یەكڕیزیمان زامنی هێنانەدی سەربەخۆیی كوردستانە

یەكڕیزیمان زامنی هێنانەدی سەربەخۆیی كوردستانە
رۆژهەڵاتی ناڤین هەر هەمووی لە رەوشێكی زۆر هەستیارو ناسك و لەبەردەم هاتنە پێشی كۆمەڵێ ئەگەرو پێشهاتی گرنگدایە، بۆیە لەسەر هەموو لایەكمان پێویستە بیر لە بەرژەوەندی نەتەوەییمان بكەینەوەو خۆمان ئامادە بكەین بۆ ئەو ئەگەرو پێشهاتانەی كە دێنەپێشەوە، بۆ ئەمەش دەبێ كار بۆ یەكێتی و یەكڕیزی كوردان بكەین بۆئەوەی لە ناوچەكەدا بوونی كاریگەری خۆمان بسەلمێنین و لە داهاتووی نزیكدا بە مافە رەواكانمان بگەین، فاكتەری سەرەكیش بۆ گەیشتنمان بە دواڕۆژێكی گەش یەكێتی و یەكڕیزیمانە.
بێگومان ئەمڕۆ سەردەم سەردەمی رزگاری و ئازادی نەتەوە چەوساوەكانە لەژێردەستی و دكتاتۆرییەت، لە سەددەی رابردوودا هەڵوەشانەوەی یەكێتی سۆڤیەتی پێشوو هەلی بۆ كۆمەڵێ نەتەوەی ژێردەست رەخساند كە ئازاد بن و سەربەخۆیی خۆیان رابگەیەنن و ببنە خودان دەوڵەتی نەتەوەیی خۆیان، لەم سەددەیەشدا شۆڕش و راپەڕینەكانی وڵاتانی عەرەبی دژی زوڵم و نایەكسانی و دیكتاتۆرییەت كە لە ئەفریقاوە دەستی پێكردووەو تا ئەو دەوروبەرەی ئێمە هاتووەو بەردەوامە، كاریگەری خۆی دەبێت بۆ سەر كاروانی خەباتی نەتەوە ژێردەستەكان، بزاڤی رزگاریخوازی نیشتمانی كوردستان لەسەر ئاستی كوردستانی مەزن دەتوانێت سوود لەم هەل و گۆڕانكارییانە وەربگرێت و، بە كارنامەیەكی نەتەوەیی و نیشتمانیی سەردەمییانە بەرەو رزگاری و ئازادی و سەربەخۆیی كوردستان هەنگاو بنێت، بۆ ئەمەش بەستنی كۆنگرەیەكی نەتەوەیی سەرتاسەری بۆ تەواوی هێزو لایەنە سیاسییەكانی هەموو بەشەكانی كوردستان بۆ خۆئامادەكردنی كوردان لەسەر ئاستی نەتەوەیی و داڕشتنی ستراتیژێكی نەتەوەیی بۆ بزاڤی رزگاریخوازی نیشتمانی كوردستان یەكێكە لە ئەركە بەپەلەكانی ئەم قۆناخەی خەباتی كوردان، پێویستە لەم كۆنگرەیەدا بە رەچاوكردنی تایبەتمەندی هەر بەشێكی كوردستان ستراتیژێكی نەتەوەیی یەكگرتوو بۆ قۆناخی داهاتووی خەباتی گەلی كوردستان دابڕێژرێت و، بكرێتە كارنامەی هەموو لایەك، دواخستنی ئەم كارە نەتەوەییە زیانێكی زۆر بە دۆزی رەوای گەلی كوردستان دەگەیەنێت، بۆیە پێویستە چی دیكە دوانەخرێت، بەستنی ئەم كۆنگرەیە جگە لەوەی هەوڵێكە بۆ یەكێتی كوردان هەنگاوێكیشە بەرەو سەربەخۆیی كوردستان.
بۆ ئەمەش دەتوانین ئەزموونی باشووری كوردستان بكەینە خاڵی وەرچەرخان رووەو هێنانەدی خەونی نەتەوەییمان كە سەربەخۆیی كوردستانە، ئێستاش تا رادەیەكی باش زەمینە لەبارە لەبەرئەوەی باشووری كوردستان رۆژ بە رۆژ لەڕووی سیاسی و دیپلۆماسی و ئابووری و پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەو بنیاتنانەوەی ژێرخان بەرەو پێشەوە هەنگاو دەنێت، ئەم پێشڤەچوونانەی باشووری وڵات مایەی دڵخۆشین و پێویستە هەموو لایەكمان هاوكار بین بۆ پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەو زیاتر پێشڤەبردنی باشووری كوردستان لەهەموو رووێكەوە، بۆ زیاتر پێشڤەبردنی باشووری كوردستانیش پێویستە لە ئێستاوە چاكسازییەكی ریشەیی ئەنجامبدرێت و شێوازی بەڕێوەبردن سیستماتیك بكرێت و عەدالەتی كۆمەڵایەتی رەچاوبكرێت و گەندەڵی بنبڕ بكرێت و، بایەخ و رۆڵی تەواو بە لاوان و ئافرەتان و كەسانی شارەزا بدرێت، ئەمانەش دەبنە فاكتەری سەرەكی بۆ زیاتر كاراكردن و پێشڤەچوونی دەزگاو دامەزراوەكانی حكومەتی كوردستان و بناخەیەكی پتەو بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەییمان، بێگومان كوردستان ئێستا بۆتە ژمارەیەكی بەهێزی نێو هاوكێشە سیاسییەكانی رۆژهەڵاتی ناڤین و لە زۆر لاوەش بەبایەخەوە سەیر دەكرێ، بۆیە زۆر وڵات لە كوردستان كۆنسڵخانەیان كردۆتەوە و زۆر وڵاتیش لەهەوڵی كردنەوەی كونسڵخانەو نوووسینگەی دیپلۆماسیدان، كاری ئەو وڵاتانە هەمووی بۆ ئەوەیە پەیوەندییەكی باش لەگەڵ كوردستاندا دروست بكەن، لەبەرئەوەی گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی كە كوردستان دواڕۆژێكی گەشی هەیە و بەرەو بە دەوڵەتبوون هەنگاو دەنێت، بۆیە پێویستە هەموو لایەكمان رەچاوی ئەو رەوشەی كوردستان بكەین و هەوڵبدەین زیاتر سەرنجی وڵاتە بڕیار بە دەستەكان و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ لای خۆمان رابكێشین و، كار بكەین بۆئەوەی بەرژەوەندی وڵاتانی خاوەن دەسەڵات و كۆمپانیا گەورەكان بخەینە كوردستانەوە، ئەمەش وادەكات كە لەداهاتوودا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی خۆیان ئێمەیش بپارێزن.
سەرەڕای ئەو پێشڤەچوونانەی باشووری كوردستان تا ئێستاش كۆمەڵێ هەڕەشە لەسەر باشووری وڵاتدا هەن، كە پێویستە هەموولایەكمان رووبەڕوویان ببینەوە، بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەكانی سەر باشووری وڵات پێویستە بەزووترین كات ناوماڵی كورد و ناوەندی سیاسی رێك و یەكبخرێتەوەو، مامەڵەیەكی تەندروست لەگەڵ هێزو لایەنە سیاسییەكان بكرێت، هەروەها پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەكان لەسەر پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بن، بە تایبەت لەم قۆناخە هەستیارو چارەنووسسازەدا.
باشووری كوردستان كە بۆتە جێی ئومێدی هەموو كوردان لەسەر هەموولایەكە پارێزگاری لە دەسكەوتەكانی بكەن و وەك هەنگاوێك بەرەو دامەزراندنی كیانێكی نەتەوەیی لێیبڕوانن، ئەمەش ئەركی هەموو كوردستانێیكی دڵسۆزو وڵاتپارێزە، لەبەرئەوەی چارەنووسی هەر هەموو لایەكمان بەندە بەو ئەزموونەوە بۆیە دژایەتیكردنی ئەو ئەزموونە شەڕكردنە لەگەڵ دواڕۆژی خۆمان، مەترسییەكی مەزنیشە بۆ سەر ئاسایش و دواڕۆژی گەلی كوردستان، راستە هەموومان تێبینیمان لەسەر سەر چۆنییەتی بەڕێوەبردنی كوردستان هەیە ئەوەش كارێكی سروشتییە، لەبەرئەوەی تەواوی جیهاندا دەسەڵاتێك نییە لەلایەن گەلەكەیەوە تێبینی لەسەر نەبێت، لەسەر هەموو لایەكە كەوا بەشێوازێكی سەردەمییانە سەرنج و تێبینی و رەخنەكانیان بۆ باشتركردنی ئیدارەكردنی وڵات بخەنەڕوو.
ئەگەر سەیر بكەین تا ئێستاش ناحەزان لە هەوڵی ئەوەدان پێگەی كوردستان لاواز بكەن و بەردەوام گرفتی جۆراوجۆری بۆ دروست دەكەن، واتە بەردەوام مەترسیمان لەسەرە و لە رەوشێكی ناسك و هەستیار داین لەبەرئەوەی تا ئێستا قۆناخی رزگاری نیشتمانیمان نەبڕیوە، هەڕەشەكانی ئێستای حكومەتی ئێراقیش لەو چوارچێوەیەدان، عێراق بەو هەڵس و كەوتانەی ئێستای بەرەو تاكڕەوی و دكتاتۆرییەت هەنگاو دەنێت و وەكو رژێمەكانی پێشووی عێراق هەركاتێ بەهێز بێتەوە دژی كورد دەوەستێتەوە، لەم رووەوەش ئێمەی كورد ئەزموونێكی تاڵمان لەگەڵ رژێمە یەك لەدوای یەكەكانی ئێراقدا هەیە، هەركاتێ ئێراق بێهێزو توانا بووبێت پەنای بۆ كورد هێناوەو دیالۆگی لەگەڵدا كردووە، كە هێزو توانای پەیدا كردبێتەوە دژی كورد وەستاوەتەوە، ئەگەر سەیر بكەین لەڕابردوودا تەواوی دەسەڵاتەكانی ئێراق لەسەرەتای گرتنە دەستی جڵەوی دەسەڵات جۆرە نەرمییەكیان نواندووەو پاشان كە دەسەڵاتەكەیان بەرەو بەهێزی رۆیشتووە دژی گەلی كوردستان وەستاونەتەوە، ئەوەتا كە عەبدولكەریم قاسم هاتە سەر حوكم لە 1958 تا 1961 جۆرە نەرمییەكی نواند، بەڵام پاشتر لە 1961 لە بەڵێنەكانی پەشیمان بۆوەو ئەوەبوو لە 11/9/1961 شۆڕشی ئەیلول بەسەرۆكایەتی ژەنەراڵ بارزانی نەمر بەرپا بوو، دەسەڵاتی قاسم ئەوەی توانی لە كوردكوشتن و هێرش و بۆمباران و سوتاندنی شارو گوندی كوردستان درێخی نەكرد، ئەگەر نموونەیەكی تر وەربگرین بەعس لە 1968 كە كودەتای كردو دەسەڵاتی گرتە دەست جۆرە نەرمییەكی نواندو لەگەڵ سەركردایەتی شۆڕشی كوردستان دەستی بەدیالۆگ كردو لەئەنجامدا ناچار بوو كە رێككەوتننامەی 11ی ئاداری 1970 مۆر بكات و رایبگەیەنێت و لە 1970 تا 1974 هێمنییەك باڵ بەسەر كوردستاندا بكێشێت و، لەماوەی ئەو چوار ساڵەدا كە بەعس دەسەڵاتی بەرەو بەهێز بوون رۆیشت لە بەڵێنەكانی خۆی پاشگەز بۆوەو كەوتەوە شەڕی كوردستان و جۆرەها پیلانی بەكارهێنا، هەر لە بەعەرەبكردن و كیمیابارانكردن و بێ سەرو شوێنكردن و تادەگاتە شاڵاوە بەدناوەكانی ئەنفال و، ئامانجی بەعسیش نەهێشتنی گەلی كوردستان بوو بەخاك و خەڵكەوە، دوا نموونەش ئەزموونی رووخانی بەعسە لە 9/4/2003دا، كە بەعس رووخێنرا ئەوانەی ناوی ئۆپۆزسیۆنی ئێراقیان لەخۆ نابوو خودان پێگەیەكی ئەوتۆی جەماوەری نەبوون لەناو ئێراقدا، كە گەڕانەوە ئێراق بەهاوكاری وڵاتانی هاوپەیمان و وڵاتانی دەوروبەری ئێراق بنكەو پێگەی خۆیان بەهێز كردو، لە هەموو شتێكدا هانایان بۆ سەركردایەتی كوردستان دەهێناو سەركردایەتی كوردستانیش لەهاوكاری و پشتگیرییان درێخی نەكردو ئەوەی بۆ ئەو لایەنە عەرەبییە ئێراقییانەی كرد چارەكی ئەوەی بۆ هێزو لایەنە كوردستانییەكان نەكرد، هێندە بەپیر ئەوانەوە چوون و لایەنە كوردستانییەكانیان پەراوێز خست، كە دەبووا سەركردایەتی كوردستان زیاتر هاوكاری و پشتگیری لایەنە كوردستانییەكانی بكردبوواو بەهێزی بكردبووان و ئەوەی بۆ لایەنە عەرەبییە ئێراقییەكانی كرد بۆ لایەنە كوردستانییەكانی بكردبووا، بەڵام بەداخەوە وای نەكرد، ئەوەتا ئێستاش دەبینین لایەنە عەرەبییەكان چۆن دژی خواستەكانی گەلی كوردستان و سەركردایەتییەكەی دەوەستنەوەو لایەنە كوردستانییەكانیش چۆن بەرەڤانی لەدەستكەوتەكانی گەلی كوردستان دەكەن و پشتگیری سەركردایەتی كوردستان دەكەن، هەقە لەمەودوا سەركردایەتی كوردستان چاو بەهەڵوێست و سیاسەتەكانیدا بخشێنێتەوەو زیاتر ناوەندی سیاسی كوردستان رێكبخاتەوەو بەهێزی بكات و، قسەو بیروڕاو بۆچوونی وڵاتپارێزو دڵسۆزانیش بەهەند وەربگرێت و بەسینگێكی فراوانیشەوە بەپیر رەخنەو گازندەكانی خەڵكەوە بچێت و لەخەمی چارەسەركردنی گرفتەكانی خەڵكدا بێت، ئەوەی كە بۆ ئەملاو ئەولای دەكات با بۆ خەڵكی كوردستانی بكات، ئەمە واقیعێكەو پێویستە دانی پێدابنێین، ئەم هەوڵانەی ئێستای مالیكیش هەمووی بۆ دەستبەسەرداگرتنی كەركوك و مەخموورو دەڤەرە داگیركراوەكانی دیكەی كوردستان و لاوازكردنی پێگەی كوردستانە، مالیكی و ئەوانی لەدوای مالیكیش دێن هەروا دەبن، با واقیعبینانە رەفتار بكەین و فێڵ لە خۆمان نەكەین.
ئێمە كە لە رەوشێكی وادابین دەبێ بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ واقیعی خۆماندا بكەین و هەموو لایەكمان یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بین بۆ زیاتر بەرەو پێشبردنی ئەزموونەكەمان و یەكدەستیش بین بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەكان، بۆیە بۆچارەسەركردنی گرفتە ناوخۆییەكانمان نابێ پەنا بۆ كاردانەوە ببەین، بەڵكو دەبێ لەرێی رەخنەوە گرفتەكان بخەینە روو و چارەسەریشیان بۆ بدۆزینەوە.
لەسەر ئێمەی كورد پێویستە بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانمان گوتاری سیاسیمان یەكبخەین و بە بیرو ستراتیژێكی نەتەوەییانە هەڵسوكەوت لەگەڵ ئەم بارودۆخە هەستیارە بكەین، بارودۆخی ئەمڕۆی جیهان بۆ كارو خەبات زۆر لەجاران گونجاوترو لەبارترە و زۆربەی وڵاتانی جیهان بەدیدێكی دیكە پرسی كورد دەخوێننەوە و پرسی كورد وەك پرسێكی سیاسی دەبینن، بۆیە لەسەر ئێمەی كوردیش پێویستە بەرژەوەندی نەتەوەییمان لەبەرچاو بگرین و وەكو كورد سوود لەو ڕەوشە وەربگرین و، بۆئەوەی ئازادو سەربەخۆ بین و بگەین بە خەونی نەتەوەیی خۆمان كە دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستانە.

* سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK
Top