سایکۆپۆلیتیك..سیاسەت و ستراتیژ

سایکۆپۆلیتیك..سیاسەت و ستراتیژ
-3-
بەشەکانی پیشووی سایکۆپۆلیتیك بابەتێک بوو، بووە جێگە پرسیاری خوێنەران. ئەوەی لای ئەوان بووە پرسیار ئەوەبوو: ئەو گۆشەنیگایەی سیاسەتی پێدەخوێنمەوە، بەجارێ مێژووی بزاڤی کورد، نەك هەر کوردانی باشوور، بەڵکو کوردانی گشت پارچەکانی دیش، دەخەمە ژێر پرسیارەوە. لێیان پرسیم: ئایا تۆ دنیایەکی دیكە جگە لەم دنیایەی ئێمە دەبینیت، کە ئێمە ناتوانین بیبینین؟ بنەمای ماریفی تۆ چیە کە وات لێدەکات رێبازێکی دیكە بۆ بزاڤی رزگاریخوازی کوردی بهێنیتە ئاراوە؟
لە وەڵامدا پێم وتن: سایکۆلۆژیا پانتاییەکی زۆری لە بیرکردنەوەم گرتووە و گۆشەنیگایەکی تایبەتی داومەتێ و لەوێوە ژیان دەببینم. سایکۆلۆژیا لای بەندە هەر تەنها چارەسەری دەروونی و مامەڵەی تاکەکەسی نەگرتۆتەوە، بەڵکو هەنگاوی بەرەو کۆمەڵایەتی و سیاسەت و بگرە خوێندەنەوەی فەلسەفیش ناوە، واتە سایکۆلۆژیا بەرەو سایکۆسۆشیال، سایکۆپۆلیتیك و سایکۆفیلۆسۆفیش ڕۆیشتووە. بەڕاستی گەشتوومەتە ئەو قەناعەتەی کە دۆخی دەروونیی مرۆڤ لە کاری سیاسیدا دەبێت زۆر بایەخی پێدرێت، چونکی لە سەر بڕیاری سیاسی دۆخی دەروونی، کاریگەریی زۆری دەبێت، بەتایبەتی ئەو بڕیارانەی کە پەیوەندییان بە چارەنووسی نەتەوەیی و ئاسایشی نەتەوەییەوە هەبێت. بۆیە دەڵێم: هەروەک تاکێك جاری وایە کێشەی لە گەڵ خۆیدا هەیە، کۆمەڵگەیەك لەناو خۆیدا کێشەی هەیە، ئاوهاش نەتەوەیەك لە تەك نەتەوەیەکی دیكەدا کێشەی خۆیانیان هەیە، کە پەیوەندییەکی پتەوی بە باری دەروونیی ئەو دوو نەتەوەیەوە دەبێت. هەروەك کێشەی تاکێك ناتوانیت چارەسەری بکەیت تا کێشەکەی دیاری نەکەیت، هەروا کیشەی کۆمەڵگە و کێشەی نەتەوە جیاوازەکانیش دەبێت دیاری بکرێن، تا کێشەکەیان بشێن چارەسەر بکرێن. ڕەنگە لێرەدا بڵێن جا کیشەی کورد لەوە زیاتر ئاشکراتر دەکرێت! بەڵام من خۆم باوەڕم وایە کە هێشتا کێشەی کورد وەک پێویست ئاشکرا نەکراوە، لەبەرئەوەی تا ئێستە کیشەی کورد لەبەر تیشکی زانست و فەلسەفە نەخوێنراوەتەوە، بەڵکو هەڵچوونێکی سۆزگەرایانەی بانگەشەکاری بووە، هێندە تەمومژاوی کراوە، هێندە ئاڵۆزکێنراوە، کێشە بنەڕەتیەکە لەو نێوەندەدا، ونکراوە. بەلاتانەوە سەیر نەبێت کە ئاوها لە کێشەی کورد دڕوانم، لەبەرئەوەی مرۆڤ ئەگەر خۆیشی لە ناو کێشەکەیدا بژی و بە دەستیەوە گیرۆدە بووبێت، ئەگەر خۆیشی هەست بە ئازاری گرفتەکەی بکات و لە شێوەی جیاواز و فۆرمی جۆراوجۆردا ڕەفتار و هەڵسوکەوتی بەرچاو بنوێنێت، خۆی بەدەمی خۆی نیگەرانییەکانی دەرخات، مەرج نییە بزانێت هۆکاری سەرەکی بۆ ئازارەکانی چییە، بۆیە پێویستی بە پسپۆڕە تا هۆکارە شاراوەکانی گرفتەکانی بۆ دەستنیشان بکات. ئیدی لێرەدا ئەو پرسیارە خۆی بەسەرماندا فەرز دەکات: ئایا ئەو دروشمانەی کورد وەک نەتەوە بەرزیان دەکاتەوە، ئەو ڕێبازانەی کورد بۆ سارێژی زامەکانی گرتویەتییەبەر، لەتەک ئەو ئازارانەی کە ڕۆحی نەتەوەیی ئەم کوردە پێوەی دەناڵێت، گونجاون؟ ئایا تێچوونی خوێن و زەمەن لەم مامەڵە سیاسییەی بزاڤی ڕزگاریخوازیی کورد، لە تەک ئەو بەرهەمەی وەدەستیهێناوە،پێکدێتەوە؟
ئەم پرسیارانەی سەرەوە و جۆری ئەم پرسیارانە پڕ بایەخەن کە جاروبار دووبارە بکرێنەوە، تا کێشەی بنەڕەتی لە تەمومژەکان دوور بخرێنەوە. بۆ راستێتیی بۆچوونەکەم، لێرەدا هەوڵدەدەم بە یارمەتیی دیمەنێکی سایکۆسۆشیال کە لە ڕاستیدا ڕوویداوە و وەک کەیسێک لەبەردەستی خۆمدا بووە، ئەو بۆچوونە سایکۆپۆلیتیکیەی خۆم ڕوون بکەمەوە.
دوو کەس کێشەی خۆیان هێنایە لام کە پەیوەندییەکی زۆری بە باری دەروونیی هەردووکیانەوە هەبوو. ماوەیەکی زۆر بوو ئەو دووکەسە گیرۆدەی یەکتر ببوون، نە دەیانتوانی بە یەکجاری لە یەکتری دوور کەونەوە، نەدەشیانتوانی وەك دوو مرۆڤ پێکەوە بژین. دیاربوو کەسانیتریش تێوەی گلابوون، هەندێکیان بەناوی یارمەتی و چارەسەرکردنەوە و هەندێکێش بەهۆی نزیکی لەو دوو کەسەوە کەوتبوونە ناو کێشەکەوە. ئەو کیشەیە بەجۆرێك ئالۆزکابوو، مرۆڤ نەیدەتوانی ئەمسەرو ئەوسەری بابەتەکە بدۆزێتەوە، تا دەستت زیاتر تێوەدایە، پتردەشێوا. بەتایبەتی ئەگەر بەجیاجیا قسەت لەگەل بکردنایە، سەرت لێدەشێوا، چونکی هەریەکە و بیانووی خۆی هەبوو، نەتدەتوانی بەئاسانی لێیدەرچیت.
بۆ ئەوەی سەر لەم کێشەیە دەرکەم، دەبوایە دوو شتی سەرەکی و گرنگم بکردایە، ئەوانیش: یەکەم ئەو دوو کەسەو پەیوەندیداران بە کێشەکەوە، دانیشتنیان لە گەڵدا بکەم، تا بەڵگە و بیانووی هەریەکەیان بەرامبەر بەیەکتر دابنێم و ڕاستێتیی بیانووەکانیان ئاشکرا بکەم. دووەم دەمویست بەو دانیشتنانە کێشە بنەڕەتیەکە بناسمەوە، تا لەگەڵ کێشەیەکی واقعیدا مامەڵە بکەم، ئەگینا وا نەبێت، ئەوا هەرگیز ناگەیتە ئەنجام، هەروەك پێچە بەدەورە سەرت لە هیچەوە دەردەچێت، چونکی مرۆڤ گەر دەست نەخاتە سەر کێشە سەرەکییەکە، ئەوا لە ناو تەمومژدا گێژ دەخوات و هیچی بۆ بەرهەم نایەت.
پاش ئەوەی چەندین دانیشتنمان کرد، لەوێدا شتێکم بۆ ئاشکرابوو، ئەویش ئەوەبوو کە کێشە هەقیقییەکە بە تەمومژ دەورەدرابوو. ئەوەم بۆ دەرکەوت کە تا هەقیقەتەکە بە شاراوەیی بمێنیتەوە، لە سوودی ئەو کەسەدایە کە کێشەکەی وروژاندووە، دەرکەوتنی ئەو هەقیقەتە، زیانی بەو کەسەیان دەگەیاند کە کێشەکەی درووستکردبوو. لە هەمان کاتدا ئەو کەسەی دیكەیش لە ئاست ئەویتردا دەستەوسان وەستابوو، مامەڵەی لەتەك کێشە بنەڕەتییەکەدا بۆ نەدەکرا، ئەگەر ڕوونتر بیڵێم هەر نەیدەزانی کێشە بنەڕەتییەکە خۆی چییە، بەڵکو لە تەک تەمومژدا گەمەی دەکرد. ئەم جۆرە مامەڵەیەی مرۆڤ لەتەک یەکتری، هەرگیز بوار نادات، کێشە چارەسەر بکرێت. کەواتە تا مرۆڤ نەگەڕێتەوە سەر کێشەکە، ناشتوانێت چارەسەر بەدیبهێنیت.
ئیدی لێرەوە دەتوانم وەڵامی ئەو پرسیارانەی سەرەوە بدەمەوە. ئەویش ئەوەیە کە یەکەم شت ئەوەیە دانیشتنەکانی کورد و نەتەوە سەردەستەکان، دانیشتنێکی جدی بێت و پسپۆڕی تایبەت لەگەڵیاندا دانیشێت تا تەمومژەکان وەلانێت و کێشە هەقیقییەکە وەدەرخات، ئەوجا لە تەك کێشەکەدا مامەڵە دەکرێت. لە هەمان کاتدا دەبێت نەتەوەی کورد شیعری حەماسی و دروشمی رەونەقدار و وروژاندنی عاتیفی وەلانێت، تا بوار هەبێت لەو کێشەیە بکۆڵرێتەوە. دەبێت ئەو کوردەی خۆی بە خەمخۆری نەتەوەی کورد دەزانێت، وەلائی کوێرانە بۆ کورد دەرنەخات، نابێت لەهەر کێشە و ململانێیەکدا کە کورد تیایدا تەرەف بێت، ڕاستەوخۆ پشتگیری لە کورد بکرێت، کە ڕەنگە ئەو پشتگیرییە کورد بەرەو هەڵدێر بەرێت، بەڵکو دەبێت کورد هوشیارکرێتەوە و ڕاستبکرێتەوە، تا بەخۆیدا بچێتەوە، نەک حەماسەتی وا بەرز بکرێتەوە، کە نەتوانێت بە هیچ شێوەیەک بەرەو ئاقارێکی درووست، بگەڕێتەوە.
پسپۆڕی لەم کایە سیاسییەدا بۆ نەتەوەی کورد، گرنگی و بەهاکەی لەوەدایە، کە ئاستی هوشیاریی سیاسیی سەرکردەی کورد و جەماوەری کورد دیاریدەکات، هاوکێشە سیاسییەکانی نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان دەسنیشان دەکات، کێشە و گرفتە بنەڕەتیەکانی نەتەوەیی کورد ئاشکرادەکات، پێداویستییە ڕۆحی و فکری و کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەی کوردی دەخاتە پێش چاو، کەم و کورتییەکانی بیرکردنەوەی ئەقڵی کوردی دەردەخات، تا هەرکاتێ سەرکردە و ڕۆشنبیران هەنگاو دەنێن بۆ وەدەستخستنی مافەکان، لەسەر زەمینەیەکی پتەو دەوەستن و بە وردی هەنگاو بەرەو ئایندە و ئامانج هەڵدینن. ئەم جۆرە ستراتیژە لە هەنگاوناندا، وا دەکات کە سەرکردە و سیاسەتمەدارانی کورد لەسەر بنەمای پەرچەکرداری سۆزداری کورتبین، نەکەونە ڕێیەک کە نەزانن لەکۆتاییدا بەرەو کوێ دەچن، تا لوتیان بەر هەقیقەتی هەڵەکانیان دەکەوێت. بەڕاستی کە میژووی کورد دەخوێنیتەوە، بە ئاشکرا هەست بەوە دەکەیت، کە سەرکردەکانی کورد، هێندەی سۆزێکی ناکامڵ بزواندوونی، جەماوەرێکی ناهوشیار جووڵاندوونی، هێندە ستراتیژییەتێکی وردی پسپۆڕان، پاڵنەریان نەبوونە.
Top