی كەمكردنەوەی حكومی و مەرجی دیاری كراودا.
• لەناوبردنی ساڵانەی ژمارەیەك لە ئۆتۆمبێلە كۆنەكان، چونكە ئۆتۆمبێلی نوێ هاوردە دەكرێت.
• راگرتنی هاوردەكردنی ئۆتۆمبێلی بەكارهاتوو بۆ ماوەی سێ ساڵ.
• دەستەی پێوانە و كۆنترۆڵی جۆری مواسەفاتی پێویست دیاری بكات كە دەبێ لە ئۆتۆمبێلدا هەبێ بۆ دەستەبەركردنی سەلامەتیی گشتی و ژینگەیی.
• دامەزراندنی سندووقێك بەناوی ( سندووقی پشتیوانی كردنی هاتوچۆ و چاكردنەوەی رێگا ناوخۆییەكان) داهاتەكەشی لەو باجانە دەبێت كە باسی دەكەین لەگەڵ ئەو غەرامانەی كە دەسەپێندرێتە سەر ئەو كەسانەی كە یاسا پێشێل دەكەن.
• حكومەت باجی هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل بەپێی جۆر و مۆدیلەكانی بسەپێنێت و داهاتەكەشی بۆ حكومەتی هەرێم واتا ( سندووقی پشتوانیكردنی هاتوچۆ و چاكردنەوە ی رێگا ناوخۆییەكان ) سەرباری ئەو باجانەی كۆ دەكرێنەوە كە بۆ حكومەتی ناوەند حەواڵە دەكرێت.
• حكومەت باج لەسەر نرخی سووتەمەنی ئۆتۆمبێل دابنێت كە داهاتەكەی بە هەمان شێوە بۆ حكومەت واتا (سندوقی پشتوانیكردنی هاتوچۆ و چاككردنەوەی رێگا ناوخۆییەكان ) دەبێت.
2ــ ئۆتۆمبێلی كرێ ( تاكسی)
• واپێوست دەكان كارگێری پارێزگاكان یان شارەوانییەكان ژمارەی ئۆتۆمبێلەكانی كرێ دیاری بكەن كە پێویستە لە شارەكان كار بكەن .
• زیادكردن بۆ وەرگرتنی موڵەتی كاركردن لە لایەن هاووڵاتیانەوە راگەیاندنی بۆ بكرێت و باج پێویست بەمە بدەن.
• لایەنە پەیوەندیدارەكان ناسنامەی تایبەت بەو كەسە دروست بكات كە زانیاریی سەرەكیی تایبەت بە شوفێری تاكسی لەخۆبگرێت وەك ناوی شوفێرو وێنەو ژمارەی مۆڵەت لەگەڵ ژمارەی تەلەفون و ئەو فەرمانگەیەی كە موڵەتەكەی دەركردووە، ئەوەش بۆ ئەمن و ئاسایش پێویستە.
3ــ ئۆتۆمبێلی حكومی:
• وا پێویست دەكات حكومەتی هەرێم پێداچوونەوە بەجۆری ئەو ئۆتۆمبێلانە بكات كە بۆ لێپرسراوە حكومیەكان و كاری وەزارەتەكان دانراوەو زیاتر تەركیز لەسەر كڕینی ئۆتۆمبێلی قەبارە بچوك بكەن كە تێچووی كڕینی و خەرجی سوتەمەنی و خەرجی تری كەمترە سەرەڕای كەم كردنەوەی گرفتی ژینگەیی
• چاوخشاندنەوە بە ژمارەی ئۆتۆمبێلە حكومیەكان، گەڕانەوە بۆ ژمارەی شین كە تیایدا ناوی وەزارەتەكانی تێدا دەنوسرێ بۆ ئەوەی خراب بەكار نەیەت بەتایبەتی لە دوای تەواوبوونی دەوامی رەسمی.
• هەڵوەشاندنەوەی پرۆژەكانی گواستنەوەی فەرمانبەران لە وەزارەتەوە بۆ وەزارەت كە لەلایەن وەزارەتەكان كاری پێدەكەن لە شوێنی ئەودا پرۆژەیەك یخرێتە جێگای كە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ئەم ئەركە لە ئەستو بگرێت و ئەم كارە بە باصی تایبەت ئەنجام بدات و فەرمانبەران بگوازێتەوە لە شوێنی نیشتەجێ كردنیان بۆ فەرمانگەكانیان بەشێوەی گشتی نەك بە ویستی تایبەت.
4ــ خاوەنداریی ئۆتۆمبێل
• پابەندكردنی خاوەن ئۆتۆمبێلەكان بە دانی باجی ساڵانەی سندووقی پشتگیریی هاتوچۆ بە بڕی 200000 دینار عیراقی.
• پابەندكردنی خاوەن ئۆتۆمبێلەكان بە تەئمین كردنی ئۆتۆمبێلەكانیان لە كۆمپانیاكانی دڵنیایی بڕی 25% لە بڕی نرخی دڵنیابوونەكە وەك باجی سندووقی پشتگیریی هاتوچۆ دیاری دەكرێت.
• پابەند كردنی خاوەن ئۆتۆمبێلەكان بە ئەنجام دانی نۆڕینی ساڵانەی ئۆتۆمبێلەكانیان دانی باجێك لە 100000 دینار كەمتر نەبێت.
• ئەو هاووڵاتیانە پابەند بكرێن كە ئارەزووی بەدەستهێنانی موڵەتی لێخورینی هەیە بەدانی باجێك كە لە 100000 كەمتر نەبێت.
5 ــ ژمارەی تەختەی ئۆتۆمبێل
پێشنیاری ئەوە دەكەین بەم شێوەیە چاو بە ژمارەی ئۆتۆمبێل بخشێندرێتەوە.
رەنگی تەختەی ژمارەی پێشەوەی ئۆتۆمبێل بكرێتە رەنگی سپی و تەختەی ژمارەی دواوەشی بكرێتە رەنگی زەرد بەجۆری فسفۆری بێت ئەوەش دەبێتە هوێ بینین و كەمكردنەوەی ژمارەی رووداوەكان.
ژمارەكە بە شێوەیە بێت( ناوی كوردستان ــ كودی پارێزگا، هەولێر 55 و سلێمانی 77 و دهوك 99 ــ و پیتی ئینكلیزی A – Z و ژمارەی ئۆتۆمبێلەكان.
دانانی پیتەكانی A – Z لەتەختەی ژمارەی ئۆتۆمبێل
بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆ پرۆژەی فرۆشتنی ژمارەی هەندێ ژمارەی تایبەت بە زیاد كردنی ئاشكرا داڕێژێت، بۆ نموونە
1 A ………..999
1 B…………999
1 C ………..999
بەمشێوەیە واتا ئەو ژمارانەی كە جوانن.
ئەو بڕە پارانەی لە فرۆشتنی ئەو ژمارانە دێتە دەست لە سندووقی پشتگیریی هاتوچۆ دادەندرێت و بۆ كاری چاككردنەوەی شەقامە ناوخۆییەكان دادەندرێت.
6 ــ ئەو سزایانەی كە لە ئەنجامی پێشیلی یاساكان دەسەپێندرێن بەمشێوەیە.
• سەپاندنی غەڕامەیەكی دارایی بە بڕی 200000 دینار بۆ ئەو كەسانەی سەرپێچی نەوەستان لە كاتی پێ بوونی رەنگی سور دەكەن.
• سەپاندنی غەڕمەیەكی دارایی بە بڕی 200000 بەسەر ئەو شۆفێرانەی كە مادەی كحولی لە رێژەی رێگە پێدراو دەخۆنەوە و بە سەرخۆشی ئۆتۆمبێل لێدەخوڕن.
• سەپاندنی غەڕامەیەكی دارایی بە بڕی 100000 دینار بەسەر ئەو شۆفێرانەی كە پابەندی دڵنیایی كردنی بەزۆر نابن.
• سەپاندنی غەڕامەیەكی دارایی بە بڕی 100000 بەسەر ئەو شۆفێرانەی كە ساڵانەی ئۆتۆمبێلەكانیان نوێ نەكردۆتەوە.
• سەپاندنی غەڕامەیەكی دارایی بە بڕی 100000 بەسەر ئەو شۆفێرانەی كە زیاتر لە خێرایی دیاریكراو ئۆتۆمبێلەكانیان لێدەخورن.
• سەپاندنی غەڕامەیەكی دارایی بە بڕی 200000 بەسەر ئەو شۆفێرانەی كە خاوەنی ئەو ئۆتۆمبێلە نییە كە لێدەخورێت بەبێ مۆڵەتی پێشوەختەی خاوەن ئۆتۆمبێلەكە ئاگادار ناكەنەوە.
• سەپاندنی غەڕامەیەكی دارایی بە بڕی 500000 بەسەر ئەو شۆفێرانەی كە مۆڵەتی لێخوڕینیان نییە.
• سەپاندنی غەڕامەیەكی دارایی بە بڕی 250000 بەسەر ئەو شوفێر و نەفەرانەی كە لەناوی ئۆتۆمبێلەكانیان پاشەڕۆ فڕێ دەدەنە سەر شەقام و یان شوێنێكی دیكە.
• سەپاندنی غەڕامەیەكی دارایی بە بڕی 100000 بەسەر ئەو شۆفێرانەی كە لە كاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلدا مۆبایل بەكار دێنن.
• سەپاندنی غەڕامەیەكی دارایی بە بڕی 100000 بەسەر ئەو شۆفێرانەی خۆیان یان ئەوانەی لە تەكیانەوە دادەنیشن پشتێنەی خۆپارێزیی نابەستن.
• سەپاندنی غەڕامەیەكی دارایی بە بڕی 100000 بەسەر ئەو شۆفێرانەی كە رێگا دەدەن منداڵی خوار تەمەن 10 ساڵی لە كورسی پێشەوە دابنیشێت.
تێبینی/ خاوەنی ئۆتۆمبێل ئەو غەڕامانە لە ئەستۆ دەگرێت، ئەگەر شوفێرەكە تەمەنی لە تەمەنی یاسایی رێگە پێدراو بۆ لێخورینی ئۆتۆمبێل كەمتر بوو.
5 ــ رێگرییە پێشنیاركراوەكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆ.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتوچۆ 12 خاڵ لە مۆڵەتی شوفێری دیاری بكات جگە لە غەڕامەكان.
لە هەر سەرپێچیەك كە شوفێر ئەنجامی دەدات خاڵێك لە موڵەتەكە لادەدرێ لەكاتی دووبارەكرنەوە سەرپێچیەكە كە لە خاڵی 4 دا هاتووە.
خاڵە سەپێندراوەكان لەسەر موڵەتەكە دوای دوو ساڵ لە مێژووی دەركردنی
مۆڵەتی لێخورین هەڵدەوەشێندرێتەوە دوای تێپەڕاندنی لایەنی بڕیاردراوی 12 خاڵەكە
ئەو شوفێرەی كە بەهۆی نەمانی خاڵەكانی، مۆڵەتەكەی لێوەردەگیرێتەوە بۆی نییە تا تێپەڕینی ساڵێكی تەواو و دووبارە سەركەوتن لە تاقیكرنەوەی شوفێری داوای موڵەتی دیكە بكات.
پابەندییەكانی پۆلیسی هاتوچۆ
دەبێ پۆلیسی هاتوچۆ خزمەتگوزاریی و پێداویستیی سەرەكی ئەدا كردنی ئەركەكەی دەستەبەر بكات كە ئەمانەن:
• دەسەڵاتە یاساییەكانی پۆلیسی هاتوچۆ.
• بەدیار كەوتنی پۆلیسی هاتوچۆ بە جلو بەرگێكی رێك و شایستە.
• پابەندبوون بە كاتەكانی دەوامی فەرمی.
• مەشقكردنی چڕ لەسەر چۆنییەتی جێبەجێكردنی یاسا و رێساكان.
• بەكارهێنانی كامێرا و ئامێری راداری پێشكەوتوو بۆ چاودێریی هاتوچۆ.
• بەكارهێنانی ئامێری دیاریكردنی رێژەی مادە كهولییەكان لە خوێندا بۆ ئەو شۆفێرانەی كە ئەو ماددانە دەخۆنەوە.
چادوێری و كۆنتروڵكردنی دەروازەكانی هەرێم بەڕووی هێنانی ئۆتۆمبێل بۆ دڵنیابوون لەوەی كە شوفێرەكان خاوەنی ئەو ئۆتۆمبێلانەن كە پێیان دێنە هەرێم لەو لایەنانەوە:
• موڵەتی شوفێری
• خاوەنداریەتی
• تەئمین
• نۆرینی ساڵانە
دادگا
• پێكهێنانی دادگای تایبەت بۆ سەیركردنی بەپەلەی ئەو داوایە تایبەتانەی بۆ سەرپێچی و رێكخستنی هاتوچۆ، مەشق پێكردنی دادوەرو ئەو كارمەندانەی پێویستن.
• دادگا خشتەیەكی سزای پێویست دادەنێت كە دەسەپێندرێت بەسەر سەرپێچیكاران لەكاتی نەدانی غەڕامەكانیاندا.
كۆتایی
لەوانەیە هەندێ كەس پێیان وابێ كە ئەو پێشنیار و رێگریانە عەمەلی و واقیعی نەبن، بەڵام دەبێ دان بەوەدا بنێین كە بەشێك هەن ئەگەریش كەم بن هەندێ سەرپێچی دەكەن كە دەبێتە هۆی روودانی وا كە كاریگەریی نەرینی لێدەكەوێتەوە. بنیاتنانی دەوڵەت پشت بە ژمارەیەك بنەمای پێویست دەبەستێت لەوانە هەستی نەتەوەیی، هۆشیاریی ئابووری و كۆمەڵایەتی و پابەندبوون بە یاسا و رێساكان .
ئەزموونی گەلان نەك تەنها لە ئەمریكا و ئەوروپادا بەڵكو لە هەندێ وڵاتی تازە پێگەیشتووشدا كە بەم قوناغەدا تێپەڕیوون كە ئێمە ئێستا پێیدا تێپەڕ دەبین لەوانە كوریای باشورو سەنكافورە و ..، سەلماندوویەتی كە پابەندبوون بەو بنەمایانە بنچینەی كرداری وەرچەرخانە لە پەرەپێدانی ئابووری و كۆمەڵایەتیدا. ئێمە لە هەرێمی كوردستاندا دیموكراتی و ژیانی ئازادی و ئارامیمان هەڵبژاردووە،بۆیە پێویستە وەكو هاووڵاتی بەشدار بین لەو بنیادنانە نەك تەنها چێژ لە مافەكانی وەرگرێت بەڵكو پێویست دەكات ئەركەكان بە دڵسۆزی ئەنجام بدەین و بە لێهاتوویی زۆرەوە لێپرسراوییەتی لە ئەستۆبگرین خۆشەویستیی كار و داهێنانمان هەبێت. لە هەموو دنیادا نییە كە حكومەت هەرچەندە دەوڵەمەندیش بێت بە سەرچاوە سروشتیەكانی بەرگەی هەموو قورساییەكانی دارایی بگرێت، ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشكەشی دەكات بێ بەرامبەر و بەبێ بەشداریكردنی هاووڵاتیانی ئەنجامی بدات. لەوانەیە هەندێ وای بۆ بچن كە حكومەت سڵ دەكاتەوە لە وەرگرتنی هەندێ رێو شوێن لە ترسی لەدەستدانی دەنگ لە كاتی هەڵبژاردندا، دەبێ ئەم بیرۆكانە لای هاووڵاتی ببڕێنەوە و هۆشیاریی ئەوەی هەبێ كە حكومەت كاتێ ئەو رێوشوێنە توندانە دادەنێ مەبەستی سزادانی هاووڵاتیان یان كەمكردنەوە لە مافەكانیان نییە. بەڵكو بۆ خزمەتكردنی درێژخایەنی ئەوە، لە میانی ئاراستەكردنی تێچوونی حكومی و دۆزینەوەی سەرچاوەی دارایی زیاتر بۆ سوود وەرگرتن لە پرۆژە ستراتیجییە درێژخایەنەكان كە لە خزمەتی نەوەكانی داهاتووی دەبێ بە بڕوا بوون بەو وتەیەی كە دەڵێت: (چاندیان تاكو ئێمە بیخۆین با بیچێنین تاكو ئەوانیش بیخۆن) بەو هیوای هەموو رۆشنبیران و بڕیاربەدەستەكان و هاووڵاتیان بە شێوەیەكی گشتی بەشدار بن لە دەوڵەمەندكردنی ئەو پێشنیار و بیرۆكانە لە میانەی بەشداریكردن لە گفتوگۆی ئەو بابەتە سەرەكییانە لەپێناو بنیادنانی دەوڵەتێكی نموونەیی لە ناوچەكەدا.
ئەو پرۆژەیە پێشنیارە ئەگەر هەموو یان بەشێكی یان بە قۆناغ جێبەجێ كرا، هاوكارییەكی باشە بۆ بەدیهێنانی ئەو ئەمانجانەی كە لەو پێشنیارانە ئاماژەی پێكراوە.

*پسپۆر لە پلانی ستراتیژی و سیاسەتی حكومی
Top