ئایندەی نادیاری عێراق

ئایندەی نادیاری عێراق
رووداوەکانی ئەم دواییەی عێراق بەتایبەتیش سەرهەڵدانی خۆپیشاندان و نارەزایی دەربرین لە ناوچە سونییەکانی عێراق و هەروەها بەردەوامبوونی ناکۆکیەکان لە نێوان حکومەتی مەرکەزی عێراق و هەرێمی کوردستان، (نوری مالیکی) سەرۆک وەزیرانی عێراقی خستۆتە بەردەم چەندین کێشەی جیاجیا، کە وایکردووە هەموولایەک لە بارودۆخەکە دوودڵ بن و پێشبینی گەرانەوەی عێراق بۆ قۆناغی نا سەقامگیری بکەن. وەک ئاشکرایە عێراق لە چەندین پێکهاتەی جیاجیا پێکهاتووە، دەکەوێتە سەر هێلی گەرمی مەزهەبی و تایفی، بۆیە لەگەڵ سەرهەڵدانی هەر بارودۆخێکی تایبەت لەو وڵاتە، ئەو هێلە مەزهەبی وتایفیە زیاتر بەرچاو دەکەوێت. جێگەی ئاماژەیە چەند ساڵێک لەمەوبەر (جۆ بایدن)ی جێگری پێشووی سەرۆکی وولاتە یەکگرتووکانی ئەمەریکا کە ئەو کات سیناتۆریش بوو، پێشنیازی ئەوەی کرد عێراق بۆ سێ ناوچە دابەش بکرێت، کە ئەوانیش ناوچەی سوننی و شیعە و کورد بوو. ئەو پێشنیازەی بایدن، لەسەر ئەو بنەمایە بوو کە عێراق بەرەو لێک جیابوونەوە و دابەشبوون دەروات، کەچی ئەوەی ئەمرۆ دەیبینین دەتوانین لە بیرۆکەی پێشنیازەکەی ئەو کاتی بایدن تێبگەین. لەم ماوەیەی دواییدا عێراق دووچاری بومەلەرزەیەکی بەهێز بۆتەوە، کە لەلایەک مامەلەکردنی چاوەروان نەکراوی حکومەتی ناوەندی عێراقە لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەمەر ناوچە دابڕاوەکان و چۆنیەتی سود وەرگرتن لە سەرچاوەکانی نەوت و هەروەها مەسەلەی پێشمەرگە، لەلایەکی تریشەوە سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکان و نارەزایی دەربرینەکانە لە ناوچە سونیەکان. لە راستیدا رەگی هەندێک لەو نارەزایی دەربرینانە دەگرێتەوە بۆ ئەو جموجۆڵانەی کە لە ناوەوەی عێراق هەن، لەوانەش رەخنەکانی (لیستی ئەلعراقیە) کە بەردەوام ئاراستەی مالیکی دەکەن، بەهۆی هەڵوێستە نا دەستورییەکانی کە بۆتە هۆکارێکی سەرەکی توڕەبوونی خۆپیشاندەران لە ناوچە سوننیەکان، هەرچەندە ئەو تورەییە لە دوای دەستگیرکردنی پاسەوانەکانی بەرگری (رافع عیساوی) وەزیری دارایی زیادی کرد، بەلام پەیوەندی بەو گۆرانکارییانەشەوە هەیە کە ئێستا عێراق پێیدا تێپەر دەبی، ئەو گۆرانکارییانەش دەکەونە ژێر کاریگەری دوو فاکتەری سەرەکی کە یەکەمیان:هەڵوێستی پارت و پێکهاتە سیاسیەکانی ئۆپۆزسیۆنن لە حکومەت و دووەمیشیان: بوونی دەستی دەرەکیە ئەوانەی کە یاریی بە هەستی مەزهەبی و نەتەوەیی عێراقیەکان دەکەن، بە مەبەستی گۆرینی رێرەوی سیاسی لە وڵاتەکە. لێرەدا دەتوانین بڵێین ئەوەی زیاتر بۆتە مایەی ترس و دڵەراکێی گەلانی عێراق، ئەو بۆشاییە گەورەیەیە کە بەغیابی سەرۆک کۆماری عێراق(جەلال تاڵەبانی) دروست بووە، بەهۆی نالەباری باری تەندروستی، هەروەها نەبوونی سێ وەزیری گرینگ لە حکومەتی فیدراڵی عێراق، ئەوانیش وەزارەتری بەرگری، وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی ئاسایشی نەتەوایەتی، کە ئەم سێ پۆستە لەژێر دەستی نوری مالیکی دان،ئەمەش خۆی لە خۆیدا پێشێلکردنی دروستبوونی حکومەتی بەناو یەکگرتووی نیشتمانیە.
Top