ئاسۆكانی چارەسەركردنی مەسەلەی كورد لە توركیا
January 17, 2013
وتار و بیروڕا
ئەگەرچی كەشێكی گەشبین بەسەر وتووێژی نێوان ئەنكەرەو ئۆجەلاندا زاڵە، بەڵام هێشتا هیچ شتێك گەرەنتیی سەركەوتنی هەوڵەكە ناكات. بەگوتەی ئاژانسی فرانس پرێس، ئەحمەد تورك بەلایەنگرانی خۆی راگەیاندووە كەئەو لەم بارەیەوە «گەشبینە». بەڵام ئەم گەشبینیە بەقەد ئەوەی كە ڕەنگدانەوەی پێشكەوتنی وتووێژەكەیە، بەقەد ئەوە رەنگدانەوەی رێككەوتنی تەواو لەسەر هەموو مەسەلەكان نییە.
بۆ كورد، گەیشتن بەڕێككەوتن لەگەڵ ئەنكەرە مەسەلەیەكی زۆر گرنگەو دەرفەتیشە بۆ كۆتایی هێنان بەو جەنگەی كە 29ساڵە هەڵگیرساوەو تائێستا زێدەتر لە45 هەزار كەسی تێدا كوژراوە. ئەمە بەم واتایە دێ كە ئاشتی بۆ كورد بایەخێكی تایبەتی هەیە، لانی كەم لەو روانگەیەوە كەئاشتی، كوردستان لەباری نائاسایی رزگار دەكا، بەڵام لەهەمان كاتدا مەسەلەی ئاشتی بۆ كورد بەمەسەلەی مافەوە بەستراوەتەوەو ئەستەمە كورد ئاشتی بەبێ ماف بخوازێ.
بۆ ئەنكەرە، مەسەلەی وازهێنانی پەكەكە لەچەك لەپێشی پێشەوەیە. بەڵام لەكاتێكدا ئەم مەسەلەیە لەلای پەكەكە شتێكی رەتكراو نییە، بەبێ بەرامبەریش نییە. ئۆجەلان لەزیندانەكەیدا وا خۆی پیشان داوە كەتوانای چەكداماڵینی حزبەكەی هەیە بەڵام مەسەلەی چەكداماڵین بەشێكە لەڕێككەوتنێك كەدەبێ قەندیلیش پێی رازی بێ و مەرج نییە ئۆجەلان بەتاقی تەنیا بتوانێ بڕیار لەسەر چارەنووسی چەند هەزار پێشمەرگەیەك بدا. بۆیە رەوایە ئەو پرسیارە بكرێ كەئەگەر قەندیل بەچەكداماڵین رازی نەبوو، دەشێ مەسەلەكە بەچی بگات؟ ئەمە تەنیا یەك وەڵامی هەیە، ئەویش ئەوەیە كە شكستی پڕۆژەی چەكداماڵین دەتوانێ تەواوی پرۆسەی وتووێژ هەڵتەكێنێ. پشت بەستنی ئەنكەرە بەئۆجەلان بۆ رایی كردنی ئەم مەسەلەیە، زۆر مسۆگەر نییە، چونكە ئەوەی بەكردەوە بڕیار لەچارەنووسی چەكداماڵین دەدا، ئیمرالی نییە، بەڵكو قەندیلە.
رێككەوتنی پێشنیاركراو لانی كەم سێ كەموكوڕیی هەیە. یەكەم، ئەم رێككەوتنە دان بەناسنامەی كورددا نانێ بەڵام لایەنە باشەكەی لەوە دایە كەئەنكەرە ئامادەیی تێدایە توركیا بكاتە دەوڵەتێكی بێ ناسنامەو لەم روەوە دەتوانێ بەهەمواركردنی ماددەی 66 كەهەموو هاووڵاتییان بەتورك دەناسێنێ، هیچ ئاماژەیەك بۆ رەگەز نەكات كەئەمەش دەرفەتێكی فراوان بۆ چەسپاندنی پرنسیپی هاووڵاتیبون و سەلماندنی مافە رۆشنبیرییەكان دەڕەخسینێ.
دووەم، رێككەوتنەكە لێبوردنی گشتیی تێدا نییە، بەڵام لەبەرامبەردا دەرفەتی بەردانی ژمارەیەكی زۆری زیندانییە سیاسییەكان و سزا نەدانی ژمارەیەكی زۆری پێشمەرگە لەڕێگەی لێبوردنێكی سنووردارەوە دەڕەخسێنێ. سێیەم، رێككەوتنەكە بەڵێنی پێكهێنانی هیچ قەوارەیەكی سیاسی بەكورد ناداو زۆرتر جەخت دەكاتە سەر فراوانكردنی دەسەڵاتی پارێزگاكان لەسەرتاسەری توركیا نەك تەنیا لەكوردستاندا.
نەخشە رێگای چەكداماڵینەكە هەمان نەخشە رێگای چەند ساڵێك لەمەوبەرە كەچانسی جێبەجێ كردنی نەبوو. بەپێی نەخشە رێگاكە، پەكەكە هیچ هێزێكی چەكداری خۆی لەناو توركیا ناهێڵێتەوەو هەمووی لەقەندیل كۆ دەكاتەوەو چەكیان دادەماڵێ. سەركردەكان و هەموو ئەوانەی نایانەوێ بگەڕێنەوە بۆ توركیا، لەئوستورالیا و ئەوروپا بە پەنابەری سیاسی وەردەگیرێن و رەنگە ئەمە خودی ئۆجەلانیش بگرێتەوە كەئەگەر لێبوردنی بۆ دەرچوو، دەبێ توركیا بەجێ بێڵێ و لەتاراوگە بژی.
بۆ حزبێكی وەكو پەكەكە كە 29 ساڵە خەباتی چەكداری كردۆتەوە میتۆدی سەرەكیی هەوڵدان بۆ وەدی هێنانی ئامانجە راگەیەنراوەكان، ئاسان نییە بەم كۆتاییە ئازاربەخشە رازی بێ. بەڵام ئەگەر رێككەوتنەكە گەرەنتیی ئەوە بدات كە كورد ئاشتییەكی سەقامگیر و بڕێكی پەسندكراوی ئازادی و چەردەیەك مافی مەدەنی و رۆشنبیری و سیاسی و ئیداریی چنگ دەكەوێ، رەنگە پەكەكە پێ لەجەرگی خۆی بنێ و پیاڵە ژەهرەكە هەڵقوڕێنێ.