هەگبەی بەهمەن قوبادی چی بۆ سینەماكارانی كورد تێدایە؟

هەگبەی بەهمەن قوبادی چی بۆ سینەماكارانی كورد تێدایە؟
یەكەمجار وەك دەرهێنەر و سینەما كارێكی دیار بەهمەن قوبادیم لە فیلمی(ساتێك بۆ مەستی ئەسپەكان) ناسی دواتر لە هەردوو فیلمی (ئازارەكانی وڵاتی دایكم) و (كیسەڵەكان ده‌فڕن) بوومە دژە راو بۆچوونی لە فیلمی(نیوەی مانگ) یش خۆشم ویست، بەهمەن قوبادی ئەستێرەیەكی دیاری پانتایی سینەمای كوردییە و ناوێكی هەرە دیار و درەوشاوەی ئەو بوارە گرنگەیە، پاش ماوەیەك سەرقاڵیی و دووركەوتنەوە لە كوردستان و وڵات ئێستا گەڕاوەتەوە هەولێر بەمەبەستی مانەوە بۆ چەند ساڵێك، هاتنەوەی لەهێكرا و بەپەله‌ی بەهمەن قوبادی بە هەگبەیەكی تازه‌وه‌ بۆ سینەماكاران و سینەمای كوردی گرنگی خۆی هەیە، بەڵام دەكرێ بشزانین هاتنەوەكەی چ ئاراستە و مەبەستێكی هەیە و هەگبە تازەكەشی چی بۆ سینەمای كورد تێدایە؟ هاتنەوەی بەهمەنی قوبادی بەو (پەلەییە) لە كاتێكدا بوو كە هونەرمەندی سینەماكاری كورد(شەهرام عەلیدی) لە كوردستاندا بە نیازی چەند پرۆژەیەك بوو! لەبەر ئەوەی جۆرێك لە ركابەری هونەری لە نێوان بەهمەن و شەهرام هەیە، كە هەر چەندە، مێژووی پڕ سەروەری هونەری بەهمەن جیاوازترە لە مێژووی هونەری شەهرام و ناكرێ بەراورد بكرێن، بەڵام هاتنەوەی بەهمەن بە پلە یەك بۆ دووبارە دەركەوتنەوەی ئەستێرەی سینەمایی خۆی بوو لە كوردستان ئیتر بە هەوڵدان بۆ پشتگیری گەنجان و لاوانی تامەزرۆ بەكاری سینەمایی (بەهمەن قوبادی) هەگبەكەی پڕ دەكات كە لە بنەرەتدا (3) سێ پرۆژەی هونەری تیادایە:
یەكەمیان: زەمینە سازكردن بۆ(بەتین قوبادی)ی دەرهێنەری برای بۆ دەرهێنانی فیلمێكی سینەمایی درێژ پاش ئەوەی(بەتین) سەركەوتنێكی گەورەی لە كورتە فیلمی خۆی (لەبا بپرسە) بە دەست هێنا.
دووەمیان: پیشاندانی دوا فیلمی خۆی بەناوی (وەرزی كەركەدەن) و میوانداری كردنی خانمە هونەرمەند(مۆنیكا بیلۆتشی) بۆ هەولێر و كوردستان كە ئەمەشیان ریكلامێكی گەورە دەبێت بۆ هونەرمەند(بەهمەن قوبادی). له‌گه‌ڵ سازكردنی فیستیڤالێكی نێودەوڵەتی سینەمایی كە رەنگە فیستیڤاڵی(ترابیكا)ی نێودەوڵەتی بێت كە هونەرمەندی سینەماكاری جیهانی(رۆبەرت دی نیرۆ) سەرپەرشتی و كارگێڕی دەكات، هەڵبەتە ئەم فیستیڤاڵە تەنیا بەگرێبەستێك و بڕە پارەیەكی دیاری كراو كە (رەنگە زۆربێت) ساز دەكرێت و سەرپەرشتیارانی فیستیڤاڵ خۆیان هەموو شتێك ئامادە دەكەن پێویست بە هیچ ناكرێ تەنیا ئەوانەی داوای فیستیڤاڵەكەیان كردووە، لە شارەكە یان وڵاتەكەیان ساز بكرێت وەك میوانێك دێنە فیستیڤاڵەكەو، واتە دێنە سەر حازری و هەموو شتێك پێرفێكتە. زۆریش گرنگە ئەو فیستیڤاڵەی(ترابیكا) لە هەولێر و كوردستان سازبكرێت و پێشتر سینەما ئارامی كورد هەوڵی بۆ دراوە چونكە سیمایەكی دی و كورد و سینەما كوردی(كە بەشدار دەبێت) دەبەخشێت. سیێەم شت كە(بەهمەن) بیر لێ دەكاتەوە دامەزراندنی دەزگایەكی سینەمایە لە كوردستان، دەزگایەك كە سەرپەرشتی سینەما و بەرهەم هێنانی سینەما بكات لە كوردستان، بەڵام تا ئێستا راوێژی بەهیچ سینەماكارێك نەكردووە بۆ ئەم مەسەلەیە تەنیا ئەوانەی دەورووبەری نەبێت و كاریشی بۆ ئەم مەسەلەی كردووە. هەڵبەتە زۆر گرنگە سینەما ببێتە دەزگایەكی گەورەی هونەری، بەڵام لەبەر ئەوەی سینەما كارێكی هونەری هەرەوه‌زیە و پێویستی بە بەشداری هەمەلایەن هەیە پێویستە راوێژ لەگەڵ سینەماكاران و رۆشنبیرانی بوارەكە بكرێت بەتایبەتیش هەر سێ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی سینەمای شارەكان (هەولێر- سلێمانی- دهۆك) چونكە هەمو ئامانجەكان چ لە كۆتاییدا بۆ خزمەتی رەوتی سینەمای كوردی و بواری بەرهەمهێنانی فیلمی سینەماییه‌ لە كوردستان، ئەو سەردەم و قۆناغەش بەسەرچوو هەر كەسە و بۆ خۆی ئیش بكات. بۆیە تاكه‌ چارەی سەركەوتنی سینەمای كوردی راوێژكردنی سینەماكارانی كوردە لە نێو خۆیاندا..
Top